ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:00 - 25/06/2020

زیانەکانی سعودییە بەهۆی ئەنجامنەدانی فەریزەی حەج‌

پەیسەر

سعودییە رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەپێناو پاراستنی میوانانی ماڵی خودا، ئەمساڵ هیچ کەسێک لە دەرەوەی وڵاتەوە ناتوانێت بچێتە سعودییە و فەریزەی حەج بەجێبهێنێت، ئەنجامنەدانی ئەم فەریزەیە و نەهاتنی ملیۆنان موسڵمان بۆ مەککە، زیانی ملیاران دۆلار لەو وڵاتە دەدات.

کۆرۆنا لە سعودییە
تاکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە زیاتر لە ١٦١ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرجەم ناوچەکانی وڵاتی سعودییە تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

مەککە کە ماڵی خودای تێدایە و فەریزەی حەجی تێدا ئەنجامدەدرێت، زۆرترین تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدایە کە گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٢ هەزار کەس و  ٣٨١ تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە بە فراوانی لە وڵاتدا بڵاوبووەوە، بڕیاردرا بە دەستکردن بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی قەدەغەکردنی قەرەباڵغیی و کۆبوونەوەکان، کە  گرنگترینیان بریتی بوو لە هەڵپەساردنی کۆبوونەوە ئاینییەکان.

سەرەڕای بەرزیی ژمارەی تووشبووان و بەردەوامی ڤایرۆسەکە، رۆژی یەکشەممە سعودییە زۆربەی رێکارەکانی لابرد، بەتایبەت لە بواری ئابووری و گواستنەوە.

ئەنجامنەدانی فەریزەی حەج
سەرەتای ئەم هەفتەیە محەمەد ساڵح وەزیری حەج و عەمرەی سعوودیە و تەوفیق روبێعە وەزیری تەندروستیی سعوودیە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا، لەبارەی ئەنجامدانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ و چۆنییەتی گرتنەبەری رێوشوێنەکان رایانگەیاند، ئەمساڵ هیچ میوانێک لە دەرەوەی وڵاتەوە روو لە سعودییە ناکات.

وەزیری حەج و عەمرە ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاریانداوە رێگە بە هاوڵاتییانی وڵاتانی دیكە نەدەن بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج سەردانی سعودییە بکەن، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. وتیشی، پلانی تۆکمەیان داناوە بۆ پاراستنی تەندروستیی ئەو كەسانەی كە لەناو سعوودیە رێگەیان پێدراوە ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجام بدەن.

وەزیری تەندروستیی سعوودیەش وتی، ژمارەی ئەو كەسانەی كە رێگەیان پێدراوە فەریزەی حەج ئەنجام بدەن، لە 10 هەزار كەس تێناپەڕێت و هەمووشیان بەر لە ئەنجامدانی فەریزەکە، پشکنینی ڤایرۆسەکەیان بۆ دەکرێت و بۆ ماوەی ١٤ رۆژ کەرەنتین دەکرێن.

زیانەکان
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی ۆوڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، لەگەڵ ئەوەی فەریزەی حەج یارمەتی زیادبوونی هەژموونی سیاسیی و ئاینیی سعودییە دەدات، هاوکارییەکی زۆری زیادبوونی داهاتی ئەو وڵاتە دەدا و بڕی هەشت ملیار دۆلار دەخاتە سەر داهاتیی گشتیی.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم کەمکردنەوەی ژمارەی حاجیان لە دوو ملیۆن و نیو بۆ چەند هەزار حاجییەک، زیانێکی گەورە لە داهاتی سعودییە دەدات.

ئەمەش یەکەم زیانی ئەمساڵی سعودییە نابێت و بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، زیانێکی گەورە بەر ئابووری و داهاتیی سعودییە کەوتووە.

بەپێی راپۆرتەکانی حکومەتی سعودییە، کەرتی گەشتوگوزاریی ئاینیی لە ٢٠٪ی داهاتیی ناوخۆیی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامنەدانی فەریزەی حەج زیانێکی گەورە لە ئابووری و داهاتیی هەردوو شاری مەککە و مەدینە بدات، بەتایبەت کە نزیکەی ٢٥٪ تاکو ٣٠٪ی ئابووری و داهاتی کەرتی تایبەتی شاری مەککە پەیوەستە بە فەریزەی حەجەوە.

لەبەرئەوەی زۆرینەی هەرە زۆری حاجیان لە دەرەوەی وڵاتەکەوە دێن، داهات و پارەیەکی زۆر بۆ حکومەتی سعودییە دەهێنن.

 

٤٠ ساڵ بەبێ حەج
لەگەڵ ئەوەی ٤٠ ساڵی دیکەش ئەنجامدانی فەریزەی حەج هەڵوەشێندراوەتەوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٣٢ و دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی سعودییەوە، ئەمە یەکەم جارە فەریزەی حەج ئەنجامنەدرێت.

بەپێی زانیارییەکانی پێگەی فەرمی فەرمانگەی مەلیک عەبدولعەزیز، لە مێژووی ئیسلامدا ٤٠ جار فەریزەی حەج ئەنجامنەدراوە و هەڵوەشێندراوەتەوە.

هەڵوەشاندنەوەی ئەو ٤٠ فەریزەیەی حەج بەهۆی ئەو کارەسات و رووداوە سەختانە بوون کە روویانداوە و تێیدا موسڵمانان نەیانتوانیوە ئەم ئەرکە بەجێبهێنن.

ئەو هۆکارانەی قەڵەباڵغترین سروتی موسڵمانانی راگرتووە کە فەریزەی حەجە بریتین لە، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان، ململانێ سیاسییەکان، ناسەقامگیری ئاسایش، گرانیی سەخت، خراپی دۆخی ئابووری و رێگریی و چەتەیی لەسەر رێگاکانی حەج.

وەک لە پێگەکەدا هاتووە، "لە رووی شەرعییەوە نابێت فەریزەی حەج هەڵبوەشێندرێتەوە، مەگەر هۆکاری گەورە هەبێت وەک نەبوونی سەقامگیری و ئاسایش و بڵاوبوونەوەی پەتاکان."

زمزمی سور
یەکەم ساڵ کە فەریزەی حەجی تێدا هەڵوەشێندرایەوە، ئەو ساڵە بوو کە کەعبە بە خوێنی میوانانی ماڵی خودا سورکرا.

لە هەشتی زیلحیجەی ساڵی ٣١٧ی کۆچی (أبو طاهر القرمطي) سەرکردەی قەرامیتەکان لەبەردەم دەرگای کەعبەدا وەستا و فەرمانی بە پەیڕەوکەرانی کرد بدەن بەسەر "کافر و بەردپەرستاندا، پایەکانی کەعبە بڕوخێنن و بەردە رەشەکەش هەڵبگرن و لایبەن"

قەرامیتەکان پێیان وابوو، دروشمەکانی حەج دروشمی نەفامین و لەلایەن بتپەرستانەوە ئەنجام دەدرێت"

لە هێرشی قەرامیتەکان بۆ سەر حاجیان نزیکەی ٣٠ هەزار کەس کوژران، بەبێ کفن و دفن لە شوێنەکانی خۆیان بەخاکسپێردران و نوێژیشیان لەسەر نەکرا.

قەرامیتەکان بیرەکانی ئاوی زمزمیان بە تەرمی کوژراوەکان پڕکردەوە و سێ هەزار تەرمی حاجیان خستە ناو بیرەکانەوە.

قەرامیتەکان بە کوشتنی حاجیانەوە نەوەستان، بەردە رەشەکەیان برد و بۆ پایتەختەکەیان لە بەحرین گواستەوە، ئەمەش وەهای کرد نزیکەی دە ساڵ فەریزەی حەج ئەنجامنەدرێت.

سەرکردەی قەرامیتەکان داوای لە مسوڵمانان کرد لەبری ئەوەی سەردانی کەعبە بکەن، لە بەحرین فەریزەی حەج ئەنجام بدەن.

پەتای "الماشري"
یەکێکی دیکە لەو ساڵانەی فەریزەی حەجی تێدا هەڵوەشێندرایەوە، ئەو کاتە بوو پەتای "الماشري" لە مەککە بڵاوبووەوە.

پەتاکە لە ساڵی ٣٥٧ی کۆچی لە شاری مەککە بڵاوبووەوە و بووە هۆی مردنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە. لەو ساڵەدا ژمارەیەکی زۆر حاجی لە تینوویەتیدا خنکان و زۆربەی ئەوانەشی توانیان بگەن بە کەعبە و حەج ئەنجام بدەن، دوای فەریزەی حەج گیانیان لەدەستدا.

گرانیی و بەرزبوونەوەی نرخ
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ئەنجامنەدانی فەریزەی حەج بۆ بەشێک لە موسڵمانان بریتی بوو لە بڵاوبوونەوەی گرانیی لە بەشێک لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامیی.

بەپێی سەرچاوە ئیسلامییەکان ساڵی ٤١٩ی كۆچی بەهۆی بڵاوبوونەوەی گرانیی و بەرزبوونەوەی نرخ، خەڵکی میسر و وڵاتانی رۆژهەڵات نەیانتوانی بگەن بە شاری مەککە.

نەبوونی ئاسایش
نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی بەڕێوەنەچوونی فەریزەی حەج.

ساڵی ٤٢٩ی کۆچی نەسەقامگیریی ئاسایش لە بەشێک لە وڵاتانی موسڵمانان بڵاوبووەوە، ئەوەش بەهۆی ململانێی نێوان دەسەڵاتدارای ناوچەکانەوە، ئەمەش وای کرد موسڵمانانی ئەو ناوچانە نەتوانن بگەنە شاری مەککە و فەریزەی حەج بەجێبهێنن.

حەج بۆ حیجازییەکان
بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ساڵانی ٦٥٤ بۆ ٦٥٨ لە بەشێکی وڵاتانی موسڵمانان، موسڵمانانی وڵاتانی ئیسلامی نەیانتوانی بگەن بە شاری مەککە و فەریزەی حەج بەجێبهێنن، تەنها خەڵکی حیجاز توانیان فەریزەکە ئەنجام بدەن.

هێرشی فەڕەنسییەکان
پێگەی مەلیک عەبدولعەیز باس لەوە دەکات لە ساڵی ١٢١٣ بەهۆی هێرش و ئۆپراسیۆنی فەڕەنسییەکان رێگاکانی گەیشتن بە مەککە ئاسایس و سەقامگیرییان تێدا نەما، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی موسڵمانانی جیهان نەتوانن بگەن بە ماڵی خودا و فەریزەی حەج ئەنجامبدەن.

لە هندستانەوە بۆ کەعبە
ساڵی ١٢٤٦ی کۆچی پەتایەک لە هندستانەوە بڵاوبووەوە و بووە هۆی مردنی سێ لەسەر چواری حاجیانی ماڵی خودا، ئەمەش بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی فەریزەی حەج لەو ساڵەدا.
لە چەند ساڵێکیشدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا و پەتاکانی دیکەوە، فەریزەی حەج هەڵوەشێندراوەتەوە، بەڵام سەرجەم ساڵەکان بە وردی دەستنیشان نەکراون.