ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:11 - 21/07/2020

مەلیک غازی یەکەم؛ ئەو پیاوەی لەپێناو عێراقدا جوانە مەرگ بوو‌

پەیسەر

مێژووی عێراق پڕە لە دەیان رووداوی کوشتن کە هەرگیز بیرناچنەوە، بەشێک لەم رووداوانە کاریگەرییان کردە سەر داهاتووی عێراق، یەکێک لەو رووداوە دیار و لەبیرنەکراوانە مردنی مەلیک غازی کوڕی فەیسەڵ هاشمییە، بەشێکی زۆری مێژوونووسان گومانیان لە رووداوەکە هەیە، مردنەکەشی بووە سەرەتایەک بۆ چەندین رووداوی دیکە لە مێژووی عێراقدا.

خێزانی هاشمی
گۆڕانکارییەکانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و کۆتاییهاتنی دەوڵەتی عوسمانی وای کرد بەشێکی زۆری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە، یەکێک لەو ناوچانەش عێراق بوو کە لە دوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانی لە دەستی تورکەکان دەرچوو.

بەریتانیا کە دەستی بەسەر عێراقدا گرتبوو، لەژێر فشاری بزوتنەوە نەتەوەییەکان و راپەڕینە شۆڕشگێڕییەکاندا کە داوای سەربەخۆییان دەکرد، ناچار بوو پەنا بۆ خێزانی هاشمی  بباتەوە، ئەوە بوو فەیسەڵی یەکەمی کوڕی شەریف حسێنی هێنا و لە ٢٣ی ئابی ١٩٢١ کردی بە پاشای عێراق.

مەلیک فەیسەڵی یەکەم و خەونی سەربەخۆیی
مەلیک فەیسەڵی یەکەم هەوڵی سەربەخۆبوونی عێراق و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بەریتانییەکانی دەدا، دوای گفتوگۆکانی نێوانیان گەیشتن بە پەیماننامەی ساڵی ١٩٢٢، بەپێی پەیماننامەکە بەریتانیا هاوکاریی دارایی عێراق دەکات، عێراقیش سازش لەسەر هیچ شوێنێکی خاکەکەی ناکات بۆ هیچ وڵاتێکی دیکە، عێراق بەبێ رەزامەندی بەریتانیا پەیوەندی سیاسیی لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا دروست ناکات، ئەم بنەمایانە بەجۆرێک داڕێژراون کە عێراق لە سەربەخۆیی نزیک بکاتەوە، بەڵام لەژێر سەرپەرشتی بەریتانیا.

دوای ماوەیەک هەندێک گۆڕانکاری لە پەیماننامەکەدا کرا و عێراقیش وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو بە ئەندام لە کۆمەڵەی گەلان، بەڵام هێشتا بەڕێوەبردن و سیاسەتی بەریتانی لەسەر عێراق بەردەوام بوو، کە دەستوەردانی لە کاروباری سیاسیی و ناوخۆییدا دەکرد و بەشێک لە فڕۆکەخانە و بنکە سەربازییەکانی بەکاردەهێنا، ئەم دۆخە تاکو مردنی مەلیک فەیسەڵی یەکەم لە ئەیلولی ١٩٣٣ لە شاری بێرنی سویسرا بەردەوام بوو، مەلیک غازی نەخۆشی دڵی هەبووە، دوای مردنی، مەلیک غای یەکەمی کوڕی جێگەی گرتەوە.

مەلیک غازی یەکەم؛ مڵۆزمی بەریتانییەکان
مەلیک غای یەکەم ساڵی ١٩١١ لە شاری مەککە لەدایک بووە، ساڵی ١٩٢٣ لەگەڵ دایک و خوشکەکانیدا هاتوون بۆ بەغداد، ساڵەکانی سەرەتای خوێندنی لە قوتابخانەکانی حیجاز بووە، دواتر و لە شاری بەغداد لەژێر پەروەردە و خوێندنی گروپێک مامۆستای بەریتانیدا بووە، لە ئازاری ١٩٢٦ دەچێتە لەندەن و لە (Harrow School) دەست بە خوێندن دەکات.

دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق چوار ساڵ لە کۆلێژی سەربازی خوێندوویەتی و بە باشی فێری ئەسپسواریش بووە، بەڵام هەندێک راپۆرت باس لەوە دەکەن کە لە خوێندنی زانستیی و سەربازییدا لاواز بووە، بەڵام ئەم لاوازییە وای لێنەکرد نەبێت بە پاشای عێراق.

ئەو کاتەی مەلیک غازی دوای مردنی باوکی دەچێتە سەر تەختی پاشایەتیی، هەمفریزسی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاندبوو، مەلیک غازی ئەو هاوکاریی، هاوپەیمانیی و دڵسۆزییە دەپارێزێت کە لەنێوان بەریتانیا و عێراقدا هەبووە و مەلیک فەیسەڵی باوکی دەستی پێوەگرتوون و پەیڕەوی کردوون.

لە بەریتانیاوە بۆ گەل
دواتر دەرکەوت مەلیک غازی ئەو پاشایە نەبوو کە بەریتانیا دەیویست، غازی کەسێکی نیشتمانی و خوێنگەرمی وڵاتەکەی بوو، بەردەوام بیری لەو بەڵێنە "درۆینانە" دەکردەوە کە بەریتانییەکان بە شەریف حسێنی باپیرە گەورەیان دابوو، لەسەر ئەو بیرکردنەوانە گەورە ببوو، هاوکاریی تەواوەتیی و بێچەندووچوونی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی بەریتانیا رەتدەکردەوە، گرفتی بۆ دەسەڵاتەکانی بەریتانیا دروستدەکرد، لەگەڵ ئەوەی دژایەتیی و گرفتەکانی بۆ بەریتانییەکان لاواز و کەم بوون، بەڵام پێداگریی و سوربوونەکانی لەسەر سەربەخۆبوونی عێراق و دامەزراندنی حکومەتێکی نیشتمانی کە خزمەتی گەلی عێراق بکات، وایکرد لە ناو خەڵکی عێراقدا پێگەیەی گرنگ بەدەستبهێنێت.

ئەم دوورکەوتنەوە و ناکۆکییانەی لەگەڵ بەریتانیا، مەلیک غازی لە ئەڵمانەکان نزیک کردەوە کە ئامێر و پێداویستییەکانی دامەزراندنی رادیۆیەکیان بە دیاری پێبەخشی، رادیۆکە لە کۆشکی فەرمانڕەوایی دانرا و ناوی (راديو قصر الزهور) بوو کە دوای رادیۆی قاهیرە دووەم رادیۆ بوو لە وڵاتە عەرەبییەکاندا، مەلیک غازی خۆی لە نزیکەوە سەرپەرشتی رادیۆکەی دەکرد و لەم کارەشدا فەرماندە گەورەکانی سوپا هاوکارییان دەکرد، ئەمە وایکرد بەریتانییەکان هەست بکەن ئەمە راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی هەستی توندی نیشتمانیی و نەتەوەییە.

ئەم هەنگاوانە وایکرد ئاستی جەماوەریی مەلیک غازی لە دەرەوەی عێراقیش بەرزببێتەوە، وەک سوریا، کوەیت و ئەردەن، تەنانەت ئەنجومەنی کوەیتیی لە کۆی ١٤ ئەندام ١١ ئەندام دەنگیان لەسەر یەکبوونی کوەیت و عێراق دا کە تێدا مەلیک غازی فەرمانڕەوایی بکات، بەریتانییەکان ئەم هەنگاوەیان بە هەڕەشە دەزانی لەسەر بەرژەوەندی و پلانەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

نوری سەعید؛ رمی دەست بەریتانییەکان
بەریتانییەکان کە بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی هاشمییەکان و بەتایبەت مەلیک غازییان بە هەڕەشە دەزانی بۆ سەر بوون و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا، روویان لە نوری سەعید کرد و دەیانەویست بیکەن بە جێگرەوەی مەلیک غازی. نوری سەعید چەند جارێک سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بوو، ئەم خواستەی بەریتانیا لە بروسکەیەکی باڵیۆزی بەریتانیادا بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە تێیدا دەڵێت "پێویستە مەلیک غازی کۆنترۆڵ بکرێت یان لاببرێت".

بەڵگەنامەکانی بەریتانیا دەریدەخەن لە ماوەی سێ ساڵ لە فەرمانڕەوایی مەلیک غازی کە بەردەوام لە ناکۆکییدا بووە لەگەڵ بەریتانییەکان، بەریتانیا بیری لە گۆڕینی مەلیک غازی کردووەتەوە، بۆ جێگرەوەش بیریان لە چەند کەسێک لە بنەماڵەی هاشمی خۆیان کردووەتەوە کە نزیکن لە بەریتانییەکان خۆیانەوە، لەوانەش شازادە نایف کوڕی عەبدوڵا کوڕی حسێن و شازادە عەبدولئیلاه کوڕی عەلی کوڕی حسێن، کە ئامۆزای مەلیک غازی بوون، بەتایبەت کە شازادە عەبدولئیلاه یەکێک بوو لە کەسە نزیکەکانی بەریتانیا.

ئەم خواستەی بەریتانییەکان لە ژوورە داخراوەکاندا نەمایەوە و هەموو خەڵک دەیزانی، رەنگە ئەمەش بەکر سدقی هاندابێت لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٦ کودەتایەک ئەنجام بدات.

کودەتاکەی بەکر سدقی شکستی هێنا و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش نەبوونی پشتیوانی تەواو بوو بۆ کودەتاکە، ئەوە بوو دەستگیرکرا و لەسێدارە درا.

 سوپا؛ ترسی بەریتانییەکان
لێرەوە بەریتانییەکان لە نزیکبوونەوەی سوپا و مەلیک غازی دەترسان و هانی نوری سەعیدیان دا حوکمی عورفیی رابگەیەنێت تاکو بەسەر هەر هەوڵێکی سەربازییدا زاڵبن ببێتە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان، کەسە نزیکەکانی بەریتانیش مەلیک غازییان بە یارمەتیدانی بەکرد سدقی تۆمەتبار دەکرد.

 مەلیک غازی گرنگیی سوپای لە بەدیهێنانی سەربەخۆیی عێراق و پشتیوانی لە دۆزی نەتەوەیی دەزانی کە ئامانجی سەرەکی ئەو سوپایە کۆاتییهێنانە بە دەسەڵاتی بەریتانییەکان لە عێراقدا، ئەمەش بەوە دەکرا گرنگی زیاتر بە سوپای عێراق و پێگەیاندنی فەرماندەکانی بدات تاکو ئیتر پێویستیان بە سوپای بەریتانیا نەمێنێت.

سەرەڕای گرنگیدان بە سوپا بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی بەریتانییەکان، مەلیک غازی لە ئەڵمانییەکان نزیک بووەوە کە لەو کاتەدا دژایەتییەکی گەورە هەبوو لە نێوان ئەڵمانیا و بەریتانیادا.

لەم کاتە هەستیارەدا چەند ئاڕاستەیەک لە عێراق سەریانهەڵدا، گروپی یەکەم مەلیک غازی سەرپەرشتی دەکرد و ئامانجیان کۆتاییهێنان بوو بە هەژموونی بەریتانییەکان، ژمارەیەکی زۆری فەرماندەکانی سوپا و رەشید عالی گەیلانی سەرۆکی دیوانی پاشایەتیی پشتگیرییان دەکرد.

گروپی دووەم بریتی بوون لەو کەسانەی کە داوای یەکێتیی عەرەبییان دەکرد، لەگەڵ کوەیت بێت یان وڵاتانی دیکەی عەرەبی. گروپی سێیەمیش بەریتانییەکان سەرپەرشتییان دەکرد و هەریەک لە نوری سەعید سەرۆک وەزیران، شازادە عەبدولئیلا کوڕی عەلی هاشمی و براکانی هاوسەرەکەی لەنێو ئەم گروپەدا بوون.

مەرگ یان کوشتن؟
مانەوەی مەلیک غازی لەسەر تەختی پاشایەتیی هەڕەشە بوو لەسەر بوونی بەریتانیا لە عێراق و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا دەخستە مەترسییەوە، بۆیە کۆتاییهێنان بە سەردەمی غازی ببوو بە پێویستی بۆ بەریتانییەکان.

گێڕانەوەی فەرمی دەربارەی دوایین رۆژی مەلیک غازی ئەمە بوو؛ لە بەرەبەیانی چواری نیسانی ١٩٣٩ ئۆتۆمبێلەکەی مەلیک غازی کە خۆی دەیئاژوو، کێشاویەتی بە ستونێکی کارەبادا لە نزیک کۆشکی حارسییەی نزیک لە کۆشکی زهور کە خۆی تێیدا دەمایەوە، بەهۆی رووداوەکەوە سەری مەلیک غازی تووشی بەرکەوتن و برین ببوو.

ئاڵۆزییەکان دەربارەی مردنەکەیی و نەبوونی بەڵگەنامەی فەرمی لەبارەیەوە، وایکرد گومانەکان دەربارەی چۆنییەتی مردنی مەلیک غازی زۆر بن و جیاوازی بۆچوون دروستببێت.

شازادە بەدیعەی کچی عەلی کوڕی حسێن، کە دەکاتە کچی مامی مەلیک غازی و خوشکی شازادە عالییە لە یادەوەرییەکانیدا بە ناوی "جێنشینەکانی کۆشک" دەڵێت، رووداوی مردنی مەلیک غازی بەهۆی ئالەدەبوونیەوە بووە بە خواردنەوە.

لە بەرامبەر ئەم بۆچوونەدا زۆرن ئەو کەسانەی پێیان وایە بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی لەپشت مردنی مەلیک غازییەوە بوون و ئەم مەرگەش گەورەترین خزمەتی ئەوانی کرد.

هەندێک لە گێڕانەوەکانیش باس لەوە دەکەن نوری سەعید و کوڕەکەی بە ناوی سەباح، پێش ئەم رووداوە باسیان لە رزگاربوون لە مەلیک غازی کردووە، ئەوەش باس دەکرێت کە نوری سەعید لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە پەیوەندیدا بووە دەربارەی دانانی شازادە زید هاشمی وەک جێگرەوەی مەلیک غازی.

ئەم گومانانە دوای ٣٥ ساڵ بەرەو دڵنیایی زیاتر رۆیشتن، ئەوەش کاتێک عەبدولڕەزاق حسێنی نووسەری کتێبی (مێژووی وەزارەتەکانی عێراق) لە هەشتی نیسانی ١٩٧٥ چاوی بە دکتۆر سائب شەوکەت دکتۆری تایبەتی مەلیک غازی دەکەوێت، شەوکەت کە یەکەم کەس بووە دوای رووداوەکە چووەتە سەر جەستەی مەلیک غازی دەڵێت، من یەکەم کەس بووم کە پشکنینم بۆ مەلیک غازی کرد و ئەوەشم لەسەر داوای نوری سەعید و رۆستەم حەیدەرکرد کە یەکێک بوو لە وەزیرەکان، نوری سەعید دەیویست بزانێت ئاستی مەترسیی برینەکەی سەری مەلیک غازی لەسەر ژیانی چەندە، نوری سەعید داوای لێکردم لە راپۆرتەکەدا بنووسم رووداوەکە بەهۆی بەرکەوتنی ئۆتۆمبێلەکەی مەلیک غازی بووە بە ستونێکی کارەبادا، بەڵام من پێم وابوو بەهۆی لێدانی ئاسن لە پشتە سەری مردووە و برای خزمەتکارێکی کۆشکیش لەم کوشتنەدا بەکار هاتووە کە ئەو رۆژە لە ئۆتۆمبێلەکەدا لەگەڵیدا بووە.

 

کاردانەوەی عێراقییەکان
دوای رووداوەکە بەشێک لە خەڵکی عێراق نوری سەعید و بەریتانییەکانیان تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی ئەم کارە، بەریتانییەکانیش ئەڵمانییەکانیان تۆمەتبار کرد بەوەی لەپشت بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیانەوەن، بەتایبەت کە سودمەندی یەکەمی ئەم مردنە نوری سەعید و کەسە نزیکەکانی بەریتانیا بوون لە بنەماڵەی هاشمی وەک شازادە عەبدولئیلاه.

کادانەوەی خەڵکی عێراق لەبەرامبەر مردنی مەلیک غازی زۆر توند بوو، بۆ نموونە خەڵک لە شاری موسڵ هێرشیان کردە سەر کونسوڵخانەی بەریتانیا و کونسوڵی بەریتانیایان کوشت.

کاردانەوەکانی خەڵکی عێراق نوری سەعید و گروپەکەی ناچارکرد دەست بە ئەنجامدانی چاکسازی بکەن، بەڵام ساڵانی مەلیک فەیسەڵی دووەم لەژێر سەرپەرشتی عەبدولئیلاهی خاڵیدا عێراقییەکان و سوپاشی بێهیوا کرد، ئەمەش عێراقی خستە نێو کێشە و ئاڵۆزی زۆرەوە، تا گەیشت بە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی پاشایەتیی و تۆڵەکردنەوە لە خێزانی هاشمیی و کوشتن و لەسێدارەدانیان.