ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:40 - 22/06/2020

شەش هێزە نەرمەکەی تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌

پەیسەر

لەگەڵ ئەوەی تورکیا لە سەدەی رابردوودا یەکێک بووە لە وڵاتە بەهێزەکانی ناوچەکە و جیهان، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ و هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان، زیاتر هێز و توانای دەرخستوووە و هەوڵی داوە هەژموونی خۆی لە وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بسەپێنێت. هێزی نەرمی تورکیا لەم وڵاتانە کردوویەتی بە وڵاتێکی بەهێز و دیار.

خالد بەشیر نووسەری ئەردەنی باس لە شەش هێزی نەرمی تورکیا لە وڵاتانی عەرەبیی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئەمە جگە لە دەستوەردانە سەربازییەکانی لە سوریا، عێراق و لیبیا.

ئابووری
دوای ئەوەی تورکیا لە کۆتایی سەدەی رابردوودا تووشی کێشە و قەیرانی ئابووری سەخت بووەوە، ئاڕاستەیەکی بەهێز لەو وڵاتە سەریهەڵدا بۆ زیادکردن و گەشەپێدان لە بواری هەناردەکردن، بازاڕی وڵاتە عەرەبییەکانیش باشترین شوێن بوون بۆ بەرهەمە تورکییەکان، ئەمەش وایکرد تورکیا روو لە وڵاتە عەرەبییەکان بکات.

بەم جۆرە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان تورکیا و وڵاتە عەرەبییەکاندا بەرزبووەوە، تورکیا ئاسانکاری بۆ بازرگان و سەرمایەدارە عەرەبەکان کرد بۆ کاری وەبەرهێنان لەو وڵاتەدا، دواتریش تورکیا چەند رێککەوتنێکی بازرگانی ئازادی لەگەڵ تونس، ئەردەن و مەغریبدا واژۆ کرد.

عەقیل سەعید مەحفوز پسپۆر لە بواری کاروباری تورکیا باس لەوە دەکات، هەناردەی تورکیا بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ٢٠٠٥ بریتی بووە لە ١٠ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار، ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠١٠ گەیشتووەتە ٢٣ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار. ئەمە لە کاتێکدا بڕی هاوردە لەو وڵاتانەوە بۆ تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٥ بریتی بووە لە حەوت ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار و لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ ١٦ ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.

ئەم بەهێزبوونەی تورکیا لە بازاڕی عەرەبیدا هێزی سیاسیشی بە تورکیا بەخشی، وایکرد وڵاتانی عەرەبی لە هەر بڕیارێک کە دەیدەن رەچاوی دۆخی تورکیا بکەن.

میدیا
ئەم پەیوەندییە ئابوورییە بەهێزە پێویستی بە میدیا و زمانێک هەبوو باسی بکات و گرنگی پێبدات، باشترین رێگاش میدیا و دەزگاکانی راگەیاندن بوون کە راستەوخۆ تورکیا بە گوێگر، خوێنەر و بینەری عەرەبی بگەیەنێت و بە پێچەوانەشەوە.

ئەوە بوو تورکیا لە ساڵی ٢٠١٠ کەناڵی (تەرەتە عەرەبی) کردەوە و دوای ساڵێکیش بەشی عەرەبی لە ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی کرایەوە. ساڵانی دواتریش چەند سایتێکی دیکە بە زمانی عەرەبی کرانەوە وەک تورک پرێس و تورکیا پۆست، ئەمە جگە لەوەی کە دوو رۆژنامەی دیاری تورکیا بە زمانی عەرەبی چاپی خۆیان بڵاوکردەوە کە بریتی بوون لە یەنی شەفەق و زەمان.

تورکیا لە ڕێگەی ئەم دەزگانەی میدیا هەوڵی دا سیاسەت و رۆڵی گرنگی خۆی بە بینەر، خوێنەر و نیسەری عەرەبی بگەیەنێت و بەرگری لە سیاسەتی تورکیا بکەن لە رۆژهەكاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی.

دراما
تورکیا هەستی بەوە کرد دەبێت هونەریش بکات بە رێگای گەیشتنی بە مرۆڤی عەرەبی، بۆیە گرنگییەکی زۆری بە بەرهەمهێنانی دراما دا و هەناردەی وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد.

تورکیا لە رێگەی دراماکانەوە توانی چەند ئامانجێک بپێکێت؛ داهاتێکی زۆری پەیدا کرد، لە رێگەی دراماکانەوە سیاسەت، کەلتور و هونەری خۆی بڵاوکردەوە و زمانی تورکیشی کرد بە یەکێک لە زمانە پێویستەکان لەم وڵاتانە.

تورکیا لە رێگەی ئەم درامایانەوە پێشکەوتنی خۆی و کرانەوەی بەڕووی دنیای دەرەوەدا بە بینەری عەرەبی پیشان دەدا، ئەفسانە و مێژووی تورکیای پیشاندەدا و بەم جۆرەش وێنەی خۆی لە چاوی بینەری عەرەبیدا جوان پیشان دەدا.

ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی خەڵکی ئەم وڵاتانە زیاتر بە کەلتور و مێژووی تورکیا ئاشنا بن و بۆچوونی شەقامی عەرەبیش دەربارەی تورکیا گۆڕانکاری بەسەردا بێت، تاکو ئەو ئاستەی کە بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئەم وڵاتانە تورکیایان خۆشویست و بەرگریان لێدەکرد.

رێگای دیپلۆماسی
دوای هاتنی زیاتری بۆ وڵاتانی عەرەبی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، تورکیا هەوڵی دا لە رێگای دیپلۆماسییەوە بگات بە دڵی ئەم وڵاتانە. ئەوە بوو توانی بگاتە ناو رێکخراوە گرنگ و گەورەکانی ئەم ناوچەیە و ئەندامێتییان بەدەستبهێنێت.

تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٥ توانی ببێتە ئەندامی چاودێر لە رێکخراوی یەکێتی ئەفریقا، لە ساڵی ٢٠٠٦ لە خەرتووم، رەجەب تەیب ئەردۆغان بوو بە یەکەم سەرۆک وەزیرانی تورکیا کە ئامادەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبیی ببێت و وتار بدات، پێگەی (میوانی هەمیشەی)یشی لە کۆمکارەکە پێبەخشرا.

دوای ئەوەی چەند ساڵێک لە رێکخراوی کۆنگرەی هاریکاری ئیسلامیی چالاکییەکانی لە وەستان نزیک ببووەوە، لە دوو دەیەی رابردوودا چالاکییەکانی لەم رێکخراوە زیادی کرد، تەنانەت لە ساڵی ١٩٩٧ سولەیمان دەمیراڵ وەک یەکەم سەرۆک کۆماری تورکیا ئامادەی لوتکەی رێکخراوەکە بوو.

ساڵی ١٩٩٧ تورکیا سەرپەرشتی دامەزراندنی کۆمەڵەی هەشت وڵاتە ئیسلامییەکەی کرد کە بریتی بوون لە هەریەک لە پاکستان، نەیجیریا، مالیزیا، تورکیا، میسر، ئێران، بەنگلادیش وئەندەنوسیا، ئامانجی کۆمەڵەکەش بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم وڵاتانە بوو.

گەشتوگوزار
تورکیا کە یەکێکە لە وڵاتە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی جیهان، هەەوڵیدا گەشتیارە عەرەبەکان و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ خۆی رابکێشێت، کەلتور و دین و شارستانییەتی ئیسلامیی، هاوکاری تورکیایاین کرد تاکو بتوانێت بە ئاسانی گەشتیاریی عەرەبیی و موسڵمان بۆخۆی رابکێشێت.

جیاوازی کەش و هەوا و ژینگەی تورکیا زیاتر هاوکاری تورکیایان کرد تاکو سەرنجی گەشتیارانی عەرەب بۆ لای خۆی رابکێشێت و ئەو گەشتیارانە هەست بکەن لە وڵاتێکی ئیسلامیی و ژینگەیەکی ئەوروپیدان.

بەخشینی کورسی خوێندن
تورکیا هەستی کردبوو لە بواری خوێندندا نەیتوانیوە بگاتە ناو گەنجانی عەرەب، بۆیە لەم ساڵانەی دواییدا لەناو پڕۆگرامی بەخشینی کورسی خوێندندا، ژمارەیەکی زۆر کورسی خوێندنی بێبەرامبەری بە خوێندکارانی وڵاتە عەرەبییەکان بەخشی.

ئەو خوێندکارانەی دەچوونە تورکیا و دواتر دەگەڕانەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، کاریگەرییان هەبوو لە جوانکردنی رووی تورکیا لە وڵاتەکانیان، ئەوە جگە لەوەی ئەو خوێندکارانە فێری زمانی تورکی دەبوون و ئاشنایەتییان لەگەڵ ژیان و کەلتوری تورکیادا پەیدا دەکرد.

لە ئێستادا تورکیا جگە لە هێزی نەرم بە هێزی سەربازییش رووی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، هێزی سەربازی تورکیا لە سوریا، عێراق و لیبیا و چەند وڵاتێکی دیکەیە.

بوونی تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێکێشە و رکابەری نییە، گەورەترین رکابەر و رێگری تورکیا میسر و ئیمارات و سعودییەن، لە لیبیا تورکیا و میسر لە لێواری پێکداداندان و لە ئێستاشدا هەڕەشە لەیەکتر دەکەن، بۆیە تورکیا چەند توانیبێتی هەژموون و دەسەڵاتی خۆی فراوان بکات، هێندەش تووشی زیان و بەرکەوتن و شکان بووەتەوە.

میسر نەک لە لیبیا، بەڵکو هەوڵ دەدات لە وڵاتانی دیکەی عەرەبیش رێگر بێت لە زیادبوونی هەژموون و دەسەڵاتی تورکیا، میسر ئەگەر نەشتوانێ تورکیا لاواز بکات، ئەوا لە بەشێک لە وڵاتە عەرەبیی و ئەفریقییەکاندا دەتوانێت ببێتە رێگر و کێشە بۆ فراوانخوازییەکانی ئەنقەرە دروستبکات.