ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:20 - 23/07/2020

هەوڵەکانی کازمی بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی عێراق و سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەند‌

پەیسەر

عێراقی نوێ عێراقی قەیرانە گەورەکانە، لە ساڵی ٢٠٠٣وە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان نەیانتوانیوە ببنە جێگەی رەزامەندی خەڵکی ماندووی عێراق، حکومەتەکەی کازمی کە دوای چەند مانگێک لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق متمانەی وەرگرت و دەستبەکاربوو، بەڵێنی داوە حکومەتێکی جیاواز و بەهێز بێت، هەمان ئەو بەڵینانەی داوە کە حکومەتەکانی دیکە نەیانتوانی جێبەجێی بکەن، پرسیاری ئێستا ئەوەیە ئەم حکومەتە دەتوانێت چی بکات؟

لە هەواڵگرییەوە بۆ حکومەت
مستەفا کازمی لە هەستیارترین دەزگای عێراقەوە هات و بوو بە سەرۆکی حکومەتی نوێی عێراق، ئەوەی کە کازمی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراق بووە، وای لێکردووە بە بەهێزیی دەربکەوێت، واتە هەموو بەهێزییەکەی تەنها یەکدەنگیی دەوڵەت و ناکۆکەکان نییە لەسەری، بەڵکو رابردوویەتی لەم دەزگایەدا.

لە رووی دەروونییشەوە، بوونی کازمی لەو دەزگا هەستیارەدا کە تاکو ئێستاش بەڕێوەی دەبات، کردوویەتی بە کەسێکی نادیار، بەهێز و جێگەی گومان، کە هەموان بە گومانەوە لێی بڕوانن، بە تەواوی متمانەی پێنەکەن و لێی دڵنیا نەبن.

پێگەی (Al-Monitor) وتارێکی عەلی ئەلمەعموری نووسەر و توێژەری عێراقی بڵاوکردووەتەوە کە باس لە هەوڵەکانی دووبارە بونیادنانەوە، دروستکردنەوەی دەوڵەت و بەدەستهێنانەوەی سەروەری دەکات لەلایەن حکومەتی نوێی عێراقەوە.

نووسەر پێی وایە سەردانەکانی مستەفا کازمی بۆ ئێران، سعودییە و ئەمریکا، هەوڵێکی عێراقە بۆ دەرچوون لەوەی ببێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ئێران و نەیارەکانی بەتایبەت ئەمریکا و سعودییە، بەم جۆرە کازمی دەیەوێت پەیام بە هەموو وڵاتە ناکۆکەکان بدات کە رێز لە سەروەری خاک و دەسەڵاتی عێراق بگرن و ملاملانێکانیان نەهێننە سەر خاکەکەی، بەتایبەت دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی لە بەغدا لەلایەن ئەمریکاوە و دواتر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، بە تەواوی سەروەری عێراقیان پێشێل کرد و وڵاتەکەشیان تووشی ململانێیەک کرد کە پەیوەندی بە عێەاقییەکانەوە نەبوو.

توێژەر باس لەوەش دەکات، عێراق لە دوای ٢٠٠٣ بە مەیدانیی بووە شوێنی یەکلاکردنەوەی ملاملانێی نێوان دەوڵەت و هێزە نەیارەکانی جیهان، بەتایبەت ئەمریکا و ئێران، کوشتنی سولەیمانیش هێمای روونی ئەو بوون بە مەیدانەی شەڕی نێوان تاران و واشنتۆن بوو.

راگرتنی هاوسەنگیی ناوخۆیی
لەسەر ئاستی ناوخۆ ئەگەر مستەفا کازمی نەتوانێت لایەنە ناکۆکەکان لە یەکتر نزیک بکاتەوە، ئەوا هەوڵ دەدات ململانێکانی نێوانیان زیان لە پلانەکانی نەدەن، بۆیە هەموو هەوڵەکانی بۆ ئەوەیە هاوسەنگی نێوانیان بپارێزێت و بە یەک ئاست لێیان نزیک ببێتەوە، بەڵام ئەم کارە نەک زەحمەتە، رەنگە ئەستەمیش بێت و هەرگیز روونەدات.

یەکێکی دیکە لە هەنگاوەکانی کازمی لەم بوارەدا کەمکردنەوەی دەستی لایەنەکانە لە حکومەتدا بەتایبەت لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەم فشارانەی بۆ سەر هێزەکانی دەرەوەی دەوڵەت بێوەڵام نەبن و رووبەڕووی کێشە، گرفت و رێگریی زۆر ببنەوە. واتە ئەوەی لە پلانی کازمیدایە کەمکردنەوەی ملامنێییە لە ئاستی دەرەکیی و ناوخۆیش، لە لایەک دەیەوێت ناکۆکییە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان لە عێراق دوور بخاتەوە، لە لایەکیش دەیەوێت ناکۆکییە ناوخۆییەکان بۆ ئاستێکی زۆر لاواز و کەم بهێنێتە خوارەوە.

رێککەوتنی بەغداد و واشنتۆن
وەک یەکەم هەوڵی کردارییش حکومەتی عێراقیی دەستی بە گفتوگۆکانی کرد لەگەڵ ئەمریکا بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییە سیاسیی، ئابووریی و ئەمنییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدا، هەرچەند چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان بە ئاسانیی بەڕێوە نەچن، بەتایبەت کە ناکۆکیی ناوخۆیی و تەنانەت نێودەوڵەتیش هەیە لەسەر ئەوەی ئەم رێککەوتنەی نێوان ئەمریکا و عێراق چۆن دەبێت، کێ زیانی لێدەکات و کێش سودی لێدەبینێت؟

مانگی حوزەیران گەڕی یەکەمی گفتوگۆکان دەستی پێکرد، گەڕی دووەمیش بڕیارە لە واشنتۆن بەڕێوەبچێت، ئەوەش کاتیک مستەفا کازمی سەردانی ئەمریکا دەکات تاکو خۆی سەرپەرشتی بکات، ئامانجی کازمی دوورخستنەوەی خاکی عێراقە لە ملانێکانی ئەمریکا و سعودییە لەگەڵ ئێران، لەبری ئەمە حکومەتی نوێی عێراق دەیەوێت وڵاتەکەی لە مەیدانی جەنگەوە ببات بەرەو شوێنێک بۆ وەبەرهێنان، لەم رێگەیەشەوە بەغدا ببێت بە پردی ئاشتیی و هاوکاری لەنێوان وڵاتاندا.

سعودییە یەکەم وێستگە دەبوو
بڕیاربوو یەکەم وێستگەی سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ سعودییە بێت، پیش ئەوەش و لە ١٩ی تەموز شاندێکی عێراقیی بە سەرۆکایەتیی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق سەردانی سعودییەیان کرد بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بۆ سەردانەکە بکەن، شاندەکە هەریەک لە وەزیرانی نەوت، وەرزش و رۆشنبیریی، پلان، کارەبا و کشتوکاڵی لەخۆدەگرت.

بڕیار بوو مستەفا کازمی لە ٢٠ی تەموز سەردانی سعودییە بکات، بەڵام بەهۆی لەناکاو تێکچوونی باری تەندروستی شا سەلمانەوە کە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەر، سەردانەکە هەڵوەشێندرایەوە.

سعودییە بەڵێنی هاوکاریکردنی عێراقی داوە و ئامادەیی دەربڕیوە لە هەموو بوارەکاندا هاوکاریی عێراق بکات، لەوانەش وەبەرهێنان لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای ئەنبار و دروستکردنی یاریگا لە شارەکانی عێراقدا.

یەکێک لەو بابەتانەی شاندی عێراقیی لەگەڵ بەرپرسانی سعودییە باسیان کردووە، چالاککردنەوەی ئەنجومەنی هاریکاریی نێوان هەردوو وڵاتە، کە سەرپەرشتی سەرجەم ئەو پڕۆژانە دەکات کە لە نێوان عێراق و سعودییەدا هەن.

سعودییە خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی کە یەکەم وڵاتە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق سەردانی دەکات، فەیسەڵ ئالسعود وەزیری دەرەوەی سعودییە لە ٢٠ی تەموز کە شاندی عێراقی لە وڵاتەکەی بوون رایگەیاند، وڵاتەکەی رێز لەوە دەگرێت کە کازمی وڵاتەکەی کردووە بە یەکەم وێستگەی سەردانەکانی بۆ دەرەوەی وڵات.

وەزیری دەرەوە بۆ زیاتر دەرخستنی گرنگیی ئەم سەردانە بۆ وڵاتەکەی وتی، بۆ خۆشحاڵی دەربڕین بۆ ئەم سەردانە کە گرنگییەکی زۆری هەیە و گرتنەبەری سەرجەم رێکارەکان بۆ سەرخستنی، سەرکردایەتیی دانای وڵاتەکەی بە گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی عێراقی بڕیاریان داوە سەردانەکە دوا بخەن تاکو ئەو کاتەی شا سەلمان نەخۆشخانە بەجێدەهێڵێت.

بەخۆکەوتنی ئێران
نووسەر لە دریژەی نووسینەکەیدا باسی بەخۆکەوتنی ئێران دەکات تاکو هەوڵ بدات نزیکبوونەوەی بەغداد لە ریاز نەبێتە مەترسی بۆ سەر تاران، بۆیە وەزیری دەرەوەی ئێران خۆی گەیاندە بەغداد.

سەردانەکەی محەممەد جەواد زەریف بە هەوڵی ئێران دادەنرێت تاکو رێگە نەدات عێراق ببێت بە بەشێک لەو هێزەی کە تاران پەراوێز دەخەن، بەتایبەت کە لە دوای ٢٠٠٣ ئەوەی دەسەڵاتی گەورەی بەدەستە لە عێراق ئێران بووە.

جەواد زەریف لە ١٩ی مانگ سەردانی بەغدای کرد، واتە سێ رۆژ پێش ئەوەی بڕیار بوو کازمی سەردانی تاران بکات، لە کاتی کۆبوونەوەکانی زەریف لە ناوچەی سەوز، چەند موشەکێک ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی عێراق کران، نووسەر پێی وایە ئەم موشەکانە پەیامی هێزەکانی نزیک لە ئێران بوون بۆ حکومەتەکەی کازمی، تاکو پێیان بڵین لە بەرەی "بەرگری" و ئێران دوورنەکەونەوە و دژایەتیی خواستی ئێران نەکەن لە دەرکردنی هێزە بیانییەکان.

ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە حکومەتەکەی کازمی دەیەوێت کۆتایی بەو گروپانە بهێنێت کە بوون بە هەڕەشە بۆ سەر نوێنەرایەتی وڵاتان لە عێراق، کێشەیەک کە بەهیچ حکومەتێکی دیکەی عێراق چارەسەر نەکراوە.

کەشتییەکەی بەغداد بەرەو کەنداو
کازمی هەوڵ دەدات کۆمپانیای سەرجەم وڵاتەکان بهێنێتە عێراق و وڵاتەکەی بکات بە وڵاتی هەموو کۆمپانیا جۆربەجۆرەکان. لەسەر ئەو بنەمایەش عێراق، ئەمریکا و شەش وڵاتی کەنداو رێککەوتن لەسەر بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، ئەو شەش وڵاتەش سعودییە، قەتەر، ئیمارات، عومان، کوەیت و بەحرەینن، ئەمەش عێراق لە ئێرانەوە بەرەو کەنداو دەبات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە "عێراق لەگەڵ ئەمریکا و شەش وڵاتەکەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو هەوڵی زیادکردنی هاریاکاریی ئابووری دەدەن، هاوکارییش لە بواری وزەدا لە نێوان عێراق و ئەمریکا و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو دروست دەکەن کە بنەمایە بۆ ئاشتیی، گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکە."

دەروازە سنورییەکان؛ سەپاندنی ناوەندییەت
یەکێکی دیکە لە هەوڵەکانی مستەفا کازمی بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق و گێڕانەوەی سەروەریی و دەسەڵات بۆ ناوەند، کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانە، تاکو حکومەتی ناوەند بە تەواوی کۆنترۆڵی هەموو دەروازەکان بکات و لە دەستی ئەو هێزانە دەریبکات کە لە دەرەوەی دەوڵەتن.

کازمی لە ١١ی تەموز و لە دەروازەی مەندەلییەوە لەگەڵ ئێران لە پارێزگای دیالەوە دەستی پێکرد، دواترلە ١٥ی تەموز بەرەو سنورە ئاویی و وشکانییەکانی بەسرە رۆیشت لەسەر سنوری ئێران و کوەیت، دواتریش دەروازەی شەلەمچە لە گەڵ ئێران و سەفوان لەگەڵ کوەیت.

نووسەر باس لەوە دەکات کە ئەم دەروازانە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکان و حزبەکان بووە و رۆژانە ملیۆنان دۆلاری ئەو دەروازە سنوریانەیان بۆ خۆیان بردووە، کازمیش بە گێرانەوەی ئەم دەروازە سنورییانە بۆ ژێر دەسەڵاتی ناوەند، دەیەوێت سەروەری و دەسەڵات بۆ حکومەتی عێراق بگێڕێتەوە.

تاکو ئێستا روون نییە کازمی تاکو چەند دەتوانێت لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە سەروەری بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە، تا چەند دەتوانێت کۆتایی بە دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکان بهێنێت و عێراق بەرەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ببات، بەتایبەت کە ئەم هەنگاوانە کۆتایی بە بەشیکی زۆری هەژموون و دەسەڵاتی حزب و بەرپرسە عێراقییە بەهێزەکانی عێراق دەهێنێت.