ڕاپۆرتی کوردستانی

05:07 - 13/07/2020

ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار ئەو رابەرە پەروەردەیەی هەمووانی فێری ئەلف و بێ كرد‌

پەیسەر

بەشێك لە مرۆڤەكان وەك رابەری پەروەردەیی ناویان دەچێتە مێژووی مرۆڤایەتیەوە، كە بە دڵنیاییەوە ئیبراهیم ئەمین باڵداری كورد یەكێكە لەو مرۆڤە مەزنانە، كە جێ پەنجەی بەسەر خوێندن و زمان و ئەلف و بێی كوردیەوە دیارە، ئه‌وانه‌شی دوای ئه‌و هاتن و ویستیان به‌و ڕێگه‌یه‌دا نه‌ڕۆن كه‌ ئه‌و ڕچه‌شكێنی بۆكردبوو، نه‌ك هه‌ر نه‌یانتوانی وه‌ك ئه‌و بكه‌ن، به‌ڵكو زۆرینه‌ی په‌روه‌رده‌كاران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن ئه‌و نموونه‌یه‌كه‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌سته‌مه‌.

ئیبراهیم ئەمین باڵدار كێیە؟
ئیبراهیم ئەمین باڵدار ساڵی ١٩٢٠ لەشاری سلێمانی لەدایك بووە، خوێندنی سەرەتایی لەشارەكەی خۆی تەواو كردووە، ساڵی ١٩٤٠ خانەی مامۆستایانی لادێی لەرۆستەمییەی شاری بەغدا تەواو كردو هەمان ساڵ بەمامۆستای سەرەتایی دامەزراو لەقوتابخانەكانی ناوشار‌وگوندەكانی سەر بەپارێزگای سلێمانی‌و شارەكانی تر وانەی وتۆتەوە، ساڵی ١٩٥٦ كۆلیجی بازرگانی‌و ئابووری زانكۆی بەغدای تەواوی كرد، ساڵی ١٩٦١ بڕوانامەی ماستەری لەبواری پەروەردە‌و دەروونزانی لەزانكۆی سانفرانسیسكۆی ئەمریكا وەرگرتووە، ساڵی ١٩٦٨ لەكۆلیجی ئەدەبیاتی زانكۆی سلێمانی بوو بەمامۆستا، ساڵی ١٩٨١ گوێزرایەوە بەشی كوردیی كۆلیجی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەدین، ساڵی دواتر بۆ زانكۆی موستەنسریەی بەغدا گواستراوەتەوە، ساڵی ١٩٨٣خانەنشین كرا.

ساڵانی ١٩٨٤-١٩٩٨ مامۆستای وانەبێژ بوو لە كۆلیجی پەروەردەی زا نكۆی بەغدا.

ساڵی ١٩٩٥ پلەی پرۆفیسۆری پێبەخشرا، باڵدار ساڵانێكی دوورو درێژ‌و تا دوا رۆژەكانی ژیانی ئەندامی كۆڕی زانیاری كورد بوو لەبەغدا.

لەرۆژی ١٢ی تەموزی ١٩٩٨ لەتەمەنی ٧٨ ساڵیدا لەشاری بەغدا كۆچی دوایی كردو تەرمەكەی هێنراوەتەوە بۆ شاری سلێمانی‌و لەسەر وەسێتی خۆی لەگردی سەیوان بەخاك سپێردرا.

باڵدار و ئەلف و بێی نوێ
ئەلف‌و بێی نوێ‌، ئەو كتێبە ئەفسوناویەی بوو كە 69 خرایە بەردەم خوێندكارانی كورد بۆ ئەوەی فێری نوسین و خوێندنەوەی كوردی ببن.

ساڵی ١٩٤٩ باڵدار كتێبی (ئەلف‌و بێی نوێ)ی كوردی بۆ خوێندكارانی پۆلی یەكەمی سەرەتایی داناو كتێبەكەی لەلایەن مـەعاریفی سلێمانی‌و وەزارەتی مەعاریفی عیراق‌و یونسكۆوە پەسەند كرا‌و لەساڵی ١٩٥١ چاپكراو كرا بە پرۆگرامی خوێندن. 

كتێبی(ئەلف و بێی نوێ)ی كوردی پێكهاتووە لە ٥٦ وانە و هەر وانەیەك نزیكەی ١٥ وشە لەخۆ دەگرێت.

ساڵانی ١٩٥٣و ١٩٥٦دا دوو جار گۆڕانكاری لە(ئەلف‌و بێ)كەیدا كرد‌و چاپی كردەوە.

ئەلف‌وبێی باڵدار بۆ دەیان ساڵ بووە سەرچاوەی خوێندن‌و فێربوونی قوتابخانەكان‌و زیاتر لە ٣٥ جار چاپكراوەتەوە. 

ئەم (ئەلف‌و بێ)یە بەزمانێكی سادە‌و ڕەسەنی كوردی نوسرا بوو، پیت‌و وشەو ڕستەكانی بەخەتێكی جوان‌و ڕەنگاو ڕەنگ لاپەڕەكانی كتێبەكەی ڕازاندبۆوە، لەگەڵ ئەوەدا هەر پیت‌و وانەیەكی (ئەلف‌و بێ)كە، بەفڵچەی هونەرمەند(بەدیع باباجان) وێنەیەكی جوانی بۆ نەخشێنرابوو، كەگوزارشتی لە ناوەڕۆكی وانەكانی دوو توێی كتێبەكە دەكرد.
هەموو ئەوانەی لەقۆناغی خوێندنی سەرەتاییدا ئەم (ئەلف‌و بێ)یەیان خوێندووە، ئێستاش بابەتە سەرنجڕاكێشەكانی لەهزرو یادەوەرییان ماوەو ڕستەو دەستەواژەكانی وەك (دارا دوو داری دی‌، مێووژی نایاب‌، دۆی دادە ڕژاوە) لەگوێیاندا ئەزرنگێتەوە.

كتێبەكەی باڵدار دوای 48 ساڵ گۆڕدرا
پاش نزیكەی نیو سەدە لە خزمەتكردن بە فێركردنی منداڵانی كورد ساڵی 1999 كتێبەكەی ئیبراهیم ئەمین باڵدار وەك پرۆگرامی خوێندن لابرا و لەبری ئەو كتێبێكی نوێی " عەبدوڵا محەمەد ئەمین " دانرا و دواتر ئەو كتێبەش گۆڕدرا و كتێبێكی نوێ كە لەلایەن لیژنەیەكی 19 كەسیەوە ئامادەكرابوو كرایە پرۆگرامی خوێندن.
" لابردنی كتێبەكەی باڵدار هەڵەبوو"

ع.ع.شەونم(عەلی عەبدوڵا شەونم)، نووسەر و شاعیری كورد و یەكێك لە شارەزاكانی بواری پەروەردە كە چەندین ساڵ وانەی وتووەتەوە،لەبارەی پەرتووكەكەی ئیبراهیم ئەمین باڵدار، دەڵێت" ئیبراهیم باڵدار بەڕاستی داهێنانی كرد و ئەوەی تەواونەكراو بوو هێنایە پێشەوە و تەواوی كرد، ئەو كتێبەشی بەڕاستی بەرنامەیەكی سەركەوتوو بوو، بۆیە نیو سەدە خوێندرا و تەنانەت هیچ كەس ناتوانێت شانبدا لە شانی بەرنامەكەی ئەمین باڵدا"

ع.ع شەونم،  دەڵێت " ئێمە كۆڵەواری ئەوەین كە شارەزامان نییە، ئەو ڕۆژەی كە وانەكەی ئەو لابرا و بەرنامەیەكی نوێ دانرا، لەبەر ئەوە نەبوو هەڵەبوو، بەڵكو ئەوە بوو كە پەروەردە شارەزای تێدا نەبوو و كەسێك نەبوو كە چاكسازیی تێدا بكات و ئەوەی كەمەلێی زیاد بكات"

رێزلێنان لە باڵدار
ئەگەرچی لەئاست گەورەی شاكارەكەی باڵدار و وەك پێویست رێز لە كارەكەی نەگیراوە بەڵام لێرەو لەوێ چەند كارێكی بۆ كراوە بۆ ئەوەی لەمێشك و زهنی هەموواندا بەزیندووی بمێنێتەوە لەوانەش:

ناونانی باخچەیەك بەناوی ئیبراهیم ئەمین باڵدار لەگەرەكی مامۆستایانی شاری سلێمانی لەساڵی 2014

دروستكردن و دانانی پەیكەری ئیبراهیم ئەمین باڵدار لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا لەساڵی 2015

دروستكردن و دانانی پەیكەری ئیبراهیم ئەمین باڵدار لەبەردەم بینای چالاكی قوتابخانەكان لەشاری سلێمانی ساڵی 2017

بەرهەمە چاپكراوەكانی باڵدار
ئەلفوبێی نوێی كوردی - بەغدا - چاپی یەكەمی ١٩٥١ و تاكو ئێستا پتر لە ٣٥ جار چاپكراوەتەوە، ٩٨ لاپەڕە

ئەلفوبێ بۆ گەوران - بەغدا - چاپی یەكەم ١٩٥٥، ٧٨ لاپەڕە

الابنیە المدرسیە للمدارس الابتدائیە - بەغدا ١٩٦٥، ٤٢ لاپەڕە[٣]