ڕاپۆرتی کوردستانی

02:22 - 24/07/2020

سێ‌ شار دەتوانن نەخشەی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕن‌

پەیسەر

ئەگەرچی دوای بەهاری عەرەبی، شەپۆلێك جەنگ و خوێن و كوشتار بەشی زۆری وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقای گرتەوە، لەپاڵیشیدا ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی و بەریەككەوتنی ئەجێنداكان هێندەی دیكە رەوشەكەیان هەم نائارام و هەمیش ئاڵۆزتر كردووە، بەڵام لەنێو سەرجەم وڵاتەكاندا 3 شار هەن كە بە كەوتنیان گۆڕانكاری لە نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاسدا دەكەن و لە ئێستاشدا هەرسێكیان لەژێر بۆردوماندان.

سێرت لە لیبیا
شاری سێرت لە لیبیا پێگەیەكی جیۆسیاسی قورس و كاریگەری هەیە و بە یەكێك لە رێرەوەكانی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا دادەنرێت.
ئەگەرچی لە مانگی شوباتی ساڵی 2011ەوە تا هەنوكە لە لیبیا جەنگ هەیە، بەڵام ساڵی رابردوو كاتێك ژەنەراڵی خانەنشینی سوپای لیبیا خەلیفە حەفتەر جەنگێكی دەستپێكرد بۆ كۆنترۆڵكی تەرابلوسی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڵام لەوكاتەوە لەناو جەنگ و دوكەڵدا خۆی بینیوەتەوە و جەنگەكەش لەدەست گروپە چەكدارە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتەدا نەماوە بە تەنها، بەڵكو ئێستا تەنانەت وڵاتانی زلهێز و هێزە هەرێمییەكانیش خزاونەتە ناو شەڕی لیبیا.
ئێستا بەپێی دواین پێشهاتە سەربازییەكان، لە ناوەندی لیبیادا هیچ شارێك بەدەست حەفتەرەوە نەماوە جگە لە شاری سێرت، بەهۆی پێگە ستراتیژییەكەشیەوە بە كەوتنی سێرت ئۆتۆماتیكی بەشی باشوری ئەو وڵاتە دەكەوێت، واتا ئەگەر باشوری لیبیا بە تەواوی لەدەست حەفتەردا نەمێنێت كەواتە ناوچەیەكی دەوڵەمەندی لەدەستداوە كە خاوەنی لەسەدا 80ی یەدەگی نەوتی ئەو وڵاتەیە و بەوەش پێگەی خەلیفە حەفتەر تا ئاستی كۆتایی بچوك دەبێتەوە.

مەئرەب لە یەمەن
دوای 5 ساڵ لە دەستپێكردنی جەنگ لە یەمەن، تا هەنوكە سعودیە نەیتوانیوە دەسەڵاتی شەرعی ئەو وڵاتە بگەڕێنێتەوە نوكی هەرەمەكە و كۆتایی بە دەسەڵاتی حوسییەكان بهێنێت.
شاری مەئرەب لە یەمەن یەكێكە لەو شارانەی كە زۆرترین بۆردومان و هێرشی لەسەرە و چ حكومەتی یەمەنی و چ هێزەكانی حوسی هەوڵی كۆنترۆڵكردنی دەدەن، هەركامیان بتوانێت مەئرەب بگرێت ئەوا دەتوانێت كۆتایی بە رۆڵی ئەوەی دیكەیان بهێنێت.
ئەگەر چەكدارانی حوسی شاری مەئرەب بگرن، ئەوا حكومەتی یەمەنی هیچ شەرعیەتێكی نامێنێت، لەگەڵ گرتنی ئەو شارەشدا وەك ئەوە وایە كە حوسییەكان تەواوی شارەكانی باكوری یەمەنیان گرتبێت.

ئێستا هەوڵێكی سیاسی لەئارادایە كە هێڵێك دروستبكرێت لەناو یەمەندا بە ئامانجی راگرتنی شەڕ و پێكدادانەكان، لە ئەگەری دروستكردنی ئەو هێڵە و وەسانی بۆردومانەكانی سەر مەئرەب، ئەوا یەمەن بە جۆرێك لە جۆرەكان دابەشدەبێت بەسەر دوو هێزی جیاوازدا و وەك دابەشبوونی دەوڵەتێكی رانگەیەندراوی لێدێت بەناوەكانی یەمەنی باكور و یەمەنی باشور.

ئیدلب لە سوریا
شاری ئیدلب لە سوریا یەكێك بوو لەو شارانەی كە هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی بەهاری عەرەبی كێشەی تێكەوت و لە مانگی سێی ساڵی 2011 هێزەكانی حكومەتی ئەوكاتەی سوریا دەسەڵاتیان بەسەریدا نەما، بەڵام لەو كاتەوە تا ئێستا ئارام نەبووەتەوە و بەردەوام شەڕ و خوێن و ئاگری تێدایە و ئێستاش لەژێر بۆردوماندایە.

ئیدلب كە پێش وێران بوونی بە شاری سەوز ناسرابوو، پێگەیەكی ستراتیژی بەهێزی هەیە لەرووی جوگرافییەوە، لەلایەك لەسەر رێگای پشتیوانییەكانی توركیا بۆ گروپە چەكدارەكانی نزیك لە خۆی و لەلایەكی دیكەشەوە دراوسێی شاری لازقیەیە كە ناوچەی تائیفەی عەلەوییەكانە كە بنەماڵەی ئەسەدیش یەكێكن لە بنەماڵەكانی ئەو تائیفەیە.
لەماوەی 7 ساڵی رابردوودا هێزەكانی ئەسەد بە هاوكاری ئێران و روسیا دەسەڵاتی بەسەر زۆرینەی ناوچەكانی وڵاتەكەیدا سەپاندووەتەوە، بەڵام لایەنەكانی ئۆپۆزیۆن هەر لە ئیدلب مانەوە و لەوكاتەشەوە لەژێر بۆردومان و لەناو شەرشی ئەهلی و خوێن و فرمێسك و مەرگدایە.
كەوتنی ئیدلب واتا كەوتنی پێگەی توركیا لە سوریا و كۆتایهاتنی ناوچەی دەسەڵاتی گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سەر بە توركیا لە خاكی سوریادا.

ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی رەوش و پێگەی هەریەك بە شاری سێرتی لیبیا و ئیدلبی سوریا و مەئرەبی یەمەن، تەنها پێگەیەكی ناوخۆیی نین بۆ ئەو وڵاتە، بەڵكو ئێستا كەوتنی هەریەك لەم شارانە واتا كەوتنی ئەجێندایەك و سەركەوتنی ئەجێندایەكی دیكە جا لەسەر ئاستی هەرێمی یان لەسەر ئاستی زلهێزەكانی جیهان.