ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:01 - 19/06/2020

٨٠ ملیۆن ئاوارە لە جیهاندا چاوەڕوانی گەڕانەوەن بۆ ماڵەکانیان‌

پەیسەر

رۆژ بە رۆژ ژیانی ئاوارەکان لە جیهاندا بەرەو خراپتر دەچێت، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش هێندەی تر ژیانی خستووونەتە مەترسییەوە. کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە لە خراپتربوونی دۆخی ئاوارەکان لە جیهاندا.

ئاوارەبوونی ناچاری؛ یەک لەسەر یەکی جیهان
بەپێی راپۆرتی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران لە سەدا یەکی دانیشتوانی جیهان لەژێر کاریگەری ئاوارەبوونی ناچاریدان و ئەم ژمارەیەش بە وردی بریتییە لەوەی لە هەر ٩٧ کەسێک کەسێک ئاوارەی ناچارییە، ژمارەی ئەم ئاوارانەش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە کە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات، تاکو کۆتایی ساڵی ٢٠١٩،  ٧٩ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵهاتوون و ئاوارەبوون، ئەم ژمارەیەش پێشتر و لە هیچ ساڵێکدا تۆمارنەکراوە.

بەپێی زانیارییەکانی راپۆرتەکە، ئومێدێکی روون نییە بۆ چارەسەری کێشەی ئاوارەکان و گەڕانەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی، لەبەرئەوەی لە نەودەکانی سەدەی رابردوودا ساڵانە ملیۆن و نیوێک ئاوارە دەیانتوانی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام ئەم ژمارەیە لە دەیەی رابردوودا بۆ ٣٨٥ هەزار ئاوارە کەمی کردووە کە ساڵانە دەتوانن بگەرێنەوە ماڵەکانیان، واتە ژمارەی ئاوارەکان زیاتر دەبن لەو کەسانەی کە دیەتوانن لە ئاوارەیی رزگاریان ببێت.

فلیپۆ گراندی کۆمسیاری کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران دەڵێت، "زۆریی ژمارە ئاوارە ناچارییەکان تایبەت نییە بە ئێستا، دیاردەیەکی کاتیی و تێپەڕیش نییە و بەردەوامە. ناکرێت چاوەڕوان بین و سەیری ئەو ژمارە زۆرە ئاوارە بکەین کە لە ژیانێکی سەختدان کە هەلی گەڕانەوەیان نییە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان، لەو شوێنەشی ئێستا تێیدان ناتوانن داهاتووی خۆیان بونیاد بنێن. دەبێت شێوازی کارکردنمان بگۆڕین و هەوڵی جددی بدرێت بۆ رێگرتن لەو رووداوانەی کە بوونەتەوە هۆی ئاوارەبوونی ئەم ژمارە زۆرە لە خەڵکی جیهان."

ئاوارەی ناوخۆ و دەرەکی
ئەو کەسانەی ئاوارە دەبن لە ناوخۆی وڵاتەکەی خۆیاندا دەمێننەوە و روو لە ناوچە ئارامەکانی دیکەی وڵاتەکەیان دەکەن، هەندێکیشیان روو لە وڵاتانی دیکە دەکەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە وڵاتەکەی خۆیان هەمووی لەژێر مەترسیدایە.

وەک لە راپۆرتەکەی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەراندا هاتووە، لە ٧٩ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئاوارە کە ماڵ وحاڵی خۆیان بەجێهێشتووە، ٤٥ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسیان روویان لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکانی خۆیان کردووە، ئەوەی دەمێنێتەوە روویان لە ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی وڵاتەکانیان کردووە، چوار ملیۆن و ٢٠٠ هەزاریان چاوەڕوانی وەڵامی داواکاراییەکانیان بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە، ٢٩ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس روویان لە وڵاتانی دیکە کردووە و داوای مانەوەیان نەکردووە.

هۆکارەکانی زۆربوونی ئاوارەکان
راپۆرتەکە باس لەو هۆکارانە دەکات کە بوونەتە هۆی بەرزبوونەی ژمارەی ئاوارەکان لە بەشێک لە ناوچەکانی جیهان، کە دانیشتوانەکانیان بەدەست ململانێ و شەڕەوە دەناڵێنن.

راپۆرتەکە باس لە دوو هۆکار دەکات؛ هۆکاری یەکەم ئاوارەبوونی ژمارەیەکی بەرز و مەترسیدار لە ساڵی ٢٠١٩ لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، ناوچەی ئەفریقا، یەمەن و سوریا کە بە تەنیا ١٣ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ئاوارەی هەیە و ئەمەش دەکاتە یەک لەسەر شەشی هەموو ئاوارەکانی جیهان.

هۆکاری دووەم بریتییە لە دۆخی سیاسیی، ئابووری و ئاسایسی ڤەنزوێلا، کە بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس ئاوارەبوون و زۆربەشیان بە فەرمی تۆمار نەکراون و داوای مافی پەنابەرییان نەکردووە، لە کاتێکدا ئەم کەسانە پێویستییەکی زۆریان بە هاوکاریی و چاودێریکردن هەیە.

ئامارە مەترسیدارەکان
لە دەیەی رابردوودا ١٠٠ ملیۆن کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکانیان ئاوارابوون و بە دوای شوێنێکدا گەڕاون تێیدا بژین.

لە ٨٠٪ی ئاوارەکانی جیهان لەو شوێنانەدا دەژین کە ئاسایشی خۆراک و دڵنیایی خواردنیان تیدا نییە و لەژێر هەڕەشە و مەترسییە ژینگەیی و سروشتییەکاندان.

لە ٧٧٪ی ئاوارەکانی جیهان ئاوارەی ماوە درێژن، وەک ئاوارەکانی ئەفغانستان.

لە هەر هەشت کەسێک دوانیان، واتە لە ٨٥٪ی ئاوارەکانی جیهان لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندان.

پێنج وڵات یەک لەسەر سێی ئاوارەکانی سەر سنورەکان پێکدەهێنن، کە بریتین لە سوریا، ڤەنزوێلا، ئەفغانستان، باشوری سودان و میانمار.

کۆرۆنا و کەمپی ئاوارەکان
دوای بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێکخراوەکانی تایبەت بە ئاوارە و پەنابەران هۆشدارییان دا لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کەمپی ئاوارەکاندا.

رێکخراوەکان داوایان کرد رێوشوێنی توندتر لە کەمپەکاندا بیگیرێنەبەر، چونکە ئەگەر کۆرۆنا بگاتە کەمپی ئاوارەکان بە ئاسانی کۆنترۆڵ ناکرێت و ژمارەیەکی زۆریان گیان لەدەستدەدەن. مانگی رابرووش یەکەم حاڵەتی تووشبوون لە گەورەترین کەمپی ئاوارەکانی جیهان لە بەنگلادیش تۆمارکرا و دواتریش ژمارەی تووشبوون و مردن لە کەمپەکەدا بەرزبووەوە.