ڕاپۆرتی کوردستانی

04:08 - 14/06/2020

لایەنگرێکی سەرسەختی ئاک پارتی سوکایەتی بە هاوسەری دەمیرتاش دەکات‌

پەیسەر

دوای ئەوەی کەسێک لە شاری ساکاریای تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر سوکایەتی بە هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش کرد، دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ کەسەکە دەرکرد و دوای چەند کاتژمێرێک دەستگیرکرا، وەزیری دادی تورکیا و زۆربەی پارتەکانی تورکیاش کارەکەیان سەرکۆنە کرد، لە ئێستاشدا هەڵمەتێکی پشتیوانیکردن لە باشاک دەمیرتاش دەستیپێکردووە.

سوکایەتیکردن بە باشاک دەمیرتاش
کەسێک بە ناوی (V.M) لە شاری ساکاریا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر تویتێکی کرد و تێیدا سوکایەتی بە باشاک دەمیرتاش کردبوو.

تویتی کەسەکە دوای بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی سەڵاحەدین دەمیرتاش هات لە زیندانی ئەدیرنەوە، کەسەکە لە تویتەکەدا وێنەیەکی باشاک دەمیرتاشی داناوە و لە سەر وێنەکەش رستەیەک نووسراوە کە سوکایەتیی بە باشاک دەکات.

ئەم کەسە ئه‌ندامی رێكخستنه‌كانی گه‌نجانی ئاك پارتی بووه‌ له‌ ساكاریا، بە یەکێک لە لایەنگرە سەرسەختەکانی پارتی داد و گەشەپێدان ناسراوە و وێنەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیای کردووە بە کەڤەری هەژمارەکەی لە تویتەر.

دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە
دوای بڵاوبوونەوەی تویتەکە، داواکاری گشتی شاری ساکاریا لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەو کەسەی سوکایەتی بە باشاک دەمیرتاش کردووە و تویتی لەبارەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوسەرەکەیەوە کردووە بە سزا دەگەیەنرێت.

دوای چەند کاتژمێرێک لە بڕیارەکەی دادگا و لێکۆڵینەوەی پۆلیس، کەسەکە دەستگیرکرا و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەستیپێکرد.

وەزیری داد: ئەم بێڕەوشتییە بە نەفرەت دەکەم
عەبدولحەمید گویل وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، "سەرکۆنەی ئەو بڵاوکراوە ناشرینە دەکەم لەسەر باشاک دەمیرتاش کراوە، بە توندی ئەم کارە بێڕەوشتیی و سوکایەتیکردنە بە نەفرەت دەکەم. ئابڕو، شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ لەسەروو هەموو شتێکەوەیە. ئەوەی پێویست بێت بەرامبەر ئەم وتە بێڕەوشتییە ئەنجامی دەدەین."

ئاک پارتی: نا بۆ بێڕەوشتی
ناجی بۆستانجی سەرۆکی گروپی پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدان لە تویتێکدا نووسیویەتی، "بەڵی بۆ رەخنەی سیاسی بەڵام نا بۆ بێڕەوشتی. بە دڵنیاییەوە ئەو کەسەی تویتێکی شەرمهێنەری لەبارەی باشاک دەمیرتاشەوە کردووە بە سزای یاسایی خۆی دەگات."

ئایشە سولا پەرلەمانتاری پێشووی ئاک پارتییش پشتیوانی لە باشاک کرد و وتی، "بەبێ بەڵام و هیچ بیانوویەک ئەم سوکایەتیکردنە شەرمهێنەرە لەدژی باشاک دەمیرتاش سەرکۆنە دەکەم."

هەدەپە: سەرچاوەکەی ئاک پارتییە
ئەنجومەنی ژنانی پاری دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، ئەم هێرشە لە سیاسەتی دوژمنانەی پارتی داد و گەشەپێدان بەرامبەر ژنانەوە سەرچاوە دەگرێت.

لە راگەیەندراوەکەی هەدەپەدا هاتووە، "ئەو زیهنییەتە دەناسین کە لەم هێرشەدا هەیە. ئەم زیهنییەت و زمانە زمانی چەتە و بۆگەنەکانە. باشاک دەمیرتاش تەنیا نییە، لە تەنیشتیدا رێکخراوێکی ژنانەی بەهێز هەیە."

جەهەپە: ئەم بێڕەوشتییە بە نەفرەت دەکەین
گویرسەل تەکین پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماریی دەربارەی هێرشەکە وتی، ئەو وشە نزم و بێڕەوشتییانە بە نەفرەت دەکەین بەرامبەر باشاک دەمیرتاش کراون. چاوەڕێم ئەم کەسە بە سزا بگەیەنرێت. ئەم کەسە خاوەن ئەخلاق و رەوشت و هیچ بەهایەک نییە."

بارش یارکاداش رۆژنامەنووس و پەرلەمانتاری پێشووی جەهەپە لەبارەی تویتەکەوە وتی، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم سوکایەتیی و بێڕەوشتییەی بە باشاک دەمیرتاش کراوە ئەوەیە کە سزا نییە و خەڵک دەزانن کە بەبێ سزا لە کارەکانیان دەردەچن. ئەم کەسە خۆی بە بەشێک لە دەسەڵات دەزانێت بۆیە بێترسە، ئایا لە پارتی داد و گەشەپێدان دەردەکرێت؟

فەرهاد تونچ: چاوەڕێی دادگاییکردنین
هونەرمەندی بەناوبانگی باکوری کوردستان فەرهاد تونچ دەڵێت، "چاوەڕێین ئەو کەسە رسوایە بدۆزرێتەوە و دادگاییبکرێت کە سوکایەتی بە باشاک دەمیرتاش کردووە. لەبری بڵاوکردنەوەی سوکایەتییەکەش راستر وایە ناوەکەی بڵاوبکرێتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس بکرێت."