ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

08:44 - 15/07/2020

وردەکارییەکانی هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموز‌‌

پەیسەر

١٥تەموزی ٢٠١٦ گرنگترین رووداو لە سەدەی ٢١ی تورکیا روویدا، لەو شەوەدا هەوڵی کودەتا بەسەر حکومەتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا درا، دوای بەردەوامبوونی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک، هەوڵی کودەتاکە شکستی هێنا، بەمەش قۆناغێکی نوێ لە مێژووی تورکیا دەستیپێکرد و ئەردۆغانیش دەستی بە لاوازکردن و راوەدونانی ئەو کەسانە کرد بە ئەنجامدەری هەوڵی کودەتاکەی دەزانین.

دەستپێک
بارەگای فەرماندەیی گشتی یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی هەوڵی کودەتاکە، چونکە هەم کودەتاچییەکان دەیانەویست کۆنترۆڵی بکەن، هەم ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەران لە دەرەوەی بارەگاکە خۆپیشاندانیان دەکرد.

بەپێی راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی کودەتای ١٥ی تەموزی سەر بە پەرلەمانی تورکیا، دوای ئەوەی هەواڵی هەوڵی کودەتایەک دەگاتە دەزگای میت، لە کاتژمێر 16:03 خولەک جێگری راوێژکاری میت، لە کاتژمێر 16:30یش هاکان فیدان راوێژکاری میت دەگەنە بارەگای فەرماندەیی سوپا. لە بارەگاکە کۆبوونەویەکی گرنگ بە بەشداری هاکان فیدان، خوڵوسی ئاکار سەرۆکی فەرماندەیی گشتی ئەو کاتە، ساڵح زەکی چۆلاک فەرماندەی هێزە وشکانییەکان و یاشار گویلەر دووەمین سەرۆکی فەرماندەیی گشتی ئەنجامدرا.

لە دوای کۆبوونەوەکە خوڵوسی ئاکار فەرمانی کرد بە نەفڕینی فڕۆکە سەربازییەکان و نەجوڵانی تانکە سەربازییەکان و خۆشی چووە ژووری کارکردنەوە. ئاکار چۆلاکی رەوانەی فەرماندەیی ئاسمانیی و زەمینی کرد، تاکو کۆنترۆڵی بکات و لە هەر ئەگەرێک ئاگاداریان بکات.

بەپێی دۆسییەی ١٥ی تەموز، هەوڵی کودەتاکە لە کاتژمێر 20:30 دەستیپێکردووە.  ئەوەی زانراوە محەمەد دیشلی کە فەرماندەیەک بووە، بیری کردووەتەوە کودەتاکە لە کاتژمێر 03:00ی سەرلەبەیانی دەستپێبکات، بەڵام لە کاتژمێر 20:07 لە فەرماندەیی دەرچووە و چووەتەوە بۆ ماڵەوە، کاتژمێر 20:46  دیسان گەراوەتەوە بۆ بارەگا، ئیتر لەم کاتەوە هەوڵی کودەتاکە لەلایەن دیشلی، محەممەد پارتیگوێچ، ئۆرهان یکڵکان و رەمەزان گوێزەلەوە سەرپەرشتیکراوە و بەڕێوەبراوە.

کاتژمێر 21:00 دیشلی دەچێتە ژوورەکەی خوڵوسی ئاکار (کە ئێستا وەزیری بەرگری تورکیایە) و پێی دەڵێت، :فەرماندەم، ئۆپراسیۆن دەستپێدەکات، هەمووان دەبەین، سەربازەکان، ئەفسەرەکان و فەرماندەکان دەستیان بە ئەرکەکانیان کردووە، کەمێکی دیکە دەیبینن."، بەم جۆرە هەواڵی کودەتاکەی بە ئاکار داوە و لە ژوورەکە چووەتە دەرەوە.

٢٠ خولەک دواتر پاسێکی پڕ لە کارمەند لە فەرماندەیی هێزە تایبەتەکانەوە دەگاتە فەرماندەیی گشتی، لەم کاتەدا یاشار گویلەر لە ژوورەکەیدا دەستگیردەکرێت. لەو کاتەدا کە محەممەد ئاککورت دەیەوێت یاشار گویلەر بە دەستگیرکراویی ببات بۆ بنکەی سەربازیی ئاکنجی، محەممەد رەشید بوداک بە دەمانچەکەی تەقە لە ئاککورت دەکات و دەیکوژێت، بەم جۆرەش ئاککورت دەبێت بە یەکەم کوژراوی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەموز و یەکەم کودەتاچی گومانلێکراوی کوژراو.

لە هەمان ئەو کاتەدا، چۆلاک کە لەلایەن ئاکارەوە نێردرابوو بۆ فەرماندەیی ئاسمانیی، تەلەفۆن بۆ ئاکار دەکات، بەڵام ئەفسەرێک بە ناوی لەڤەنت تورکان وەڵام دەداتەوە و دەڵێت، "سەرۆکی فەرماندەیی گشتیی چاوەڕوانە" و داواش لە چۆلاک دەکات بگاتە فەرماندەیی گشتی. کە چۆلاک دەگاتە فەرماندەیی لەبەردەم کودەتاجییەکاندا خۆی دەبینێتەوە و هێرش دەکەنە سەری، کە پاسەوانە تایبەتەکەی چۆلاک وەڵام دەداتەوە لەلایەن کودەتاچییەکانەوە دەکوژرێت، بەمەش ئایدن بوو بە یەکەم کوژراو بە دەستی کودەتاچییەکان.

بۆ ماوەیەکی کاتیی فەرماندەیی گشتی دەکەوێتە دەست کودەتاچییەکان، دواتریش لە بنکەی ئاسمانی ئاکنجییەوە یەکەم فڕۆکە فڕی و بە نزمییەکی کەمەوە بەسەر ئاسمانی ئەنقەرەدا دەفڕی. هەر لەم کاتەدا ئاکار، گویلەر و چۆلاک بران بۆ بنکەی ئاکنجی.

دواتر ژمارەیەکی زۆری خەڵک لەبەردەم فەرماندەیی گشتیدا کۆدەبنەوە و هەندێکیان دەچنە ناو فەرماندەییەوە، دواتر فڕۆکە لەو کەسانە دەدات کە لە دەرەوە و ناوەوەی فەرماندەیی کۆبوونەتەوە، ژمارەیەکیان دەکوژرێن و بەشێکیشیان بریندار دەبن.

کودەتاچییەکان دوای چەند کاتژمێرێک لە هەوڵەکەیان، لە کاتژمێر 09:40 خولەکی رۆژی دواترەوە دەست بە خۆڕادەستکردن دەکەن، ئەو سەربازانەشی بەهۆی بەشدارینەکردنیان لە کودەتاکە لە ناو فەرماندەیی دەستیان بەسترابووەوە، ئازادکران.

ئاکار بەم جۆرە باس لەو شەوە دەکات؛
کەسێک هاتە ژوورەکەم، لە کاتەدا ویستم هەستم لەسەر کورسییەکەم، بەڵام پاڵی پێوەنام و داینیشاندمەوە، کەسێکیش لە دواوە خاولییەکی لە دەم و لوتم پێچا و نەیهێشت هەناسە بدەم، کە بەدەستم ویستم خاولییەکە لێبکەمەوە بە کەلەپچەیەکی پلاستیکی دەستیان بەستمەوە، دەستم بە جوڵە و هاوار کرد و داوای کرددنەوەی کەلەپچەکەم کرد، پێم وابێت بە فەرمانی محەممەد دیشلی کەلەپچەکەیان کردمەوە، وەک فەرماندەیەک باسی ئەوەم بۆ کردن کە تورکیایان بە دەردی سوریا و میسر بردووە و وڵات لە شەڕی باڵکان خراپتری بەسەر هاتووە.

ئاکنجی؛ ناوەندی بەرێوەبردنی کودەتا
بنکەی ئاسمانی ئاکنجی ناوەندی بەرێوەبردنی هەوڵی کودەتاکەی ١٥ تەموز بوو، بنکەکە کەوتووەتە شارۆشکەی کازان کە ٣٥ کیلۆمەتر لە ناوەندی ئەنقەرەوە دوورە. ئەو فەرماندە و پلە باڵایانەی دژی کودەتاکە وەستانەوە بۆ ئەم بنکەیە گواسترانەوە.

دەستگیرکراوەکان دەهێنران بۆ ئەم بنکەیە و بەشێکی زۆری ئەو فڕۆکانەش لە هەوڵی کودەتاکەدا بەشداربوون ئەم بنکەیان بەکارهێنا. ئەو بەرپرسە باڵایانەشی لە ئیستانبوڵ دەستگیرکران هەر بۆ ئەم بنەکەیە دەهێنران.

یەکێک لەو کەسە دیارانەی تۆمەتبارە بە بەرێوەبردنی کودەتاکە ئاکن ئۆزتورکە کە ئەندامی پێشووی شورای باڵای سەربازی بووە، بەپێی دۆسیەی ١٥ی تەموز، لە دوای فەتحوڵا گویلەن، ئۆزتورک کەسی ژمارە دووی کودەتاکە بووە و بە دریژایی شەوی کودەتاکەش هەوڵی داوە خوڵوسی ئاکار قایل بکات بەشداری کودەتاکەیان بکات و فەرماندەییان بکات.

 یەکێکی دیکە لە کەسە دیارەکان کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی کودەتاکە، عادل ئۆکسوزە کە لە دۆسییەکاندا بە "ئیمامی هێزە ئاسمانییەکانی بزوتنەوەی گویلەن" ناوی هاتووە. ئۆکسوز دەڵێت لە ١٥ تەموز بۆ سەیرکردنی زەوییەکانی رۆیشتووە بۆ کازان، زانیارییەکانیش ئەوە دەخەنەڕوو کە ئۆکسوز لە ماوەی حەوت مانگدا تاکو ١٥تەموز ١٢ جار سەردانی ناوچەکانی نزیک لە بنکەی ئاسمانی ئاکنجی کردووە.

بەپێی دۆسییەی بنکەی ئاکنجی، ئۆکسوز لەگەڵ کەمال باتماز و هارون بینیش سەردانی ناوچەیی نزیک لە بنکە ئاسمانییەکەیان کردووە. (کەمال باتماز و ئۆکسوز چوار رۆژ پێش کودەتاکە و لە ١١ی تەموزدا بە فڕۆکەیەک دەچنە ئەمریکا و دوو رۆژ دواتر بە هەمان فڕۆکە دەگەڕێنەوە.)

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی هەوڵی کودەتاکەدا، بەشێک لە دانیشتوانی کازان لە بەردەم بنکەکەدا کۆبوونەوە، بەهۆی گولەی سەربازەکانی بنکەکەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا و چەند هاوڵاتییەکی دیکەش بریندار بوون.

دوای ئەوەی کودەتاچییەکان بۆیان دەرکەوت کودەتاکە بەرەو شکست دەچێت، خوڵوسی ئاکاریان لە بنکەکە گواستەوە بۆ شوێنێکی دیکە، محەممەد دیشلیش کە لە تۆمەتبارە دیارەکانی کودەتاکە بوو، بە هەلیکۆپتەرێک لە بنکەکەوە بەرەو کۆشکی ئەنجومەنی وەزیران لە چانکایە رۆیشت. بەپێی دۆسییەی پەرلەمانیش لە کاتژمێر 10:41 خولەکی ١٦ی تەموزەوە، کودەتاچییەکان دەستیان بە چۆڵکردنی بنکەی ئاکنجی کرد.

میت و هەوڵی کودەتاکە
دوای ئەوەی کەسێک دێتە بارەگای میت و زانیاری لەبارەی هەوڵی کودەتاکەوە دەدات، دەزگای میت دەکەێتە جوڵە و خودی هاکان فیدان دەست بە پەیوەندییەکانی دەکات. پەیوەندی بە یاشار گویلەر دەکات و زانیاریی پێدەدات، دواتریش دەچێت بۆ فەرمادەیی گشتی.

دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی کودەتاکە، لە کاتژمێر 22:38 خولەک هەلیکۆپتەرەکانی کودەتاچییەکان تەقە لە بارەگای میت دەکەن لە ناوچەی یەرلەشکەسی یەنی ماهالەی شاری ئەنقەرە، تاکو بەرەبەیان نزیکەی پێنج جار تەقە لەم بارەگایە کراوە، بەهۆی بەرگری کارمەندەکانی میتەوە کە تەنیا چەکی سوکیان پێبووە، ئەو فڕۆکەیە نەیتوانیوە لە بارەگاکە بنیشێتەوە کە بۆ بردنی هاکان فیدان راوێژکاری میت هاتبوو.

کودەتا و پەرلەمانی تورکیا
لەو کاتەدا هەوڵی کودەتاکە بەردەوامیی هەبوو، کاتژمێر 01:39 خولەک ئەنجومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا کرایەوە، بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکان هاتنە نێو پەرلەمان. کاتژمێر 02:42 خولەک بۆردومانی پەرلەمان کرا، چەند کارمەندێکی پەرلەمان بریندار بوون. دوای حەوت خولەک هێرشێکی دیکە کرایە سەر پەرلەمان.

هەوڵێکی دابەزینی سەرباز بۆ پەرلەمانی تورکیا شکستی هێنا، دوای ئەم هەوڵە هێزی پشتیوانی رەوانەی پەرلەمان کرا. کاتژمێر 03:24 خولەک جارێکی دیکە بۆردومانی پەرلەمان کرا. پەرلەمانتارەکان کە چووبوونە ژێر زەمینی پەرلەمانەوە، تاکو رۆژ بووەوە نەیانتوانی بێنە دەرەوە.

راگەیاندنی کودەتا لە تەلەفیزیۆنەوە
کاتژمێر 22:00 گروپێک لە کودەتاچییەکان بۆ راگەیاندنی کودەتاکە روویان لە تەلەفیزیۆنی TRT  کرد و دەستیان بەسەر باڵەخانەی تەلەفیزیۆنەکەدا گرت.

کاتژمێر 00:05 خولەکی نیوەشەو کودەتاچییەکان بە زۆر راگەیەندراوی کودەتاکەیان بە تیژەن کاراشا بێژەری ناسراوی TRT  خوێندەوە. کاتێک دامەزراوەی تورکسات پەخشی TRTی راگرت، کودەتاچییەکان پەلاماری دەزگای تورکساتیان دا.

پاش خوێندنەی راگەیەندراوی کودەتاکە، ژمارەیەک کەس لە دژی کودەتاکە لەبەدەم باڵەخانەی تەرەتە کۆبوونەوە و پاش چەند کاتژمێرێک توانرا پەخش بگەڕێنرێتەوە.

ئیستانبوڵ؛ کودەتا بەسەر پردەکانەوە
تەلەفیزیۆنەکانی تورکیا دیمەنی هەردوو پردی بۆغازچی و فاتیح سوڵتان مەهمەتیان دەگواستەوە کە داخرابوون، لەم ساتەوە واتە لە کاتژمێر 22:00وە کۆبوونەوەی خەڵک لە دژی کودەتاکە لە سەر لاکەی دیکەی پردەکان دەستیپێکرد.

پاش ماوەیەک سەربازەکانی سەر پردی بۆغازچی دەستیان بە تەقەکردنی پچڕ پچڕ کرد، سەرلەبەیانی تانکێک تەقەی لە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس کرد، بەپێی راپۆرتەکانی پەرلەمانی تورکیا، لەو شەوەدا لەسەر پردەکە ٣٤ کەس کوژران کە دوانیان پۆلیس بوون و ٣٢ کەسەکەی دیکە هاوڵاتی مەدەنی بوون. لەسەر پردی فاتیح سوڵتان مەهمەتیش سێ کەس گیانیان لەدەستدا.

کاتژمێر 06:40 خولەکی بەیانی ئەو سەربازانەی کۆنترۆڵی پردی بۆغازچییان کرد خۆیان رادەستکرد و لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کران. بەشێک لە خۆپیشاندەرانی دژ بە کودەتاکە هەوڵیاندا چەند سەربازێک لەسێدارە بدەن.

ئەردۆغان و کودەتاکە
شەوی ١٥ی تەموز رەجەب تەیب ئەردۆغان و خێزانەکەی لە هۆتێلی Grand Yazıcı Club Turban بوون لە مارماریسی سەر بە پارێزگای موغڵا.

ئەردۆغان پاش گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک وتی، "وەک دەزانن بە داخەوە لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە جوڵەیەک لەناو هێزە چەکدارەکانماندا روویدا." دوای چەند رۆژێکیش باسی لەوە کرد، "ئەو شەوە کاتژمێر 20:00 هەواڵەکەم پێگەیشت کە لە هەندێک ناوچە پێشهات روویداوە."

کاتژمێر 00:28 خولەک ئەردۆغان لە رێگەی پڕۆگرامی Facetime راستەوخۆ لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن تورک قسەی کرد و داوای لە خەڵک کرد دژی کودەتاچییەکان بڕژێنە سەر شەقامەکان.

ئەردۆغان کاتژمێر 01:15 خولەک بە هەلیکۆپتەر مارماریس بەجێدەهێڵێت و دواتریش بە فڕۆکە روو لە ئیستانبوڵ دەکات، ئەردۆغان دواتر ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر ١٥ خولەک زیاتر لە مارماریس بمایەتەوە دەکوژرا.

بەم جۆرە کۆتایی بە هەوڵی کودەتای ١٥ی تەموزی ٢٠١٦ هێنرا، حکومەتی تورکیا فەتحوڵا گویلەن و بزوتنەوەی خزمەتی بە ئەنجامدەری کودەتاکە تۆمەتبار کرد، دەیان هەزار ئەندامی بزوتنەوەکە لەلایەن حکومەتەوە دەستگیرکران و ژمارەیەکی زۆریش لە کارەکانیان دوورخرانەوە.

حکومەتی تورکیاش چەند جارێک داوای رادەستکردنەوە گویلەنی لە ئەمریکا کرد، بەڵام ئەمریکا سەرجەم ئەو داوایانەی رەتکردەوە و گویلەنی رادەستنەکردەوە.