ڕاپۆرتی کوردستانی

03:08 - 23/07/2020

له‌ موكریانه‌وه‌ بۆ حه‌ڵه‌ب، له‌ به‌غداده‌وه‌ بۆ ڕه‌واندز، گیو موكریانی زمانزانێكی به‌توانا و مێژوونوسێكی ده‌گمه‌ن‌

پەیسەر

زۆرن ئه‌وانه‌ی هه‌موو ژیانی خۆیان له‌ پێناوی كورددا به‌خه‌رج داوه‌و هه‌ر له‌و پێناوه‌شدا سه‌ریان ناوه‌ته‌وه‌، زێدی خۆیان به‌جێهێشتووه‌و گۆڕ غه‌ریب بوون، به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ به‌ مردنیان قاڵیان بڕاوه‌ته‌وه‌و به‌شێكی تریشیان مردن نه‌ك ناوناوبانگی نه‌سڕیونه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو له‌نێو لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو یاداوه‌رییه‌كاندا بۆ هه‌میشه‌ به‌زیندوویی ده‌مێننه‌وه‌، له‌نموونه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ش حوسه‌ین حوزمی و گیو موكریانین، گیو موكریانی له‌ گه‌شته‌ درێژه‌كه‌یدا چی به‌ كورد پێشكه‌ش كردووه‌و نهێنی مانه‌وه‌ی ناوی ئه‌و دوو برایه‌ له‌ مێژووی نوسراوی كورددا بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

ناوی تەواوی "عەبدولرەحمان لەتیف ئیسماعیل عەبدوڵلا لەتیف"ەو لەساڵی (1903 یان 1904) لەشاری مهاباد لەدایکبووه‌. لەساڵی 1913 لەگەڵ حوسێن حوزنی برای چووەبۆ وڵاتی شام لەشاری حەڵەب تا ساڵی 1925 لەوێ نیشتەجێ بووەو خوێندنی سەرەتایی لەقوتابخانەکانی حەڵەب خوێندووه، لەساڵی 1924-1925 چووەبۆ بەیرووت و لەدانیشگایەک فێری بنچینەی زمانی فەڕەنسی بووه، لەساڵی 1915 حوسێنی برای مەکینەیەکی چاپی لەئەڵمانیا کڕیوەو لەبازاڕچەی حەڵەبی داناوه.


لەساڵی 1925 لەگەڵ حوسێن حوزنی هاتوون بۆ عێراق و ماوەیەک لەشاری بەغدا نیشتەجێ بوون، هەر لەو ساڵەدا لەسەر داوای سەید تەهای شەمزینی بەڕێوبەرایەتی ئەوسای شارۆچکەی رەواندز و دۆستی دێرینیان لەشاری حەڵەبەوە چوون بۆ رواندز و چاپخانەکەیان لێ دامەزراندووه، لەساڵانی 1926-1932 یاریدەری حوزنی و بەڕێوبەری گۆڤاری زاری کرمانجی بوو لەڕواندز، لەساڵانی 1935-1936 کاری لەگۆڤاری رووناکیدا کردووه، کەلەلایەن حوزنی و شیت مستەفا لەڕواندز و شاری هەولێر دەرچووه.

له‌ ساڵی 1935 هاتۆتە هەولێر و لەگەڵ پیشەی وێنەگری و کاروباری چاپخانەکەشی بەڕێوبردووه، هەر لەو ساڵەدا مەکینەیەکی گەورەتری بۆ چاپی کوردی لەمووسڵ لەفەزیل عیسا مەحفوز کڕیوەو لەهەولێر دایمەزراند بۆ چاپکردنی گۆڤاری رووناکی و پەرتووکی کوردی، لە1947.09.20، کەحوسێن حوزنی موکریانی برای کۆچی دوایی دەکات، مەکینەکۆنەکەی زاری کرمانجی دەبێتی خاوەنی لەساڵی 1948 لەکاتی راپەڕینە نیشتمانیەکەی گەلی عێراق و دوای وەدەستهێنانی هەندێ سەربەستی دیموکراتی لەوڵاتدا ناوی چاپخانەکەی زاری کرمانجی کردووە بەچاپخانەی کوردستان.


لەساڵی 1963 ناوی چاپخانەکەیان پێگۆڕیوەبەناوی چاپخانەی هەولێر، لەساڵی 1970 لەدوای دەرچوونی بەیاننامە مێژووەیەکەی 11ی ئادار ناوی چاپخانەکەی کردۆتەوەبەچاپخانەی کوردستان، لەنێو ئەم دەردە کوشندەیە ژیاوه.
گه‌رچی گیو موکریانی لە نێوان شاری بۆکان و سەقزی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایک بووه‌. به‌ڵام زۆرینه‌ی ژیانی دوور بووه‌ له‌ زێدی خۆی و به‌شێكی زۆریشی له‌ده‌ره‌وه‌ی  كوردستان بووه‌، به‌شێكی له‌ رۆژئاوای كوردستان و به‌شێكیشی له‌ باشووری كوردستان –هه‌ولێر- و ره‌واندز ژیاوه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ دكتۆره‌ كوردستان كچی گیو موكریانی ده‌ڵێت: بەر لەوەی باوکم کۆچ بکات بۆ حەلەب، مامم کۆچی کردبوو، لە مەهاباد دەرچووە و چووەتە تەورێز و مەراغە و دوایی چووەتە دەوڵەتەکانی دەوروبەر بۆ ئەوەی خۆی پێبگەیێنێت. لەکۆتاییدا دێتە سەر بیرۆکەی ئەوەی چاپخانەیەک بکڕێت و لە شوێنێک دایمەزرێنێت. دەچێت حەلەب هەڵدەبژێرێت، چونکە دەڵێن ئەوسا 90%ی دانیشتووانی حەلەب کورد بوونە. هۆیەکی دیکەش ئەوەبوو کە بەدرخانییەکان کاتێک رۆژنامەی کوردستانیان چاپ دەکرد، زۆر ئەستەم بوو لە دەرەوەی کوردستانەوە رۆژنامەکە بگەیێننە ناو کوردستان، بۆیە مامم بڕیاریدا لەنێو کوردستان چاپخانەکە دامەزرێنن و هەر لەوێ بەرهەمی خۆی بڵاوبکاتەوە و خەریکی کاری رۆژنامەگەری بێت.


دكتۆره‌ كوردستان ده‌ڵێت: له‌كاتی جەنگی یەکەمدا سووریا بەر فەرەنسا کەوت، فەرەنسییەکان رێگایان بە کورد نەدەدا تەنانەت چالاکی رۆشنبیری بکەن، چەند گوڤار و رۆژنامەیەک تاک تاک دوو بۆ سێ ژمارەی لێ بڵاودەکردەوە، بەڵام رێگەیان پێ نەدا و ئەمانە هیچیان نەمان، لەوێ کتێبێکیشی چاپکرد بەناوی (خونچەی بەهارستان) کە کتێبێکی مێژووییە. کە مامم لەوێ دادەمەزرێ، نامەیەک بۆ ماڵەوەیان دەنێرێ و دەڵێ کێ ماوە لە براکانم دەتوانن بێنە ئێرە، من لێرە پێیانبگەیێنم.

وه‌ك دكتۆره‌ كوردستان باسی ده‌كات باوكی له‌سه‌ر داوای حوسه‌ین حوزنی موكریانی برای ده‌چێته‌ سوریا،  کە دەگاتە ئەوێ لەبەر ئەوەی زمانی عەرەبی نەزانیوە، مامۆستایەکی بۆ دەگرێت و لەوێ فێری زمانی عەرەبی و فەرەنسیش دەبێت. دوای ئەوە دەچێتە کۆلێژی پزیشکی ددان بۆ ئەوەی پسپۆڕی لەو بوارە بەدەستبهێنێت، دەگاتە قۆناغی دووەم، لە ساڵی 1923-1924 فەرەنسییەکان بیانوو بە حوزنی دەگرن و زیندانی دەکەن لەبەر ئەوەی چالاکی رۆشنبیری هەبووە و کوردایەتی کردووە، بەو مەرجەش لە زیندان ئازادی دەکەن کە لەوێ نەمێنێتەوە. پێشی دەڵێن ئینگلیز خەریکە لە باکووری عێراق نیمچە دەوڵەتێک یان حوکمڕانییەکی کوردی دادەمەزرێنن، بڕۆن کوردایەتی خۆتان لەوێ بکەن.

 بۆیە لە ساڵی 1923 باوکم و مامم هەردووکیان پێکەوە دێنە بەغدا، بۆ ئەوەی بزانن دەتوانن لە بەغدا بژین یان نا، ماوەیەک لەوێ دەمێننەوە و پاشان دەگەڕێنەوە بۆ حەلەب. به‌ڵام دواجار  ساڵێ 1925 هاتنه‌وه‌ باشووری كوردستان، له‌ساڵی 1926 چاپخانەیان لە شاری رواندز دامەزراند. هەر لە هەمان ساڵیشدا داوا دەکەن گۆڤارێک دەربکەن و گۆڤارەکە ناو دەنێن (زاری کرمانجی).
وه‌ك دكتۆره‌ كوردستان باسی ده‌كات: گۆڤاره‌كه‌ تاوەکو ساڵی 1932 بەردەوام بوو، بەڵام تەنیا توانی 24 ژمارەی لێ چاپ بکات، دواتر حکومەتی بەغدا رایگرت.

 بە ھۆی ئەوەی کە باسی بیر و باوەڕی کوردایەتی بۆ قوتابیانی دەکات، دەگیرێ و دەخرێتە زیندانەوە. پاش بەربوونی لە زیندان، ھەر لە مەھاباد ژن ئەخوازێ و دوو کچی دەبێ بە ناوەکانی خونچە و کاڵێ (کوردستان دواتر لە ھەولێر لە دایک دەبێ). جارێکی تریش زیندانی دەکرێ و ئەم جارە قازی محەممەد، کە دەستی دەڕوات، ڕزگاری دەکا و دەینێرێتەوە بۆ ڕەواندز.

گیو موکریانی بە یەکەم مێژوونوسی کورد دادەنرێت لە سەدەی بیستەمدا، لەم پێناوەدا بۆ ماوەی پازدە ساڵ بە ھەموو توانایەکیەوە ھەوڵی داوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری مێژویی سەبارەت بە مێژوی گەلی کورد کە بە زمانەکانی عەرەبی ‌و ھیندی و تورکی و فارسی و فەڕەنسی و ڕووسیدا ھەبون لەو کاتەدا، لەبەر ئەوەی خۆی شارەزاییەکی باشی لەم زمانانەدا ھەبووە ھەر لەم زمانانەشەوە گەلێک نوسراوی بە پێزی وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی..


ھەموو خەسڵەتەکانی پیاوچاکێکی بەتوانای تێدا کۆببووە لەو کەسانە قەت بیری لە ماندووبون نەکردووتەوە بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجەکانی ھەموو ھەوڵێکی داوە، لای ئەو گرنگ بووە خزمەتێک بە مێژووی میللەتەکەی بکات ھەوڵیدەدا لە رێگەی بڵاوکردنەوە نووسینی کوردی و مێژووی گەلەکەی ئەو تاریکیەی باڵی بەسەر میللەتەکەی داکێشاوە بە چرایەک رووناکی بکاتەوه‌.


گیو موکریانی خووی دایه‌ كارێك کە پێشتر کەم کەس بەو شێوازە ھەوڵیان بۆداوە بۆ ئەوەی سودێکی بۆ کۆمەڵگەکەی ھەبێت دواتریش ئەم ھەوڵە لەنووسینێکی رەنگی داوەتەوە کاتێ لە ساڵی ١٩٤٠ نوسیوویەتی " گەر لەخۆشی دا بژی یا لە ناخۆش لەکۆتاییدا ھەر جامی مردن دەنۆشیت ھەر خزمەتێکیش پێشکەش وڵاتەکەتی بکەیت ئەوا لەدوا رۆژ بۆ خۆت دەمێنێتەوە ."
ئەمە فەلسەفەی گیو موکریانی بوو لە ژیان ئەویش ھەوڵدان بۆ دوارۆژی گەلی کورد بوو.

گیو موکریانی خەریکی کاری وێنەگریش بووەو وێنه‌ی به‌شێكی زۆر له‌ شاعیرو نوسه‌رو خه‌ڵكی به‌ناوبانگی كوردستانی گرتووه‌، پیشەی وێنەگریش لەسەر دەستی وێنەگرێکی ئەرمەنی فێربوو، چونکە ئەوکاتە بازاڕی چاپەمەنی کز بوو و بۆ بژێوی ژیانی خەریکی ئەم کارە بووە.


لە ١٥ ئایاری ١٩٥٤ گۆڤاری (ھەتاو) ی دەرکرد، ئەمەش گۆڤارێکی ئەدەبی رۆشنبیری کۆمەڵایەتی بوو، مانگانە دووجار دەردەچوو و بەردەوام بوو لە دەرکرنی ئەو گۆڤارە تا تشرینی یەکەمی ١٩٦٠ .
گیو موکریانی توانی ١٨٨ ژمارە لە گۆڤاری ھەتاو دەربکات، ھەروها گیوی موکریانی توانی ٢٠٠ چاپکراوی شاعیران و نووسەران بە چاپ بگەینێت، ئەم کارانەشی ھەمووی لە چاپخانەی کوردستان ئەنجامدا.

لەوکاتەی دەگوترا زمانی کوردی لە چەند سەد وشەیەیەک رەت ناکا، مامۆستا گیو فەرهەنگی دەیان هەزار وشەی دەنووسی و لە چاپخانەکەی خۆی چاپیدەکرد. ئەدەبیاتی فۆلکلۆری کوردی بایەخ پێدەدا و کتێبی کوردی دەفرۆشت. بەهیممەتی مامۆستا گیوی موکریانی، لە چاپخانەی کوردستان سەدان دیوانی شعر چاپکران، ناو و بەرهەمی سەدان کەس زیندوکرایەوە و لە نەمان رزگارکرا. خەڵک فێری خوێندنەوەی کتێب و گۆڤار کرا، خوێندەواری بڵاودەکردەوە و ناوی کوردی لەمنداڵانی شار دەنا.

بەرھەمەکانی گیو موکریانی بریتن لە:
١.فەرھەنگی (رابەر) لە عەرەبی بۆ کوردی.
٢. فەرھەنگی (کۆلکە زێڕینە) فەرھەنگیکی کوردی، عەرەبی، فارسی، فەرەنسی، ئینگلیزی بوو ئەم فەرھەنگی لە نێوان ساڵانی ١٩٥٥ تا ١٩٦٦ لە چاپداوە.
٣. فەرھەنگی کوردستان، لە ٤٠٠ لاپەڕە پێک دەھات، کوردی بۆ کوردی بوو، ھەموو شێوە زارەکانی زمانی کوردی لە خۆ دەگرت.
٤. (نۆبەرە –الباكورة) فه‌رهه‌نگی عەرەبی بۆ کوردی بوو ٢٥ ھەزار ووشەی لە خۆ دەگرت لەساڵی ١٩٨٦ چاپکرا.
پەرتوکی (مێژووی وێژە) پەرتوکێکی گەورە بوو، ھەرچەندە چاپ نەکراوە بەڵام وەک دەستنووس ماوە و زانیارییەکی زۆری تێدایە دەربارەی نووسەران و شاعیران و زانایانی کورد، لەگەڵ کورتەیەک لە ژیانی ئەو کەسایەتیانە.
٧. گیو نامە.
٨. پەرتوکی (ناوی کچان و کوڕانی کوردی) لەساڵی ١٩٥٨ چاپ کراوە.
٩. کەشکوڵی گیو، کە ھەندێک زانیاری و شیعری شاعیرانی لەخۆ گرتبوو، لەساڵی ١٩٨٦ لە رێگەی خێزانەکەی، خاتوو دکتۆرە کوردستان موکریانی لە چاپدراوە.
هەموو ئەوانەی سەرەوە دەکاتە پەروەردەکردنی نەوەیەک، چاوی بە بینینی گۆڤار و کتێب و خوێندنەوە ڕاهاتووە، جگە لەوە، چاپکردن و دەرکردنی گۆڤار، بووە یارمەتی نەوەیەک هەست بکات، ئەو کوردە و کوردیش لەو وڵاتە و لەو ژیانە لە هەموو مافێکی بێبەش کرایە، نەوەیەک هەست بکا، دەبی زیاتر بە ژیانی ژێردەستە رازی نەبی و ئامادەیە خەبات بۆ ئازادی بکا. دەرکردنی گۆڤار و چاپکردنی کتێب لە چاپخانەی کوردستان، زەمینەی بۆ گۆڕانکاری گەورە و خەبات و تێکۆشان سازکرد و گەنجی کوردی پەروەردەکرد و تێگەیاند، نابی زیاتر ژیانی ژێردەستە قبوڵ بکات، دەبی خەبات بۆ ئازادی خۆی بکات.

گیو موکریانی لە ژیانی خۆی، خۆی زۆر ماندوو کردووە تا بگات بەھەموو ووشە کوردییەکان و کۆیان بکاتەوە و دواتر ئەو فەرھەنگانەی بە چاپ گەیاند بۆ ئەوەی خەڵک سوودی لێ ببێنێت.
ئەگەر ھەر ھەڵەیەکیش ھەبێت ئەوا دەکەوێتە ئەستۆی بەرپرسانی کۆڕی زانیاری کوردی. چونکە ئەوا پێداچوونەوەیان بۆ فەرھەنگەکان دەکرد.

دكتۆره‌ كوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئەوان دوو شتی تەکنۆلۆژی زۆر باشیان هێنایە کوردستان، مامم لە ژمارە 1ی زاری کرمانجیدا لە سەروتارەکەی باسی دەکات، دەڵێ بۆیە ئەمەم هێناوە، چونکە کورد تەنیا بە زانست و زانیاری دەتوانێت پێبگات و دەبێت بچێتە قوتابخانە، قوتابخانەش پێویستی بە کتێبە، کتێبیش پێویستی بە ئامێرێکە بۆ ئەوەی چاپی بکات. هەر بۆیە بیری لەوە کردبووەوە، دەتوانم بڵێم بیری لە شۆڕشێکی رۆشنبیری و زانستی کردبووەوە کاتێک کە ئەو چاپخانەیەی هێنا. کە کامێراکەشیان هێنا زیاتر باوکم خەریکی ئەو بوارە بوو، ئەویش یەکەمینجار بوو ئەو ئامێرە بهێننە کوردستان، مەبەستی سەرەکییان ئەوە بوو وێنەی رۆشنبیرانی کوردی پێ بگرن و پیشانی خەڵک و دونیای بدەن کە کورد تەنیا چەکی هەڵنەگرتووە بۆ مافی خۆی، بەڵکو رۆشنبیریشی هەیە.

دكتۆره‌ كوردستان له‌باره‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی و كاركردنی موكریانیه‌كان له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: کاتێک کە حوسێن حوزنی لە بەغداش بوو، حوکمڕانی بەدەست ئینگلیزەوە بوو، زۆر لە رۆژهەڵاتناسەکان دەهاتن، یەکێک لەوانە (مەکەنزی) بوو، کە کتێبێکی لەبارەی کورد هەیە. من لەبیرمە منداڵ بووم هاتە ماڵمان و پرسیاری دەکرد، باوکم پێیگوت ئێوە دوای رووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی 22 دەوڵەتتان بۆ عەرەب دروستکرد، بەڵام یەک دەوڵەتتان بە رەوا نەبینی بۆ کورد، ئێمە لە نێوچاوانی ئێوەی دەبینین، منی بانگ کرد و گوتی ئەو کچەم ناوناوە کوردستان، دەیان کەسی دیکەم لەو هەولێرە ناوناوە کوردستان بۆ ئەوەی کچەکانمان ئەو ناوە بپارێزن و ئەو ناوە هەر دەمێنێ. 

دكتۆرمه‌غدید سه‌پان باس له‌چۆنیه‌تی مردنه‌كه‌ی گیو موكریانی ده‌كات كه‌ چۆن له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی له‌ دوا رۆژه‌كانی ژیانیدا پێكه‌وه‌ چوونه‌ته‌ موسڵ بۆلای پزیشكی پسپۆڕو ده‌نوسێت: مامۆستا گیویش، بۆ پشکنین و چارەسەری نەخۆشی دڵ دەچووە لای د. فەرهاد دزەیی، کە پسپۆری وردی لە نەخۆشییەکانی دڵ هەبوو. وابزانم لەسەر داوای ئەویش ئێمە بۆ نەخۆشخانەی موسڵ بۆ لای ئەو چووین. لە نهۆمی یەک، د. فەرهاد هات و ئێمەی بۆ یەک لە نهۆمەکانی سەرەوە برد. د. فەرهاد لە زووترین کات، پشکنینی وردی بۆ مامۆستا گیو کرد و بڕیاریدا، دەبی مامۆستا ماوەیەک لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.

دکتۆر و سستەرەکان ژووریان جێهێشت و (کوردۆ و ئازاد) بۆ هەولێر گەڕانەوە و من و مامۆستا گیو بەتەنها لە نەخۆشخانە ماینەوە. نیو کاتژمێری ڕەتی نەکرد، بینیم تەندروستی مامۆستا گیو بەرەوخراپی دەڕوا، لەبەرخۆی چەند قسەیەکی کرد، من هیچ تێینەگەیشتم و وابزانم بە کوردیش نەبوو، بەڕاکردن بۆلای سسته‌رێک، کە لە هەمان کۆریدۆر و نهۆم کاری دەکرد چووم، کەمتر لە دوو خولەکم پێچوو، سستەر هات و مامۆستا لەسەر قەلوێرەکەی وەک چۆن من جێمهێشتبوو ڕاکشابوو. لە چەند خولەکی داهاتوو د. فەرهاد دزەیی گەیشت، ژوور قەڵەباڵغی تێکەوت و مشەوەشی ڕوویدا و دەبینم، بە هەموو لایەک، هەوڵدەدەن گیان وەبەر مامۆستا گیو بهێننەوە. هەوڵەکان هیچ سوودی نەبوو. مامۆستا گیو موکریانی لەبەرچاوی من بۆ هەتا هەتایە چاوەکانی لێکنا و جێیهێشتین.

له‌ نیوەڕۆی رۆژی 24/7/1977  لەنەخۆشخانەی شاری مووسڵ دڵەگەورەکەی لەلێدان دەکەوێ و لەئێوارەی هەمان رۆژدا لەگۆڕستانی ئیمام محەمەد لەهەولێر لەتەنیشت نووسەر و مێژوونوسی ناودار حوسێن حوزنی موکریانی برایەوەبەخاک سپاردرا.

یه‌كێك له‌و خاڵه‌ گرنگانه‌ی ئه‌م دوو برایه‌ بۆ مێژووی كورد به‌تایبه‌تی و كتێبخانه‌ی كوردیی به‌گشتی جێیان هێشتووه‌ بوونی ژماره‌یه‌كی ئێجگار زۆری به‌رهه‌می بڵاوكراوه‌ی گرنگه‌، ئه‌و دووبرایه‌و نه‌وه‌كانیشیان له‌نێو مێژووی كورددا پێگه‌یه‌كی تایبه‌تیان هه‌یه‌و بۆهه‌تاهه‌تایه‌ ئه‌و كاریگه‌رییه‌یان ده‌مێنێته‌وه‌.