ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:12 - 06/07/2020

لوبنانییەکان لەژێر هەڕەشەی گرانیی و بێپارەییدا‌

پەیسەر

دۆخی دارایی و ئابووریی لوبنان بەرەو ئاستێکی مەرسیدار هەنگاو دەنێت، گرانی و بێپارەیی باڵی بەسەر وڵاتدا کێشاوە، دراوی لوبانیش تاکو دێت بەهای خۆی لەدەستدەدات و بەهۆی ناکۆکی هێزەکانیشەوە، هیچ ئاسۆیەکی چارەسەر بەدیناکرێت، ڤایرۆسی کۆرۆناش هێندەی دیکە دۆخەکەی لە لوبنانییەکان قورستر کردووە.

گرانیی سەخت
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە راپۆرتێکدا کە لەلایەن مارتن شۆلۆڤ ئامادەکراوە، باس لە دۆخی سەختی لوبنانییەکان دەکات کە لە نێو گرانییەکی سەخت و تاقەتپڕوکێندا دەژین، راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە دۆخی لوبنان بەرەو کارەسات هەنگاو دەنێت. بەهای لیرەی لوبنانی رۆژبەڕۆژ دادەبەزێت، نرخی کەلوپەلە بنەڕەتییەکان بەردەوام بەرزدەبێتەوە، چینی دەسەڵاتداریش کە دەیانەوێت پارێزگاری لەم رژێمەی ئێستا بکە، چاکسازی لە بەرژەوەندییاندا نییە.

لە دوو هەفتەی رابردوودانرخی گۆشتی سور و مریشک سێ هێندە بەرزبوونەتەوە، بەنزین و نان بە سەختی و گرانیی دەستدەکەون، بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارەش هاوڵاتیانی لوبنان کۆمەک و هاوکارییەکانی حکومەتەکەیان بە نرخێکی بەرز بە حکومەتی سوریا دەفرۆشنەوە، بەمەش ئاستی هەژاریی و برسێتیی زیاتر بەرزدەبێتەوە.

فرۆشتنەوەی کەلوپەلی سەرەکی
رۆژنامەی گاردیان باس لەو رووداوانە دەکات کە ئاماژەی روونن بە داڕوخانی ئابووریی لوبنان، گرنگترینیان بریتییە لە دەرهێنانی پرۆتین لە لیستی خورادنی سوپای لوبنانیدا.

رۆژنامەکە باس لەوەش دەکات کە لوبنانییەکان بۆ کڕینی خورادنە سەرەکییەکانیان، کەلوپەلە بنەڕەتییەکانی ماڵەکانیان دەفرۆشنەوە، بەشێکی زۆری دوکان و سوپەرمارکێتەکان داخراون و زۆرینەی هەرە زۆری هۆتیلەکانی هەموو وڵاتەکەش داخراون.

کۆرۆنا و گرانیی
لەگەڵ ئەوەی داڕوخانی ئابووری لوبنان چەند مانگێکە دەستیپێکردووە، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هێندەی دیکە دۆخەکەی لە لوبنانییەکان قورستر کرد.

لوبنان کە وڵاتێکی گەشتیارییە و ساڵانە چەندین ملیۆن گەشتیار لە هەموو جیهانەوە رووی تێدەکەن، بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە ئەم کەرتەش شکستی هێناوە، هەر بۆیە زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکان داخراون و هۆتێلەکانیش دەرگاکانیان داخستووە، ئەمەش بووەتە هۆی بێکاربوونی هەزاران لوبنانی کە گوزەرانیان لەسەر کەرتی گەشتیاریی بووە.

ناسەقامگیری ئەمنیی و گرانیی دوو هۆکارن لە تەنیشت کۆرۆناوە، کە رێگرن لەوەی گەشتیارانی جیهان روو لە لوبنان بکەن.

داهاتوویەکی مەترسیدار
رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و ئەو کەسانەشی سەرپەرشتی گفتوگۆکانی نێوان لوبنان و سندوقی دراو نێودەوڵەتی دەکەن، باس لەوە دەکەن کە تۆڕەکانی گەندەڵیی لە ناو حکومەتدا رۆڵێکی خراپ دەبینن و زیاتر لە خەمی خۆیان و دەسەڵاتەکەیاندان نەک هاوڵاتیانی لوبنان.

بەرپرسێکی پلە باڵای لوبنان بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، "کاتێک دۆخەکە دەگاتە لوتکەی خراپیی ئیتر کاتی لێپرسینەوە دێت، ئەکرێ ئەوەی بونیادمان ناوە بڕوخێت و دوور نییە بگەڕێینەوە بۆ دۆخی جەنگ لە ساڵی ١٩٨٢."

هاوکاریی و مەرجەکان
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا کە دۆخی ئابووری لوبنان بەرەو خراپتر رۆیشت و گرانییش بەرەو ئاستێکی مەترسیدار رۆیشت، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەبارەی گفتوگۆی هاوکارییەکانەوە، زەنگی مەترسیداری لێدا کە چاوەڕوان دەکرێت بڕەکەی بگاتە پێنج ملیار دۆلار.

وڵاتانی فەڕەنسا، یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی کەنداو دەیانەوێت هاوکاری لوبنان بکەن، بەڵام ترسیان هەیە ئەم هاوکارییە سودی نەبێت و دۆخەکە خراپتر بکات.

بەپێی ناوەڕۆکی راپۆرتەکە مەرجی سەرەکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ پێدانی هاوکاری بە لوبنان، بریتییە لە ئەنجامدانی چاکسازیی و نەهێشتنی گەندەڵیی کە بەهۆی فەرماندەکانی وڵاتەکەوە دروستبوون.

بێباکیی کاربەدەستان
بەرپرسێکی پلە باڵای ئەوروپا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، "خراپی دۆخەکە خەیاڵ ناکرێت، لە سەرکردەکانی لوبنان پاڕاینەوە وەک دەوڵەتێکی سروشتیی و ئاسایی مامەڵە بکەن، بەڵام بە جۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ کردین وەک ئەوەی فەرشمان پێبفرشن."

دیپلۆماتکارێکی دیکەش باس لەوە دەکات، لوبنان شتێکی سەرنجڕاکێش و بەنرخی نەماوە، لوبنان بووە بە دەوڵەتێکی شکستخواردوو."

ناڕەزایەتیی بەردەوام
ماوەی چەند مانگێکە ناڕەزایەتییەکان لە لوبنان دەستیان پێکردووە، ئامانجی خۆپیشاندانەکان ئەنجامدانی چاکسازییە لە حکومەتدا، خۆپیشاندەرانی لوبنان دەیانەوێت کۆتایی بەو گەندەڵییە بهێنن کە هاوڵاتیانی لوبنانی خستووەتە دۆخێکی دارایی قورس و رووبەڕووی گرانیی کردوونەتەوە.

هاوڵاتیانی لوبنان ناتوانن دەستیان بە کار بگات و بێکارییەکی زۆر سەریهەڵداوە، ئەگەر هاوڵاتییەک کەسێکی بەرپرس نەناسێت ناتوانێت کاری دەستبکەوێت و گوزەرانێکی ئاسایی هەبێت.

دابەزینی بەهای دراو
ماوەی چەند رۆژێکە بەهای لیرەی لوبنانی بەردەوام لە دابەزیندایە، لە کۆتایی هەفتەی رابردوو یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ١٠ هەزار لیرەی لوبنانی بووە، لە کاتێکدا پێشتر و ماوەی چەند ساڵێکە بەهای لیرەی لوبنانی جێگیر بووە و لە دەورووبەری ١٥٠٠ لیرە بەرامبەر دۆلارێکدا بووە.

دابەزینی بەهای لیرەی لوبنانی بەردەوامە و هیچ هیوایەک نییە بۆ جێگیربوونی، رەخنەگرانیش حکومەت تۆمەتبار دەکەن کە هیچ پلانێکی نییە بۆ پاراستنی بەهای دراوی وڵات.

چەند هاوڵاتییەکی لوبنانی قسەیان بۆ رۆژنامە بەریتانییەکە کردووە و باسیان لەوە کردووە کە بەرپرسان لە خەمی خۆیاندان و هیچ پلانێکیان نییە بۆ باسکردنی دۆخی وڵاتەکەیان.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت چەند وڵاتێکی جیهانی رووبەڕووی قەیرانی ئابووری سەخت و دژوار کردووەتەوە، عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە ئێستادا لە دۆخێکی دارایی سەختدان، هەرێمی کوردستان ناتوانێت مانگانە موچەی فەرمانبەران بدات و پڕۆژەکانیش وەستاون، دیارترین ئەو وڵاتانەی لەم دۆخەکەدا ناتوانن بە ئەرکی خۆیان هەستن لوبنان و هەرێمی کوردستانە، ناڕەزایەتییەکان لە هەردوو وڵاتدا بەردەوامە و هیج ئاسۆیەکیش بۆ باشبوونی دۆخیان بەدیناکرێت.

لوبنان و هەرێمی کوردستان لەژێر قەرزدان  و بەردەوام رێژەی قەرزەکانیان بەرزتر دەبێتەوە، بەشێکی زۆری قەرزەکانی هەرێمی کوردستان هی فەرمانبەرەکانی خۆیەتی و بەهۆی نەدانی موچەشەوە، بڕی قەرزەکە لەسەر حکومەتی هەرێم بەردەوام زیاد دەکات.