ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:02 - 13/06/2020

زانیارییەکان لەبارەی کوشتارگەی سپایکەر ئاشکرادەبن‌

پەیسەر

شەش ساڵ بەسەر کوشتارگەی سپایکەردا تێپەڕدەبێت، کە تێیدا ١٧٠٠ خوێندکاری سەربازی عێراقی بەدەستی چەکدارانی داعش کوژران، لە ئێستادا چەند زانیارییەکی نوێ لەبارەی ئەو کەسانەوە ئاشکرابوون کە فەرمانی ئەم کوشتنە بەکۆمەڵەیان دەرکرد و رۆژێکی دیکەی خوێناوی و بە ئازاریان بۆ مێژووی عێراق زیادکرد.

ئەم کوشتارە بەکۆمەڵە یەکێکە لە کارە هەرە خوێناوییەکانی چەکدارانی داعش لە عێراق، لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆر لەوانەی لەم کوشتارگەیەدا کوژران شیعە بوون، وای کرد هەزاران کەس لە شارە شیعە مەزهەبەکانەوە روو لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکەن و رووبەڕووی چەکدارانی داعش ببنەوە.

سپایکەر
سپایکەر ناوی ئەو بنکە سەربازییەیە کە ساڵی ٢٠١٤ کوشتارگەکەی تێدا ئەنجامدرا، ١٦٠ کیلۆمەتر لە باکوری بەغدای پایتەختەوە دوورە، چەکدارانی داعش سەربازەکانی بنکەکەیان بەدیلگرت، گولەبارانیان کردن و دواتر هەندێکیان خستنە رووبار و بەشەکەی دیکەشیان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا ناشت.

کێ فەرمانی کوشتارگەکەی دەرکرد؟
هیشام هاشمی لێکۆڵەری گروپە توندڕەوەکان وردەکاری فەرمانی کوشتنەکە باس دەکات کە لە زاری بەندکراوەکانی داعش لە زیندانەکانی عێراقەوە وەرگیراوە.

هاشمی لە وتارێکیدا باس لەوە دەکات گفتوگۆی لەگەڵ سێ سەرکردەی دەستگیرکراوی داعش ئەنجامداوە و پرسیاری ئەوەی لێکردوون بۆچی خوێندکارە سەربازییەکانیان کوشتووە و لەگەڵ دەستگیرکراوەکانی نزیک لە خۆیان ئاڵوگۆڕیان پێنەکردوون؟

ئەبو زەید عێراقی بەرپرسی بەرنامە فێرکارییەکانی رێکخراوی داعش ئاماژەی بەوە داوە کە فەرمانی کوشتنی خوێندکارە سەربازییەکان لەلایەن ئەبو موسلیم تورکمانی کەسی دووەمی رێکخراوەکە دەرچووە کە بە ئەبو موعتەز قوڕەیشیش بانگ کراوە.

ئەبو زەید دەڵێ، ئەوانەی فەرمانەکانی ئەبو موسلیم تورکمانیان جێبەجێدەکرد چەکدارە عێراقییەکانی داعش بوون و ژمارەیان ١٥٠ بۆ ٢٠٠ چەکدار دەبوون.

چەکدارەکان کە فەرمانیان لە تورکمانی وەرگرتووە ئەوانە بوون کە ریشەی کۆمەڵایەتییان نەبووە و کەسانی بێکار و بێناسنامە بوون.

ئەم چەکدارانە کەسانێک بوون، کە "ئیمانیان لاواز بووە و دەروونیان پڕ کراوە لە رقلێبوون لە شیعەکان و هەرکەسێک کە سوننە نەبێت، ئەو وتارانەش تاکە سەرچاوەی ئەوان بوون بۆ کارەکانیان، کە باسی لە ستەمکردن لە بەندییەکان و شێواندنی تەرمی کوژراوەکانی دەکرد."

عەبدولناسر قارداش
دووەم بەرپرسی بەندکراوی داعش کە هاشمی قسەی لەگەڵ کردووە، عەبدولناسر قارداش بووە، کە دەزگای هەواڵگری عێراق لە مانگی رابردوو دەستگیری کرد، قارداش لە بەرپرسە باڵاکانی داعش بووە.

قارداش لە گفتوگاکانیدا لەگەڵ هاشمی دەڵێت، "من رووداوی سپایکەرم نەدیوە، چونکە من ئەو رۆژانە ئەو رووداوە روویدا والی ناوچەی رۆژهەڵات بووم لە سوریا، کە لە باشوری رەقەوە درێژدەبێتەوە تاکو رۆژهەڵاتی فورات، بەڵام  ئەوەی من بیستم ئەوە بوو کە فەرمانەکە لەلایەن ئەبو موسلیمی تورکمانی و بەشی ئاسایشی رێکخراوەکە دەرچووە کە ئەبو جرناس رەزوان حەمدونی بەرپرسی بەشەکە بوو."

قارداش و تورکمانی
قارداش بەم جۆرە باسی بینین و گفتوگۆی خۆی لەگەڵ تورکمانی دەکات، "دوای رووداوی سپایکەر لە رەقە تورکمانیم بینی و پێی وتم؛ دوای گرتنی موسڵ گەورەترین کارێک کە ئاڕاستەکانی جەنگی گۆڕی و  سونننە و شیعەشی ترساند رووداوی سپایکەر بوو، دوای رووداوەکە ژمارەیەکی زۆری شار و گوند لەسەر دەستی گروپی بچوکی چەکدارانی داعش کۆنترۆڵکران."

ئەبو موسلیمی تورکمانی بە قارداشی وتووە، "کە رووداوی سپایکەر روویدا، ئێمە هیچ کاتمان لەبەردەست نەبوو جگە لەوەی کە هەوڵ بدەین بگەین بە باکوری بەغدا و بەندکراوانی زیندانی تاجی ئازاد بکەین، بۆیە بیرۆکەی هێشتنەوە و ئاڵۆگۆڕی خوێندکارە سەربازییەکانمان لەبەرامبەر ئازادکردنی گیراوەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا رەتکردەوە."

محەممەد عەلی ساجت
سێیەم بەرپرسی تێوەگلاو لە کوشتارگەی سپایکەر محەممەد عەلی ساجتە کە هاوکار، بەرپرسی نهێنیپاراستن و بەرپرسی پۆستەی ئەبوبەکر بەغدادی بووە.

ساجت لەبارەی سپایکەرەوە دەڵێت، "سپایکەر بۆ بەغدادی بە مانای سوپای ترس بوو کە بەرەو بەغدا دەڕۆیشت تاکو دەست بەسەر بنکە سەربازیی و زیندانەکانی تاجیدا بگرێت، پلانیش دانرابوو تاکو رێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بگیرێت."

ساجت بەردەوام دەبێت و دەڵێت، "بەغدادی لایەنگری ئەم جۆرە لە کاری سەربڕین، خنکاندن، سوتاندن و گولەبارانکردن بوو تاکو بتوانێت ترس و تۆقین بڵاوبکاتەوە."

دوای ئەوەی چەکدارانی داعش شاری موسڵیان کۆنترۆڵکردم، هێرشیان کردە سەر تکریت و دەستیان بەسەردا گرت، دواتر و لە رۆژی ١٢ی حوزەیران هێرشیان کردە سەر بنکەی سپایکەر، لە دوو هەزار خوێندکاری سەربازی، ١٧٠٠ کەسیان لێ گولەباران کردن و بەشێکیشیان توانیان هەڵبێن و رزگاریان ببێت.

ئەم رووداوە کە بەشێکی زۆری عێراقییەکانی نیگەران کرد، بەردەوام زانیاری نوێی لەبارەوە ئاشکرا دەبێت و ئەوانەی تێوە گلاون زیاتر روون دەبنەوە کێن و چۆن فەرمانەکەیان دەرکردووە.