ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:49 - 17/06/2020

کۆرۆنا مردووی ئایینە جیاوازەکانی عێراق کۆدەکاتەوە‌

پەیسەر

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لانکەی سەرهەڵدانی ئایینە ئاسمانییەکانە، سەرەڕای ئەوەی پێکەوە ژیاون، هەزاران ساڵە پەیڕەوکەرانی ئەم دینانە لە گۆڕستانی جیاوازدا دەنێژرێن، بەڵام ڤایرۆسی کۆرنا توانی ئەم نەریت و شێوازە بگۆرێت، لە ئێستادا لە شاری نەجەف، ئەو کەسانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن سەر بە هەر دینێک بن لە یەک گۆڕستاندا بە خاک دەسپێردرێن.

رۆژهەڵاتی جیاوازییەکان
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنی ژیانی دەیان نەتەوە، ئایین و ئیتنیکی جیاوازە، هەم شوێنی پێکەوەژیان بووە و هەم مەیدانی جەنگی نەتەوە و دینە جیاوازەکان. زۆرترین ململانێکانیش لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویداوە، هەر لە جەنگی نێوان پەیڕەوکەرانی دینە گەورەکان تاکو خوێنڕێژی نێوان پەیڕەوکەرانی لق و مەزهەبە جیاوازەکانی یەک دین.
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دینەکان هەمیشە لە شەڕ و ململانێدا نەبوون، سەرەڕای جیاوازییەکان لە سەرهەڵدانیانەوە تاکو ئێستا پێکەوە دەژین، بەڵام ئەوەی بە ئاسانی نەگۆڕاوە و تاکو ئێستا بەردەوام بووە، ئەوە بووە کە مردووەکانیان لە گۆڕستان و شوێنی جیاوازدا ناشتووە.

عێراق؛ رووباری خوێن
یەکێک لەو وڵاتانەی کە بە قوڵیی و سەختی جیاوازیی ئایین، ئیتنیک، نەتەوە و مەزهەبی تێدا دەرکەوتوە عێراق بووە (وڵاتی دوو رووبارەکە). لە عێراقدا پەیڕەوکەرانی هەر مەزهەب و نەتەوەیەک دەسەڵاتی هەبووبێت ئەوانی دیکەی چەوساندووەتەوە.

جەنگ و خوێنڕێژی نێوان سوننە و شیعە لە عێراق مێژوویەکی درێژ و خوێناوی هەیە، لەگەڵ ئەوەی خەڵکی ئاسایی هەردوو ئایینزاکە بە ئاشتی ژیاون، بەڵام هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتدا و هێزە ناکۆکەکانەوە دراون بە گژ یەکتردان و رووباری خوێنیان لەنێواندا دروستکردوون.

سەرەڕای ژیانی هاوبەشی عێراقییەکان، زۆربەی جار پەیڕەوکەرانیان مردووەکانیان لە گۆڕستانی جیاوازدا ناشتوون، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک ناوچەدا گۆڕستانەکان هاوبەشبوون.

ڤایرۆسی کۆرۆنا و جەنگی هاوبەش
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق، خەڵکی عێراق بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە رووبەڕووی ڤایرۆسەکە بوونەوە، رووبەڕووبوونەوەی دوژمنێکی هاوبەش بۆ مانەوە و ژیانی هاوبەش.

ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک چۆن مزگەوتەکانی داخست، کڵێسا و پەرستگای ئاینە جیاوازەکانی دیکەشی داخست، هەر دین و نەتەوەیەکی عێراق بە زمان و دینەکەی خۆی رووبەڕووی ڤایرۆسەکە بووەنەوە و داوای خۆپارێزیییان لە یەکتر دەکرد.

کۆرۆنا؛ ناشتن لە گۆڕستانی هاوبەش
کۆرۆنا وەک چۆن لە ژیاندا عێراقییەکانی کۆکردەوە، لە مردنیشدا هەموو مردووەکانی لە یەک جێگادا کۆکردەوە و پێکەوە و لە یەک شوێندا بە خاک دەسپێردرێن.

دوای زۆربوونی ژمارەی ئەو کەسانەی لە شاری نەجەف بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا، ئیدارەی شارەکە گۆڕستانێکی بۆ ناشتنیان تەرخانکرد.

هەموو ئەو کەسانەی لە شارەکە گیان لەدەستدەدەن دەهینرێن و لەو گۆڕستانە تایبەتەدا بە خاک دەسپێردرێن، مردووەکان سەر بە هەر ئایین، نەتەوە و مەزهەبێک بن لە هەمان گۆڕستاندا بە خاک دەسپێردرێن و جیاناکرێنەوە.

گۆڕستانی کۆرۆنا؟
لە شاری نەجەف تیمێک تایبەت کراوە بە کاری کفنودفنکردنی ئەو کەسانەوە کە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن  و سەرجەم کاروبارەکان لە ئەستۆی ئەندامانی ئەو تیمە تایبەتەدایە.

گۆڕستانەکە ناوی (وادي السلام) و لە ناوی گۆڕستانی شارەکەوە وەرگیراوە کە گەورەترین گۆڕستانی جیهانە. فیرقەی (الإمام علي القتالية)ی سەر بە حەشدی شەعبی سەرپەرشتی کاری کفنودفنکردنی مردووەکان دەکەن.

تیمەکە خۆیان هەموو کارەکان دەکەن و رێگا بە کەسوکاری مردووەکان نادەن نزیکی مردووەکانیان و گۆڕەکانیان ببنەوە تاکو تووشی ڤایرۆسەکە نەبن، تەنها دەتوانن لە دووری گۆڕستانەکەوە بوەستن تاکو مردووەکانیان بە خاک دەسپێردرێن.

مردووەکان چۆن بە خاک دەسپێردرێن؟
عەبدولحسەین حەیدەری بەرپرسی تیمەکە و سەرپەرشتیاری گۆڕستانەکە دەڵێت، ئەم گۆڕستانە بۆ پەیڕەوکەرانی هەموو دینەکانە، تەنها تایبەت نییە بۆ شیعەکان، بەڵکو بۆ “برا” سونننە و مەسیحییەکان و ئەوانەشە کە لەدەرەوەی عێراق دەمرن و ویستوویانە لێرە بە خاک بسپێردرێن.

محەممەد باقر ئەلمحەممەدی سەرپەرشتیاری کاری دینی گۆڕستانەکەش سەبارەت بە ناشتنی مردووەکان دەڵێت، "دەچین و پرسیار لە کەسوکاری مردووەکان دەکەین بەپێی دینەکەیان چۆن کفنودفنیان بکەین، چیمان پێبڵێن ئێمە بەو شێوەیە بەخاکیان دەسپێرین."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "بۆ نموونە مەسیحییەکان ئایەتی ئینجیلمان پێدەڵێن و ئیمەش لەسەر کێلی گۆڕەکان بۆیان دەنووسینەوە و ناوەکانیان لەسەر دەنووسین، واتە هەر کارێک بۆ موسڵمانەکان بکەین بۆ مەسیحییەکانیشی دەکەین، بەو جۆرەی لە دینەکەیاندا هاتووە."

کۆرۆنا داهاتووی عێراق دەگۆڕێت؟
ئەگەر جاران پەیڕەوکەرانی دین و مەزهەبە جیاوازەکانی عێراق لە کاتی جیاواز و گۆڕستانی جیاوازدا سەردانی گۆڕی مردووەکانیان کردبێت، ئەوا کۆرۆنا وای لێکردن ئیتر پێکەوە سەردانی هەمان گۆڕستان بکەن، هەریەکە و لەسەر دینی خۆی نزا بۆ مردووەکانیان بکەن و سەردانی گۆڕەکانیان بکەن.

عێراق کە بەدەست ملاملانێ، جیاوازیی و شەڕی مەزهەبییەوە ناڵاندوویەتی، کۆرۆنا هەلێکی ئاڵتوونی پێبەخشیون تاکو لە یەک گۆڕستاندا کۆببنەوە و مردووەکانیان کۆیان بکەنەوە، هەلێکی گەورە لەبەردەم عیراقییەکاندایە وەک چۆن مردووەکانیان لە یەک گۆڕستاندان زیندووەکنیشیان بێ گوێدانە جیاوازییەکانیان پێکەوە بژین.