ڕاپۆرتی کوردستانی

06:40 - 13/07/2020

عەلی باباجان و ئەحمد داودئۆغڵو روویان لە باکوری کوردستان کردووە‌

پەیسەر

لە مێژووی نوێی تورکیادا، هەموو حزبە تورکییەکان رکابەری توندیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەرانی کورد لەو وڵاتەدا، هەر حزبێک دەنگی کوردەکانی مسگۆر کردبێت تا ڕادەیەکی زۆر نزیک بووە لە وەرگرتنی کورسی فەڕمانڕەوایەتیی، بەڵام کاتێک پارتە کوردییەکان دێنە مەیدان دەبن بە براوەی یەکەمی ئەم ناوچانە، لە ئێستادا پارتی دەڤا و ئایندە ئامادەکارییان دەستپێکردووە تاکو بتوانن لە ناوچە کوردییەکاندا پێگەی خۆیان مسۆگەر بکەن.

پارتی ئایندە
ئەحمەد داودئۆغڵو وەزیری دەرەوە و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا لە ١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠١٠ لە شاری ئەنقەرە پارتی ئایندەی (Gelecek Partisi) راگەیاند.

داودئۆغڵو لە وتاری راگەیاندنی پارتەکەیدا باسی لە کێشە سەرەکییەکانی ئێستای تورکیا کرد، کە یەکێک لەوانە کێشەی کوردە، باسی لەوە کرد کە پارتەکەی هەوڵ دەدات کێشەی کورد لە وڵاتەکەی چارەسەر بکات.

پارتی دەڤا
پارتی دیموکراسی و هەنگاو (دەڤا) لە ٩ی ئازاری ٢٠٢٠ لە شاری ئەنقەرە و لەلایەن عەلی باباجان وەزیری پێشوتری ئابووری تورکیاوە راگەیەندرا و خۆشی بوو بە سەرۆکی پارتەکە.

عەلی باباجان وەک داودئۆغڵو پەیمانی داوە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بکات، لە هەڵوێستێکیشیدا دژایەتی لابردنی سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپەی کرد و وتی نابێت سەرۆک شارەوانییەک لاببرێت کە بەدەنگی خەڵک ئەو پۆستەی وەرگرتووە و دەبێت دادگا بڕیار بدات.

رێکخستن لە باکور
هەردوو پارتەکە سەرەڕای شارە تورکییەکان لە ئێستادا لە شارە کوردییەکانیشدا دەستیان بە ئەنجامدانی رێکخستن و کۆکردنەوەی کوردەکان لە دەورووبەری خۆیان کردووە.

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم رێکخستنە ئامادەکارییانە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا، کە ئامانجیانە لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، ئەوانیش بتوانن دەنگی ژمارەیەکی بەرچاوی کوردەکان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.

شەڕی ئامەد
هەموو پارتە سیاسییەکانی تورکیا بە کوردی و تورکییەکانەوە هەمیشە شەڕ بۆ بردنەوەی ئامەد دەکەن، بردنەوەی ئامەد جگە لە رووە ئامارییەکەی کە گەورەترین شاری باکورە و گورەترین ژمارەی دەنگدەری هەیە، هێمای سەرکەوتنیشە دلە باکوری کوردستان، ئەوەی ئامەد دەباتەوە خۆی بە براوەی هەموو شارە کوردییەکان دەزانێت.

ئامەد کە دانیشتوانەکەی نزیکە لە دوو ملیۆن کەس، بە قەڵای پارتە کوردییەکان دادەنرێت و لە ئێستاشدا هەدەپە، ئامەد بۆ پارتی داد و گەشەپێدانیش بووە بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە باکوری کوردستان و نیوەی هەدەپە دەنگی هەیە لە شارەکەدا، لە رێگەی دەسەڵاتیشەوە ئاکپارتی لە ٦٥ سەرۆک شارەوانی ٤٦ سەرۆکیانی لابردووە و لە جێگەیان جێگرەوەی داناوە کە بە قەیوم ناسراوە.

رۆژ گیراسون بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ( Rawest) کە لە باکوری کوردستان لێکۆڵینەوە و راپرسی ئەنجامدەدات بە (DW)ی راگەیاند، پارتی دەڤای باباجان دەتوانێت دەنگی بەشێک لە دەنگدەرانی شارنشین و چینی ناوەندی باکور بەدەستبهێنێت کە پێشتر دەنگیان بە هەدەپە و ئاکپارتی داوە.

سەبارەت بە پارتی ئایندەی ئەحمەد داودئۆغڵوش باس لەوە دەکات، ئەم پارتە ئەگەر هەیە زیاتر دەنگی کەسانی پارێزگار و دینیی ناوچە کوردییەکان بەدەستبهێنێت.

باباجان یان داودئۆغڵو؟
گیراسون پێی وایە پارتی دەڤای عەلی باباجان لە ناوچە کوردییەکاندا بەختی زیاترە تاکو پارتی ئایندەی ئەحمەد داودئۆغڵو و چاوەڕوان دەکرێت دەنگی زیاتری کوردەکان بەدەستبهێنێت.

ئەو لێکۆڵەرە ئاماژە بە دابەشبوونی بەشێک لە دەنگەکانی هەدەپە دەکات و دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی عەقڵ و دڵیان لای هەدەپەیە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت بەشێک لە دەنگدەرانی هەدەپە بەرەو پارتی دەڤا هەنگاو بنێن و پشتیوانی بکەن، بەڵام ترسی مانەوەی هەدەپە لەژێر بەربەستی هەڵبژاردندا رەنگە وا بکات ژمارەی ئەو دەنگانەی لە هەدەپەوە دەچن بۆ دەڤا زۆر نەبێت.

عەبدوڵا گویل باباجان سەردەخات؟
چاوەڕوان دەکرا عەبدوڵا گویل لەگەڵ باباجاندا پارتێکی نوێ رابگەیەنن، بەڵام ئەمە رووینەدا، ئەوەی ئێستا چاوەڕوان دەکرێت رووبدات، پشتیوانیکردنی ئاشکرای گویلە لە باباجان و سەرخستنییەتی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، بەتایبەت لە ناوچە کوردییەکان.

گیراسون بەم جۆرە باس لە کاریگەریی گویل دەکات لە ناوچە کوردییەکان؛ گویل یادەوەری پڕۆسەی دیموکراسی لە سەردەمی پێشووی ئاکپارتی بەبیر هاوڵاتیانی کورددا دەهێنێتەوە.

دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە)، بەڵێنەکانی سەبارەت بە ئەنجامدانی شتی زۆر باش لە بابەتی کێشەی کورد لە ١١ مارتی ٢٠٠٩، بەکارهێنانی ناوی کوردی (نۆرشین) لەبری ناوی تورکی بۆ شارۆچکەی گویرۆیماک و سیاسەتە نەرمەکانی وەهایان کردووە کە گویل سیاسییەکی خۆشەویست و پەسەندکراو بێت لە باکوری کوردستاندا.

بەهۆی ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت گویل پشتیوانی لە پارتی دەڤا بکات، بۆیە ئەگەر زۆرە باباجان لە ناوچە کوردییەکاندا پێش داودئۆغڵو بکەوێت.

بەڵێنی پارتە نوێیەکان
پارتی دەڤا و ئایندە کە هەوڵ دەدەن دەنگی بەشێک لە دەنگدەرانی هەدەپە و ئاکپارتی بەدەستبهێنن، لە دوو ئاستدا هەوڵی بەدەستهێنانی سۆزی دەنگدەرانی کورد دەدەن، یەکەمیان گۆڕانکاری لە دەستور بۆ هاتنەئارای هاوڵاتییبوونی یەکسان و دووەمیشیان خوێندن بە زمانی دایک.

هەردوو پارتەکە کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێویستە کێشەی کورد لە رێگەی دەستورەوە چارەسەر بکرێت و گەرەنتی دەستوریی هەبێت.

ئەگەر هەیە لێکنزیکبوونەوەی ئاکپارتی و مەهەپە (پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست) لە بەرژەوەندی دەڤا و ئایندە بێت، چونکە بەبۆچوونی وەهاب جۆشکون لە قاکەڵتی یاسای زانکۆی دیجلە نزیکبوونەوەی و هاوپەیمانییەتی ئاکپارتی و مەهەپە کوردەکانی نیگەران کردووە، ئەم هۆکارە و کێشەی ئابووریش دەکرێت ببن بە دوو هۆکار رێژەی دەنگدەرانی ئاکپارتی لەناو کورد کەم بکەن.

قەیوم قەبوڵکراو نییە
جیهان ئویلسەن بەرپرسی پارتی دەڤا لە ئامەد رایدەگەیەنێت، لابردنی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان و دانانی قەیوم (جێگرەوە) لە شوێنیان مایەی قەبوڵکردن نییە.

ئویلسەن باس لەوەش دەکات کە هەدەپە و ئاکارتی هیچ بەڵێنێکی نوێیان نییە بە دەنگدەرانی ناوچە کوردییەکانی بدەن، پارتەکەیان هەوڵ دەدات کێشەکانی کورد چارەسەر بکرێت.

باس لەوەش دەکات، کوردەکان گومان و نادڵنیاییان هەیە سەبارەت بەوەی کە وەک هاوڵاتییەکی یەکسان تەماشا ناکرێن، نیگەرانن لەبارەی زمانی دایک و پێگەی کورد لە دەستوری وڵاتدا. ئەگەر لە دەستوردا ناسنامەی "تورکیایی" لەبری "تورک" دابنرێت، کوردەکانیش هەناسەیەک دەدەن.

زمانی کوردی
پارتی ئایندەی داودئۆغڵو جەخت لە بەکارهێنانی زمانی کوردی دەکاتەوە. ئایدن ئاڵتاچی بەرپرسی ئایندە لە شاری ئامەد باس لەوە دەکات خوێندن بە زمانی کوردی وەها دەکات کوردەکان پەیوەستییان بە دەوڵەتی تورکیاوە بەهێزتربێت.

ئایدن ئاماژە بەوەش دەکات کە پێویستە لەسەر دەوڵەت زمانی کوردی بکات بە زمانی خوێندن و لە دامەزراوە رەسمییەکانیشدا زمانی کوردی بەکاربهێنرێت.

ئاڵتاش جەختدەکاتەوە کە لەگەڵ گەیشتنیان بە دەسەڵات بە دڵنیاییەوە کێشەی کورد چارەسەر دەکەن، پارتی ئایندە وەک پارتێک کە کێشەی کورد چارەسەر دەکات و گۆڕانکاری لە دەستوردا دەکات ناوی دەچێتە مێژووەوە.