ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:40 - 18/07/2020

بەشار ئەسەد؛ ٢٠ ساڵ فەرمانڕەوایەتی لەنێو خوێن و ئاگردا‌

پەیسەر

٢٠ ساڵ بەسەر دەسەڵاتی سەرۆکی یەکێک لە دەوڵەتە هەرە شڵۆق و ناسەقامگیرەکانی جیهاندا تێدەپەڕێت، بەشار ئەسەد؛ ئەو پیاوەی مردنی براکە  گەورەکەی بوو بە سەرەتای ژیانی سیاسیی و فەرمانڕەوایی ئەو، ژیانێک کە هیچ سەرۆکێکی دنیا ئاواتی پێناخوازێت، بەتایبەت ١٠ ساڵی رابردوو، کە وڵاتەکەی لەنێو ئاگر و شەڕی خوێناویدا بووە.

ئەو مەرگەی دەسەڵاتی بە ئەسەد بەخشی
حافز ئەسەد پیاوە ئاسنینەکەی سوریا، لە ساڵی ١٩٧١ەوە سەرۆکی سوریا بوو، تا ئەو کاتەی لەساڵی ٢٠٠٠ گیانی لەدەستدا، هەر لەو ماوەیەدا سکرتێری گشتی حزی بەعسیش بووە، ساڵێک پێش ئەوەش واتە ١٩٧٠ بۆ ١٩٧١ سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی بووە.

کوڕە گەورەکەی ئەسەد کە بەسیل ئەسەد بوو، چاوەڕوان بوو دوای باوکی ببێت بە سەرۆکی سوریا، بەڵام مەرگێکی لەناکاو ئەم خەونەی لەناوبرد، بەسیل ئەسەد لە ساڵی ١٩٩٤ و لە تەمەنی ٣١ ساڵیدا بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا. بەم جۆرە کورسی سەرۆکایەتیی وڵات بۆ بەشار ئەسەد مایەوە.

سەرۆکێکی گەنج
دوای مردنی باوکی بەشار ئەسەد لە تەمەنی ٣٤ ساڵیدا، لە ١٧ تەموزی ٢٠٠٠ سوێندی یاسایی خوارد و بوو بە سەرۆکی سوریا.

ئەم سەرۆکە لای بەشێک لە سورییەکان خۆشەویست بوو، بەڵام بەشێکیش لە خەڵکی ئەو وڵاتە بە کەسێکی ستەمکار، زۆردار، خوێنڕێژ و دیکتاتۆر ناوی دەبەن.

بەشار ئەسەد وا وەسف دەکرێت کە لە باوک و براکەی کەمتر سەرکەش بووە و لەگەڵ فەرمانڕەواییەکی هێمن و ئارامدا بووە، لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا پزیشکی خوێندووە و بووە بە پزیشکی چاو.

لەگەڵ دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا بەهاری شام دەستیپێکرد، کە تێیدا وڵات زیاتر بەرەو دیموکراسیی و کرانەوە رۆیشت، بۆیە چاوەڕوان دەکرا داهاتووی سوریا لەگەڵ بەشار ئەسەد رووناکتر بێت و مافەکانی مرۆڤیش زیاتر بن.

کوڕی ستەمکاری
کریستین هێڵبێرگ رۆژنامەنووس و نووسەری تایبەتمەند لە بارودۆخی سوریا بەپێچەوانەی ئەوانەی ئومێدیان بە بەشار ئەسەد بوو، بیریدەکردەوە و ئێستاش سورە لەسەر بیرکردنەوەکانی.

هێڵبێرگ لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ (DW) دەڵێت، بەشێکی زۆر لە سیاسییەکانی رۆژئاوا و ناوخۆی سوریاش لەبارەی ئەوەی کە بەشار ئەسەد لەبەرئەوەی لە رۆژئاوا خوێندوویەتی جێگای ئومێدە، کەوتنە هەڵەوە.

هیڵبێرگ باس لەوە دەکات، "بەشار ئەسەد ریفۆرمخواز نییە، ئەسەد خۆی بە مۆدێرن دەبینی، بەڵام ئەم کەسە ئامادە نەبوو لەو جۆرە دەسەڵاتە دووربکەوێتەوە کە باوکی پەیڕەوی دەکرد و نەشیدەتوانی ئەو کارە بکات، ئەسەد کوڕی ٥٠ ساڵ لە رژێمی داپڵۆسێنەر و فەرمانڕەوای چەتەیی بوو، ئێستا هەر بەو جۆرەیە."

بەزییت پێیاندا نەیەتەوە
خێزانی بەشار ئەسەد بەردەوام گومانیان لە دەورووبەرەکەیان کردووە، دڵنیا بوون کە دوژمنەکانیان لێیانەوە نزیکن و دەبێت بەردەوام ئاگایان لە خۆیان بێت. یەکێک لەو رووداوانە ئەوە بوو کە بەشار ئەسەد کاتێک گەنج بووە، لەلایەن شۆفێرێکی خێزانەکەیانەوە هەوڵی کوشتنی دراوە، بۆیە لەو کاتەوە زۆرتر ئاگاداری خۆیانن و گومان دەکەن.

ئەم رووداوە کە ژیانی بەشار ئەسەدی خستە مەترسییەوە، وای لەم خێزانە کرد گومان لە هەموو کەسێک بکەن، بۆیە باوکی لە یەکێک لە ئامۆژگارییەکانیدا بە ئەسەدی کوڕ دەڵێت، "دەبێت لە هەموو شوێنێک بۆ خیانەتکارەکان بگەڕێن، لە کوێ ئەوانت دی سەرکوتیان بکە و بەزەییت پێیاندا نەیەتەوە."

حافز ئەسەد خودی خۆی لە سەرەتای دەسەڵاتەکەیەوە لە سەرەتای حەفتاکان تاکو کۆتایی دەسەڵاتەکەی لە دوو هەزاردا ئەم ئامۆژگارییەی بۆ کوڕەکەی کرد جێبەجێیکردبوو، ئەمەش وایکرد سوریا بکات بە وڵاتێکی پۆلیسی.

وڵاتی ئەشکەنجە
رەخنەگرانی خێزانی ئەسەد باس لەوە دەکەن حافز ئەسەد و کوڕەکەشی سوریایان کرد بە زیندانێکی گەورە بۆ رکابەرەکانیان و ئەوانەی داوای دیموکراسی، کرانەوە و ئازادییان دەکرد.

مستەفا خەلیفە رۆژنامەنووسی ئۆپۆزسیۆنی دژە رژێم کە بەهۆی رەخنەکانییەوە لە حکومەتی ئەسەد چەند ساڵێک لە زیندانی تادموری نزیک لە پالمیرای سوریا زیندانیی بوو، لە کتێبێکیدا دەربارەی ژیان لە زیندانەکانی سوریا باس لەو ئەشکەنجە سیستەمکراوە دەکات کە بەرامبەر زیندانییەکانی ناو زیندانەکانی سوریا پەیڕەو دەکرێت.

خەلیفە بۆ (DW) بەم جۆرە باسی سوریا دەکات، "هەموو خەڵی سوریا لەم رژێمە دەترسن، هەموویان ئاگادارن لە زیندانەکاندا چی روودەدات، چۆن ئەشکەنجەی زیندانییەکان دەدرێت و دەکوژرێن، بۆیە نایانەوێت ژیانیان بخەنە مەترسییەوە، ئەمەش ئەوەیە کە ئەم رژێمە پەیڕەوی دەکات."

بەهاری عەرەبی
دوای ئەوەی بەهاری عەرەبی گەیشتە سوریا، گەلانی سوریا ناڕەزایەتییان دەستپێکرد و رژانە سەر شەقامەکان، بەڵام وەڵامدانەوەی رژێمەکەی ئەسەد دەرگای لەسەر شەڕێکی ١٠ ساڵە کردەوە کە تاکو ئێستا بەردەوامە، شەڕێک کە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس تێیدا بوونە قوربانی و ماڵئاواییان لە وڵات و ژیانیان کرد.

سەرەڕای جەنگی ١٠ ساڵە، بەشار ئەسەد بە هاوکاری ئێران و رووسیا توانی پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەی بکات و بمێنێتەوە، بەڵام سوریا تووشی داڕمانێکی سەخت بوویەوە، ملیۆنان کەس ئاوارە بوون، وڵاتەکە وێران کرا، ئێران و رووسیا و دەیان وڵاتی دیکە هاتنە سوریا و هەریەکە و بەشێک لە وڵاتەکەی بۆ خۆی دابڕی، دواتریش تورکیا بە بیانووی دەسيڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا هێرشی کرد و بەشێک لە رۆژئاوا و باکوری سوریای بۆ خۆی دابڕی.

هەڵبژاردن لە سەردەمی جەنگدا
لەگەڵ ئەوەی سوریا لە ٢٠١١وە لەنێو شەڕ و جەنگێکی قورسدایە، بەڵام تاکو ئێستا دوو هەڵبژاردن ئەنجام دراوە و بڕیارە سبەینێ ١٩ی تەموز، سێیەم هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئەنجام بدرێت کە لە ٢٥٠ کورسی پێکهاتووە، هەرچەند بڕیار بوو ئەم هەڵبژاردنە لە ١٣ی نیسانی ئەمساڵ بەرێوەبچێت.

بەرێوەبەرایەتی خۆسەریش لە رۆژئاوای کوردستان هەڵوێستی خۆی راگەیاند و ئاشکرایکرد، کە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوریادا ناکەن و لە ناوچەکانیشیاندا سندوقی دەنگدان دانانێن.