ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:49 - 23/06/2020

میسر هێزی کۆکردووەتە و فەڕەنساش هەڕەشە دەکات‌

پەیسەر

تاکو دێت دۆخی لیبیا ئاڵۆزتر دەبێت، لایەنە ناکۆکەکان ململانێکانیان توندتر کردووتەوە، ئەو دەوڵەتانەشی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدارن لە جەنگی لیبیادا، بەردەوامن لە هەڕەشەکانیان لە یەکتر، دواین جاریش ئەمڕۆ ئیمانوێل ماکرۆن هەڕەشەی لە تورکیا کردووە و رایگەیاندووە، ئەنقەرە "یارییەکی مەترسیدار" دەکات و چاوپۆشی لەمە ناکەن.

هێرشی ماکرۆن بۆ سەر تورکیا
ئیمانوێل ماکرۆن لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ قەیس سەعید سەرۆکی تونس وتی، "پێم وایە تورکیا ئەمڕۆ لە لیبیا یارییەکی مەترسیدار دەکات، هەڵسوکەوتەکانیشی پێچەوانەی سەرجەم بنەماکانی رێککەوتننامەی بەرلینە."

ماکرۆن ئاماژە بەوەش کردووە، رۆڵ و رەفتارەکانی تورکیا هەڕەشەن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی لیبیا، دەوڵەتەکانی دراوسێ، هەموو ناوچەکە و سەرجەم ئەورووپاش.

سەرۆکی فەڕەنسا بە ئاشکرا هەڕەشەی لە بەرپرسانی تورکیا کرد و وتی، "لێبوردە و نەرم نابین لەگەڵ رۆڵی تورکیا لە لیبیا و چاوپۆشی لێناکەین. ماکرۆن نەیشاردەوە کە " هەڵسوکەوتەکانی تورکیا دەرخەری بیرکردنەوەکانی ئەردۆغانە"

پاریس و قاهیرە بەرامبەر ئەنقەرە
تاکو ئەمڕۆ میسر ئەو وڵاتە بووە کە بە ئاشکرا و بە ئامادەکردنی هێز دژی ئامادەیی تورکیا بووە لە لیبیا، لە چەند رۆژی رابردووشدا عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر هەڕەشەی ئەوەی کرد، ئەگەر هێڵە سورەکان ببەزێنرێت ئەوا دەستوەردانی سەربازی دەکات.

ئەمڕۆش فەڕەنسا هاتە تەنیشت میسر و ماکرۆن وتی، لەو "ترس و نیگەرانییە رەوایە" تێدەگەن کە سەرۆکی میسر ئاماژەی پێداوە کە باسی لەوە کردووە ئەگەر ئەو هێزانەی تورکیا پشتیوانییان دەکات (حکومەتی ویفاقی نیشتمانی) پێشڕەوی زیاتر بکەن، ئەوا دەستوەردانی سەربازی لە لیبیا دەکات.

وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی هەنگاو دژی تورکیا دەگرنەبەر ماکرۆن وتی، "ناتوانین شەش مانگ و ساڵێک چاوەڕوان بین تاکو ببینین لیبیاش دەکەوێتە ئەو دۆخەی کە ئێستا سوریای تێدایە."

دەستگیرکردنی "سیخوڕەکان"
ئەم لێدوانانەی ماکرۆن دوای ئەوە دێت کە میدیاکانی نزیک لە حکومەتی تورکیا بڵاویان کردەوە، چەند کەسێکی بە رەگەز تورک دەستگیرکراون کە لە بەرژەوەندی تورکیا زانیارییان لەسەر چەند گروپ و کۆمەڵەیەکی ناو تورکیا کۆکردووەتەوە.

لەگەڵ ئەوەی لێدوانەکانی ماکرۆن بەم هەڵمەتی دەستگیرکردنەوە دەبەسترێتەوە، بەڵام ئەوەی هەیە رێککەوتن و نزیکبوونەوەی میسر و فەڕەنسایە لەسەر دژایەتیکردنی تورکیا لە لیبیا، کە دەیانەوێت رێگە لە فراوانخوازیی و زیادبوونی هەژموونی تورکیا لە ناوچەکە و بەتایبەت لیبیا بگرن.

پاریس لایەنگرێکی بێلایەن
فەڕەنسا، میسر، روسیا و ئیمارات بە ئاشکرا پشتیوانی دیپلۆماسیی و سەربازی خەلیفە حەفتەر دەکەن، لە چەند مانگی رابردووشدا هەوڵیان داوە سەریبخەن بەسەر هێزەکانی حکومەتی ویفاقی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی فائز سەراج.

بەم لێدوانەی ماکرۆن دەرکەوت کە پاریس پشتیوانی لە خەلیفە حەفتەر دەکات و دەیەوێت بەهێزی بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا فەڕەنسا لە چەند مانگی رابردوودا هەمیشە هەوڵی داوە وەک بێلایەنیک دەربکەوێت، کە نایەوێت پشتگیری هیچ کام لە بەرەکانی شەڕ و ناکۆکییەکانی لیبیا بکات.

١٠ ساڵ لە پێکدادان
لە دوای کەوتنی رژێمەکەی موعەمەر قەزافی لە ساڵی ٢٠١١، لیبیا بەسەر چەند بەرە و ناوچەیەکدا دابەشبوو، هەر ناوچەیەک کەوتە دەست گروپێکی چەکدار و حکومەتی ناوەندی لە وڵاتەکەدا دەسەڵاتی نەما.

دواتر دەسەڵاتدارییەتی لە وڵاتدا کەوتە دەست دوو لایەن، دەسەڵاتێک لە رۆژهەڵاتی لیبیا و دەسەڵاتێکیش لە رۆژئاوا، دواتر هێزە بیانییەکان هاتنە ناو شەڕەکەوە و هەر وڵاتێک پشتیوانی لە لایەنێک کرد.

لەگەڵ ئەوەی خەلیفە حەفەر ماوەی ساڵێکە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەرابلوسی پایتەخت دەدات بەڵام سەرجەم هەوڵەکانی شکستیان هێنا، بەتایبەت دوای ئەوەی تورکیا هێزی رەوانەی لیبیا کرد و هێرشەکانی خەلیفە حەفتەری راگرت و ناچاری کرد لەو شوێنانەش بکشێتەوە کە کۆنترۆڵی کردبوون.

ململانێکانی نێوان ماکرۆن وئەردۆغان
ماوەی دوو ساڵ دەبێت سەرۆکی فەڕەنسا و تورکیا بەردەوام لێدوان لە دژی یەکتر دەدەن، بەتایبەت دوای ئەوەی کە ناتۆ رێگری نەکرد لە هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، ماکرۆن ناتۆی بەوە تۆمەتبار کرد کە "مێشکی مردووە."

هەفتەی رابردوو دیسانەوە گرژییەکان لەنێوان ئەنقەرە و پاریس سەریانهەڵدایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی فەڕەنسا رایگەیاند، تورکیا هێزی دەریایی تورکیا هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی وڵاتەکەیان لە کاتی بەشداریکردنیان لە چالاکییەکی ناتۆدا و ئەم هێرشەشی بە "دوژمنکارییەکی توندڕەوانە" ناوبرد.

ماکرۆن وتی ئەم "هێرشەی تورکیا راستی قسەکەم دەسەلمێنێت کە کۆتایی ساڵی رابردوو کردم و وتم ناتۆ توشی "ئیفلیجی مێشک" بووە و وەک دەبینن ئەندامێکی رێکخراوەکە رووبەڕووی ئەندامێکی دیکە دەبێتەوە."

قاهیرە و پاریس بەرامبەر ئەنقەرە
رووداوەکانی لیبیا بە خێرایی تێدەپەڕن، میسر و فەڕەنسا بە روونی خۆیان یەکلاکردووەتەوە و دژایەتی بوونی تورکیا دەکەن لەو وڵاتە، تورکیاش سورە لەسەر هەڵوێست و ئامادەبوونی لە لیبیا و تاکو ئێستاش ئامادە نییە لەگەڵ خەلیفە حەفتەر گفتوگۆ بکات.

ئەگەر حکومەتی ویفاقی نیشتمانی زیاتر پیشڕەوی بکات، دوور نییە قاهیرە و پاریس دەستوەردان بکەن، ئەگەر فەڕەنساش دەستوەردانی سەربازی نەکات، ئەوا پشتیوانی لە دەستوەردانی سەربازی میسر دەکات تاکو کۆتایی بە فراوانخوازییەکانی ئەنقەرە بهێنن لە لیبیا.