عیراق

03:03 - 20/06/2020

دراوی عێراقی لە لێواری داڕووخاندایە‌

عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندی بواری نەوتە، سەردەمانێكیش لە سێكتەری كشتوكاڵ و وەبەرهێنانی خورمادا لە وڵاتە یەكەمەكان بوو، بەڵام لە دوای 2003 و هاتنە پێشەوەی ئەو دۆخەی ئێستاو بە هۆی یەك سەرچاوەیی داهات و شەڕوشۆڕی زیاتر، عێراق بەرەو دواوە هەنگاوی ناوەو بۆ چارەسەركردنی مووچەی فەرمانبەران وڕایی كردنی كاروباری رۆژانە بەردەوام خەریكی قەرزكردنە، پرسیار ئەوەیە ئاخۆ ئەو دۆخە عێراق بەرەو كوێ دەبات؟ 

نەبیل مەرسومی شارەزای ئابووری هۆشداری لەبارەی مەترسیداربوونی قەرزە زۆرەکانی عێراق دەدات کە بەهۆی قەیرانە ناوخۆیی و جیهانییەکانەوە لەپێناو دابینکردنی مووچەی هاوڵاتیاندا کردوویەتی.
لە ئێستادا و بەهۆی نزمبوونەوەی نرخی نەوت و ئابووری جیهانییەوە عێراق لە قەیرانکی ئابووری گەورەدایە. چارەسەر زیادکردنی داهاتەکانی دەوڵەت و دانانی ڕێگایەکە بۆ خەرجییەکان لەپێناو کۆنتڕؤڵکردنی دۆخی ئابووری و ڕێگریکردن لە داڕوخانی دیناری عێراقی.

مەترسی کورتهێنانی پارەی یەدەگ
مەرسومی لە ڕاپۆرتێکدا بۆ ماڵپەڕی "یەس عێراق" دەنووسێت "دەمەوێت تیشک بخەمە سەر زیانە پێشبینیکراوەکانی بەکارهێنانی دراوی یەدەگ و بەرزکردنەوەی قەبارەی قەرزەکان بۆ پرکردنەوەی ئەو فەراغە گەورەیەی لە بودجەدا دروستدەبێت، ئەمەش لە دۆخێکدا ئەگەر دەوڵەت دۆخی خۆی ڕێکنەخاتەوە و ئیلتیزاماتە داراییەکانی کەمنەکاتەوە و دەست نەکات بە زیادکردنی داهاتەکانی دیکەی جگە لە داهاتی نەوتی."

ئاماژەی بەوەشدا "داهاتە بیانییەکان بنچینەی پاراستنی دیناری عێراقین و گەرەنتی بەردەوامیدانی پەیوەندی دینارەبە دۆلارەوە. کە پێویستی بە دراوی بیانییە وەک یەدەگێک تاکو بەرگری لێبکات و نرخی خەرجی جێگیربکات. بەو مانایەی لاوازی لە یەدەگەکاندا بەشێووەیەکی نەرێنی کاردانەوەی للەسەر نرخی خەرجی دەبێت و دەبێتە هۆی نزمبوونەوەی بۆ ئاستی هەڵئاوسانی نرخ بەشێوەیەکی گشتی و کاریگەریشێ لەسەر هەمووان دەبێت بەبێ جیاوازی. بەدڵنیاییشەوە بەردەوامبوونی کەمبوونەوەی نرخی نەوت و کەمنەکردنەوەی خەرجی دەوڵەت ناچاردەگات پەنا بۆ دراوی یەدەگ ببات و ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر هێزی مەرکەزی دارایی و بڕی دینار دەبێت و قەرزە گشتییەکان زیاد دەکەن.
هەروەها لەبارەی ئامارەکانەوە دەنووسێت "قەرزی عێراق لە وڵاتانی دەرەوە دەگاتە ٢٥،٤٤٤ ملیار دۆلار ئەمە جگە لە قەرزەکانی خەلیج کە ٤١ ملیار دۆلارە. هەروەها قەرزی ناوخۆیی دەگاتە ٤٠،٨١٠ ترلیۆن دینار. لەبەرامبەردا خزمەتگوزاری دانەوەی قیستەکان لە ساڵی ٢٠١٩دا ١٦،٣٦٤ ترلیۆن دینار بووە. بەپێی یاسایەکی نوێی قەرزکردن دەوڵەت ١٥ ترلیۆن دینار لە بانکە حکومییەکان و ٥ ملیار دۆلار لە سندوقی دیناری نێودەوڵەتی قەرزدەکات بۆ ڕاییکردنی پێداویستییەکانی ئەمساڵ."
دەشنوسێت "هەربۆیە عێراق پێویستییەکی زۆری بە چاکسازی دارایی هەیە و ئەمەش بەبێ بەرقەراربوونی چاکسازییەکی هەقیقی سیاسی بەدی نایەت."


ئەنجومەنی دارایی
جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی دارایی پەرلەمانی عێراق وتی " دۆیەگەلێک هەن کە دەوڵەت دەتوانێت لە ئێستادا چارەسەریان بکات و دارایی بۆ وڵات دابینبکات و یارمەتی تێپەڕاندنی کارەساتەکە بدات و وادەکات پێویست بەوە نەبێت هانا بۆ قەرزکردن ببرێت و پارەیەکی زیاتر لە بڕی قەرزەکان دابیندەکات."

وتیشی "لەنێوان ئەو دۆسیانەدا کە دەبێت زوو ئیجرائاتیان لەگەڵ بکرێت دۆسیەی فەرمانبەرە وەهمییەکان هەن کە ژمارەیان لەنێوان ١٠٠ بۆ ٣٠٠ هەزار فەرمانبەردایە لە وەزارەتی بەرگری. نزیکەی ١٤٦یان سەر بە حەشدی شەعبین. بەس ئەو دۆسیەیە ساڵانە ملیارێک و ٥٠ ملیۆن دینار لەسەر بودجەی گشتی دەکەوێت. دۆسیەی تریش هەن  کە زیادلە ٢٥٠ هەزار کەس مانگانە لە سێ مووچە زیاتریان هەیە. ئەمانە پێویستیان بە بڕیاری سیاسییە تاکو کۆتاییان پێبێت."

هەروەها ئەنجومەنی لیژنەی دارایی یەکشەمەی ڕابردوو، یاسای قەرزی ناوخۆ و دەرەوەی دووبارە دانایەوە لەپێناو دیاریکردنی ڕێژەی قەرزەکان.
ئەحمەد مەزهەر جەبوری ئەندامی لیژنەکە وتی "گەڕانەوەی عێراق بۆ ئامێزی نیشتیمانی عەرەبی و پاڵپشتی نێودەوڵەتی و بیانی یارمەتی عێراق دەدات بە زوویی ئەم کارەساتە داراییە تێپەڕێنێت."