ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:14 - 28/06/2020

بڵاوکەرەوە نادیارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا‌

پەیسەر

چەند مانگێکە جیهان گیرۆدەی ڤایرۆسێکی نوێ و کوشندەیە، هیچ هێز و تەنانەت کەش و هەوایەکیش رایناگرێت، زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەسی تووش کردووە و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەستداوە، سەرەڕای هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی، باس لە هۆکارێکی دیکە و ناڕوون دەکرێت، کە چەکدارە بەکرێگیراوەکانن.

لە سوریاوە بۆ لیبیا
لەگەڵ ئەوەی بەپێی راگەیەندراوە فەرمییەکانی حکومەتی سوریا ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە زۆر لاوازە و تاکو ئێستاش تەنها نزیکەی ٢٦٠ حاڵەت تۆمارکراوە، بەڵام باس لە گواستنەوەی ڤایرۆس دەکرێت لەنێو ئەو بەکرێگیراوانەی لە سوریاوە رەوانەی لیبیا دەکرێن.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (ئیندیپێندێنت)، بەشێک لەو چەکدارە سورییانەی لەرێگەی تورکیاوە گەیشتوون بە ریزەکانی حکومەتی ویفاقی نیشتمانی، لە نەخۆشخانەکانی لیبیادان و گومان دەکرێت تووشبووی کۆرۆنا بن. ئەم چەکدارانە لە سوریاوە گەیشتوونەتە تورکیا، لەوێشەوە گەیەنراونەتە شاری تەرابلوسی لیبیا، لە کاتی گواستنەوەیاندا هیچ رێکارێکی خۆپارێزییان نەگرتووەتەبەر، وەک بەستنی دەمامک.

ئەم چەکدارانە کە ژمارەیان شەش هەزار کەس دەبێت، بەێیکیان باس لەوە دەکەن کە هەوڵیان داوە رێکار برگرنەبەر بەڵام بۆیان نەکراوە.

حکومەتی ویفاق: حەفتەر بەرپرسە
لەبەرامبەردا حکومەتی ویفاقی نیشتمانی کە تورکیا پشتیوانی دەکات و دانپێدانانی بەشێکی دیاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە، خەلیفە حەفتەر بە بەرپرس لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمەتبار دەکات، ئەوەش لەرێگەی هێنانی چەکداری بیانییەوە بۆ لیبیا.

یەکێک لە چەکدارەکان بە رۆژنامەکەی وتووە، "بەداخەوە هیچ رێکاریکی خۆپارێزی بۆ چەکدارەکان نەگیراوەتەوەبەر، وەک ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەر نەبێت."

شکاندنی سنورەکان
رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەیان بەوە کردووە کە چەکدارەکان بوون بە هۆکارێکی نهێنی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەمەش نادڵنیاییەکی زۆری دروستکردووە.

لە چەند مانگی رابردووشدا چەکداری گروپە جیاوازەکان لەنێوان سوریا، عێراق، وتورکیا و ئێراندا هاتووچۆیان کردووە، لە کاتێکدا هەر یەکێک لەم وڵاتانە بە فەرمی سنورەکانیان داخستبوو، ئەمەش وایکرد کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێوان ئەم وڵاتانەدا و لەرێگەی ئەم چەکدارانەوە بگوازرێتەوە.

ریتشارد برینان هەڵسوڕێنەری نووسینگەی هەرێمیی ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستی سەر بە رێکخراوی تەندروستی جیهانیی دەڵێت، پێویستە رێکارەکانی رێکخراوی تەندورستی جیهانی لە سنورەکان بگیرێنەبەر، پشکنین ئەنجامبدرێت و کەرەنتینە بسەپێندرێت، بەڵام ئەم رێکارانە ناتوانرێت لە هەموو شوێنێک بسەپیندرێن، بۆ نموونە لیبیا، ئەو چکدارانەشی دێنە ناو لیبیاوە پشکنینی کۆرۆنایان بۆ ئەنجامنادرێت، بۆیە ئەمانە مەترسین بۆ سەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، بەتایبەت کە ئەم چەکدارانە لە یەک شوێندا جێگیر نین و بەردەوام دەجوڵێن.

لیبیا و کۆرۆنا
لیبیا ئێستا لە جەنگێکی قورسدایە و زۆربەی دەوڵەتانی جیهانیش لە رێگەی هێزە چەکدارەکانەوە لە جەنگەکەوە تێوەگلاون، ئەو وڵاتانە هەزاران چەکداری مورتەزیقەیان ناردووەتە لیبیا.

بەپێی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ١٠ هەزار چەکدار لە سوریاوە گەیەندراونەتە لیبیا بۆ شەڕکردن لەنێو گروپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە، بەشێکی هەرە زۆریشیان لەرێگەی تورکیاوە رۆیشتوون کە لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی زۆرترین تووشبووی کۆرۆنای تیابووە.

سورییەکانی حەفتەر
بەپێی چاودێرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەرامبەر تورکیادا، روسیا نزیکەی ٢٠٠٠ چەکداری لە ناوچەکانی ژێر دەستی رژێمی سوریاوە بۆ لیبیا گواستووەتەوە بۆ شەرکردن لەژیر سەرپەرشتی جەنەراڵ خەلیفە حەفتەر.خ

ناردنی چەکدار لە سوریاوە بۆ لیبیا بەردەوامیی هەیە و حاڵەتەکانی توشبوون و مردنیش بە کۆرۆنا لەو وڵاتە لە بەرزبوونەوەدایە، هەرچەند ژمارەکان رەنگدانەوەی راستی دۆخەکە نین، چونکە شەڕ و پێکدادانەکان رێگرن لەوەی پشکنین ئەنجامبدرێت، بەڵام ئەوەی دەرکەوتووە، پەیوەندییەکی راستەوخۆ هەیە لەنێوان هاتنی چەکدارە بیانییەکان بۆ لیبیا و بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان.

تورکیا لە سوریا
یەکێکی دیکە لە نیگەرانییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی تایبەتە بە گروپە چەکدارەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت لە سوریا و لوبنان.

تورکیا دەیان هەزار چەکداری لە باکوری سوریا پڕچەک کردووە لە دژی رژیمەکەی ئەسەد، هێزە کوردییەکان و گروپە چەکدارەکانی دیکە، لەم ناوچانەش رێکارەکانی خۆپارێزی بەپێی پێویست ناگیرێنەبەر و پشکنین زۆر کەمە، ئەمە جگە لەو دەیان هەزار سەربازەی کە چوونەتە ناو خاکی سوریاوە.

بەپێی لێدوانەکانی رەحمی دوجان والی شاری هاتای تورکیا، ١٤٠ سەرباز و ئەفسەری تورکیا کە لە عەفرین و ئیدلب لە ئەرکدان، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و دواتر بە پەلە کەرەنتین کران.

چوون و هاتنی چەکدارەکان
ئەو چەکدارانەی کە لە سوریاوە دەچنە لیبیا، پاش ماوەیەک لە ئەرکەکانیان دەگەڕێنەوە سوریا و تورکیا، واتە ئەم چەکدارانە بەردەوام لەنێوان سوریا، تورکیا و لیبیادا دێن و دەچن و مەترسین لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەنیوان ئەو وڵاتانەدا.

بەپێی راپۆرتێکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ تەنها لە مانگی رابردوودا (ئایار) نزیکەی ١٨٠٠ چەکدار لە سوریاوە براونەتە تورکیا بۆ مەشقکردن تاکو دواتر بنێردرێنە لیبیا. ئەوە جگە لەوەی ٢٦٠٠ چەکدار لە لیبیاوە گەڕاونەتەوە سوریا، واتە ئەم چەکدارانە بەردەوام گۆڕانکارییان پێدەکرێت.

یەکێک لەو چەکدارانە دەڵێت، "هیچ کەسێک لێرە گرنگی بە کۆرۆنا نادات، رێکار ناگیرێتەبەر، قەدەغە ناکرێت، دەمامک نابەسترێت، پشکنین ناکرێت و تەنانەت دەرمانی پاککردنەوەی دەستیش بەکارناهێنرێت، وەک ئەوەی ڤایرۆسەکە هەر نەبێت."

ئێستا لە جیهان سەرەڕای ئەوەی لە ناوخۆی وڵاتەکاندا رێکاری توند دەگرنەبەر، بەڵام سنورەکان کراوەن بەڕووی چەکدارەکاندا و ئەم چەکدارانەش مەترسین لەسەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەو وڵاتانەی پێیدا تێدەپەڕن و شەڕی تێدا دەکەن.