ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:58 - 15/06/2020

یاسای قەیسەر: لاوازکردنی ئەسەد بە سزای ئابووری‌

پەیسەر

سەرکەوتنە سەربازیییەکانی حکومەتی سوریا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، گۆڕانکاری دیاری لە دۆخی وڵاتەکەدا هێنایە ئارا، بەڵام بەپێی زانیاریی ئاژانسەکان، ئەو پلانانەی ئەمریکا دایناون رێگا بە ئەسەد نادات چێژ لەم سەرکەوتنە ببینێت و هەوڵی گۆشەگیرکردنی دەدات، یەکێک لەو رێگا بەهێزانەش یاسای قەیسەرە.

یاسای قەیسەر
یاسای قەیسەر لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە دەرکرا و دواتر دەسەڵاتی واژۆکردنی بە دۆناڵد ترامپ درا بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. یاساکە زیاتر بۆ سزادانی ئەو لایەنانەیە کە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی سوریا دەکەن و دەزگا سەربازیی  و هەوڵاگرییەکان بە ئامانج دەگرێت.

ناوی یاساکە بۆ کەسێک دەگەڕێتەوە بە ناوی (قەیسەر) کە لەنێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٤ وێنە و زانیاریی لەبارەی ئەشکەنجەدانەکانی سوریا دزە پێکردووە. زانیارییەکانی قەیسەر کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و رێکخراوی جیهانیی بۆ مافەکانی مرۆڤیش ئەو کاتە داوای لێکۆڵینەوەی سەبارەت بەو وێنە و زانیارییانە کردبوو.

زانیارییەکانی قەیسەر لە مۆزەخانەی یادەوەری هۆڵۆکۆست لە ئەمریکا و لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش پارێزراون.

یاساکە کە بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنیی سوریایە، بەشێکە لە یاسای بڕیاردانی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ و بەپێی بڕیاری ١١٦-٣٣٣ی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، کە ئەنجومەنەکە لە ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ بڕیاری لەسەر دا.

دوای چەند رۆژێکیش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر پڕۆژە یاساکە کرد و بوو بە یاسا.

قەیسەر ئەسەد دەخات؟
چاوەڕوان دەکرێت یاساکە زیانێکی گەورە لە دەسەڵاتی سیاسیی، سەربازیی و ئابووری رژێمەکەی ئەسەد بدات، کە بڕیارە لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. یاساکە رێگە لە بەشار ئەسەد دەگرێت سەرکەوتنە سەربازییەکانی بکات بە سەرمایەی سیاسیی و مایەی مانەوەی لە دەسەڵات بۆ ماوەیەکی درێژتر.

یاساکە گۆشەگیرییە سیاسیی، ئابووریی و داراییەکانی سەر بەسار ئەسەد توندتر دەکات، هاوپەیمانەکانیشی ناچار دەکات بە چارەسەری سیاسیی لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش (٢٢٥٤) قایل ببن.

بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش (٢٢٥٤) لە ١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١٥ بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرا، بەپێی بڕیارەکە دەبێت ئاگربەستی بەپەلە رابگەیەنرێت و داوای چارەسەری سیاسیش بۆ کێشەی سوریا دەکات.

چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا کە سەرپەرشتی داڕشتنی یاسای قەیسەریان کردووە، پێش جێبەجێکردنی یاساکە لە ١٧ی ئەم مانگەدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنێکی یەکلاکەرەوە و توندی یاساکە دەکەنەوە.

چوار ئەندامەکە کە دوانیان دیموکرات و دوانەکەی دیکەیان کۆمارین لە راگەیەندراوێکدا دەڵێن، " گەلی سوریا لەژێر دەسەڵاتی ئەسەد و هاوکارەکانیدا بەدەست ئازاری زۆرەوە دەناڵێنێت، پێویستە لەسەر ئیدارەی وڵاتمان کە پاڵپشتی جێبەجێکردنی یاساکە بێت، تاکو پەیامێک بە ئەسەد بدرێت کە ئەو وەک سەرۆکێکی شەرعی شوێنی نەماوە لە سوریا. دەبێت ئەم رژێمەش دەست لە کوشتنی بێتاوانەکان هەڵبگرێت و رێگە بە گەلی سوریا بدەن بگەن بە چارەسەر، ئاسایش و ئازادییەکانیان، بە توندیش داوا لە ئەندامانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە هاوکاریی بازرگانیی و دیپلۆماسی لەگەڵ رژێمە بکوژەکەی ئەسەد نەکەن."

لە قەیسەرەوە بۆ هاوکارەکانی ئەسەد
سزاکانی ناو یاسای قەیسەر بۆ سەر هەموو ئەو لایەنە نێودەوڵەتی و هەرێمییانەیە کە لە هاوکارییدان لەگەڵ بەشار ئەسەد و ناشتوانن لەم سزایانە رزگاریان ببێت، ناشتوانن مامەڵە لەگەڵ ئێران و لایەنەکانی دیکە بکەن تاکو لە سوریا سەرمایەگوزاری بکەن.

سزاکان چوار لایەن دەگرێتەوە کە لە بەرژەوەندی ئەسەد کاردەکەن؛ نەوت و غازی سروشتی، فڕۆکەوانی، بیناکاریی و ئەندازیاریی، سزاکانیش بۆ هەر هاوکارییەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیە، بۆ نموونە پاڵپشتی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و رووسیا بۆ رژێمی بەشار ئەسەد.

یاساکە داوا لە ئیدارەی ئەمریکا دەکات ئەوە دیاری بکات ئایا بانکی بانکی ناوەندی سوریی بووە بە سەرچاوەی سپیکردنەوەی پارە و تا چەند سەرچاوەی نیگەرانییە.

پێش چەند رۆژێکیش جەیمس جێفری نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا رایگەیاند، روسیا و ئێران ناتوانن رژێمی ئەسەد رزگار بکەن و سزاکانی ئەمریکا زیاتر بەهای دراوی سوری بەرامبەر دۆلار دەشکێنن.

پێشنیار لە واشنتۆنەوە بۆ دیمەشق
جەیمس جێفری ئاشکرایکردووە، ئەمریکا لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە پێشنیارێکی خستووەتە بەردەم سوریا بۆ دەرچوون لەم دۆخە و ئەگەر گەلی خۆیان بە گرنگ بزانن پێشنیارەکە پەسەند دەکەن. واشنتۆن دەیەوێت پڕۆسەی سیاسی لەو وڵاتە ببینێت کە دەکرێت تێیدا رژێمی ئەسەدیش بمێنێتەوە، بەڵام داوا لە رژێمی دیمەشق کراوە هەڵسوکەوتەکانی بگۆڕێت، نەبێت بە لانەی رێکخراوە "تیرۆریستییەکان" و بنکەی ئێران بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا.

جویل ریبورن جێگری جەیمس جێفریش رایگەیاندووە، قەیسەر رێگر دەبێت لە هاوکاریی کەس و کۆمپانیاکان بۆ ئەسەد و هیچ رێگەیەکیش لەبەردەم ئەسەددا نامێنێتەوە جگە لە قایلبوون بە بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش.

دراوی سوری: قوربانی جەنگ و سزاکان
لەگەڵ ئەوەی ماوەی چەند ساڵێکە بەهای لیرەی سوریی شکاوە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر دابەزی و لە مانگی نیسانەوە تاکو ئێستا لە سەدا ٧٠ی بەهاکەی لەدەستداوە.

مانگی رابردوو یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ١٦٠٠ لیرەی تورکی بوو بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا گەیشتە ٣٠٠٠ لیرە و دواتریش گەیشتەوە ٢٤٥٠.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان لە ٩٠٪ی سورییەکان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، بەڵام لە دوای جەنگی سوریاوە و لە ساڵی ٢٠١١وە بازرگانانی جەنگ دروستبوون، ئەم کەسانە دەستیان بەسەر سامانی سوریادا گرتووە و لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسییدا دەستیان بەسەر ئابووریی وڵاتدا گرتووە.

دۆستەکان فریای ئەسەد دەکەون؟
بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسیی و ئابوورییەکانەوە، تاکو دێت بازنەی دۆستەکانی دیمەشق بچوکتر دەبنەوە و لە ئێستادا تەنها روسیا و ئێران بە تەواوی لەگەڵ ئەسەد ماون، بەڵام مۆسکۆ و تاران خۆشیان بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنن، بەتایبەت ئێران کە لە دۆخێکی دارایی و ئابووری زۆر سەخت و دژواردایە، بۆیە پێناچێت بە ئاسانی فریای بەشار ئەسەد بکەون.

بەپێی هەندێک سەرچاوە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا ئێران ٣٠ ملیار دۆلاری بە ئەسەد داوە، ئەمە جگە لە ناردنی دەیان هەزار چەکداری شیعە لە عێراق، ئەفغانستان، لوبنان و ئێرانەوە بۆ دیمەشق تاکو ئەسەد بتوانێت پارێزگاری لە مانەوەی خۆی بکات.

داهاتووی سوریا
تاکو ئێستا روون نییە سزا نوێیەکانی سوریا تاکو چەند رژێمەکەی ئەسەد لە رووخان نزیک دەکەنەوە، بەڵام بەشار ئەسەد لە دۆخێکی ئاڵۆز و دژواردایە. ئێستاش دیار نییە ئەسەد وەک جاران سور دەبێت لەسەر مانەوە لە دەسەڵات و رەتکردنەوەی چارەسەری سیاسیی یان بە پێشنیارەکان قایل دەبێت و خۆی لە سزاکان و رووخان دەپارێزێت.

دۆخی ئابووری گەلی سوریا لە هەر کاتێکی دیکە خراپترە و خەڵک بە دەست هەژارییەکی سەختەوە دەناڵێنن، ئەم هەژارییە و نەبوونی هیچ هیوایەک بە چارەسەر ئەگەر هەیە داهاتووی رژێمەکەی ئەسەد زیاتر بخاتە بەردەم مەترسی. ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە یاسای قەیسەر کۆتایی بە ئەسەدەکەی سوریا دەهێنێت یان هەژاری و نەداریی سورییەکان زیاتر دەکات؟