ڕاپۆرتی کوردستانی

03:27 - 29/06/2020

ڕێكخراوی هەنگاو وردەكارییەكانی سوتانی سێ چالاكوانەكە بڵاو دەكاتەوە‌

روداوی گیانلەدەستدانی سێ كەسی تر لە كاتی كوژاندنەوەی ئاگری چیاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان گومان و دوودڵی دروستكردەوە، هەندێك پێیان وایە بەهۆی ئاگرەكەوە گیانیان لەدەستداوە هەندێكی دیكە باس لەوە دەكەن دەستی دەوڵەت لە پشی پەردەوە كارەكانی كردووە بۆیە كەس و كارەكەیان ناچاركردووە بەر لە خۆرهەڵاتن تەرمەكانیان بنێژن..

 

ساڵانە لەم وەرزەدا ئاگر لە ناوچە شاخاوییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەوێتەوە، هۆكارەكانیش جیاوازن، بەشێك بە بۆنەی كەمتەرخەمی گەشتیارانەوە دروست دەبێت و بەشێكی دیكەش بە دەستی ئەنقەست ئەو كارە دەكرێت، ئەوانەی كە زیان لە كەوتنەوەی ئاگرەكان دەبینن خەڵكی ناوچەكەو خاوەن باخ و ئاژەڵدارەكانی كوردستانن، ئەوە سەرەڕای ئەو زیانە گەورانەی بەر ژینگەی كوردستان و ئەو دارستانانە دەكەون كە ئاگرەكانیان تێدا دەكرێـتەوە، ئەوە جگە لە هۆكاری سیاسی و بەمەبەستی ڕێگریی كردنە لە دزە كردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران بۆ نێو خاكی رۆژهەڵاتی كوردستان.

رۆژی شەممە 27 حوزەیران لە ناوچەی مەڕەخێڵی نێوان هەر دوو قەزای پاوەو جوانڕۆی سەربە پارێزگای كرماشان، ئاگری تێبەربوو ، ئاگرەكە بە هیمەتی خەڵك و ڕێكخراوی ژیوای پاوە خامۆش كرا، بەڵام ئاگرەكە بۆ رۆژی دواتر كڵپەی سەندەوەو فراوانتر بوو، بەڵام دواتر بە كۆتایی هاتنی گیانی سێ هاوڵاتی رۆژهەڵاتی كوردستان كۆتایی هات، بەرپرسانی ئێرانی باس لەوە دەكەن هۆكاری مردنەكە تین و دووكەڵی ئاگرەكە بووە، ئەگەر مین و تەقەمەنیش لە ئارادا بووبێت هی سەردەمی شەڕی عێراق و ئێرانە، بەڵام حیزبی دیموكرات بە جۆرێكی دیكە ڕوداوەكە لێكدەداتەوەو وەك لە بەیاننامەی مافی مرۆڤی هەتاودا هاتووە دوان لە قوربانیەكان كاری سیاسییان كردووە.

پێگەی هەتاوی ئەنتەرنێتی ڕاپۆرتێكی لەبارەی چۆنیەتی ئەو ڕوداوەوە بڵاوكردووەتەوە، لەسەرەتای ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، سوپای پاسداران بنەماڵەی چالاکانی ژینگەپارێزی ناچار کردووە کە شەوانە و بە بێ هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێک تەرمی ڕۆڵەکانیان ئەسپەردەی خاک بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئیوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٠)، سێ چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی ناوچەی پاوە بە ناوەکانی (موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی) لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی مەرەخێڵی ئەو شارە گیانیان لە دەست داوە.

هەرچەندە بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاندووە كە ئەو سێ چالاكوانە بە هۆی ئاگرەكەوە سوتاون و گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هەنگاو بە دیوێكی دیكەدا باسیان لە دۆخەكە كردووە:
هەنگاو شەوی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە، هۆکاری گیان لە دەست دانی سێ ژینگەپارێزی خەڵکی پاوە بە هۆی ئاگرکەوتنەوە نەبووە، بەڵکوو لە ئەنجامی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سپای پاسداران بۆ بەرەنگاربوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان گیانی لە دەست داوە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەكەی هەنگاودا هاتووە:
هەرچەند ژمارەیەک لە میدیا حکوومەتی و کەناڵە تێلگرامییەکانی ناوچەی هەورامان هۆکاری گیان لە دەست دانی ئەو سێ ژینگەپارێزەیان تەقینەوەی مین ڕاگەیاندبوو، بەڵام دوای چەند کاتژمێر و لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکاندا هەواڵەکەیان سڕییەوە.
هەنگاو جەختی كردووەتەوە:

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کەناڵە تێلگرامییەکانی ناوچە کردووە و وتوویەتی کە ئیزنتان نیە لەوبارەوە هەواڵ بکەن و تەنیا دەبێ بڵێن بە هۆی خنکان و سووتان گیانیان لە دەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکانی هەنگاو تەقینەوەی چەندین مینیان لە شوێنی ڕووداوەکە ڕاگەیاندووە. شایەتحاڵێک لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە دوای ئەوە لە شوێنەی کە بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی جێگیر بوون دەنگی تەقینەوە هاتووە موختار خەندانی بۆ هاوکاری کردنیان چووە بۆ ئەو شوێنە و هەر سێیان لەوێ گیانیان لە دەست داوە و ئەندامانی ڕێکخراوی ژیوای نەیانتوانیوە کە هاوکارییان بکەن. چەندین سەرچاوەش رایانگەیاندووە کە جیا لە دەنگی تەقینەوەی مین دەنگی تەقەی چەکیش بیستراوە.

یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێز کە خۆی لە بەرزاییەکانی مەرەخێڵ بووە لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە “ ئەندامانی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی ژیوای ئامێری بێ تەلیان پێ بووە، بەڵام هەمان ڕۆژ و ڕاست چەند کاتژمێر پێش لە ڕووداوەکە هێزەکانی سوپای پاسداران دەست بە سەر ئامێرەکانیان دا دەگرن و هەموو هێڵە پەیوەندییەکانی ناوچەکەیان پچڕاندووە.


لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەیدا هەنگاودا هاتووە:
لەلایەکی دیکەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێدا هاتووە موختار خەندانی و یاسین کەریمی ئەندامی ڕێکخستنی نهێنی ئەو حیزبە بوون و گیان لە دەست دانی ئەو سێ ژینگە پارێزەی بە سیناریۆی سپای پاسداران لە قەڵەم داوە.