ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:27 - 28/06/2020

هەژموونی ئێران لەعێراق پاشەكشەی كردووە؟‌

پەیسەر

قوڵایی دەستێوەردان و پاشخانی پەیوەندی نێوان عێراق و ئێران مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە، ئەوەش وایكردووە ئێران شەرعیەت بە دەستێوەردانەكانی بدات، ئەم دەستێوەردانانەش قۆناغی جۆراوجۆریی بڕیوە، دوای 2003 زۆر زیادیان كردووە، بە جۆرێك بەرپرسێكی باڵای وەك قاسمی سولەیمانی (سەركردەی پێشووی سوپای قودس) كە سەدانی عێراقی كردووە، هیچ كاتێك داوای رەزامەندی عێراقیەكانی نەكردووە، بەڵام ئیسماعیلی قائانی (جێگرەوەی قاسمی سولەیمانی) ئەمجارەیان سەردانی كرد داوای لێكرا، ڤیزا وەربگرێـت، پرسیار ئەوەیە : ئەم گۆڕانكارییە پەیوەندی بە چییەوە هەیە؟ لێكەوتەكانی چی دەبن؟ 

 

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق چەند بڕیارێكی توندی دا و تێیدا پێویستە بەرپرسانی ئێرانی و لەناویشاندا ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسداران لەكاتی سەردانیان بۆ عێراق ڤیزەی وەفدی فەرمی وەربگرن، بەپێی چەند راپۆرتێكی هەواڵی سەردانی ئەم دوایانەی قائانی بۆ بەغداد دوای وەرگرتنی ڤیزە بووە.

 
كاتێك ئەمەی سەرەوە دەخوێنیتەوە هەست دەكەیت شتەكانت لێ تێكەڵ بووە یان خراپ تێگەیشتوویت، پێشتر قاسم سولەیمانی هەر كاتێك بیویستایە دەهاتە خاكی عێراق بەبێ وەرگرتنی هیچ ڤیزەیەك و وەك ئەوەی لەپارێزگایەكی ئێرانەوە بچێت بۆ پارێزگایەكی تری وڵاتەكەی، بەڵام لەدوای كوژرانی لەهێرشێكی ئاسمانی ئەمریكادا لەنزیك فرۆكەخانەی بەغداد زۆر شت گۆڕدرا،كە پێش كوشتنی سولەیمانی بیریشی لێنەدەكرایەوە.

هەژمونی ئێران لەعێراق پێش پرۆسەی رزگاری دەستی پێكرد
هەندێك كەس پێیان وایە ئێران پلانی كۆنترۆڵكردنی عێراقی لەدوای پرۆسەی ئازادی و روخانی رژێمی سەدام حوسێنەوە دەست پێكرد واتا لەساڵی 2003 وە بەڵام وا دەردەكەوێت ئەو بۆچوونە تارادەیەك هەڵەیە، لەدوای شەڕی هەشت ساڵەی خوێناوی نێوان عێراق و ئێران لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو ئێران تێگەیشت كە پێویستە كۆنترۆڵی عێراقی دراوسێ بكات بەهەرشێوەیەك بێت بۆ ئەوەی جارێكی تر عێراق نەبێتە خاڵی لاوازی تاران، كۆماری ئیسلامی هاوكاری مادی و مەعنەوی پێشكەشی هەموو سیاسیە نەیارەكانی سەدام حوسێن و ئەو كەسایەتیانەش كرد كە خواستی ڕووبەڕووبونەوەی سەربازی حزبی بەعسیان هەبوو، ئێران سەرپەرشتی یەكەم هێزی سەربازی شیعەی عێراقی كرد و هەموو پێداویستیەكی بۆ دابین كردن و سوپای مەهدی دروست بوو كە سەر بە موقتەداسەدر كەسایەتی ئاینی شیعەكان بوو، هەروەها هاوكاری رێكخراوی بەدری كرد كە لەو كاتەدا سەر ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بوو، بەدڵنیاییەوە هەژمونی ئێران لەدوای ساڵی 2003 وە زیادیكرد بەڵام سەرەتا هەوڵەكانی ئێران بۆ دەستگرتن بەسەر عێراق پێش پرۆسەی ئازادیش زۆر ڕوون بوو، دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەعێراق رۆژ لەدوای رۆژ زیادیكرد، و ئەندازیاری ئەوەش قاسم سولەیمانی بوو.

ساڵی رابردوو سوپای پاسدارانی ئێران رووح الله زام رۆژنامەنوسی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیان لە بەغداد دەستگیركرد ئەو رۆژنامەنوسە لە پاریس دادەنیشت و بەرێوەبەری كەناڵی هەواڵی بوو لەسەر تلیگرام، ئەو كاتە پرسی هەژمونی ئێران لەعێراق وروژێندرا، ئایە ئەم هەژمونە گەیشتۆتە ئاستێك كە ئێران نیمچە كۆنترۆڵی دامەزراوە ئەمنیە هەستیارەكانی عێراقی كردووە، بەتایبەتیش كە باسی ئەوە كرا كە رووح الله زام دوای گەیشتنی بەشاری نەجەف بەهەمەهەنگی نێوان دەزگای هەواڵگری عێراق و سوپای پاسداران دەستگیركراوە.

ئێران بۆ دەرەوە ... بەغداد بە ئازادی دەمێنێتەوە.. یەكەم زیانی هەژمونی ئێران لەعێراق
كاتێك نارەزایەتی و خۆپیشاندان لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو لەعێراق دروست بوو داواكاری خۆپیشاندەران تارادەیەك روون بو، خۆی لە نەهێشتنی گەندەڵی دەستەبژێری سیاسی دەسەڵاتدار ( كە زۆرینەیان بە هاوسۆزی بۆ ئێران تۆمەتبار دەكرێن) هەروەها نەهێشتنی بێكاری و هەژاری و چارەسەری كێشەی دەرچووانی زانكۆكان و پێشكەش كردنی پلانی حكومەت بۆ چاكسازیكردن لەخزمەتگوزاریە گشتیەكان دەبیندەوە.

سیاسیەكانی عێراق بە هاوكاری لەگەڵ گروپەنیمچە چەكدارەكان كە هەردوولایان لەئێرانەوە نزیك بوون پێیان وابوو بەكارهێنانی توند و تیژی كورترین رێگایە بۆ لەناوبردنی نارەزایەتیەكان لەو كاتەدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وزیران بوو ئەو ماوەی یەك ساڵ لەدەسەڵات مایەوە.

بەڵام كارەكان وەك ئەوە نەچوونە پێشەوە كە پلانی بۆ دانرابوو، توند و تیژی گروپە چەكدارەكان بووە هۆی سوربوونی زیاتری خۆپیشاندەران و بەپێچەوانەوە سنوری خۆپیشاندانەكان فراوانتر بوو و پارێزگاكانی باشوری عێراقیشی گرتەوە كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی شیعەن.

لەبەرامبەردا ئێران لەسەرووی هەموویانەوە قاسم سولەیمانی پێیان وابوو كە نابێت دەسەڵاتداران هیچ سازشێك بكەن و بەشێوەی بەردەوام سەردانی عێراقی دەكرد بۆ كۆبونەوە لەگەڵ هەموو لایەنەكان بەمەبەستی سنور دانان بۆ ئەو كێشەیە.

كاتێكیش عەلی خامەنەیی رابەری شۆرشی ئێران رایگەیاند خۆپیشاندەرەكان بەكرێگیراوی دەستی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیان، نارەزایەتی و خۆپیشاندانەكان زیادیانكرد و خۆپیشاندەران لەزۆرینەی شارەكانی عێراق دروشمی " ئێران بۆ دەرەوە ... بەغداد بەئازادی دەمێنێتەوە" یان دەگوتەوە، ئەو دروشمانە یەكەم لێدان بوو لە هەژمونی ئێران و خۆپیشاندەرانی نارازی بەوە نەوەستان و كونسوڵخانەكانی ئێرانیان لە نەجەف و كەربەلا زیاتر لەجارێك سوتاند و وێنەی خامەنەییان سوتاند و بەپێڵاو لەوێنەكەیان دەدا، ئەو دووشارە بەلای ئێرانەوە زۆر هەستیارن.

تێوەگلانی گروپە شیعیەكانی عێراق كە نزیك بوون لەئێران لەكوشتنی خۆپیشاندەران ڕوون بۆوە و پاڵپشتی عەلی سیستانیش بۆ داواكاری خۆپیشاندەران و رەتكردنەوەی هەر دەستوەردانێكی دەرەكی لەو خۆپیشاندانانە وایكرد ئێران بكەوێتە دۆخی بێ ئومێدیەوە.

كوژرانی سولەیمانی و موهەندس بێ ئومێدیەكەی زیاتر كرد
بە كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی هاورێی لەلایەن ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاوە هەژمونی ئێران زیانێكی گەورەی بەركەوت، ئەبومەهدی موهەندیس بڕیار بەدەستی سەرجەم كاروبارەكانی دەستەی حەشدی شەعبی بوو لەعێراق، پێش كوژرانی پلانی رێكخستنەوەی حەشدی دارشت بوو.

ئایە خۆری حەشدی شەعبی لەعێراق ئاوا دەبێت؟
كاتێك گروپە چەكدارەكانی نزیك لەئێران هەوڵ دەدەن كاروبارەكانیان رێكبخەن، چەند گروپێكی تری حەشدی شەعبی پاڵپشتی خۆیان بۆ ئایەتوڵا سیستانی دەربڕی و لە دەستەی حەشدی شەعبی جیابوونەوە و چوونە ناو هێزە چەكدارەكانی حكومەت، هەوڵێك كە پێشتر حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی بەهۆی سولەیمانی و موهەندیس بۆیان نەكرا، دوای كوژرانی سولەیمانی و موهەندیس ناكۆكی ناو حەشدی شەعبی زیادیكرد، جێگرەكەشی ئیسماعیل قائانی نەیتوانی جێگەی سولەیمانی بگرێتەوە، لەئێستادا حەشد بەدەست دابەش بوون و پەرت پەرت بوونەوە گیرۆدەیە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لایەنگرانی سیستانی لەحەشد كشانەوە شەرعیەتی ئاینی حەشدی شەعبی نەما.

تاران دەستوەردان ناكات... كازمی سەرۆك وەزیرانە
كاتێك خۆپیشاندەران داوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدیان كرد قاسم سولەیمانی هەوڵیدا بەهەر رێگەیەك بێت بمێنێتەوە، ئەویش لەبەرئەوەی جێگرەوەی نەبوو، یان بڵێین گروپە سیاسیەكانی عێراق لەسەری كۆك بوون یان وەك دەگوترێت سولەیمانی گروپە سیاسیەكانی بۆ پاڵپشتی عەبدولمەهدی یەك خست بوو، بەڵام لەكۆتاییدا و لەمانگی تشرینی دووەمی رابردوودا عادل عەبدولمەهدی دەستی لەكاركێشایەوە، لەدوای كوژرانی قاسم سولەیمانی پرسی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی كێشەیەكی گەورەی بۆ ئێران دروست كرد، قائانی هەوڵیدا حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بمێنێتەوە.

لەكۆتا ساتەكاندا ئێران هەوڵیدا زیاتر جێپەنجەی خۆی بسەپێنێت، ئەوەش لەكاتێكدایە تاران هێشتا بەدەست شۆكی كوژرانی قاسم سولەیمانی و كۆرۆنا و مەترسی سەر هەژمونی لەعێراق دەناڵێنێت، لەدوای چەند هەوڵێك بۆ دیاریكردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی كاندیدی موقتەداسەدر و عەدنان زورفی كاندیدی بەرهەم ساڵح دۆخەكە گەیشتە كاندیدكردنی مستەفا كازمی، كازمی تەمەن 53 ساڵ لەبواری مافی مرۆڤ و رۆژنامەوانی و دواجاریش سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقی بووە، لەدوای كاندید كردنی دەستبەجێ كتیبەكانی حزبوڵا كە گروپێكی ناو حەشدی شەعبین و بەنزیك لەئێران دادەنرێن بەتەواوەتی كاندیدبوونی كازمیان رەتكردەوە و بەئاشكرا بەوە تۆمەتباریان كرد كە دەستی لەكوشتنی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەنیس هەبووە، كازمی هاوپەیمانی ئێران نیە بەڵام دوژمنیشی نیە سەر بەهیچ حزب و رەوتێكی سیاسی نیە و پەیوەندیەكی بەهێزی لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا هەیە، بۆیە ئاسایی بوو ئێران بەهەموو توانایەوە رەتی بكاتەوە.

رۆژنامەنوسێكی ئێران دەڵێت ئەگەر سولەیمانی لەژیاندا بوایە كازمی نەدەبووە سەرۆك وەزیران، لەمانگی ئازاری رابردوودا ئیسماعیل قائانی جێگرەوەی قاسم سولەیمانی سەردانی عێراقی كرد و نامەیەكی خامەنەیی بەسەركردە سیاسیەكانی عێراقدا ناوەرۆركەكەی ئەوەبوو كە " ئێران هەوڵ نادات دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆی عێراق بكات و پرسی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ عێراقیەكان خۆیان جێدەهێڵن"

رەزامەند بوونی كۆماری ئیسلامی ئێران بەدیاریكردنی مستەفا كازمی نزیك واشنتۆن و سەرۆكی دەزگای هەواڵگری كە ئەمریكا دایمەزراند بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق نیشانەیەكی ڕوونە لەسەر گۆرانی ستراتیژی ئێران لەعێراق.

ستراتیژیەتی ئێرانی دوور ماوە
ئێران دەیەوێت هەنگاوێك بچێتە دواوە بۆ ئەوەی بیر لەپەیوەندی و هەژمونی خۆی لەعێراق بكاتەوە لە قۆناغی داهاتوودا، دەیەوێت وەرەقەكان رێكبخاتەوە دوای كوژرانی سولەیمانی و دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی بۆ ئەوەی سەرلەنوێ دەست پێ بكاتەوە.