ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:24 - 03/07/2020

ئێران هاوكاریى دارایى گروپه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق ده‌گرێته‌وه‌‌

پەیسەر پرێس


ڤایرۆسى كۆرۆنا و سزاكانى ئه‌مریكا، به‌ ته‌واوى كاریگه‌رى كردووه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و بڕه‌ هاوكارى و پشتیوانییه‌ دارایى و سه‌ربازییه‌ى، ئێران بۆ گروپه‌ چه‌كداره‌ شیعییه‌كانى عێراقى ره‌وانه‌ ده‌كرد، ئه‌وه‌ش به‌پێى فه‌رمانده‌كانى ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ كه‌ قسه‌یان بۆ رۆیته‌رز كردووه‌.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ فه‌رمانده‌ى گروپه‌كان و به‌رپرسانى حكومه‌تى عێراق رایانگه‌یاندووه‌، چالاكییه‌كانى ئێرانن له‌ عێراق له‌ دۆخى شه‌له‌لدایه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆى كاریگه‌رییه‌كانى كۆرۆنا و داخستنى سنووره‌كان، بۆیه‌ش هاوكارى نه‌ختینه‌ى ئێران بۆ  گروپه‌كان له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگى رابردوو په‌كى كه‌وتووه‌. 

به‌پێى سه‌رچاوه‌كان ئه‌و پارانه‌ى كه‌ ئێران پێشكه‌شى ده‌كات، تایبه‌ته‌ به‌ ئۆپراسیۆنى سه‌ربازى په‌یوه‌ندیدار به‌ چالاكییه‌كانى گروپه‌ چه‌كداره‌كان دژى نه‌یاره‌كانى ئێران، وه‌ك هێرشكردنه‌ سه‌ر ئامانجه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ عێراق. 

یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانى ئه‌و گروپانه‌ى ئێران پشتیوانییان ده‌كات رایگه‌یاندووه‌، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌، ئێران بڕى ده‌رماڵه‌ى مانگانه‌ى‌ بۆ هه‌ریه‌كێك له‌ چوار گروپه‌ چه‌كداره‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ عێراق دابه‌زاندووه،‌ به‌ جۆرێك دوو ملیۆن بۆ سێ ملیۆن تا پێنج ملیۆن دۆلار ده‌دات. له ‌كاتێكدا پێشتر ئه‌و بڕه‌ ١٢ بۆ ١٥ ملیۆن دۆلار بوو.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌ى گروپه‌كان كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئۆپراسیۆنه‌كانى ئه‌و گروپانه‌، ناچاربوون بگه‌ڕێن بۆ سه‌رچاوه‌ى دارایى جێگیره‌وه‌ بۆ دابینكردنى خه‌رجى پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان و چه‌ك، وه‌ك بازرگانى تایبه‌ت. 

سه‌رچاوه‌كانى رۆیته‌رز ده‌ڵێن، راسته‌ كۆرۆنا بووه‌ته‌ هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى هاوكارییه‌كان، به‌ڵام به‌ ته‌نیشت ئه‌وه‌شه‌وه‌ سزاكانى ئه‌مریكا و دابه‌زینى نرخى نه‌وت كاریگه‌رى گه‌وره‌ى هه‌بووه‌، به‌ جۆرێك تاران ملیۆنان دۆلار هاوكارى گروپه‌ چه‌كداره‌كانى بڕیوه‌، بوودجه‌ى وڵاته‌كه‌ش رووبه‌ڕووى كورتهێنانى گه‌وره‌ بووه‌ته‌وه‌. 

برایان هۆك نوێنه‌رى تایبه‌تى ئه‌مریكا بۆ كاروبارى ئێران پێى وایه‌ سزاكانى وڵاته‌كه‌ كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر هاوكاریكردنى ئێران بۆ گروپه‌ چه‌كداره‌كان ده‌ڵێت، ئه‌و زانیارییانه‌ى ئێستا هه‌ن، به‌ڵگه‌یه‌كى دیكه‌ن‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌كانیان بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر ئێران، كاریگه‌ر بووه‌ بۆ رێگرى له‌ ئێران كه‌ هاوكارى گروپه‌ چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌كان بكه‌ن، بۆ كارى تێكده‌رانه‌ و ئاڵۆزى ئه‌منى له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كان. 

پایزى گروپه‌ چه‌كداره‌ لایه‌نگره‌كانى ئێران، دواى كوژرانى قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودس دێت، كه‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس له‌ به‌غدا كوژران. 

موهه‌نه‌د عه‌قابى به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى حه‌شدى شه‌عبى، ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ هیچ قسه‌یه‌ك بۆ رۆیته‌رز بكات له‌سه‌ر هه‌ر كارێكى ئه‌و گروپانه‌ى له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانى ده‌كرێن. گوتویه‌تى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى هاوكارى له‌رێگه‌ى كه‌ناڵه‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت له‌ حكومه‌تى عێراق.

گوته‌بێژێك به‌ناوى نوسینگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانى حه‌ره‌س سه‌ورى ئێران بۆ رۆیته‌رز ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌، وڵاته‌كه‌ى پشتیوانى گروپه‌ چه‌كداره‌كانى كردبێت، گوتویه‌تى:"كۆمارى ئیسلامى هه‌میشه‌ پشتیوانى چه‌وساوه‌كانى كردووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌و سیاسه‌تمان ‌ناگۆڕێت، به‌ڵام هاوكارى داراییمان پێشكه‌ش نه‌كردووه‌ به‌وانه‌ى دژایه‌تى هه‌ژموونى ئه‌مریكا ده‌كه‌ن له‌ ناوچه‌كه"‌.

به‌گوته‌ى فه‌رمانده‌یه‌كى گروپه‌ چه‌كداره‌كان، پێش ئه‌وه‌ى سزاكانى ئه‌مریكا دووباره‌ به‌سه‌ر ئێران بسه‌پێنرێته‌وه‌، تاران مانگانه‌ 12 بۆ 15 ملیۆنى ده‌نارد بۆ گروپه‌ چه‌كداره‌كانى له‌ عێراق.