لێکۆڵینەوە

10:07 - 18/06/2020

رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش و خوێندنەوەیەكی سۆسیۆمێژوویی‌

ئیبراهیم حاجی زەڵمی

داعش ئەو رێكخراوە تیرۆریستییەی كە ئیمرۆ بووەتە فاكتەری كێشە و تەنگوچەڵەمەكانی رۆژهەڵاتی ناوین، لێووردبوونەوە و قسەلەسەركردن و هەوڵی ناسینی و تێگەیشتن لەو ئایدیۆلۆژیا ئایینییەی لەپشتییەتی و كاری لەسەردەكات، لەڕاستیدا تەنها نەبووەتە بابەتی راگەیاندنەكان و سیاسییەكان و لێكۆڵەرەوانی سیاسی، بەڵكو دەروونناسان و كۆمەڵناسان و ئابووریناسان و ئایینناسەكانیش وەك بابەتێكی لێتوێژینەوە و جێگەی مشتومڕهەڵگری فرەدا و هەروەها وەك رەگەز و بەرهەمێكی ناسازی مرۆیی كە سەروساختی لەگەڵ هیچ بنەما و پرانسیپە تاكیی و كۆمەڵیی و بەهایی و ئایینییەكاندا ناییەتەوە، چاویان خستووەتەسەری.

 

لێرەدا ئێمەش گەر كۆمەڵناسیانە وەك دیاردەیەكی ناسازی ئایینی و بەهایی و مرۆیی قسەی لەسەربكەین، پێمانوایە زیادەڕەوی ناكەین بەتایبەت وەك دیاردەیەك و ئەوەی لە كار و ئایدیا و دونیابینی و هەگبەی سیاسی وئایینی ئەودایە بیهێنینەبەرباس، بۆیە ئەم نووسینەمان دەكەینە سەرەتەقێیەكی سۆسیۆلۆژی مێژووی بیری داعش لەنێو بزاڤی ئیسلامی و بزاڤی سیاسی ئایینی لەم رۆژهەڵاتی ناوینە. لێرەوە بەكوڕتی لە سێ دەرگاوە دەچینە شیكارییەكەمانەوە:

دەرگای یەكەم: شوناسی داعش
گەر لە شوناسی روخساریانەی ئەم رێكخراوە بڕوانین (داعش) رێكخراوێكی سیاسی ئایینی و خاوەن هێزێكی چەكدار و بە هەگبەیەكی ناڕۆشن و بێمەودا لە جیهانی ئابووری، بێشوناس لەبواری جوگرافیای سیاسی، ناتەواو و نامۆ لە گەڵ پەیوەندییە ئەقلیمی و نێودەوڵەتییەكان و كار ئەكتەرێكی شێواو و نەگونجاو لەگەڵ پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان و بەركارێكی نەفام و نەزان لەڕووی مامەڵەكردنی لەگەڵ بەها ئایینی و كۆمەڵاییەتییەكان و هەبوویەكی دومەڵی لەسەر جەستەی مرۆڤایەتی دێتەهەژمار. داعش بەرهەم و باربوویەكی نێو بزاڤی ئیسلامی جیهادی رۆژهەڵاتی ناوینە، ئەو بزاڤە ئیسلامییەی كە بەدرێژایی سەدەی بیست و هەوڵی بەردەوامیدا و هیچ هەنگاوێكی نەگەیشتە بارگەی كۆتا و هەناسەیەكی ئۆخەی سەركەوتنی بەخۆوەنەدی، داعش داچۆڕاوی دوو بیر و قوتابخانەی جیاوازە كە ئەو دوو قوتابخانەیە لەدەستبردنیان بۆ دین و دەقەكان و شێوازی كاركردنیان زۆر جیاوازبوو ئەوانیش دوو قوتابخانەی سەلەفییە و كۆمەڵی ئیخوان موسلیمینە.

یەكەم: داعش و قوتابخانەی سەلەفییەتی عەبدولوەهابی:
دیارە قوتابخانەی سەلەفییەت قوتابخانەیەكی جیهادی رێچكەگرتوو لەسەر دوو بنەمای فیكری عەبدولوەهابییەتی محەممەد كوڕی عەبدلعەبدولوەهاب و فیكری خێڵایەتی بەدەوی خێڵە نەجدییە پاپەتییەكانی سەدەی هەژدەییەمی زایینی. فیكرەی محەممەدی كوڕی عەبدولعەبدولوەهاب درێژكراوەی ئەو روخسارگەراییەی خەواریجەكانە كە ئایین و دەقەكان لە مەقاسیدی شەرعی و بیری ئینسانییەت و داماڵینی پیرۆزیی و بەهای مرۆڤ و وابەستەكردنی بە كۆمەڵێك دەقەوە كە تەنها روخسارییانە تەماشا بكرێ و ئەودیوی خواستی ئایین و دەقە ئایینەكان نەخوێنرێنـەوە و مەرامی ئایین و ئاكار لە خزمەت ژیان و بەختەوەری ئینسانی و كەرامەتی ئینسانیدا لەبەرچاونەگیرێت.

تێگەیشتنێك بۆ دین كە تەنها لە كار و چوارچێوەی كار و رەفتار و روخساردا ببینرێتـەوە و لە شێوە و دەروەی مرۆڤ وەك هێشتنەوەی ریش و قۆڵهەڵكردن و سمێڵتاشین و لەبەركردنێكی ئامێرانەی وەك كۆمپیوتەری قورئان و فەرموودە و كردنە سەرچاوەی بیروباوەڕی شێخ و موفتییەكانی وەك ئایدیۆلۆژیا مامەڵە لەگەڵكردنی، خۆناساندن بە (كۆمەڵی رزگار بوو- الگائفە المنصورە)و كردنەدەرەوەی هەمووانیتر بە ئایینداری هاوشێوە و غەیرەوە بۆ دەرەوەی تاقمەكەی خۆیان، بە كافر و نەفام نەناسینی هەموانیتر و فتوای بتپەرست و موشریك بەسەریاندادا سەپاندن و ماڵوموڵك حەڵاڵكردنیان. ئەمەو چەندین نموونەی خراپتری لەم شێوە كە لەژێر پەردەی بیروباوەڕ و عەقیدەوە ئیتر بەسانایی بێگوناهترین كەسی تەنانەت موسڵمانیش لە بازنەی ئیمان و موسڵمانی دەیكەنە دەرەوە و بەسانایی دەتوانن ملی لە جەستەی جوێبكەنەوە. ئەم قوتابخانەی عەبدولوەهابییەتە كاتێك ئیتر گەشەیسەند و لە بازنەی ئایدیۆلۆژیاییەكی ئایینی بەناوی سەلەفییەت خۆی نواند كاتێك محەممەدی كوڕی عەبدولعەبدولوەهاب بەهۆی بیركردنەوەكانیەوە ناوچەی هۆزی (حریملەی) شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی و باوكی بەجێهێشت چوو بۆ ناوچەی (عەینییە) كە عوسمانی كوڕی موعەممەر سەرۆكی ئەو هۆزەی دەكرد لەو ناوچەیە.. پەیوەندی لەگەڵ عوسمان موعەممەر پتەوكرد و خوشكەكەی خواست و توانی پەیوەندی ئایین و دەسەڵات بۆ بەرپابكات و بیری عەبدولوەهابییەتی سەلەفی ببەستێتەوە بە سیاسەت و جیهادەوە، وەك ئایدیۆلۆژیایەكی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ بكات و بزووتنەوەكەی بانگەوازی جیهاد بكات بەبیانووی رووخاندنی قەبر و شوێنگە پیرۆزەكانی ناوچەكە كە بوونە شوێنگەی پەرستش هۆزەكانیتر و میرنشینەكانیتر بخاتەوەژێر ركێفی خۆی و توانی لەم هەنگاوەیدا سەربكەوێت و دوو مەزارگەی براكانی ئیمامی عومەر بەتایبەت گۆڕ و مەزاری یەزیدی كوڕی خەتتاب برای عومەری كوڕی خەتتاب رووخاند و كاولیكرد و ئەم كارەشی وایكرد كە نێوانی عوسمانی ژن برای سەرۆك هۆزی (حورەیملە)و محەممەدی كوڕی عەبدولعەبدولوەهاب تێكبچێت ئەوەش كاتێك سولەیمان ئەلحومەیدی میری قەتیف و ئەحسا كە بەهێزتربوو لە میری عەینییە و فەرمانی بەسەر عوسماندا و هەڕەشەیكرد ئەگەر محەممەدی كوڕی عەبدولوەهاب دەرنەكات شەڕی لەگەڵ دەكات، بۆیە محەممەدی كوڕی عەبدولوەهاب لای میری عەینییە دەركرا و رووەو میرنشینی دەرعییە رۆیشت لەوێ‌ پەیوەندی خۆی گرێدا لەگەڵ محەممەدی كوڕی سعود باپیری ئەم بنەماڵەیەی پاشایەتی سعودییە. لێرەوە هەوڵی خستنەژێر ركێفی هەموو ئیمارەت و خێڵەكان بە فتواكانی محەممەدی كوڕی عەبدولوەهاب و داگیركردن و تاڵانكردنی موڵك و ماڵو ژن و مناڵی خێڵەكانیتر موسادەرەكردنی هەمووی پاش گرتنیان درا و لێرەوە بنەماڵەی سعودییە بەپاڵپشتی سەلەفییەتی عەبدولوەهابی بەناوی درووستكردنی خەلافەت و بەرەنگاربوونەوەی ئەهلی شیرك و بتپەرست و قەبرپەرستەكان دەستیپێكرد و توانییان بێبەزەییانە بەرببنە گیانی هەموو ئەو تیرانە و دەربەدەركردنیان و خوێنحەڵاڵّكردنیان لەگەڵ لەناوبردنی هەرچی پاشماوەوی شارستانی هەیە بەناوی بت و پاشماوەی بتپەرستییەوە كاول و وێرانكرا تەنانەت بەرەنگاربوونەوەی خۆیان دژی دەوڵەتی عوسمانی راگەیاند و هەرزوو جیهاد دژی عوسمانییە موشریكەكان كەوتەسەر زاری شوێنكەوتووانیان و حەڵاڵكردنی موڵكوماڵیان وەك غەنائیم هەژماركردنی فتوای بۆدرا. لێرەوە میرنشێنێكیان بەناوی دەوڵەتی خەلافەوە راگەیاند كە لەسەر بنەمای كوشتوبڕ و كاولكاری و ترس و تۆقاندن بونیاتنرابوو كە توانی سنوورەكەی ئەوكات بگاتە دیمەشق لای باكووری و عەمان لەلای باشوورەوە، بەڵام دیارە محەممەد عەلی پاشای میسر و كوڕەكەی ئەم میرنشینەیان تێكوپێكداو بنەماڵەی سعود و عەبدولوەهابییەكانیان لە نەجد و حیجاز وەدەرنان، بەڵام دیارە ئەم بزووتنەوەیە لە سنووری كوەیت و بەپاڵشتی هەندێ خێڵ و هاوكاری وڵاتانی وەك بەریتانیا نەیانهێشت ئەم بزووتنەوەیە كۆتاییبێت.. بە بچووكی لە سنووری هۆزاییەتیدا هەرمایەوە، لە سەروبەندی كۆتاییهاتنی عوسمانییەكاندا و بێهێزبوونیان و لایەنگیری شەریفی مەكە بۆ خۆرئاوا بەتایبەت پاش كۆتاییهاتنی دەوڵەتی عوسمانی سەرلەنوێ ئەم بنەماڵەی شای سعودییەیە زیندووبوونەوە و ناوچەی حیجازیان پێبەخشرایەوە و دەوڵەتی سعودییەی ئێستەیان درووستكرد، بۆیە دەبینین نزیكی و هاتنەوەیەكی تەواوی كارەكانی داعش لەگەڵ بیری سەلەفی عەبدولوەهابی و مێژووی ئەم خەلافەتەی عەبدولوەهابییەكان و ئال سعوود تەریبییەك هەیە و دەتوانیین بەدرێژكراوەی هەمان بیری بزانین. . لێرەوە جیهانبینی و تێگەیشتنی داعش بە جیاوازی سوود وەرگرتن لە میكانیزمەكانی مۆدێرنە هەمان جیهانبینی و تێگەیشتنی عەبدولوەهابییەكانی سەدەی هەژدەیەمە و هەمان قەتیسكردنی خواستی ئایینە بە روخساروەرگرتنی دەقەكان و تێكەڵكردنی لەگەڵ عەقڵی بەدەوی خەڵتان بە ئارەزووی غەریزەی سێكس و خۆسەپاندن و جیهانی مادییانەی بیری عەرەبییە، هەوڵی بێگیانكردن و دەرهێنانی رووحی مەعنەوی و بوونگەرایی عاشق بەبوون و ژیان و بەختەوەری مرۆڤاییەتی و پێچەوانەبوونەوە لەگەڵ ئایەتی "رحمە للعالمین" ئایینی ئیسلامە.

دووەم: داعش و كۆمەڵی ئیخوانولموسلیمین
وەك پێشتر هێنامان داعش سوودی وەرگرتووە لەو عەقڵە سیاسییەی كە كۆمەڵی ئیخوانولموسلیمین هێنایەئاراوە، ئیخوانێك كە بیر و تێفكرینەكانی دەگەڕێنەوە بۆ ناو بۆتە رەنگاڵەكانی جەمالەدینی ئەفغانی و شێخ محەممەد عەبدە و هاوشانبوونی زەمەنی بیری عروبەی كەواكبی و پاشان ساتیع ئەلحەسری و ئالوسی. ئیخوانێك كە بیری خۆرئاوا و پێشكەوتنەكانی ئەوروپا و مۆدێرنە كاریگەری تەواویان لەسەر چۆنییەتی داڕشتنەوەی بیری ئایینی و سیاسی و رۆشنبیری عەرەبی دانابوو، ئێخوانێك كە سەركردەكانی مێشكیان پڕبووبوو بە قێزلێبوونەوە لە كلاسیكییەت و شێوازی دەعەوی مەشیخەی ئەزهەر، ئەو ئەزهەرەی كە وەك كەهەنووتێك پیاوانی مەشیخەكەی بەناوی ئایینەوە دەستیان بەسەر بریار و ماڵ و سامان و عەقڵی نەتەوەیەكی وەك میسردا گرتبوو، لێرەوە ئایین بوو بە میكانیزمێكی كەهەنووتی و درووستكەری پیاوانێك لە چینی ئەشرافی ئایینی كە لەگەڵ چینی دەسەڵاتداری قەسری پاشاییەتی و پاشەواتەكانی كۆمەڵگەی میسری خوێنخۆری زۆرینەی هەژار و سەپانی گەلی میسری بوون. لێرەوە خەونی پێشكەوتن وەك ئەوروپا و سەرسام بوون بەو رێچكەگرتنەی عەقڵی مۆدێرنە و كاریگەری نواندنی رۆشنگەری و شۆڕشی پیشەسازی لەسەر كۆمەڵگەی ئەوروپا، بابەتانێك بوون كە لای كەسانی رۆشنبیری وەك جەمالەدینی ئەفغانی و محەممەد عەبدە و قاسم ئەمین و دەیانیتر بووبوونە جێگەی تێڕامان و شوێنگەی تێفكرینی سەردەمییانەی ئەوان. لێرەوە خەونی گەیشتن بە ئەوروپا و زاڵی و لاوازی پیاوە نەخۆشەكەی ئاستانەی بەناو خەلافەتی عوسمانی و نەفامی عەقڵی عەرەبی و باوەشكردنەوەی پیاوانی ئایینی و مەشایخی ئیسلامی بۆ پارە و سامان و دەسەڵات لەو گرێیانە بوون كە بۆ ئەمان نەدەكرانەوە و لەو بەرگرانە بوون كە تەمەن و هەوڵی ئەوانی لە چوارچێوەی بیر و وتاردا قەتیسكرد، دواتر بە نەمانی خەلافەتی ئیسلامی و پارچەپارچەبوونی وڵاتانی ژێردەستی پیاوە نەخۆشەكە (خەلافەتی عوسمانی) راستەوخۆ هاتنی دەستی مۆدێرنە و گواستنەوەی بۆ ناو ئەم وڵاتە داگیركراوانە لەسەردەستی بەریتانیا و فەرەنسا بەتایبەت، ئیتر هەنگاوێتر خەمە جەمالی و عەبدەیییەكان بیرمەندانی ئیسلامی نزیكبوونەوە، لەسەردەستی "حەسەن بەننا" هەوڵی درووستكردنەوەی كۆمەڵگەییەكی ئیسلامی لەژێر چەتری پێشكەوتن و عەقڵ و پاككردنەوەی لە بیری كەهەنووتییانەی مەشیخە و تەسەوف و دەروێش و پاشەواتەكان، بەڵام لێرەشدا خواستی ئیستیعمار و بەرامبەربوونەوە لەگەڵ بیری ئیستیعماری و زووبونە كۆیلەی بیری مادیی و قەتیسكردنی ئیسلام تەنها لە چوارچێوەی بیری سیاسی و دەسەڵاتداری و بە ئایدیۆلۆژیاناساندنی ئیسلام پاردۆكسییانە رێكخستن و ئامادەكردن و پەروەردەكردنی تاكەكانی بەوەی كە بە خەونی ئەوروپییانە تەعامولكردن لەگەڵ رێكخستن و چۆنییەتی دابەزاندن و خواستدا بۆ دەسەڵات و لەهەمانكاتدا چۆنییەتی پەیوەستبوونی تاكەكانی كۆمەڵی ئیخوان لەگەڵ یەك و كۆكردنەوەیان لەناو بۆتەیەكی جیهانی و بەزاندنی سنووری نیشتمانی. لێرەوە خەونی ویستی خەلافەت و تەنها مامەڵەی مادییانە و سیاسییانە لەگەڵ دەقی ئایین و فراوانی بازنەكانی كاركردن.. وایكرد ئیتر ئەو رێكخراوە بێتە هێلانەییەكی ململانێكان لەگەڵ ویستی و ئەو واقیعەی تیایدا دەیوست كاری تیابكات. لێرەوە ئەم رێكخراوە لەنێو ململانێكاندا گەوزا و عومری درێژی نزیكەی سەدساڵەیی بوویە ئامادەكاری كەسانی پلەدوو غەریبی نێوكۆمەڵگەكان و ئازار و ئەشكەنجەكێشی نێو زیندانەكان، تاوای لێهات كە ببێتە خانەخوێیەكی دەزگا ئیستیخباراتە جیهانییەكان بەتایبەتی ئەمریكا كە بتوانێت لەپەنجاكانەوە وەك ئایدیۆلۆژیایەكی ئەنتی شیوعی و چەپ دژی هەموو رەوتێكی چەپی رۆژهەڵاتی ناوین و نەیارەكانی بەكاریانببات. بەدرێژایی مێژوو ئیخوانموسلیمین ئەوەندەی داشەهارەی ئەنتی شیوعییەكی نێو یارییەكانی سۆڤیەت و ئەمریكا بووە، نیوئەوەندە بۆ خۆی و ئیسلام كاری نەكردووە، ئەوەندە لەهەموو وڵاتاندا بیری شیوعییەتی قێزەونكردووە و تاكەكانی ئامادەكردووە بیانێرێت بۆ ئەفغان و بۆ چیچان و دەوڵەتانی ئەنتی ئەمریكی، نیوئەوەندە لە پرۆژە ئایینی و مەعنەوییەكەی ئیسلامدا كارینەكردووە.بەردەوام ویستووییەتی پەرە بەو بیرە جیهانییەی بدات و لە خواستی نیشتمانی و ناوچەیی دووریبخاتەوە تادواجار ئیخوان بۆ خۆی نەتوانێت 100مەتر زەوی كە خەونی سیاسییانە و مادییانەی ئەوبوو كە خەلافەتی تیادرووستبكات بۆینەكرا، بەڵكو هەردەم ملكەچ و زەلیل و نەیاری دەسەڵاتەكان بیت. دەرگای دووەم: داعش و گەمە سیاسییەكانی ئیمڕۆ

دیارە سەرهەڵدانی داعش لەم سەدەی بیست و یەكە و لەم سەردەمی تەكنەلۆجیا و بەجیهانیبوونە، لەكاتێكدا كۆمەڵگەكان بەرەو كۆمەڵگەی مەعریفەیی هەنگاوهەڵدەگرن و ژمارەكان دەبنە بێژەر و قسەكەر و رێكخەری پەیوەندییەكان، لەم سەروبەندەدا گروپی ئیسلامی توندڕەو بە عەقڵی بەربەرییەت و بە دروشمی پاكیزەیی ئایینەوە سەر لە جیهان دەشێوێنێ‌، وەك مۆتەكەیەك لە رۆژهەڵاتی ناوین خۆی قوتدەكاتەوە. ئەوەی ئارامی و ئاسایشە و ئەوەی مانای ژیان و گوزەرانی ئینسانییانەیە لە ساباتی ژیانی خەڵكی دەیتۆرێنێت و كوشت و كوشتار و سەبایاكردنی كچ و ماڵوێرانی و دەربەدەری و كۆمەڵكوژی دەكات بە بەری ژیانی ناوچەكەدا بەتەنهاش ناتوانرێت بوترێت كە (دەوڵەتی ئیسلامی– داعش) بەرهەمی بەزیویی ئیخوان و دەسخەڕۆی ناعەقڵانییەتی بەدەوی وەهابییەتە، بەڵكو مۆدێرنە و بانگەشە درۆزنەكانی جیهانی سەرمایەداری بە ئایدیۆلۆژیا و سیستمە دووفاقەییەكەیەوە بۆخۆیان بەشداری سەرەكی درووستكردن و بەرهەمهێنانی داعشن، لەكاتێكدا حاشاش لەوەناكەین كە كە داعش و سەلەفییەت سەرەداوی گرێدراوی ئەم سەدەیەن، بەهەماهەنگی و بەتێكەڵی و لەسەر سكەڕۆیشتنی جیهانی مۆدێرنە، مۆدێرنەیەك كە رەنگرێژە بە باوبۆران و تەپوتۆزاوی عەولەمە كە پشتی بە پاوانخوازی و هەیمەنەكردن و شۆردنەوەی ناسنامە بێهێزەكان و بە چۆپیكێشی داشەهارەكانی نێو جیهانگیری ئابووری و سیاسی و سەربازی و عەقڵی ئیمپراتۆرییەت و ئیمپریالیستی سەرمایەداری رۆژئاوا كە خواستی خۆی لەلا گەروەتر و بەڕێزتر و كەنارخستنی خواست و كوشتنی ئەوانیتری لەلا سەرچاوەیە، مۆدێرنەییەك لەگەڵ ئەو هەموو پێشكەوتنانەی كە بەبیانووی پێشكەوتن و پەرەسەندنی كۆمەڵگاكانەوە گۆڕەپانەكان سازدەكات و بوارەكان دەدۆزێتەوە بۆ پاوانكردنی خاك و خواست و ئازادییەكانی ئەوانیتر كە ئەوەی مەعنەوییەت و ئەوەی ژیانی رۆحی و بوونگەراییە لە ناخی كۆمەڵگادا دەیخاتەدەرەوە و تاكەكان و كۆمەڵگەكان سەرقاڵی برقوباقی پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆجیا دەكات و ژینگە و خۆشیی ژیانی ئاسوودەیی رۆحەكان بەبادەدات تەنها ماتریاڵییەت دەكاتە پێوەری بەختەوەری و بەهاكانی مرۆڤایەتی پێكێشانە دەكات، بۆیە سەرهەڵدان و قوتبوونەوەی ئەم ئەم دومەڵە و ئەم دیاردە ناسازە و لەم ساتەوەختەدا دەتوانین هۆكارێكیتریشی بگەڕێنینیەوە بۆ ئەو دەرەنجامە سیاسی و ئابوورییانەی لە جیهان كەوتنەوە پاش ئەوەی بلۆكی ئیشتراكی بەرامبەر جیهانی سەرمایەداری رۆژئاوا چۆكی دادا و نەوی، وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هەژموونی تاكجەمسەرانەی خۆی پەرەپێدا و رۆژهەڵاتی ناوین بوویە شوێنگەی یەكلاكردنەوەی كێشە و خستنەڕووی توانا جۆربەجۆرەكانی بەرامبەر نەیارە دۆڕاوەكان و پاشماوەكانیتری و وەك هەوڵێك بۆ ملكەچیپێكردنی ئەو هێز و دەوڵەتانەی وەك ئەوەی ئەو دەیویست نەدەهاتنەژێر ڕكێفی، بۆ خۆی شوێنگەی تێڕامان و شایستەی لێووردبوونەوەیە.

هەر ئەمەشە پێماندەڵێت كە رامان لەو گۆڕانە سیاسییە و مانەوەی رۆژئاوا وەك تاكجەمسەر چاومان بخاتەسەر ئەو پەیوەندییە نەگەتیڤانەی ئەو دووجەمسەرەی رابردوو لە سەرهەڵدان و قەبەكردن و یارمەتیدانی بزافی ئیسلامی و وەك ئامرازبوونێك لە بەردەس بلۆكی سەرمایەداری و وەك داش بەكارهێنانیان لەلایەن هێزە رۆژئاواییەكانەوە بەتایبەت ئەمریكا و دەزگای هەواڵگری ئەمریكا دژی شیوعییەت. بێگومان پاش كەوتنی دیواری بەرلین ئیتر هاوكێشەكان و چۆنیەتی مامەڵەكردنی رۆژئاوا گۆڕا، بیرمان نەچێت كە لە كاتوساتی تەواوبوونی شەڕی دووەمی جیهانی ئیتر ئەمریكا و بلۆكی سەرمایەداری هەوڵی تەواوی خستەگەڕ كە ئیتر رۆژهەڵاتی ناوین نەبێتە پاروویەكی چەور بۆ یەكیەتی سۆڤیەت و پانتاییەك بۆ بڵاوكردنەوەی ئایدیۆلۆژیاكەی كە بەجۆرێ‌ لەجۆرەكان دروشمی مەرگی سەرمایەداری هەڵگرتبوو پاشان وەك بەرگرێك لەبەردەم خواستە ئیمپریالییەكانی رۆژئاوا لەبەرچاویدەگرت. لێرەوە هەرزوو توانی وڵاتانی ئەوكاتی ئێران و پاكستان و توركیا و پاشان لە سەردەمی ئەنوەر ساداتیشدا بۆ هەمیشەیی میسر، بكاتە دەوڵەتی تەبەعی و جڵەوی دەسەڵاتی ئەم وڵاتانە ببەستێتەوە بە دەسەڵاتی جەنەڕاڵەكانی سوپاوە، سوپا هەردەم وەك هێزێكی پارێزگاریكەر لەو دەسەڵاتە گوێڕایەڵەی كە درێژەی بەسیاسەتی تەبەعییەتی وڵات بۆ ئەمریكا و رۆژئاوا دەدا. دەسەڵاتێكی فوتێكراوی گەورە و قەبە و لەڕابەدەر بەتوانا لەڕووی كاری ئیستیخباراتی و ئەمنی و تۆكمە لەڕووی سەربازییەوە لەهەمانكاتدا بێهێز و كەمتوانا كە بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت تەنها بازاڕێك بۆ كاڵا و شمەكی دەرەكی و پشت بەستوو بە توانا و هێزی ئابووری و سەربازی ودەسەڵاتی دەوڵەتە زلهێزەكەی درێژەی بە خۆی دەدا و كاریگەردەبوو بە هەر گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی وڵاتە زلهێزەكەی، پاشان ئەمریكا لەڕێگەی دەزگا سیخوڕییەكانی ئەم وڵاتە پاشكەوت و تەبەعییانەوە، بەگرتنەبەری سیاسەتی (دوژمنی دوژمنم دۆستمە!) سوودی تەواوی بینی لە بزاڤە ئیسلامییەكان بەتایبەتی تاقم و كۆمەڵی ئیخوانموسلیمین كە سەرۆكایەتییەكەی و نووسینگەی رابەرایەتییەكەی لە میسر بوو، هەروەها بزافی سەلەفی و رەوتە وەهابییەكانی دەوڵەتانی كەنداو بەتایبەتی سەلەفییەتی سعوودییە، هەوڵی درووستكردن و گەشەپێدان و تەمویلكردنی دا، لێرەوە ئیخوان و سەلەفییەكان لەڕێگەی شانەكانیەوە لە وڵاتانی ئیسلامی خەریكی پەروەردەكردنی ئەندامەكانیان بوون دواجار پەروەردەیەكی جیهادییان فێردەكردن و بەرەنگاری بیر و ئایدیۆلۆژیای شیوعییەت و ماركسییەتی پێدەكردنەوە و لە هەوڵی بەردەوامدابوون ئەو دەسەڵاتە كۆمارییانەی كە هەڵگری بیری چەپبوون جۆرێك لە لایەنگیرییان بۆ یەكیەتی سۆڤیەت هەبوو نموونەی وەك عەبدولكەریم قاسم و جەمال عەبدولناسر هەرزوو بەكافركردنیان و چاندنی بیری دژبوونەوەیان خەریكی جێبەجێكردنی مەرامەكانیان بوون، هەرئەوەش بوو رووبەڕووبوونەوەكان لەو وڵاتانەدا زۆرترینیان لەگەڵ پیاوانی سەربازی و رەوتە ئیسلامییەكان دەبوو. ئەمە بەدەر لەوەی كە لەهەشتاكاندا دوای ئەوەی ئیخوانموسلیمین و بەهۆی ئەوەی پیاوانی كۆڕبەندی رابەرایەتییەكەی كە ناراستەی كۆمەڵانی ئیخوانی جیهانی دەكرد لە ژێر هەیمەنەی ئیستیخباراتی میصری دا بوو، دواجار ئەویش دەزگاییەكی تەبەعی بوو وەك وڵاتەكەی، كاری لەسەر پەروەردەكردنی تاكی جیهادی ئیخوانی دەكرد و لەوڵاتانەوە دەیانناردنە پاكستان و ئەفغانستان و پاشان چیچان و داغستان لەوێ‌ شەڕی شیوعییەت بكەن. لەوێوە دەسەڵات و هەیمەنەی شیوعییەت كەمبكاتەوە و دەستی لە ئاوەگەرمەكان بەربێ، هەربۆیە بەدرێژایی مێژووی بزاڤە ئیسلامییەكان تا كەوتنی بلۆكی شیوعییەت بەدەر لە بزاڤە ئایینییە شیعەییەكەی رابەری ئێرانی (ئیمام خومەینی) هیچ بزاڤێكیتری ئیسلامی لە گوڵ كاڵتری بە ئەمریكا نەوتووە، هەردەم دوژمنی سەرسەختی چەپ و چەپەكان بوون و وەك ئەوەی كە ئەمانە كاریان و ئامانجی درووست بوونیان بەرەنگاربوونەوەی بیری چەپ بێت، راستەوخۆ جێبەجێكاری خواستی سەرمایەداری و ئامرازێكی دەستی دەزگا ئیستیخباراتییەكان بوون لە بەرەنگاری نەیارەكانیان. لێرەوە دەبینین بەرهەم و باربوویەك و داكەوتەیەكی وەك رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە سەلەفییەت و ئیخوان و مۆدێرنە، نەیتوانیوە لەو بازارەگەرمەی نێودەزگا ئیستیخباراتییەكانی ئەمریكا و رۆژئاوا رزگاریبێت و ئیمڕۆ شەڕی تەواونەبووی جارانە لەگەڵ ئێران و بێچوە بەوەفا و پاشماوەكانی رووسیایە لەم رۆژهەڵاتی ناوینە دەیكات. تەمای دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوینە بەبیانووی داعش وەك چۆن بە شەریفی مەككە و بنەماڵەی ئال سعوود لە سەدەی رابردوو كردی. ئاشكراشە كە جیهانی عەرەبی هەر لەكەنداوەوە بۆ رۆژئاوای ئیمڕۆ وڵاتەكانی بە قۆناغێكی زۆر ناڕەحەتدا تێدەپەڕێن، و لە گێرمە و كێشەی سیاسی و ئابووریدا دەتلێنەوە، ئیسلامی سیاسیش نموونەی دیاریان داعشە هۆكاری سەرەكی ئەو گرفت و كێشانەیە و بووەتە فاكتەرێكی پشێوی و دەستكەلایەك بۆ پارچەپارچەكردنی زیاتری دەوڵەتانی عەرەبی، نموونەی عێراق و سوریا و لیبیا و یەمەن و.. هتد، ئیمڕۆ سەرهەڵدانی هێزی نوێ و رێكخراوی تیرۆریستی نوێ‌ بەپاڵپشتی دەزگا هەواڵگیرییە زلهێزەكان، خەریكی جێبەجێكردنی بەرژەوەندی زلهێزەكانن و دواجار بەفیرۆدانی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتانە و كاولكردن و پارچەپارچەكردنیان لەشێوەی میرنشینی بچووك و ناوچەیی، بونیادنانی خودموختاری خۆجێی بێهێزی هەمەجۆر، جا بەفەرمی بێت یان نافەرمی، ئەمە بەدەر لەوەی گیانی تائیفییەت و رەگەزی تەواو زیندووكراوەتەوە و بووەتە فاكتەرێكی كاریگەر لەسەر بەردەوامی كێشەكان و فراوانبوونی جیاوازییەكان و ونبونی گیانی پێكەوەژیانی گەل و نەتەوەكانی ئەم رۆژهەڵاتی ناوینە كە بێگومان ئەمەش دەرەنجامی ناهوشیاری سیاسی و ئایینی لای چینی نوخبەی ئەم وڵاتانەیە و پاشان هەیمەنەی سیاسەت و دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی زلهێزە و گواستنەوەی ململانێكانیانە بۆ ئەم ناوچەیە.

سه‌رچاوه‌:

http://govarikoch.com/Detail.aspx?id=4837&LinkID=10