ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:16 - 31/12/2018

ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران ٤٠ ساڵی تەمەنی خۆی تەواو دەکات؟‌

پەیسەر

ساڵی رابردوو لەم  رۆژانەدا کاتێک لە ئێران نرخی هێلکە لەناکاو بەرزبووەوە، بوومەلەرزەیەکی سیاسی گەورە بۆ ماوەی مانگێک زۆربەی ناوچەکانی ئێرانی هەژاند، لە خوراسانەوە خۆپیشاندانەکان لە دژی گرانی و دۆخی خراپی ئابوری دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی کورتدا تەشەنەی سەند بۆ زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێران.

لە کرماشان خۆپیشاندانەکان ڕەنگ و بۆنی سیاسی بەخۆوەگرت، خۆپیشاندەران دوای نەمانی کۆماری ئیسلامیان کرد، لە تاران و ئیسفەهان و شارەکانی دیکەش بە هەمان شێوە داواکاری خەڵک بەرزبووەوە بۆ روخانی کۆماری ئیسلامی، لە ماوەی مانگێکدا خۆپیشاندانەکان لە نزیکەی ١٠٠ شاروشارۆچکە بەڕێوەچوون، ئەمەش لە ساڵی ١٩٧٩وە ڕووداوێکی بێ وێنەبوو، هەربۆیە ئەمجارەیان نەک لەناو نەیاران و ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی بەڵکو لەناو خودی دەسەڵاتدارانی ئێرانیشەوە باسی ئەگەرەکانی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەکرێت.

حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران، بەر لە چەند رۆژێک کاتێک پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی پێشکەشی پەرلەمان کرد بە ئاشکرا وتی خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ کاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر بڕیاری ئەمریکا لەوەی کە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بکشێتەوە و گەمارۆی ئابوری بخاتەوە سەر ئێران، بەو هیوایەی کە فشاری زیاتر بکەوێتەسەر خەڵک و ببێتە هاندەرێک بۆ راپەڕین لە دژی دەسەڵات.


حەسەن خومەینی کوڕەزای ئایەتوڵڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی سەرەتای ئەم هەفتەیە هۆشداریدا لە ئەگەری روخانی کۆماری ئیسلامی و وتی کاتێک کە خەڵک ناڕازین و رۆژ لە دوای ڕۆژ رق و نەفرەت زیاتر لەناو خەڵکدا بڵاودەبێتەوە هیچ گەرەنتییەک بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی نییە.

هاوکات فائیزە هاشمی کچی هاشمی رەفسەنجانی لە دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامیش کە ماوەی چەند ساڵێکە وەک ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات دەردەکەوێت رایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی لەڕووی ناوەڕۆک و لەناوەوە رووخاوە، ئێستا هەر رواڵەتەکەی ماوە و دوور نییە رواڵەتەکەشی بڕووخێت، چونکە پەنجە لەسەر هەر شتێک دابنێی کۆماری ئیسلامی فەشەلی تێداهێناوە.

محەمەد رەزا تاجیک کە سیاسەتمەدارێکی ناسراوی ریفۆرمخوازە و پێشتر گەورە راوێژکاری محەمەد خاتەمی سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران بووە کۆماری ئیسلامی بەراورد کردووە بە کەشتی تایتانیک کە خەریکە نوقم دەبێت.

جەواد کەریمی قدوسی کە سێ خولە ئەندامی پەرلەمانە و لە پەرلەمانتارە دیارەکانی باڵی موحافزکارە دەڵێت نزیکەی نیوەی پەرلەمانتارانی ئێرانیش خوازیاری رووخانی کۆماری ئیسلامین.


نزیکەی مانگێکی دیکە کۆماری ئیسلامی پێ دەنێتە ٤٠ ساڵی تەمەنەوە، جۆن بۆڵتۆن راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا پێش ئەوەی پۆستەکەی نوێیەی وەربگرێت وتی کۆماری ئیسلامی ٤٠ ساڵی تەمەنی خۆی تەواو ناکات، ئێستا کە بۆڵتۆن ( بە دژە ئێرانی ناسراوە) و نزیکترین کەسە بە دۆنالد ترەمپەوە و مایک پۆمپیۆش کە وەزیری دەرەوەیە و بە هەمان شێوە بە کەسێکی دژە ئێرانی دادەنرێت لە ناوەندی بڕیاری ئەمریکادان، لەناوخۆی ئێرانییەکاندا ئەو بۆچوونە بەهێز بووە کە ترەمپ هەرچەندە دەڵێت ئامانجیان گۆڕینی رژێم نییە، بەڵکو ئامانجیان گۆڕینی رەفتاری رژێمی ئێرانە، بەڵام بەشێک لە ئێرانییەکان بەو ئێرانیانەی کە لەناو دەسەڵاتیشدان پێیانوایە ئامانجی ترەمپ ڕێک گۆڕینی رژێمی ئێرانە و کشانەوە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و توندترکردنی سزا ئابورییەکان لە چوارچێوەی پلانی ئەمریکا دایە بۆ گۆڕینی رژێم لە ئێران.
ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رێبەری ئێران بەر لە ماوەیەک لە وتارێکیدا نیگەرانی خۆی نیشاندا بەوەی کە ئەمریکا پلانی هەیە لە ساڵی داهاتوودا کێشەی ئەمنی بۆ ئێران دروست بکات و تەنانەت شەڕی ناوخۆ لەناو ئێراندا هەڵبگیرسێنێت.

هەندێک لە سیاسەتمەدارەکانی باڵی موحافزکار و میدیاکانیشیان لە ئێستاوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ساڵی داهاتوودا فیتنەیەکی گەورە لە ئێراندا بەڕێوەیە، ناوەڕۆکی ئەم فیتنەیەش کە باسی دەکەن ئەوەیە کە دوژمنانی ئێران ( واتە ئەمریکا و ئیسرائیل و سعودیە و ...) خەریکن لە ژێر ناوی ناڕەزایەتی بە دۆخی ئابوری خەڵک هان بدەن لە دژی دەسەڵات خۆپیشاندان بکەن، بەڵام ئامانجی سەرەکیان رووخانی دەسەڵاتە، بەڵگەشیان ئەوەیە کە ئەمریکا ماوەیەکە خەریکە ئەلتەرناتیڤ بۆ دوای رووخانی کۆماری ئیسلامی ئامادە دەکات و رەزا پەهلەوی کوڕی محەمەد رەزا شایان هێناوەتەوە مەیدان و هەموو رۆژێک لەگەڵ ئێرانییەکانی دەرەوە وڵات و کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان کۆدەبێتەوە و باس لە پڕۆژەی قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئێران دەکات.


لە خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨دا دروشمی زەقی خۆپیشاندەران سڵاوناردن بوو بۆ رەزا شا و حەمەڕەزا شا، ئەمەش سەرنجی زۆری خەڵکی لەناوخۆ و دەرەوە بۆ خۆی راکێشا، لە دوای ئەو خۆپیشاندانانەشەوە رەزا پەهلەوی زۆرتر لەناو میدیا فارسی زمانەکان دەردەکەوێت، لە چەند چاوپێکەوتنی ئەم دوایانەیدا باسی لەوەکرد کە پەیوەندیی بەهێزی هەیە لەگەڵ هەندێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و بەشێک لە سوپا و ئەرتەش و هێزە ئەمنییەکانیش لەگەڵ رووخانی رژێمی ئێراندان.

هەرچەندە لە ئێستادا رەزا پەهلەوی بەهۆی پێگەی بنەماڵەکەیەوە وەک بەهێزترین کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە دەرەوە دەردەکەوێت و هەست بەوەش دەکرێت کە لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا پێگەی جەماوەری لەناوخۆی ئێرانیشدا بەرزبووەتەوە، بەڵام چ لەناو ئۆپۆزسیۆن و چ لەناو خەڵکی ناڕازی لەناوخۆی ئێراندا نەیاری زۆرە، وادێتە بەرچاو رەزا پەهلەوی تەنیا لەناو لایەنگرانی رژێمی پاشایەتی و تا رادەیەکیش لە شارە فارس نشینەکان پێگەی هەبێت، بەڵام لەناو نەتەوەکانی دیکەی ئێران پێگەی جەماوەری  لاوازە یان هەر نییەتی. 

لاوازی ئۆپۆزسیۆن و ناکۆکی قوڵ لەناو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەرفەتی ئەوەی بۆ رەزا پەهلەوی رەخساندووە کە وەک بەهێزترین کەسایەتی دەربکەوێت، جگە لەوەش بەشێکی بەرچاوی میدیا فارسی زمانەکانی دەرەوی وڵاتیش راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کار بۆ بەهێزکردنی پێگەی رەزا پەهلەوی دەکەن، هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک و لەبۆشایی سەرکردەی بەهێزی دیکەدا رەزا پەهلەوی بتوانێت رۆڵی گرنگ ببینێت.


ئایا زەمینەی رووخانی کۆماری ئیسلامی ئامادەیە؟
لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا سەرەتای هەموو ساڵێک ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی مزگێنیان بە لایەنگرانیان دەدا کە ساڵی داهاتوو ساڵی رووخانی کۆماری ئیسلامی دەبێت، تا وای لێهات ئەم مزگێنی دانانەی ئۆپۆزسیۆن لەناو خەڵکدا بوو بە نوکتە و هەر کەسێک دروشمی رووخانی کۆماری ئیسلامی بدایە وەک کەسێک کە لەناو خەون و وەهم دا دەژی دەناسرا، چونکە لەو سەردەمەدا سەرباری جەنگ نە کێشەی ئابوری وەک ئێستا قوڵ ببووەوە و کۆماری ئیسلامی و سەرکردە ئایینیەکانیش لەناو زۆرینەی خەڵکی شیعە مەزهەبی ئێران پێگەیەکی جەماوەری بەهێزیان هەبوو، جگە لەوەش وەک رەفسەنجانی باسی دەکرد جەنگ ببووە نێعمەتێک بۆ کۆماری ئیسلامی و بەهۆی خوێنی کوژراوەکانی جەنگەوە ئەوەندەی دیکە پێگەی کۆماری ئیسلامی لەناو خەڵکدا بەهێزتر بوو و لەبەرامبەریشدا پێگەی ئۆپۆزسیۆن لاوازتر بوو.

بەڵام ئێستا وادیارە دۆخەکە گۆراوە، وەک هەندێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش دانی پێدادەنێن لەناو خەڵکدا پابەندبوون بە بەها ئایینییەکان و بەهاکانی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی کاڵ بووەتەوە، ساڵی رابردوو لە خۆپیشاندانەکاندا نووسینگەی ٦٠ ئیمامی جومعە ( وتارخوێنەکانی نوێژی هەینی) لەلایەن خەڵکی توڕەوە سووتێندران یان هێرشیان کرایەسەر.

وەک هەندێک لە شارەزایانی ئێرانی باسی دەکەن دۆخی ئابوری ئێران لە سەد ساڵی رابردوودا هەرگیز وەک ئێستا خراپ نەبووە و گەندەڵی وەها ریشەی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا داکوتاوە کە زۆر کەس تەنانەت لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیش بێهیوابوون لەوەی چاکسازی بکرێت.

فەرماندەکانی سوپا و کەسایەتییە ئایینییەکان بوونەتە خاوەنی کۆمپانیا و دامەزراوەی ئابوری گەورە و دەستیان بەسەر ئابوری ئێراندا گرتووە، لەناو خەڵکیشدا زۆربەیان وەک کەسایەتی گەندەڵ ناسراون، لە ئێستادا وەک باس دەکرێت ساڵانە داوای پشکی خۆیان لە بودجە دەکەن، بەشێک لەو کەسانەی کە باوەڕیان بە ریفۆرم هەبوو لەوانە کەسێکی ناسراوی وەک فائیزە رەفسەنجانی بێهیوابوون لەڕێی هەڵبژاردنەوە گۆڕانکاری و ریفۆرم بکرێت، چونکە لە هەڵبژاردن خەڵک ناچار دەکرێن لەنێوان دوو بژاردەی متمانەپێکراوی خامنەیی یەکێکیان هەڵبژێرن.

سەبارەت بە دۆخی خراپی ئابوریش، تەنیا لە هاوینی ئەمساڵدا بەپێی ئاماری فەرمی لەسەدا ٢٥ رێژەی هەژاری بەرزبووەتەوە، نزیکەی لەسەدا ٤٠ی خەڵک واتە زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، رۆژ لە دوای رۆژ چینی ناوەڕاست لاواز دەبێت و رێژەی چینی هەژار و پەراوێزخراو زیاتر دەبێت، رێژەی بێکاری بەرزبووەتەوە بۆ لەسەدا٢٥ و ئەم رێژەیەش بەهۆی مایەپوچبوونی رۆژانەی کۆمپانیاکان رۆژ لە دوای رۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، چینی کرێکار و زۆربەی موچەخۆرانی حکومەت لە ژێر هێڵی هەژاریدان، جگە لەوەش کۆمپانیاکان توانای دابینکردنی موچەی کرێکارەکانیان نییە.

شارەزایانی ئابوری پێیانوایە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو بە جۆرێک نووسراوە کە گوزەرانی چینی کەم داهات ئەوەندی دیکە خراپتر دەبێت، بە وتەی ئابوریناسێک بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار تەنیا لە ماوەی چەند رۆژێکدا لەسەر هەر هاوڵاتییەک ٥٠٠ هەزار تمەن کەوتووە، سەرباری هەموو ئەمانەش نە زۆرینەی خەڵک و نە زۆرینەی ئابوریناسان و تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانیش هیچ هیوایەکیان بە باشبوونی دۆخی ئابوری نییە، ئەم باوەڕە تا دێت بەهێزتر دەبێت کە چاکسازی سیاسی و ئابوری لە ئێراندا بووەتە کارێکی مەحاڵ.

سوپای پاسداران کە چ لە ڕووی سیاسی و چ لە رووی ئابورییەوە دەستی بەسەر ئێراندا گرتووە، ئێستا وتەبێژەکەی بە ئاشکرا دەڵێت ناتوانین دۆخی ئابوری ئێران باش بکەین، گەندەڵی لەناو دەسەڵاتی دادوەریدا خەڵکی تەواو بێزار کردووە، کەسێک توانای بەرتیل دانی هەبێت دەتوانێت هەر دۆسییەک لە دادگا لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە، خەڵکێک زۆر پارەکانیان لەلایەن بانکەکان و دامەزراوە ئابورییەکانەوە دەستی بەسەرداگیراوە و پێیان نادرێتەوە.

لە ئێستادا زۆربەی هاوڵاتیان و تەنانەت هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش چاوەڕێی تەقینەوە گەورەکەن، تەقینەوەیەکی جەماوەری گەورە کە دەسەڵات نەتوانێت سەرکوتی بکات، بە وتەی فائیزەی رەفسەنجانی ئەوەی تا ئێستا دەسەڵاتی راگرتووە هێزە ئەمنییەکانن، بەڵام بەشێک لە خەڵکی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆنیش هیوادارن وەک ساڵی ١٩٧٩ لە کاتی تەقینەوەی جەماوەریدا هێزە ئەمنییەکان و سوپا بچنە ناو ریزی خەڵکی ناڕازییەوە، هەرچەندە بەپێی ئەزمونی سوریا و سەرکەوتنی سوپای ئێران لە پێشگرتن لە رووخانی بەشار ئەسەد، ئەستەمە سوپا و هێزە ئەمنییەکان وا بە ئاسانی لە کاتی تەقینەوەی جەماوەریدا بچنە ریزی خەڵکەوە.

بەرپرسانی ئێران و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش پێیانوایە هەرچەندە دۆخی ئابوری لەوانەیە جارێکی دیکە خەڵکی ناڕازی بێنتەوە سەر شەقام بەڵام پێگەی کۆماری ئیسلامی هێشتا زۆر لەوە بەهێزترە کە بکەوێت. 

ئەوەی ئێستا هەیە هەم خەڵک و هەم دەسەڵات چاوەڕێن لە ساڵی داهاتوودا تەقینەوەیەک ڕووبدات، دەسەڵات لە ئێستاوە ناوی ناوە فیتنەی ٩٨ واتە لە ساڵی ١٣٩٨ی ئێرانیدا ( ٢٠١٩) ئاژاوە و فیتنەیەکی گەورە لە ئێراندا روو دەدات.

لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان، باس لە چەند سیناریۆیەک دەکرێت.
یەکەم: خۆپیشاندانەکانی داهاتوو زۆر بەربڵاوتر و گەورەتر دەبن، وەک هەندێک لە شرۆڤەکاران باسی دەکەن شۆڕشی برسییەکان دەبێت ( بۆ خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ش هەر دەستەواژەی شۆڕشی برسییەکان بەکاردەهێنرا)، سەرکوتکردنی خەڵکی برسی بۆ هەر هێزێک کارێکی قورسە، بەڵام سوپا و هێزە ئەمنییەکان دواجار بە توندی سەرکوتی دەکەن، واتە وەکچۆن سوپا ساڵی ٢٠٠٩ خۆپیشاندانەکانی سەرکوت کرد، یان وەکچۆن سوپای پاسداران یارمەتی بەشار ئەسەدی دا لە ساڵی ٢٠١١ خۆپیشاندانەکان سەرکوت بکات، ئەمجارەش بە هەمان شێواز رەفتار دەکات.

لەم حاڵەتەدا ئەگەری بەهێز ئەوەیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر سەرکوتی خۆپیشاندەرانی ئێران بە دەنگ بێت و کاردانەوەی توند نیشان بدات، بە تایبەتیش کە وادێتە بەرچاو ئەمریکا چاوەڕێی بیانوویەکە بۆ لاوازکردنی ئێران یان تەنانەت گورزوەشاندنێکی سەربازی لە ئێران.

لە ئەگەری سەرکوتی خوێناوی خۆپیشاندانەکان خەڵکی توڕە و ناڕازی بێهیوا دەبن لەوەی لەڕێی خۆپیشاندانەوە داواکارییەکانیان بێتەدی، هەربۆیە لەوانەیە وەک کاردانەوە پەنا بۆ توندوتیژی و چەک ببرێت، ئەمەش هەر ئەو حاڵەتەیە کە بەر لە چەند هەفتەیەک خامنەیی هۆشداریدا و وتی پیلانی ئەمریکا ئەوەیە ساڵی داهاتوو کێشەی ئەمنی و جەنگی ناوخۆیی لە ئێران دروست بکات.

سیناریۆی دووەم: سوپای پاسداران لە سەرەتاوە خۆپیشاندانەکان سەرکوت ناکات، رێگە دەدات تا گەورەتر و بەرفراوانتر ببنەوە، بەڵام لە دواین ساتەکاندا سوپا بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە کودەتایەک لە دژی حکومەتەکەی حەسەن روحانی دەکات بە بیانووی ئەوەی حکومەتێکی ناکارایە و ناتوانێت داخوازی خەڵک جێبەجێ بکات.

ساڵی رابردووش هەندێک لە شرۆڤەکاران باسیان لەم سیناریۆیە دەکرد، لەم حاڵەتەدا سوپای پاسداران حکومەتێکی سەربازی دروست دەکات و بە تەواوی دەسەڵاتی سیاسی دەگرێتە دەست و کۆتاییش بە خۆپیشاندانەکان دێنێت، ئەم سیناریۆیەدا واتە ئێران بە شوێنپێی کۆریای باکوردا دەڕوات، بەڵام لەم حاڵەتەشدا پێدەچێت بە هەمان شێوەی سیناریۆی یەکەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاردانەوەی توندی هەبێت و خەڵکی ناڕازیش پەنا بۆ شێوازی توندوتیژانە دەبەن.

سیناریۆی سێیەم: ئەو بۆچوونە هەیە کە ئێستا فەرماندەکانی سوپای پاسداران وەک رابردوو نەماون کە پابەندی ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی بن، بەڵکو ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسییەکانیانە، لەم سیناریۆیەدا باس لەوە دەکرێت ئامانجی فەرماندە گەورەکانی سوپا لە هەر حاڵەتێکدا پاراستنی سوپا و بەرژەوەندییەکانیەتی، نەک پاراستنی کۆی سیستەمەکە، هەربۆیە لە ئەگەری گەورەبوونەوەی خۆپیشاندانەکان و بەردەوامبوونی بۆ ماوەیەکی زۆر، سوپا لە جیاتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان پەنا دەباتە بەر کودەتایەک لە دژی کۆی سیستەمەکە.

لەم حاڵەتەدا فەرماندەکانی سوپا خۆیان دەکەنە پاڵەوانی خەڵکی ناڕازی و پێگەی خۆشیان دەپارێزن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا پێشبینی دەکرێت پێشوازی لەم هەنگاوەی سوپا بکرێت چونکە لەدوای ئەم کودەتایە رەفتاری ئێران لە سیاسەتی دەرەوەدا گۆڕانکاری بەسەردادێت.

سیناریۆی سێیەم سیناریۆی دڵخوازی بەشێکی زۆری ئۆپۆزسیۆنی ئێران و خەڵکی ناڕازییە، چونکە پێیانوایە لەم حاڵەتەدا هەم خەڵکێکی کەمتر دەبنە قوربانی و هەم رێگری دەکرێت لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی و مەترسی دەستێوەردانی دەرەکی و لەبەر یەکهەڵوەشانەوەی ئێران، بەڵام بە بۆچوونی هەندێک لە چاودێرانی ئێرانی ئەم سیناریۆیە هەرچەندە دڵخوازی زۆرێک لە نەیارانی کۆماری ئیسلامییە بەڵام ئەگەری روودانی لاوازترە لە دوو سیناریۆیەکەی دیکە.