ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:55 - 01/01/2019

دیجلە و فوڕات دوو ڕووباری جەنگ یان دوو ڕووباری ئاشتی؟‌

پەیسەر

کۆتایی هاوینی رابردوو کۆمەڵێک پسپۆڕ و شارەزای عێراقی لە ئەستەنبوڵ کۆبوونەوە بۆ ئەوەی تورکەکان تێبگەیەنن لە نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە قەیرانی ئاو، ئەوان نیگەران بوون ئەزمونی سوریا لە عێراق دووبارە ببێتەوە.
بە تەواوبوونی بەنداوی ئاتاتورک لە سەر روباری فورات کە گەورەترین بەنداوی پڕۆژەی گاپە، قەیرانێکی گەورە بەرۆکی سوریای گرت، بەهۆی کەم ئاوییەوە بەشێکی بەرچاوی زەوییە کشتوکاڵییەکانی نزیک لە روباری فورات لە سوریا لەناوچوون، زیاتر لە ٨٠٠ هەزار گوندنشین ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ شارە گەورەکان و لە پەراوێزی شارەکان نیشتەجێ بوون، زۆربەی ئەم کۆچبەرانە هەژار و کەمداهات بوون، حکومەتی سوریا نەیتوانی هەلی کار و خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکات.

بە بۆچوونی هەندێک لە شارەزایانی دۆخی سوریا لە قەیرانی سوریا لە ساڵی ٢٠١١دا ئەم گروپە کۆچبەرە هەژارە پەراوێزخراوە توڕەیە رۆڵێکی سەرەکیان هەبوو لە قوڵبوونەوەی قەیرانی سوریا، چونکە گروپە توندڕەوەکان بە ئاسانی توانیان لەناو ئەم گروپە کۆمەڵایەتییەدا پێگەی جەماوەری بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن. 

شارەزا عێراقییەکانیش نیگەرانن هەمان ئەزمون لە عێراقدا دووبارە بێتەوە بە تایبەت دوای ئەوەی لە سەرەتای پاییزی ٢٠١٨وە حکومەتی تورکیا بۆ پڕکردنەوەی بەنداوی ئەلیسۆی ئاوی روباری دیجلەی گرتەوە.

بەنداوی ئەلیسۆی دەکەوێتە باکوری کوردستان لەنێوان شارەکانی جزیرە و باتمان و لە سەر ڕووباری دیجلە دروست کراوە، وەک تورکەکان دەڵێن ئامانجی سەرەکی لە دروست کردنی ئەم بەنداوە، بەرهەمهێنانی وزەی کارەبایە.

ئەلیسۆی نۆزدەیەمین بەنداوە کە تورکیا لە سەر ڕووبارەکانی دیجلە و فوڕات دروستی کردووە، ئەم کۆمەڵە بەنداوە بەشێکن لە پڕۆژەی گەشەپێدانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ ( گاپ)، بەشێکی بەرچاوی بودجەی ئەم پڕۆژەیە لەلایەن بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی نێودەوڵەتی دراوەوە دابین کراوە. 

تورکەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە سڕینەوەی نایەکسانیی ئابوری ناوچەکەیە و ئەم بەنداوانە دەورێکی سەرەکی  هەیە لە زیادکردنی داهات و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی خەڵک و گەشەسەندنی کشتوکاڵ و کۆنتڕۆڵکردنی لافاوەکاندا، جگە لەوانەش پڕۆژەی گاپ بەر بە کۆچکردنی خەڵکی ناوچەکە دەگرێت.

بەڵام لە بەرامبەردا نەیارانی پڕۆژەکە پێیانوایە ئەم پڕۆژەیە جگە لە کاریگەرییە وێرانکەرەکانی لە سەر ژینگە، زیانێکی گەورەی بە شوێنەوارە مێژووییەکانی ناوچەکانی باکوری کوردستان گەیاندووە، لەوانە شوێنەواری مێژوویی حەسەن کێف، کە بە وتەی نەیارانی پڕۆژەکە یەکێک لە ئامانجەکانی تورکیا سڕینەوەی ناسنامەی کلتووری ناوچەکەیە.

  جگە لەوەش هەر بە وتەی نەیارانی پڕۆژەکە لەناوخۆی تورکیا، پڕۆژەی گاپ نەک تەنیا رێگر نەبووە لەبەردەم کۆچکردنی خەڵکی ناوچەکە، بەڵکو بەهۆی ژێرئاوکەوتنی گوندەکان بە سەدان هەزار هاوڵاتی کورد ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ شارە گەورەکانی تورکیا، هەروەها خەڵکی ناوچەکە سودمەند نەبوون لە پڕۆژەکە و حکومەتی تورکیا تورکی ناوچەکانی دیکەی هێناوە لەو ناوچانە نیشتەجێی کردوون و لەم رێگەیەوە هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە کوردییەکانی داوە.
بەشێک لە شارەزایانی سیاسەتی ئاو پێیانوایە ئامانجی سەرەکی تورکیا لە دروستکردنی بەنداوەکان بۆ فشارخستنە سەر وڵاتانی دراوسێ بووە، بە جۆرێک تورکیا هەرکاتێک لەلایەن عێراق و سوریاوە ڕووبەڕووی مەترسییەک ببێتەوە، ئەوا دەتوانێت بە کارتی ئاو هەڕەشەیان لێ بکات.

کاتێک لە مانگی حوزەیرانی رابردوو بۆ پڕکردنەوەی بەنداوی ئەلیسۆی تورکیا ئاوی دیجلەی گرتەوە، نیگەرانی باڵی بەسەر عێراقدا کێشا، دوای ناڕەزایی دەربڕینی حکومەتی عێراق، تورکیا رایگەیاند پڕکردنەوەی بەنداوەکە دوادەخات بۆ وەرزی پاییز.
نیگەرانیی لە دروستکردنی بەنداو لە سەر ڕووبارە هاوبەشەکان لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە، بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە و گوڕانکاریی لە دۆخی کەش و هەوا و کەمبوونەوەی ئاستی بارانبارین و گەرمبوونی هەوا ئەم نیگەرانیانەی زیاتر کردوە.
تورکەکان دەڵێن بەنداوی ئەلیسۆی، هیچ زیانێک بە عێراق ناگەیەنێت، بەڵام چالاکانی ژینگە و پسپۆڕانی سیاسەتی ئاو ئەو قسەیە بە ڕاست نازانن.

بە وتەی شارەزایانی بوارەکە، دروستکردنی یەک لە دوای یەکی بەنداوەکان لە لایەن تورکیاوە و هەروەها دیارەدی وشکەساڵی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لە ٩٠٠ ساڵی ڕابردوودا هاوشێوەی نەبینراوە، بووتە هۆی ئەوەی ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فوڕات لە عێراق بە ڕێژەی ٤٠% دابەزێت.

 

محەمەد دەروێش، چالاکی ژینگە لە ئێران دەڵێت سیاسەتی بەنداو دروستکردن لە تورکیا کاریگەریی نەرێنی  لە سەر هەموو ناوچەکە داناوە.

دەروێش لە لێدوانێکیدا بۆ پەیسەرپرێس دەڵێت بڕی ئاوی پاشەکەوتکراوی دیجلە و فورات لە بەنداوەکانی تورکیا زیاتر لە ١٢٠ ملیار مەتر سێجایە، ئەمە لە کاتێکدایە کە داهاتی ئاوی ساڵانەی ئەم دوو ڕووبارە دەگاتە ٤٧ میلیار مەتر سێجا.

نەزیر ئەنساری، کە پسپۆڕێکی سیاسەتی ئاوە و لە کۆبوونەوەکەی ساڵی رابردووی ئەستەنبوڵ بەشداربووە دەڵێت " ڕاپۆرتەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و بانکی جیهانی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر تورکیا و سوریا، سەرجەم پڕۆژەکانی خۆیان لە سەر دیجلە و فوڕات بە ئەنجام بگەیەنن، بە لەبەرچاوگرتنی کەمبوونەوەی ئاستی بارانبارین و گەرمبوونی زەوی، ئیتر هیچ ئاوێک بۆ عێراق نامێنێتەوە."

بە وتەی ئەنساری ٨٠% سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێنرێت و دیجلە و فوڕات سەرەکیترین سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاوی کشتوکاڵن.

بەڵام تورکەکان پێیانوایە نابێت وڵاتانی دیکە لە سیاسەتی ئاوی تورکیا نیگەران بن، دورسون یڵدز، سەرۆکی ئاکادیمیای هایدرۆپۆلەتیک لە تورکیا، پێیوایە ئەو راپۆرتانەی سەبارەت بە مەترسییەکانی بەنداوی ئەلیسۆی بڵاو دەکرێنەوە ئامانجی سیاسیان لە پشتەوەیە و دەڵێت ئەم بەنداوە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دروستکراوە و هەر کاتێک پڕئاو بوو ئەوە بەردانەوەی ئاوی دیجلە دەگەڕێتەوە دۆخە ئاساییەکەی پێشوو. 

یڵدز بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند پاشەکەوتکردنی ئاو لە بەنداوەکانی تورکیا لە بەرژەوەندی هەموو وڵاتانی ناوچەکەدایە، چونکە ئاوی پاشەکەوتکراو لە بەنداوەکانی تورکیا لەکاتی وشکەساڵیدا کەڵکی لێ وەردەگیردرێت و ئەم ئاوە پاشەکەوتکراوە بۆ سەرجەم ناوچەکە گرنگە.

بە وتەی یڵدز لە کاتێکدا بە فیڕۆدانی سەرچاوە ئاوییەکان لە عێراق بە هۆی بەڕێوەبەردنی خراپ و شێوازە کلاسیکیەکانی ئاودێری لە ئاستێکی بەرزدایە، لەڕێی ئاوی پاشەکەوتکراوی بەنداوەکانی تورکیاوە، دەتوانرێت لەکاتی پێویستدا ئاوی عێراق دابین بکرێت.
بەڵام هەمووان لەگەڵ ئەم بۆچوونە کۆک نین، ساڵح موختار، پارێزەری نێودەوڵەتی تایبەتمەند لە ناکۆکییەکانی ئاو، پێیوایە کاریگەریی سیاسەتەکانی  تورکیا بە شێوەیەکی ئاشکرا لە باشوری عێراق دەبینرێت، ئاوی باشوری عێراق سوێر بووە و کاریگەری خراپی لە سەر خاک و کوالێتی ئاوەکە داناوە.

وشکبوونی زۆنگاوەکانی باشووری عێراق یەکێکترە لە دەرەنجامەکانی  کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات، لەناوچوونی زۆنگاوەکان کە دەورێکی گرنگی هەیە لە ژیانی دانیشتوانی ناوچەکە، مەترسیشی بۆ سەر ئێران دروست کردووە.
هورالحویزە یان زۆنگاوی حەویزە یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین زۆنگاوە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران، زۆنگاوەکە دوای وشکبوونی  لە ساڵانی ڕابردوودا، بووەتە سەرچاوەی خۆڵبارین. 

محەمەد دەروێش دەڵێت زۆربوونی دیاردەی خۆڵبارین لە ساڵانی رابردوودا ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئیکۆسیستەمی ناوچەی نێوان دوو ڕووبارەکە گۆڕانی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە کە ئەگەر سەرنج بدەین جگە لە پڕۆژەی گاپ نەبێت هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆ لەم ساڵانەی دواییدا لە ناوچەکە ڕووینەداوە تا بووبێتە هۆکاری گۆڕینی ئیکۆسیستەمی ناوچەکە.

هەندێک لە شارەزایانی عێراقی پێیانوایە جگە لە تورکیا، لە ئێرانیش پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو لە سەر ڕووبارەکانی کارون و کەرخە و وشککردنی هەندێک لە زۆنگاوەکان لەلایەن ئێرانەوە بە مەبەستی لێدانی بیری نەوت، کاریگەری خراپیان لە سەر ژینگەی ناوچەکە داناوە.

ساڵح موختار لەمبارەیەوە لە لێدوانێکیدا بۆ پەیسەرپرێس دەڵێت ئێران و تورکیا سیاسەتێکی هاوشێوەیان هەیە، تەنیا جیاوازییەکە ئەوەیە بڕی ئەو ئاوەی  لە ئێرانەوە دەڕژێتە عێراق، کەمترە لەوەی لە تورکیا دێتە عێراقەوە، ئێران رژانی ئاوی ڕووبارە هاوبەشەکانی بۆ ناو عێراق بە تەواوی داخستووە، کەچی تورکیا هێشتا بە تەواوەتی ئاوی دیجلە و فوراتی دانەخستووە بەسەر عێراقدا، ئەو ڕێژە کەمە ئاوەش کە ئێران بەریداوەتەوە بۆ عێراق زۆر سوێرە.

 بە وتەی ساڵح موختار ئێران دەورێکی سەرەکی هەبووە لە وشکبوونی زۆنگاوەکانی باشووری عێراق و هەروەها لە کەمکردنەوە و داخستنی ئاو بە سەر هەرێمی کوردستان و عێراقدا.

لە عێراق جگە لەوەی لە ساڵانی رابردوودا چەندین میلیار مەتری سێجا ئاوی لە کیس چووە، بەڵکوو بە پێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، مەترسی ئەوە هەیە  ڕووبارەکانی دیجلە و فوڕات تا ساڵی ٢٠٤٠ بە تەواوی وشک ببن،  ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان، ئەنجومەنی عەرەبیی ژینگە و ڕێکخراوی گەشە و ڕێکخستنی ئاوی ئەورووپاش لە ڕاپۆرتەکانیاندا جەخت لەوە دەکەنەوە کە دیجلە بەرەو وشکبوونی یەکجارەکی دەچێ.

یەک لە کێشە هایدرۆپۆلەتیکییەکانی عێراق ئەوەیە، هەر سێ وڵاتی تورکیا، ئێران و سووریا بە سەر زیاتر لە ٨٥% ئەو ئاوانەدا زاڵن کە دەڕژێنە نێو خاکی عێراقەوە، لە بواری سیاسیشدا نەبوونی پەیمان‌نامە و جاڕنامەی نێودەوڵەتی کە مافی  وڵاتانی دراوسێ بۆ بەکارهێنانی ئاوی ڕووبارە هاوبەشەکان مسۆگەر بکات و هەموو لایەنەکان پابەند بکات پێوەی، کێشەکەی دوو هێندەی قورستر کردوە.

قەیرانی ئاو ئێستا هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە،  پاریزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەهۆی  بەنداوەکانی تورکیا و ئێرانەوە ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک هەست بە قووڵبوونی قەیرانەکە دەکەن، هەربۆیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە هەست بە پێویستیی هاوکارییەکی ناوچەیی دەکرێت لەنێوان ئەم وڵاتانەدا بۆ دۆزینەوە و گرتنەبەر ڕێکاری پێویست.

دوورسون یڵدز بە ئاماژەدان بە دانووستانە بێ‌ئەنجامەکانی نێوان تورکیا، سووریا و عێراق لە ساڵانی ‌هەشتاکاندا  دەڵێت: ئەم ڕووبارانە دەتوانن ببنە ڕووباری ئاشتی، ئەگەر بێتو ئەو وڵاتانە تێگەیشتنێکی هاوبەشیان بۆ ئاو هەبێت.

ئەم قسانەی یڵدز لە حاڵێکدایە کلیلی چارەسەرکردنی ئاوی ناوچەکە ئێستا بەدەست تورکیاوەیە، بەڵام ئایا ئەم وڵاتە لە داهاتووی قەیرانی ‌ئاوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیەوێت چۆن ڕۆڵ ببینێت، ئایا وەک دەوترێت تورکیا ئاو وەک کارتێکی فشار لەسەر دراوسێکانی بەکار دەهێنێت کە ئەمەش ئەگەری شەڕوئاڵۆزی بەهێزتر دەکات، یان ئەوەی وەک تورکەکان دەڵێن تورکیا دەیەوێت بە ئاوی پاشەکەوتکراو لە بەنداوەکانیدا لە کاتی قەیرانی ئاودا یارمەتی دراوسێکانی بدات و ئاشتی ناوچەکە مسۆگەر بکات.