ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:17 - 23/06/2020

حکومەتی کازمی لەژێر هەڕەشەی کاتیۆشاکاندا‌

پەیسەر

بنکە سەربازییەکان لە عێراق بەردەوام لەژێر هەڕەشەی کاتیۆشادان، بەڵام ئەوەی مەترسییە بەغدای پایتەخت و ناوچە هەستیارەکانیش، هەمیشە لەژێر هەڕەشە و مەترسی موشەکی گروپە چەکدارەکاندان، چاودێر و لێکۆڵەڕەوانی ئەمنیش ئەم هێرشانە بە مەترسی لەسەر دەسەڵاتەکەی مستەفا کازمی دادەنێن.

بەغدا لەژێر هەڕەشەدا
لە چەند ساڵی رابردوودا و بەتایبەت لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بەغدا بەردەوام لەژێر هەڕەشە و مەترسی کاتیۆشکاندا بووە. لەگەڵ ئەوەی رێوشوێنی توند لە ناوچە هەستیارەکانی بەغدا گیراونەتەبەر و بە توندی پارێزگارییان لێدەکرێت، بەڵام زۆرترین کاتیۆشاکان ئاڕاستەی ئەم شوێنانە کراون.

ئەمڕۆ سێشەممەش شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند، موشەکێکی جۆری کاتیۆشا ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کراوە، بەڵام هیچ زیانێکی لێنەکەوتووەتەوە. سەرچاوەی موشەکەکەش لە گوندی دەهنەوە بووە لە باکوری قەزای ئەبو غرێب لە رۆژئاوای بەغدا.

گاڵتەکردن بە کازمی
بەشێک لە چاودێر  و رەخنەگرانی ئاسایش پێیان وایە، بەردەوامی موشەکەکانی سەر بەغدا و ئەو موشەکانەی لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکرێت، گاڵتەکردنە بە کازمی و حکومەتەکەی.

ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەم هێرشانە بۆ لاواز پیشاندانی حکومەتەکەی کازمییە کە لە ئێستادا رووبەڕووی قەیرانی دارایی، دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەوە. بۆیە پێویستە کازمی بە پەلە بە دوای سەرچاوەی ئاڕاستەکردنی ئەو موشەکانەدا بچێت و کۆتایی بەو گروپانە بهینێتکە  لەپشت ئاڕاستەکردنی ئەم موشەکانەوەن.

موشەکەکان و رێککەوتنەکەی بەغدا و واشنتۆن
سەرەڕای نزیکبوونەوەی بەغدا و واشنتۆن و گفتوگۆکانی نێوانیان، بۆ رێککەوتن، موشەکەکان لەسەر بەغدا نەوەستاون و بەردەوامن، ئەمەش وەک هەڕەشەیەک لەسەر ئەو رێککەوتنەکە دەبینرێت.

موشەکەکان ئاڕاستەی ناوچە هەستیارەکانی بەغدا دەکرێن، بە تایبەت ناوچەی سەوز کە باڵیۆزخانەی ئەمریکای تێدایە و هەروەها فڕۆکەخانەی نێودەوڵيتی بەغدا و بنکەی سەربازی تاجی کە سەربازە ئەمریکییەکانی لێبوو.

گروپەکانی کاتیۆشا
دکتۆر موعتەز محیەدین سەرۆکی ناوەندی کۆماریی بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسیی و ئەمنیی دەڵێت، "گروپەکانی کاتیۆشا" بەرپرسن لە هەموو رووداوەکانی موشەکبارانکردن کە لە ناوچە جیاوازەکانی بەغدا روودەدەن، بە هێرشەکەی ئەمڕۆی بەغداشەوە، ئامانجی ئەم گروپانەش بنکە و ناوچە سەربازیی و هەستیارەکانن کە هێز و کارمەندە ئەمریکییەکانی تێدایە.

ئەو لێکۆڵەرە پێی وایە، دەبێت حکومەت سەرچاوەی ئەم هێرشانە بدۆزێتەوە کە بۆشایی و لاوازیی دەزگا ئەمنییەکانیان کردووە بە هەلێ،ک بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان. بۆیە دەبێت حکومەتی کازمی بەپێچەوانەی حکومەتەکانی پیشوو، بە روونی هەڵوێست لەبارەی ئەم گروپانەوە دەرببڕێت.

گروپەکان هەڵدەکشێن
هشام هاشمی لێکۆڵەری ئەمنی باس لە گاڵەتەکردنی ئەو گروپانە دەکات بە کازمی کە موشەک ئاڕاستەی بەغدا دەکەن و بەردەوامیش ژمارەیان لە زیادبووندایە.

هاشمی پێی وایە، شانە و گروپەکانی کاتیۆشا بە ئاشکراکردنی شوێنی خۆیان، گاڵەتە بە حکومەتەکەی مستەفا کازمی و دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق دەکەن، چونکە پشتر شوێنیان نادیار بوو بەڵام ئێستا خۆیان ئاشکرای دەکەن.

ئاماژە بەوەش دەکات، پشتگوێخستن و دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەم گرپانە، وایکردووە بەردەوام ژمارەیان بەرزببێتەوە، لە کاتێکدا لە شوباتی ئەمساڵ تەنها یەک گروپ هەبوون کە موشەکیان ئاڕاستە دەکرد، ئەمڕۆ بوون بە شەش گروپ.

ئەو لێکۆڵەرە ئەمنییە کە لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی گروپە چەکدارەکانی عێراق و دەزگا هەواڵگرییەکانە بۆچوونی وایە، دەبێت باس لەو هەڵانە بکرێت لە ئاستی دەزگا هەواڵگرییەکان لەبارەی ئەم هێرشانەوە دەکرێن و پێویستە روون بێت، بەڵام نەبوونی ئیرادەی سیاسی توند بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لاوازییە و لە ئاستی نەبوونی عەدالەتیش کە یاسا بەسەر هەمواندا جێبەجێبکرێت ئەوە رووخانە.

هەموو چاودێران کۆکن لەسەر ئەوەی پێویستە مستەفا کازمی هەوڵی تەواو بدات بۆ راگرتنی ئەم هێرشە موشەکیانە لەسەر ناوچەکانی بەغدا، بنکە سەربازییەکان و پاراستنی بەغدای پایتەخت، چونکە لاوازی حکومەتەکە لە بەغدای پایتەخت کە نەتوانرێت بپارێزرێت، دەبێتە هۆی لاوازبوونی لە سەرجەم عێراقدا.