ڕاپۆرتی کوردستانی

02:19 - 08/07/2020

سنه‌ له‌به‌رده‌م هێرشی كۆرۆنادا چۆك داده‌دات؟‌

پەیسەر

کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو2019 سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ 2020هاوكات بوو  له‌گه‌ڵ په‌دابوونی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ، هه‌رچه‌نده‌ له‌یه‌ك كه‌س و له‌ یه‌كشاری یه‌ك وڵاتی جیهانه‌وه‌ -چین- سه‌ری هه‌ڵدا ، به‌ڵام په‌تاكه‌هەموو جیهان و كوردستانیشی گرته‌وه‌و  و گۆڕانێکی قووڵی بە سەر ژیانی خەڵکدا هێنا و بە گوێرەی هەموو نیشانەکان گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو و ژیانی ئاسایی زۆر ئەستەمه‌و رێی تێناچێت، گه‌رچی ئاماژه‌كان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن سه‌رجه‌م گۆڕانكارییه‌كان نه‌رێنیش نین.

ئەم ڤایرۆسە بچووکە هەموو جیهانی تێکدا و ژیانی خەڵکی هەموو وڵاتانی جیهانی بەتەواوەتی گۆڕیی. دانانی دەمامک، ڕەچاو کردنی مەودای کۆمەڵایەتی و دووری گرتن لە یەکتریی، کەرەنتینە، لە ماڵ دانیشتن و دەست شۆشتنی پەیتا پەیتا، ڕاگرتنی  كارو كه‌سابه‌ت و داخستنی بازاڕو دووكان و شوێنه‌گه‌شتیارییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان... هەندێ لەو گۆڕانانەن کە بە ناچار لە ژیانی خەڵکدا بەدی هاتن.

جگه‌ له‌ زیانه‌ مادییه‌كان یه‌كێك له‌و زیانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ كه‌س و كاری كۆچكردووان و به‌ركه‌وته‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ ناتوانن به‌ كامی دڵ له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستانیان بن و لانی كه‌م تا سه‌ركه‌ناری گۆڕه‌كه‌شیان بچن، ئه‌وان ته‌نانه‌ت به‌ ئه‌سته‌م بتوانن پرسه‌شی بۆ بگرن.

زۆر کەس بە هۆی لەدەست دانی کارەکانیان کەوتنە دۆخێکی خراپەوە و بۆ بژێوی ژیانیان تووشی کێشە بوون بەڵام هەر وەک هەمیشە یارمەتی هه‌ندێك دەوڵەت بۆ خەڵکانی کەم ده‌رامه‌ت و چینی هەژاری کۆمەڵگا دیسانەوە تا رادەیەک هیوای خستە دڵی هەژاران و ئیزنی نەدا ئەم چینە جگە لە خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە، نیگەرانی زیاتریان بۆ ساز نەبێت، له‌ هه‌مان كاتیشدا بێ ئومێدكردنی خه‌ڵكێكیشی لێپه‌یدا بووه‌ كه‌ وه‌ك كاره‌كانیان له‌ده‌ست داوه‌ مووچه‌ كه‌مه‌كانیان بڕاوه‌و ده‌ره‌تانێكیان بۆژیان نه‌ماوه‌ته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.

رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ هه‌موو پارێزگاكانیه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ناو بازنه‌ی سووری مه‌ترسیدارو رۆژانه‌ به‌ تۆماركردنی ژماره‌یه‌كی زۆری تووش بوون و مردن چوونه‌ته‌ ڕیزبه‌ندی پارێزگا مه‌ترسیداره‌كانی ئێران، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا پارێزگای كوردستان –سنه‌- به‌ یه‌كێك له‌ پارێزگا سووره‌كان دێته‌ ئه‌ژمار.

به‌ پێی ئاماره‌ فه‌رمیه‌كانی ئێران لەم پارێزگایەدا  تا ئێستا ٣٣٤ کەس بەهۆی تووشبوون بەم نەخۆشییە، گیانیان لە دەستداوە و ئێستاش ٤٠٤ کەسیتر لە نەخۆشخانەکانی ئەم پارێزگایە خەوێندراون و ٦٨ کەسیش لە بەشی چاودێرییە تایبەتییەکاندان و دۆخی ناجێگیریان هه‌یه‌.

ئەم پارێزگایە لە سەرەتای مانگی ئازار بۆ ماوەیەک بەڕووی گه‌شتیاراندا داخرا و هەندێ لە کار و چالاکییەکان سنووردار کرانەوە و سەرەڕای هۆشدارەکان، خەڵک ڕێنماییە تەندوستییەکانیان لە بەرچاو نەدەگرت و بە وتەی سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان ئەمانە بوو بەهۆی ئەوەی کە ئەم پارێزگایە بکەوێتە دۆخی سوور و ژمارەی تووشبووان و حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووه‌.

هه‌روه‌ك جێگری سه‌رۆكی بنكه‌ی قه‌یرانه‌كان له‌ سته‌  باسی ده‌كات ئێستا 90%  خەڵک ڕێنماییە تەندروستییەکان لە بەرچاو دەگرن، ئه‌وه‌ له‌ حاڵێكدا ده‌بوو پێشتر ئه‌و ڕێنماییانه‌ به‌ باشتر په‌یڕه‌و بكه‌ن.

مەنسوور مەولانایی جێگری سەرۆکی بنکەی بەڕێوەبەرایەتی قەیرانی شاری سنە به‌ میدیاكانی ئێرانی ڕاگەیانووه‌: لە پشکنینێک کە ئەم ڕۆژانەی دوایی لە نێوان خەڵک و بازاڕی سنە کرا، بۆمان دەرکەوت کە ٩٠ لە سەدی خەڵکی ئەم شارە خاڵە تەندروستییەکان لە بەرچاو دەگرن و لە گرینگایەتی ئەو خاڵانە و پێویست بوونی بەرگری لە تووشبوون بەم ڤایرۆسە تێگەیشتوون.

سەرەڕای لەبەرچاوگرتنی خاڵەکان لە لایەن خەڵکەوە، هێشتا پارێزگای کوردستان بە گشتی و شاری سنە بەتایبەت ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر تووشبوو و مەرگ بە هۆی کۆرۆنای هەیە و ڕێژەکە لە بەرز بوونەوە دایە و هەموو نەخۆشخانەکان پڕن و ناچارن نەخۆشی کۆرۆنا وەرگرن.
پارێزگاكانی دیكه‌ی كوردستانی رۆژهه‌ڵاتیش هه‌مان حاڵه‌تی دۆخی سووریان هه‌یه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌توانراوه‌ وه‌ك پێویست ده‌روازه‌كان كۆنترۆڵ بكرێن و هێشتا له‌ هه‌ندێك له‌ مه‌زره‌ نافه‌رمییه‌كانه‌وه‌ به‌ریه‌ككه‌وتن هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی باشووری كوردستان بۆیه‌ ئه‌گه‌ری تووش بوون و گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌.
هه‌فته‌یی داهاتوو کۆرۆنا لە کوردستان کەم دەبێتەوە

جێگری کاروباری تەندروستی زانکۆی زانستە پزشکییەکانی کوردستان لەم بارەوە وتوویه‌تی: پێنج مانگ لە تێپەڕبوونی تەشەنە سەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان تێدەپەڕێت و ڕێژەی تووشبوون لەم پاریزگایە لە بەرزبوونەوە دایە و هێشتا دۆخەکە مەترسیدارە.

ئیبراهیم قادری بە ئاماژە بەوەی کە پێشبینی دەکرێت لەم هه‌فتەیەدا ڕێژەی مەرگ و تووشبوون لە کوردستان کەم بێتەوە، ڕایگەیاند: کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی گیان لە دەست‌دان بە واتای کۆتایی هاتنی کۆرۆنا نییە و خەڵک دەبێ ئاگاداری ئەوە بن کە ئەم کەم بوونەوە کاتییە و خاڵە تەندروستییەکان دەبێ لەبەرچاو بگیردرێت و ئەگەر ڕەچاو نەکرێت، پاش شەش تا هەشت هه‌فتەی تر دەبێ دیسانەوە بەرز بوونەوەی ئامارەکان ببینین.