ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:12 - 01/07/2020

ئێران و برایانی مسوڵمان؛ دۆستی تەنگانە و دوژمنی رووکەش‌

پەیسەر

ئەگەرچی وەها دەردەکەون کە دوژمنی یەک بن، بەڵام دوو دۆست و هابەشی گرنگی یەکترن، دوو دۆست کە هەمیشە ئامادەن بەرگری لە یەکتر بکەن و هاوکاریی و قوربانیی پێشکەش بە یەکتر بکەن، ئەو دوو دۆستە وەک دوو دوژمن دەرکەوتووانەش، ئێران و برایانی مسوڵمانن.

نەواب سەفەوی
یەکێتک لەو کەسایەتییە دیارانەی کە رۆڵێکی گرنگی بینیوە لە نزیکردنەوەی گروپ و بزوتنەوە ئیسلامییە شیعەکانی ئێران و کۆمەڵەی برایانی مسوڵمان نەواب سەفەوییە.

موجتەبا میرلوحی ناسراو بە نەواب سەفەوی (١٩٢٤-١٩٥٦) دامەزرێنەری کۆمەڵەی فیدائیی ئیسلامییە لە ساڵی ١٩٤٦، کە یەکەم کۆمەڵەی ئیسلامیی توندڕەوە لە مێژووی نوێی ئێراندا.

سەفەویی کە پیاوێکی دینیی شیعە بووە، هەمیشە داوای کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە مەهەبییەکانی نێوان مسوڵمانان دەکرد، بەهۆی هەڵوێستەکانی دژی رەزا شای پەهلەوی، لە ساڵی ١٩٥٦ گولەباران کرا.

سەفەی لەگەڵ سەید قوتبدا چاویان بە یەکدی کەوتووە، سەردانی قاهیرەی کردووە و بە توندی داوای دەرکردنی بەریتانییەکانی کردووە و دژایەتی خۆشی بۆ کۆچی جولەکە بۆ قودس کردووە.

ئەو کاتەشی سەردانی قاهیرەی کردووە، لەلایەن برایانی مسوڵمانەوە بە گەرمیی پێشوازیی لێکراوە و لە وتارێکیشیدا لە یەکێک لە زانکۆکانی شاری قاهیرە رەخنەی لە دەستگیرکردنی ئەندامانی برایانی مسوڵمان لەلایەن جەمال عەبدولناسرەوە گرتووە.

رەگ و ریشە
پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و برایانی مسوڵمان کۆن و مێژووییە و دەگەڕێتەوە بۆ پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئەوە جگە لەو هاوبەشییە فکریی و ئایدۆلۆجییەی لەنیوان ئەدەبیاتیی سونیی و سیاسیی هەردوولادا هەیە.

دوو ساڵ پێش گولەبارانکردنی، نەواب سەفەوی بۆ بینینی سەید قوتب دەچێتە میسر و پێکەوە گفتوگۆ دەکەن. هەردوولا لەسەر زۆر بابەت کۆک و هاوبەشن، بەتایبەت لەبارەی فەرمانڕەوایی، نەفامیی، جیهاد و پێویستی رێگرتن لە دروستبوونی بۆشایی لەنێوان سوننە و شیعە بەمەبەستی پێکهێنانی بەرەیەک لە دژی بەڕۆژئاواییکردنی جیهانی ئیسلامی.

ئایدۆلۆجیای برایانی مسوڵمان کاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر ئەو کەسانەی کە پشتگیری ئیمام خومەینیان کرد لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران.

خامنەئی و سەید قوتب
عەلی خامنەئیی پێش شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ سەفەویدا یەکتریان بینیوە و سەفەوی باسی بۆچوونەکانی سەید قوتبی لەگەڵ کردووە، دوای ئەوە خامنەئی روو لە جیهانی سیاسەت دەکات.

خامنەئی زۆر سەرسامە بە بۆچوونەکانی سەید قوتب لەبارەی بینینی ئیسلام وەک سیستمێکی شۆڕشگێڕیی بۆ فەرمانڕەوایی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، تەنانەت پێش شۆڕش کاتێکی زۆری خۆی بۆ وەرگێڕانی دوو کتێبی سەید قوتب دانابوو.

تەلمسانی و خومەینی
عومەر تەلمسانی رابەری باڵای برایانی مسوڵمان لە ساڵی ١٩٨٢ بە رۆژنامەیەکی میسری راگەیاند، "پشتگیری سیاسیی خومەینیمان کردووە، چونکە گەلی ستەمێکراو دەتوانێت لە دەست فەرمانڕەوای داپڵۆسێنەر رزگاری ببێت و ئازادی بەدەستبهێنێت."

ئەم پشتگیرییەی رابەری برایانی مسوڵمان لە کاتێکدایە، کە دەسەڵاتی ئێران دەستیکردبوو بە راوەدوونان و لەسێدارەدانی ئەو بەرهەڵستکارانەی کە دژایەتیی شۆڕشی ئێرانیان دەکرد.

دوو هێز لە هەناوی یەکتردا
ئێران هەمیشە شانازیی بە دۆستەکانی لە برایانی مسوڵمان کردووە، یەکێک لەو کەسانەش خالد ئیسلامبوڵییە کە داڕێژەری پلانی کوشتنی ئەنوەر سادات سەرۆکی میسر بووە لە ساڵی ١٩٨١.

ئێران ئیسلامبوڵی وەک پاڵەوانێکی ئیسلامیی ناساندووە کە سەرسام بووە بە بیرکردنەوەکانی سەید قوتب، ئێران رێزێکی زۆری لەم کەسایەتییە گرتووە و بەڕێزەوە ناوی دەهێنێت.

سەرکەوتنی شۆڕشی ئێرانیش ئیرادەیەکی زۆری بە برایانی مسوڵمان بەخشی کە سەرکەوتنی شۆڕش ئەگەرێکی بەهێز و کراوەیە و خەونی بەدینەهاتوو نییە.

جیاوازییەکانی نێوانیان
لەگەڵ هەموو هاوبەشییەکاندا، چەند جیاوازییەک لەنێوان گوتاری برایان و ئێراندا هەیە، بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا برایانی مسوڵمان تێگەشتن کە بەبێ پشتگیریکردنی وڵاتانی رۆژئاوا ناتوانن بگەن بە دەسەڵات و ئەگەریش بگەن، ئەوا دژایەتی دەکرێن و دووردەخرێنەوە، ئەمەش پێچەوانەی بیرکردنەوەکانی خومەینی بوو دەربارەی رۆژئاوا.

ئەم بیرکردنەوەی برایانی مسوڵمان دوای شکستەکانیان لە جەزائیر (١٩٩٢) ٢ فەڵەستین (٢٠٠٦) دێت کە سەرەڕای سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردندا، لە دەسەڵات بێبەشکران.

بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و کودەتاش بەسەریاندا لە میسر، نوێترین ئەزموونی برایانی مسوڵمانە لەم بارەیەوە.

دابڕانی یەکەم
یەکەم دابڕان و دوورکەوتنەوەی برایانی مسوڵمان لە ئێران، ساڵی هەشتاکانی سەدەی رابردوو بوو. ئە وکاتەی برایانی مسوڵمان لە شوباتی ساڵی ١٩٨٢ لە شاری حەمای سوریا راپەڕینیان دژ بە رژێمەکەی حافز ئەسەد ئەنجامدا.

رژێمی بەعس کە لە جەنگدا بوو لە دژی ئێران، پشتگیری راپەڕینەکەی کرد و ئێرانیش پشتگیری رژێمی سوریای کرد بۆ سەرکوتکردنی برایانی مسوڵمان لەو شارەدا، کە بووە هۆی کوژرانی ٢٠ هەزار کەس.

دابڕانی دووەم
دووەم دابڕانی ئێران و برایانی مسوڵمان دیسان لە سوریاوە دروستبوو، ئەوەش کاتێک شۆڕشی گەلانی سوریا دژی بەشار ئەسەد دەستیپێکرد.

لە ماوەی جەنگی سوریادا برایانی مسوڵمان تا ئاستێکی بەرچاو کەوتنە بەرەی دژ بە رژێمی بەشار ئەسەد، ئەمەش راستەخۆ ئەوانی بە گژ ئێران دا، لێرەوە سەرەڕای مانەوەی پەیوەندییەکان، بەڵام لە ئاستی سیاسیی و رێکخراوەیی، ساردیی لەنێوانیاندا سەریهەڵدا.

دوای بەهاری عەرەبی
دوای ئەوەی برایانی مسوڵمان لە میسر هاتنە سەر دەسەڵات، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و برایان چووە ئاستی باڵاوە، چونکە ئیتر برایانی مسوڵمان وەک دەوڵەت روویان لە ئێران کرد.

محەممەد مورسی لە ساڵی ٢٠١٢ وەک سەرۆکی میسر سەردانی تارانی کرد، ئەمەش یەکەم سەردانی سەرۆکی میسر بوو لە ساڵی هەشتاکانەوە تاکو ئەو ساڵە، کە هەردوو وڵات پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان راگرتبوو، ساڵێک دواتریش مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی ئێران سەردانی قاهیرەی کرد و ئامادەی لوتکەی ئیسلامیی بوو لەو شارە.

حەماس؛ پردە بەهێزەکە
لە ئێستادا کە دەسەڵاتی برایانی مسوڵمان لە میسر کۆتایی هاتوو، بەهێزترین پردی پەیوەندی نێوان ئێران و برایانی مسوڵمان بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینییە، بەڵام بزوتنەوەی جیهادی ئیسلاميش لە پەیوەندییەکی بەهێزدایە لەگەڵ ئێران.

ئێران بە ئاشکرا پشتیوانی لە بزوتنەوەی حەماس دەکات و حەماسیش بە روونی و بەردەوام پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، لەم کاتەشدا حەماس دەتوانرێت وەک پردێکی بەهێز و گرنگی نێوان برایان و تاران تەماشا بکرێت.