ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:31 - 22/07/2020

ئازارەکانی جەنگی عێراق لە فیلمێکی بەڵگەنامەییەوە‌

پەیسەر

لەو کاتەوەی مرۆڤەکان پێکەوە دەژین، ململانێ و جەنگیش هەیە لەنێوانیاندا، بەڵام زۆربەی جار ئەو کارەسات و ئازارانەی جەنگەکان دروستی دەکەن چەند ساڵێک دواتر دەردەکەون، هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر عێراق، یەکێکە لەو جەنگانەی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی تێدا کوژرا، بەڵام لە ئێستادا و دوای چەند ساڵێک ئازارەکانی ئاشکرا دەبن.

گێڕانەوەی جەنگ
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بابەتێکی نووسەر سیمۆن جێنکینزی بێژەر و دانەری لە کەناڵی (بی بی سی) بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باس لە فیلمێکی بەڵگەنامەیی کەناڵی (بی بی سی دوو) دەکات کە لە پێنج بەش پێکهاتووە و باس لە جەنگی عێراق دەکات.

فیلمەکە بە چاوێکی رەخنەییەوە سەیری جەنگی عێراق دەکات و دەیگێڕێتەوە، وەک فیلمەکانی دیکە بە شێوەیەکی کلاسیکی رووداوەکان ناگێڕێتەوە، بەڵکو زیاتر بیرکردنەوەی بینەر دەربارەی جەنگەکە دەجوڵێنێت، ئەو هاوڵاتیی، سەرباز و رۆژنامەنووسانەی لە نزیکەوە لەنێو جەنگەکەدا بوون باس لە ئازارەکانی جەنگەکە دەکەن، باس لەوە دەکەن جەنگ چی بەسەر دەروونی مرۆڤەکاندا دەهێنێت.

فیلەمەکە ئەوە بەبیر بینەر دەهێنێتەوە کە (رەوشتی سەپاندنی هەژموون؛ توانای دەوڵەتێک بۆ بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازی، جوڵاندن و پارێزگاریلێکردنی لەدەرەوەی خاکی وڵاتێکی دیکەدا) لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە تاکو ئێستا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.

دەرهێنەری فیلمەکە جەیمس بلومیل لە رێگەی بیرەوەری ئەو کەسانەی بەشێک نەبوون لە ئەنجامدەرانی جەنگەکە، بەڵکو لە ناو جەنگەکدا بوون باسی ئازارەکان دەکات، هاتووە و رێگە بە بینەر دەدات لە پەنجەرەیەکی جیاوازەوە لە جەنگی عێراق و ئازارەکانی بڕوانێت.

 بێئومێدی و ئازار
سیمۆن جێێنکینز دەڵێت، "لە فیلمەکەدا ئاشنای هاوڵاتییەکی عێراقی دەبین کە هەرزەکارێکە و ناوی وەلید نەسیفە، ئەم کەسە عاشقی هەر شتێکە کە ئەمریکی بێت، تەنانەت لەوانە بووە خۆشحاڵ بووە بە جەنگی عێراق، سەرسامی ئەم گەنجە بە ئەمریکا بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی سەردانی خێزانێک دەکات لە بیابانی عێراق، وەلید لەوێ دەبینێت ئەم خێزانە لەلایەن سێ هەلیکۆپتەری ئەمریکییەوە کراونەتە ئامانج و کوژراون."

لە فیلەمەکەدا ئەوە دەبینرێت کە هەندێک کەس لە ناوەڕاستی بەغدا خەریکی دزی و تاڵانین، بەڵام سەربازە ئەمریکییەکان سەیریان دەکەن و رێگەیان لێناگرن، یەکێک لە سەربازەکان دەڵێت "ئەرکی من پاراستنی وەزارەتی نەوتە."

یەکێکی دیکە لەو کەسانەی لە فیلمەکەدا قسە دەکات، عیسام راوییە کە سەرسامە بە سەدام حسێن و پێی وایە لە دوای ئەو جگە لە شەڕ هیچی دیکە روو لە عێراق ناکات.

روودی ریس رووداوێک دەگێڕێتەوە؛ ئۆتۆمبێلێکی پر لە ژن و منداڵ کرایە ئامانج و وێران کرا، تەنها تاوانی ئەم کەسانە ئەوە بوو ئۆتۆمبێلەکەیان لە خاڵێکی کاتیدا نەوەستابوو، نەیانزانیبوو دەبێت بوەستن، بۆیە درابووە بەر فیشەک.

عێراق نابێتەوە بە وڵاتێکی سەقامگیر
نووسەری وتارەکە دوای ماوەیەک لە داگیرکردنی عێراق سەردانی بەغداد دەکات، دەبینێت کە لە دەرەوەی ناوچەی سەوز یاسا و رێوشوێن نییە، شوێنە بازرگانییەکان تاڵان کراون، مۆزەخانەی بەغداد وێران کراوە، شتە بەنرخەکانی براون و تانک لەسەر شەقامەکانە.

نووسەر تووشی بێهیوایی دەبێت، دواتر چیرۆکی گەنجێک دەگێڕێتەوە بە ناوی ئەحمەد بەشیر کە لەو کاتەدا بینیویەتی، بەشیر پێی وتووە "هیوام هەبوو کە ئەمە دەبێت بە دەوڵەتێکی نوێ" بەڵام دوای ماوەیەک ئەحمەد رای دەگۆڕێت و دەڵێت "ئەمە هەرگیز روونادات، عێراقیش جارێکی دیکە سەقامگیر نابێتەوە."

 ئاوابوونی یاسا و ئارامیی
لە درێژەی وتارەکەیدا نووسەر دەڵێت، جەنگ تەنها دیکتاتۆرێک لانابات، بەڵکو باڵەخانەکان و ماڵەکان دەڕوخێنێت، ئەمەش بەپێی ستراتیژیەتی "شۆک و ترس" ئەنجام دەدات. لەم جەنگەدا شەوان ماڵەکان دەپشکێندرێن، سەربازەکان دەدەن بەسەر ژووری ژناندا.

لەگەڵ ئەوەشدا کەنارگیرکردنی هەموو بەعسییەک لە پۆلیسێکەوە تاکو مامۆستایەکی زانکۆ وڵات بەرەو داڕوخان دەبات، بەم هۆیەشەوە هەموو عێراقییەکان باجی هەڵەکانی سەدام حسێن دەدەن، ئەمەش ئەوەیە کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا روویدەدا.

نووسەر بەم جۆرە باس لە هەڵوێستێکی پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی ئەمریکا لە عێراق دەکات، " کاتێک پرسیارم لە پۆڵ بریمەر کرد کە چۆن بەم رێگایە سیستم و یاسا دەگێڕنەوە بۆ عێراق، شانەکانی جوڵان، ئەو شان جوڵاندنەیم بیر ناچێت کە دەیویست بڵێ نازانم یان گرنگ نییە بەلامەوە، ئەو تەنها فەرمانەکانی واشنتۆنی لە عێراق جێبەجێدەکرد."

ئەوانەی جەنگیان ئەنجامدا سەرەتایترین ئەو شتانەیان پشتگوێخست کە هەموو خوێندکارێکی زانستیی جەنگی دەیزانێت؛ بە لای قوربانییەکانەوە ئاسایش و ژیان لە ئازادی گرنگترە، داگیرکردنی عێراق خراپەکەی ئەمریکا نەبوو، بەڵکو خراپترینی ئەمریکا ئەو ئاژاوە و ناسەقامگیرییە بوو بەهۆی ئەم جەنگەوە دروست بوو.

جەنگ لە دوای جەنگ
نووسەر باس لە خواستی بەردەوامی جەنگ دەکات لەم سەردەمەدا کە ژیانی مرۆڤی شێواندووە و دەڵێت، جۆرج دەبلیو بوش دوای جەنگی ئەفغانستان لە ٢٠٠١ قایل بووە بە ئەنجامدانی جەنگێکی دیکە. تەنانەت نووسەر جەنگی عێراق بە هەڵمەتی چوارەمی خاچپەرستی ناو دەبات.

بوونی چەکی کۆکوژ و نەهێشتنی ئازادییەکانی هاوڵاتیان تەنها بیانوویەک بوو بۆ رەوایەتیدان بەوەی کە ئەنجامیاندا، ئەو دەستکەوتەشی بۆش رایگەیاند و وتی سەرکەوتوون لەم جەنگەدا، دەرئەنجامەکانی دواتر دەرکەوتن و دەردەکەون.

کاتێک باراک ئۆباما لە ٢٠١١ بەشێک لە هێزەکانی لە عێراق کشاندەوە سیستمە گەندەڵ و نائارامەکە شکستی هێنا، رێکخراوی داعش سەریهەڵدا و ئەو ئاژاوە روویدا کە چەند ساڵیک بەردەوام بوو.

بەریتانیا و جەنگی عێراق
نووسەر پێی وایە بەریتانیا هیچ هۆکارێکی نەبوو بۆ بەشداریکردن لەم "گاڵتەجاڕییەدا" کە گوومانی قوڵی لە سودەکەی هەبوو، بێلایەنی بەریتانیاش بۆشی لەم هەنگاوە نەدەوەستاند کە نابووی، بەڵام بەشداریکردنی بەریتانیا رەوایەتی زیاتری بە ئەمریکا دا تاکو لەژێر چەتری "هاوپەیمانیدا" ئەم داگیرکارییە ئەنجام بدات.

ئەوەشی بڕیاری ئەم بەشدارییەی دا تەنها تۆنی لێر نەبوو بەڵکو حکومەت بوو، بۆیە ناکرێت تەنها بلێر بەم کارە تاوانبار بکرێت، لە مانگی ئازاردا پەرلەمانی بەریتانیا کۆبووە و بە دەنگی ٤١٢ ئەندام لە پارتی کار و پارێزگاران بڕیاری بەشداری لە جەنگەکە درا، لە کاتێکدا ئەیانزانی هۆکارەکان ناڕاستن و سەدام هەڕەشە نییە لەسەر بەریتانیا، بەڵام هەستی جەنگ بەسرەیاندا زاڵ ببوو.

ئازادیی ساختە
فیلەمەکە ئەوە پیشانی بینەران دەدات کە ئەم جەنگە چەند ناشرین بووە، ئەو ئازادیی ساختەیەش باسیان دەکرد بووە هۆی گیانلەدەستدانی چارەکە ملیۆنێک کەس، ناوچەکەی تووشی ئاژاوە و ناسەقەمگیریی کرد و بەشداریش بوو لە داڕوخانی رژیمی سوریا.

نووسەر دەڵێت، بە کورتی و پوختی دەتوانرێت بوترێت جەنگی عێراق لەنێو لیستی "تاوانی جەنگە گەورەکاندایە" و  گەورەترین گێلێتییە لەم سەردەمەدا ئەنجامدرابێت.