ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:41 - 01/07/2020

پاش 17 ساڵ لە داگیركردنی عێراق و ئاكامە هەمەلایەنەكانی‌

پەیسەر

ماڵپەری تروسدیگی هەواڵی راپۆرتێکی هاوبەشی رۆژنامەنووس میدی بنیامین و نووسەر نیکۆلاس جەی ئێس لەبارەی داگیرکاری عێراق لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکردەوە. تێیدا نووسەران ئاماژە بەوە دەدەن، لەکاتێکدا جیهان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تەنراوە و کاریگەریی لەسەر تەواوی کایەکانی ژیان داناوە، بۆچی پاش 17 ساڵ دۆخی عێراق لەبری ئەوەی بەرەو پێشەوە بچێت، خراپتر بووە؟ 

ئەویش لەدوای ئەوەی هێزە ئەمریکییەکان دوو سەرکردەی  ئێرانیان لە سنوری عێراقدا کوشت و رایانگەیاند کە هێزی زیاتار دەنێرن. ئەمە تەواو دژیەک دەوەستێتەوە لەگەڵ دەنگدانی پەرلەمانی عێراقیدا، بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق. هەروەها دژی بیرورای هەندێک لەو ئەمریکانە دەوەستێتەوە کە پێیان وایە جەنگی عێراق و ئەمریکا شایەنی جەنگ نەبوو، هەروەها دژی ئەو کەمپەینەشە کە دۆناڵد ترەمپ تێیدا بەڵێنی داوە کۆتایی بە جەنگە ناکۆتاکان بێنێت.

حەڤدە ساڵ بەر لە ئێستا ئەمریکا هێزەکانی خۆی یەکخست و بە سوپایەکی ٤٦ هەزار کەسییەوە و بە پاڵپشتی ٤٦ هەزار سوپای بەریتانی هێرشی کردە سەر عێراق و داگیری کرد. داگیرکارییەکەی ئەمریکا تاوانێکی دوژمنکاری بوو لە یاسا جیهانیەکاندا و خەڵکی وڵآتانی سەرانسەری دنیا دژی وەستانەوە. نزیکەی ٣٠ ملیۆن هاوڵاتی لە ٦٠ وڵاتی جیاوازەوە بۆ ئەو مەبەستە ساڵی ٢٠٠٣ ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

مێژوونووسی  ئەمریکی ئارسەر چێلسنگەر کە وتارنووسی سەرۆک ژۆن کەنەدی بووە، داگیرکارییەکەی عێراقی بە هێرشە توندرەوەکی یابان بۆ سەر پێرل هاربەر لە ساڵی ١٩٤١دا چواندووە و نووسیویەتی "ئەمڕۆ ئێمەی ئەمریکییەکانین کە کەسانی خراپ  و هێرشبەرین."

دوای ١٧ ساڵ، ئاکامەکانی داگیرکارییەکە بووەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێی هەموو ئەوانەی دژی ئەو داگیرکارییە بوون. ئەمەی خوارەوە ١٢ لێکەوتە گرنگەکانی جەنگی ئەمریکان لە عێراق.

1- ملیۆنان هاوڵاتی عێراقی کوژران و برینداربوون
خەمڵاندنەکانی کوژراوانی داگیرکارییەکە ئاماری جیاوازمان پێدەڵێن، بەڵام تەنانەت ئەو خەمڵاندنانەی بە لانی کەمەوە ژمارەی کوژراوان دەردەخەن، دڵنیایی دەدەن کە لانیکەم سەدان هەزار کەس دەبن. توێژینەوە زانستییەکان پیشانی دەدەن ٦٥٥ هەزار عێراقی لە سێ ساڵی یەکەمی جەنگدا کوژران و بە نزیکەیی لە ساڵی ٢٠٠٧ گەیشتبووە ملیۆن. هەڵوێستی توندرەوانەی ئەمریکا تا ساڵی ٢٠٠٨ بەردەوام بوو. پاشان ململانێ پچڕپچڕەکان لە ساڵی ٢٠٠٩ وە تا ٢٠١٤ بەردەوام بوون. دواتریش لە کەمپەینێکی  نوێی ئەمریکادا بۆسەر دەوڵەتی ئیسلامی ئەمریکا بۆمب بارانی  چەندین شاری عێراق و  سوریای کرد، بە زیاتر لە ١١٨ هەزار بۆمب و تەقینەوەی قورس کە لە جەندی ڤیەتنامەوە لەو جۆرە چەکە بەکارنەهاتووە. لەو هەڵمەتەدا راپۆرتێک دەریخستووە کە تەنها لە موسڵ ٤٠ هەزار هاوڵاتی کوژراون. سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی مردووانیش، زۆر زیاتر لەو ژمارەیە بریندار هەن، ئامارەکانی دەوڵەتی عێراق رایگەیاندووە زیاد لە ٢ ملیۆن کەس بەوهۆیەوە کەمئەندام بوون.

2- ملیۆنان عێراقی ئاووارەبوون
تا ساڵی ٢٠٠٧ کۆمیتەی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ئاوارەکان رایگەیاندووە کە بە نزیکەیی دوو ملیۆن عێراقی بەدەست توندوتیژی و داگیرکارییەکانی عیراقەوە مانگانە ئاوارەی جۆردان و سیریا بوون ئەمە لەکاتێکدا کە نزیکەی ١.٧ ملیۆن کەسی دیکە لەناو شارەکەدا ئاوارەبوون. هەروەها بۆمب بارانکردنەکەی ئەمریکا بۆسەر دەوڵەتی ئیسلامی وایکرد چەندین ماڵیتر وێران ببێت و شەش ملیۆن کەسی دیکە ئاوارەبن. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە ئاوارەکان ٤.٣٥ ملیۆن کەس گەراونەتەوە ماڵەکانیان  لەدوای ئەوەی جەنگی داعش هێور بوەتەوە بەڵام زۆرینەیان ڕوبەروی ماڵوێرانی بوونەتەوە و زەرە بە موڵک و ماڵەکانیان گەیشتووە. هەروەها ژیان لە ناوچەکانیاندا مردووە و ئاوەدانی تێدا نییە، کە ئەمەش وەک جۆرێکی دیکەی ئاوارەیی وایە. بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەلایەن سیسیلیا جیمنێزەوە ئامادەکراوە "منداڵە ئاوارە عێراقییەکان نمایندەی نەوەیەکی تراوماتایز بە توندوتیژی دەکەن کە لە خوێندن و هەلی ژیان بێبەشکراون."

3- هەزاران ئەمریکی، بەریتانی و هێزە بیانییەکانی دیکە کوژراون و بریندار بوون
لەکاتێکدا ئەمریکا سەرچآوە مرۆییە عێراقییەکان لەناودەبات، خەریکە بە دیاریکراوی زەرەر بە خۆشێ دەگەیەنێت. تا ساڵی ٢٠٢٠ چوار هەزار و ٥٧٦ سەربازی ئەمریکی و ١٨١ سەربازی بەریتانی لە عێراق کوژراون، هەروەها ١٤٢ سەربازی دیکەی بیانیش لەناوچوون. زیاد لە ٪٩٣ی ئەو هێزە  بیانییانە ئەمریکی بوون.
لە ئەفغانستان کە ئەمریکا پاڵپشتی زیاتری ناتۆ و هاوپەیمانانی دیکەی هەبوو، تەنها لە ٪٦٨ ی کوژراوانی ئەمریکی هەبوو. کاتێک هێزەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی کاتی لە عێراق کشانەوە، ٣٢ هەزار و ٢٠٠ سەرباز بریندار بوون.

4-  چەندان سەربازی لێهاتوو و شارەزا کردەی خۆکوژیان ئەنجامداوە
زیاد لە ٢٠ سەربازی لێهاتووی ئەمریکی ڕۆژانە خۆیان دەکوژن، کە ساڵانە دەکاتە ڕێژەیەکی زۆر زیاتری ئەو مردوانەی لە جەنگی عێراقدا کوژراون. ئەوانەی رێژەی زۆرترینی خۆکوژی تێیاندا ڕوودەدات سەربازانی لێهاتوویگەنجن. کە بەرێژەی ٤ بۆ ١٠ هێندەی بەتەمەنەکانن. بۆچی ئەمە ڕوودەدات؟ ماتیۆ هۆ شارەزای بواری ئاستی ڕوونیدەکاتەوە کە زۆرینەی سەربازانی لێهاتوو بەدەست دووبارە خۆگونجاندنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگەدا دەناڵێنن و شەرمدەکەن داوای هاریکاری بکەن. شەرمەزارن بەوەی لە جەنگدا کردویانە و بینیویانە. ئەوان لە  فیشەک تەقاندندا راهێنانیان پێکراوە و چەکی خۆیان هەیە، هەروەها خاوەنی برینی دەروونی و جەستەیین کە ژیانی لێ ئاڵۆز کردوون.

5-بە ترلیۆن دۆلار بەفیڕۆدراوە
لە ١٦ی ئازاری ساڵی ٢٠٠٣دا بە چەند ڕؤژێک پێش داگیرکارییەکەی ئەمریکا، جێگری سەرۆک دیک چێنی خەمڵاندی کەوا تێچووی ئەو جەنگە لەسەر ئەمریکا بەنزیکەیی ١٠٠ ملیار دۆلار دەبێت و تێوەەگلانی ئەمریکا ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت. ئێستا و دوای حەڤدە ساڵ، تێچوەکان هێشتا لە بەردەوامیدان. ئۆفیسی بودجەی کۆنگرێس رایگەیاند کە بە نزیکەیی ٢.٤ ترلیۆن دۆلار تێچووی جەنگەکانی بووە لە عێراق و ئەفغانستان لەساڵی ٢٠٠٧دا. هەروەها جۆزێف ستیگلیز، براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ باشترین ئابووریناس و لیندا بیلمز لە زانکۆی هارڤاردەوە رایانگەیاند کە تێچووی جەنگی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٨ بە نزیکەیی ٣ ترلیۆن دۆلار بووە، ئەم خەمڵاندنەش بە لایەنی کەمەوە بووە. دەوڵەتی بەریتانیاش لانیکەم ٩ملیار پاوەندی بە راستەوخۆی خەرجکردووە بەدرێژایی ساڵی ٢٠١٠.

6- لادان و گەندەڵی دەوڵەتی عێراقی
زۆرینەی ئەو پیاوانەی ئەمڕۆ عێراق بەڕێوە دەبەن شاربەدەرانی پێشوون کە ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر حسابی هێزە داگیرکارییە ئەمریکی و بەریتانییەکاندا چووەتە بەغدا. دواجار عێراق ٣.٨ ملیۆن بەرمیلی نەوت لە ڕؤژێکدا هاوردە دەکات و ساڵانە ٨٠ ملیار دۆلار وەردەگرێت، بەڵام  بەشێکی زۆر کەمی ئەو پارەیە تەرخاندەکرێت بۆ نۆژەنکردنەوەی ماڵە وێرانەکان و دابینکردنی هەلیکار و کەرتی تەندروستی و سیستمی پەروەردە. تەنها لە ٪٣٦ی عێراقییەکان خاوەن کارن. گەنجانی عێراقی کەوتونەتە سەر شەقامەکان و  داوای کۆتاییهێنان بەو گەندەڵییانە دەکەن کە لەدوای ئەو کاریگەریانەی لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە ڕژێمی سیاسی عێراق و ئەمریکا و ئێران لەسەر عێراق دایانناوە. زیاد لە ٦٠٠ خۆپیشاندەر لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە کوژراون و نارەزایەتییەکان بوونە هۆی لابردنیی عەبدولمەهدی لەسەر دەسەڵات.

7- جەنگی نایاسایی دژ بە عێراق دژی پێوەرەکانی یاسا جیهانییەکانە
کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان بەبێ رەزامەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بریاری جەنگی بەسەر عێراقدا سەپاند ، یەکەم قوربانی یەکەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، کە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەوان  دامەزرێنەری ئاشتی و یاسا جیهانییەکان بوون، کە بەکارهێنانی هێز و توندرەوی هەر وڵاتێک بەرامبەر وڵاتێکی دیکەیان قەدەغە کردبوو.. یاسای جیهانی تەنها لە دۆخی بەرگریردنی وڵاتێک لە خۆی لەکاتی هێرشە توندەکاندا ڕێگەی پێدراوە هێزی سوەربازی بەکاربهێنێت. بەڵام ئەمریکا خۆی وەک ئاوارتەیەک لەم یاسایە هەژمارکرد و ڕێگەی بەخۆیدا هێزی ئەتۆمی بەکاربهێنێت ئەمەش لەژێر پاساوی "بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر ەو هەرەشانەی لە داهاتوودا رەنگە سەرهەڵبدەن". کوفی عەنان سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەو کاتە گوتی داگیرکارییەکە نایاسایی بوو و لادان بوو لە ئاراستە و رێرەوی بنەرەتی تەواوی جیهان و ئەوە بەراستیش روویدا. کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان قسەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان شکاند و هێرشیانکرد، وڵاتانی دیکەش بێگومان هەمان ئاراستە دەگرنە بەر بۆیە دەبینین لەمرۆدا تورکیا و ئئیزرائیل بەهەمان ڕێرەوی ئەمریکادا دەرۆن و هێرش دەکەنە سەر سوریا و داگیری دەکەن و هاوڵاتیانی سوری لە یارییە سیاسییەکانی خۆیانەوە دەگلێنن.

8-  درۆو دەلەسەکانی جەنگی عێراق بوونە هۆی تێکدانی دیموکراسیەتی ئەمریکا
دووەمین قوربانی لە داگیرکارییەکەی ئەمریکادا دیموکراسییەت بوو. کۆنگرێش دەنگی باوە بە ئەنجامدانی جەنگ لەسەر بنەمای کورتەیەک لە خەمڵاندنی زیرەکی نەتەوەیی NIEداوە. واشنتن پۆست رایگەیاند کە لە ١٠٠ سیناتۆر تەنها ٦ سیناتۆر دەنگدانەکانیان لەسەر بنەمای ئەو دۆکیۆمێنتەبوو کە چەند مانگێک بەر لەوە بەرهەمهاتبوو و یەکێکلە نووسەرانی بەرەی پێشەوەی جەنگ ئسکاڵای لەبارەیەوە کرد کە بە هیچ شێوەیەک ئەوانەی ئەنجامدەدران لە ڕوونکردنەوەی NIE دا بووونی نەبووە، وەک ئەوەی کە ٥٥٠ سەرچاوەە دەیانزانی عێراق لەکوێ چەکە کیمیاییی و ئەتۆمییەکانی دەشاردەوە. دیموکراسییەت چۆن بەرێوبەرایەتی خەڵکە لەکاتێکدا ئەوکەسانەی کاندید دەکرێن تا نمایندەی خەڵک بکەن لە کۆنگرێس دەکرێت فریوبدرێن و لەسەر بنەمای چەندین درۆ هانبدرێن تاکو دەنگ بدەن بە هەڵگیرساندنی جەنگ؟

9- دەرچوون لە سزاکانی تاوانی جەنگی
قوربانییەکی دیکەی داگیرکاری عێراق ئەو پێشبینییکردنە بوو کە سەرکردەکانی ئەمریکا و سیاسەتەکەیان بە پەیرەوکردنی یاسە. داوی ١٧ ساڵ ئەمریکییەکان پێیان وایە سەرۆک دەتوانێک جەنگ هەڵبگیرسێنێت و سەرکردە و رابەرانی دەولەتانی دیکە بکوژێت و گومانی لە هەر کەسێک هەبێت بە تۆمەتی تیرۆرستی، بیکوژێت بەبێ هیچ بەرپرسیارێتییەک و وەک دیکتاتۆرێک مامەڵە بکات.
کاتێک سەرۆک ئۆباما گوتی دەیەوێت بەرەو پێشەوە بروات نەک بەرەو دوا، هیچ کام لە ئیدارەی سەرۆک بۆشی بۆ تاوانەکان بەرپرسیار نەکرد وەک ئەوەی ئەو تاوانانەی ئەنجامیاندابوو تاوان نەبووبێتن و بوبێتن بە بەشێک لە سیاسەتی یاسایی ئەمریکا. کە تێیاند اتاوانی توندوتیژی دژی وڵاتانی دیکەی تێدابوو وەک: کوشتنی بە کۆمەڵی هاوڵاتیان لە ئەمریکاو سانسۆرکردنی ئیمەیل، تەلەفون و نامەی هەموو هاوڵاتییەکی ئەمریکی و چەندانیتر.. کە لێپێچینەوە نەکردن لەوانە بوەتە هۆی ئەوەی کە دووبارە و چەندبارە بکرێنەوە.

10- تێکدانی ژینگە
لەماوەی جەنگی کەنداودا، ئەمریکا ٣٤٠ تەن چەک و بۆمبی دروستکراو لە یۆرانیۆمی نارد کە بووە هۆی ژەهراویکردنی زەوی و ئاو و ئەمانەش دەبوونە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە. لە سەدەکانی رابردووی جینۆسایدی ژینگەدا عێراق بەهۆی سووتانی بەشێکی زۆری کانگە نەوتییەکانی و چەکی کیمیاییەوە و هەروەها جەنگی ئاسمانییەوە زیانی ژینگەیی ئێجگار زۆری بەرکەوتووە. ئەو پیسبوونی ژینگەییەی بەهۆی جەنگەوەە روودەدات کاریگەری لەسەر چەندین نەخۆشی دادەنێت و هەروەها دەبیطە هۆی زیادکردنی ئەگەری لەبارچوونی مندال و مردنی منداڵانی لەدایکنەبوو. پیسبوونی ژینگەیی کاریگەری لەسەر سەربازانی ئەمریکیش هەبووە، زیاد لە ٨٥ هەزار سەربازانی جەنگی نێوان ئەمریکا و عێراق کێشەی تەنگەنەفەسی و هەناسەدان، شێرپەنجە و نەخۆشی دەروونییان هەیە و پێوەی دەناڵێنن.

11- سیاسەتی "پەرتکە و زاڵبە"ی ئەمریکییەکان کە لە عێراق پەیڕەوی دەکەن، بوەتە هۆی ماڵوێرانییەکی گەورە لە ناوچەکەدا
لە سەدەی بیستەمدا، دەسەڵاتی  سونییەکان لە دەسەڵاتی شیعییەکان بەهێزتر بوو، بەڵام بۆ هەندێک، گروپە رەگەزییە جیاوازەکان لە هەمان کۆڵان و ناوچەدا ێکەوە دەژیان و تەنانەت خوازبێنیش لەنێوانیاندا ڕووی دەدا. ئەو کەسانی لە دایک وو باوکێکی سونی و شیعین پێمان دەڵێین کەوا پێش داگیرکاری ئەمریکا تەنانەت نەشیاندەزانی دایکیان شیعییە یان باوکیان و جیاکاریان لەنێواندا نەدەکرد.  لەدوای  داگیرکارییەکە ئەمریکا هێزێکی شیعی بونیادنا کە بونە هۆی جیاکاری لەنێوان سونی و شیعییەکاندا. ئەمەش بووە هۆی نواندنی چەندین ئاکتی توندوتیژی.

12- جەنگی ساردی نوێی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و جیهان بوەتە هۆی ئەوەی کە چەند جەمسەریی ڕووبداتەوە
ساڵی ٢٠٢٠ لەدوای ئەوەی سەرۆک بۆش "بنەمای پێشبینیکردن" ، سیناتۆر ئێدوارد کەنەدی  گوتی "ئەمە بانگەشەیەکە بۆ  ئیمپریالیزمی ئەمریکی کە هیچ نەتەوەیەک ناتوانێ و نابێ ڕەزامەند بێت لەسەری" بەڵام ئەو وشانە  نەیانتوانی ئەمریکا رازی بکەن بەوەی گوتاری خۆیان بگۆرن یاخود ئۆپۆزسیۆنی دیبلۆماسی بۆ ئیمپریالیزم و ملیتاریزمەکانیان کۆبکەنەوە. فەرەنسا و ئەڵمانیا بە جورئەتەوە لەگەڵ فەرەنسا و زۆرینەی باشوری جیهاندا لە دژی هێرشی داگیرکاری بۆ سەر عێراق وەستانەوە.  بەڵامدەوڵەتە رۆژئاواییەکان ئامێزیان بۆ وتارەکەی ئۆباما کردەوە کە سوکایەتی بوو بە پەەیوەندییە نەریتییەکانی نێوان خۆیان و ئەمریکا. لە هەمانکاتدا چین خەریکی فراوانکردنی پێگەی ئاشتییانەی ئابوری خۆی بوو و رووسیا خەریکی بونیادنانەوەی ئابوری خۆی بوو لەەسەر بنەمای نیولیبرالییزم و هەژارییەکەی ساڵی نەوەدەکان.

شەپۆلە ئابوورییەکان وەرچەرخانێکیان بە خۆیانەوە بینیوە و نووسەرانی شیکارییەکە بەمجۆرە کۆتایی بە شیکارییەکەیان دەهێنن "ئێمەی هاوڵاتیانی ئەمریکی دەبێت هیوا بخوازین بروای جیهان بە ئەگەری هاتنەدی  ئاشتی دیموکراسیانە لە ئەمریکا بچەسپێت و باشتری شوێن بۆ دەستپێکردن ڕازیبوونە بە داواکاری پەرلەمانی عێراق بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.