ڕاپۆرتی کوردستانی

10:14 - 25/07/2020

خه‌بات لە پێناوی کوردایەتیەوە بۆ جه‌نگ له‌ پێناوی بازرگانیدا‌

سامان غه‌فور هۆرامی

ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌مووان ده‌یزانین ئه‌وه‌یه‌ كورد له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ به‌ دووژمن ده‌وره‌ دراوه‌و له‌ هه‌موو چركه‌ ساتێكدا گڵۆڵه‌ی بكه‌وێته‌ لێژیی به‌هه‌موویان لێی ده‌ده‌ن، ئه‌وان له‌ هه‌موو شتدا ناكۆكن به‌ڵام كاتێك دێته‌ سه‌ر كورد و لێدان له‌ كورد، ده‌بنه‌ یه‌ك ده‌ست و یه‌ك دڵ، به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ته‌ وانه‌یه‌كی گرنگ بۆ كورد و به‌رزونزمیه‌كانی مێژووه‌ خوێناوییه‌كه‌ی به‌ردوام دووباره‌و چه‌ند باره‌ ده‌بێته‌وه‌، گۆڕینی ئاڕاسته‌ی خه‌باته‌كه‌ی و ئاڕاسته‌ی سه‌ری ڕمه‌كه‌ی له‌ دووژمنه‌كانیه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ سنگی نه‌وه‌كانی خۆی، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌توانێت كه‌شی خه‌باته‌كه‌ی بگه‌به‌نێته‌ كه‌ناره‌كانی ئارامی و له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كانیش دا كاتێك كه‌شتی نه‌توانێت ئاڕاسته‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه‌، یان نه‌توانێك له‌ شوێنی گونجاو له‌نگه‌ر بگرێت، هه‌میشه‌ سه‌رزه‌نشت و لۆمه‌ بۆ كابتنی كه‌شتییه‌كه‌یه‌و له‌كاتی سه‌ركه‌وتنیش هه‌ر پیاهه‌ڵدانه‌كان بۆئه‌وه‌، جا ئه‌وه‌ی كه‌ له‌م ڕاپۆرته‌دا ده‌خوێنرێته‌وه‌ ئه‌و هۆكارانه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات كه‌ چۆن وبۆچی ئاڕاسته‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كوردله‌ باشوور ده‌گۆڕێت و دوای 30 ساڵ هێشتا نه‌توانراوه‌ كه‌شتییه‌كه‌ی له‌ كه‌نارێكی ئارامدا ئۆقره‌ بگرێت.

 

حیزبایەتی لەنێوان دوو جەنگدا  :
لەوەتەی کورد ھەیە، جەنگیش ھەیە، مێژووی ئێمە جەنگە، جەنگ پانتایی ئێمەی داگیرکردووە، شوناسی ئێمە جەنگە، جوگرافیای ئێمە جەنگ دیاریکردووە و ھەر جەنگ لێمانی سەندووەتەوە، ئەوکاتەی ھیچ ھێزێکمان نەدۆزیبێتەوە جەنگی لەگەڵ بکەین لەگەڵ خۆمان بەجەنگ ھاتووین، ھەر ئەم خاڵەشە بووەتە ھۆی شکستمان لەگەڵ ئەوانی تردا.

لێره‌ کوردایەتی و حیزبایەتی  دوو ڕووی دراوێکن گەرچی ھەر یەکێکیان دەتوانرا بە جۆر و شێوازی جیاواز کاریان بکردایە..

حزبایەتی لەمپەڕی ڕاستەوە بۆ ئەو پەڕی چەپ تەنھا بازاڕی کوردایەتیان گەرمکردووە، بەڵام کوردایەتیەکی موزەیەف و ڕوپۆشکراو، ئەم حیزبانە بازاڕی جەنگیان گەرم کردووە، ھەندێکیان ئەم گەرمکردنەیان لەپێناو خۆیاندا بووە و ھەندێکی تریان بۆ ھێزە ئیقلیمیەکان و نەیارەکانی کورد بووە، 

ھەر جەنگ و بەرپەرچدانەوەیەکمان کردبێت، بەشێکی کەمی لەپێناو خۆماندا بووە و بەشەکەی تری لەپێناو ھێزی تردا بووە.
گەر بگەڕێینەوە بۆ ڕاپەڕینەکەی  نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو.. چ دەبینین؟

لەپڕ ھەرێمێک دروستکرا، ڕاستە کۆمەڵێک حیزب کاریان کرد تا ھەرێمێکمان ھەبێت، بەڵام کە واقعەکە دروست بوو چیان کرد؟

ئەو واقعەی ئێستە ھەیە حزبەکانی خستە نێوان دوو جەنگەوە جەنگی کوردایەتی و جەنگی بازرگانی، لەناو ئەو ھێزانەشدا تەنھا دوو ھێزی سیاسی کاریگەرمان ھەیە، کە ھەم توانیویانە قورسایی ناوخۆیی و دەرەکیان ھەبێت..

ھەم ئەم دوو ھێزە بازرگانیان بە خوێنی شەھیدان و سەرمایەی سروشتی و مرۆیی کوردستانەوە کردووە. 

لە ئاودیوكردنی سه‌راخان و ژێرخانی كوردستانەوە دەستیان پێکرد و گەیشتنە بیرە نەوتەکانمان، ئەو ھێزەی خواستی دروستکردنی دەوڵەتی ھەبێت، دەست بۆ تاڵانكردنی وڵاته‌كه‌ی نابات، گەر خواستی ئەو ھێزە دروستکردنی دەوڵەتێکی مەدەنی بێت، جەنگ ناکات لەگەڵ براکەی خۆیدا.

 دوو ھێزی سه‌ربازیی لەڕابردوو بەریەک کەوتن و کوردستانیان کردە گۆمی خوێن.. ژمارەی ئەو شەھیدانەی لە جەنگی براکوژیدا شەھید بوون، دەتوانرێت بوترێت له‌وانه‌یه‌ زیاتر بووبێت لە جەنگی ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی له‌ده‌ستی دوژمن، جەنگی نێوان ئەم دوو ھێزە دوو دیوی ھەیە، دیوێکیان خواستی دەرەکی لەسەر بووە و دیوەکەی تری خواستی قۆرخکاریی و سڕینەوەی یەک و ھەڵلوشینی سەروەت و سامانی کوردستان.. 

لەجەنگی سەربازیەوە بۆ جەنگی بازرگانی
ئه‌م دوو هێزه‌ هێشتا لە جەنگی سەربازی نه‌بووبوونەوە و پەنایان بۆ دروستکردنی کۆمپانیای زەبەلاح برد، بیریان کردەوە دەتوانرێت بە ھێزی پارە ویژانی خەڵک بکڕن، لەبری  جێبه‌جێكردنی دروشمی کوردایەتی، گیرفانی کەسە  نزیکەکانی خۆیان پڕکرد، به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانیان ئەوەی بە گەنجی لە شاخ نەیانتوانی بیکەن ئێستە بەپیری مومارەسەی دەکەنه‌وه‌.

پێشتر ئاماژەمان پێدا کە ئەم ھێزانەی ئێمە کە جەنگیان لەگەڵ یەک کرد دیوێکی خواستی دەرەکی بوو، کاتێک کە دەستیان بە بازرگانی کرد بوونە گیرفانی ئەوانی تر، ئەوەنیە ڕێکەوتنی ٥٠ ساڵی دەکەن لەگەڵ تورکیا..

شارەکانیان فراوان کرد لەپێناو کۆمپانیاکانی خۆیان، جادەکانیان قیرتاو کرد ھەر لەبەر کۆمپانیاکانیان، کوردستانیان کردە مۆڵێک بۆ ساخکردنەوەی کاڵای تورکی و ئێرانی، ھێزی کاری ناوخۆییان پەک خست بۆ ئەوان، زۆر شتیان کرد کە دوژمن ئەوەی نەتوانیبوو بەرامبەرمان بیکات..

وەزیری کشتوکاڵ ڕێگری لە ھاوردەی مریشک کرد.. لەپێناو بەرھەمی خۆماڵیدا خەریک بوو حکومەتەکەی پێوە قوت بدەن، کارگەی دۆشاویان دروست کرد کەچی تەماتەی خۆمانی بۆ بەکارناھێنن.. کوردستان جێگەیەکە بۆ بازرگانی ئەوانی تر و برسی کردنی خەڵکەکەی.

ئێمە میللەتێکی ناهوشیار و سەرکردایەتیەکی ناهوشیارمان ھەیە، خاوەنی سەرمایەی مرۆیی گه‌وره‌ین  و ھێزی کاری زۆرمان هه‌یه‌ و كه‌چی کۆمپانیای دەرەکی سەروەت و سامانمان لوش دەدەن.

دوژمنانی کورد بیریان لەوە کردەوە کە مەرج نیە ھەموو کات پێویستت بە بەکارھێنانی ھێزی سەربازی ببێت، بۆیە ھاتن و بازاڕیان وەک جەنگ بەکارھێنا، کە لەبازاڕیش شکستت ھێنا، ھەموو شتێکت لەدەست دەردەھێنن. 

لەنێوان ستراتیژیەت و حیزبایەتیدا 
ھەرێمی کوردستان بازاڕێكی گەورەی تورکیا و ئێرانە، وایانكردووه‌ له‌ خه‌ڵك بازاڕێکی پێنج ملیۆن کەسی بەبێ بیرکردنەوە کاڵای تورکی و ئێرانی دەکڕن، تورکیا و ئێران دوو حزبی سیاسی بەکاردەھێنن بۆ بەبازاڕکردنی شمەکەکانیان.

حکومەت دەستی بەستراوە، توانای ئەوەی نیە کە یەک کیلۆ تەماتەی خۆمانە ساخ بکاتەوە، توانای ساخکردنەوەی مریشکی خۆمانەشی نیە، چونکە دوو ھێزی سیاسی ھەوڵی بەبازاڕکردنی شمەکی ئەوانی تر دەدەن، کۆمپانیای سێبەر زۆرن لە کوردستان، داھاتی ئەم کۆمپانیایانە بۆ کەسی ترە کە ئێمە نایانناسین و سەرمایەکەشیان بۆ خزمەتی کوردستان نیە، لە ٢٠٠٣ەوە پارە بە مۆڵی لە بەغدادەوە ھاتووە و حکومەت بەسەر سێکتەرەکانیدا بەشی کردووە، بەڵام ئێستە ئەم پارەیە ونەو دیار نیە.

ئه‌گه‌ر فەرمانبەرێکی کەرتی گشتی بە نمونە وەرەگرین موچەی مانگانەكه‌ی ٥٠٠ ھەزار بێت، کۆی پارەکەی نزیکی ١٠٠ ملیۆن دەبێت، ئەم پارەیە دەبێت ئێستە لە ھەرێم مابێت و بە پارچە پارچەیی لە دەستی خەڵکی تردا مابێت.، بەڵام تەسەور ناکەم ئەم پارە لە کوردستان بێت بەڵکو ئێستە کۆمپانیا سێبەرەکان بردبێتیان بۆ خاوەنەکانیان. 
لێرەدا ھەوڵدەدەین چەند ستراتیژێک ڕوونبکەینەوە

هەواڵگریی:
دەوڵەتی بەھێز ھەواڵگری بەھێزی ھەیە، بەبێ ھەواڵگری بەھێز ناتوانی دەوڵەتت ھەبێت. ھەرێمی کوردستان نە دەوڵەتی ھەیە، نە ھەواڵگری باش، بۆیە کە جەنگمان کردووە، بەردەوام دۆڕاوین و ئەوەشی کە ھەمانبووە لێیان بردووین، ئەو دەوڵەتەی توانای ھەڵسوکەوتی لەگەڵ دۆست و دوژمن ھەبوو، ئیحاکەی لە ھەواڵگریەوە وەرگرتووە. ئەم ھێزی ھەڵسوکەوتە تەنھا ھەواڵگیری دەیدات. ھەواڵگیری پێویستی بە ئەقڵێکە کە ئیدارەی کەسەکانی بکات و ئاڕاستەیان بکات بۆ ئامانجێکی پیرۆز. ئامانجی پیرۆز لە دیدی ئێمەدا بە حساب کوردستانێکی بەھێز و ئابوریەکی بەھێزە.

ئابوری حیزب و ئابووری حكومه‌ت:
ئابوری ئێمە لەسەر بنەمای ئابوری حزبەکان ھەڵچنراوە، قاسەی حکومەت بەتاڵ و قاسەی حزب پڕە، کۆمپانیا زەبەلاحەکان ھاتنە کوردستان بۆ بازرگانی و ھەواڵگیری.. ھەم سەروەت و سامان کۆدەکەنەوە و ھەم زانیاری لەسەر پەیوەندیەکانمان دەدەن.. ھەواڵگیری ئێمەش سەرقاڵکراوە بەوەی بزانرێت ئەو پەیجە ھی کێیە و ئەو نوسەرە بۆ لەبەرژەوەندی فڵانە حزب دەنوسێت.
قسەیەک ھەیە دەڵێت بەبازاڕکردن لەناو یاسا و ڕێنماییەکاندا دەبێت. واتە حکومەت یاسا و ڕێنمایی دەردەکات بۆ کۆمپانیاکان، دەبێت زانیاری وردی ھەبێت لەسەر کەسەکانی کۆمپانیا، دەبێت دۆخەکەی خوێندبێتەوە بۆ کۆمپانیا ڕکابەرەکان، کۆمپانیای نوێ واتە ھێزی نوێ و ئاڕاستەی نوێ، ھێزە ئیقلیمیەکان جەنگی خۆیان بە کۆمپانیاکانیان دەکەن و ئێمەش زۆر بە دڵخۆشیەوە کاڵاکانیان بەکار دەبەین. ھەر کۆمپانیایەک کەلە یاریەکە دەچێتە دەرەوە ئەوە بزانە گەمەکەرێک کردویەتی.


پلانی داگیرکردن :
ھەر زانیاریەک لە شانە نھێنیەکانەوە دەگات، پەیامێکی پێیە. پێویستە کۆدی ھەموو پەیامەکان بکرێنەوە، ھێرش پێویستی بە زانیاری و پلان ھەیە، ھەموو پلانەکانیش دەبێت بگەنەوە ئامەنجەکە. مەیدانی جەنگ یەکلاکەرەوەیە، بۆیە دەبێت کە بیرلە داگیر کردن دەکرێتەوە، ھەوڵبدرێت زیانی لێنەکەیت و سودبگەیەنێت.

ھێزە ئیقلیمیەکان زۆر کات لەژێر پەردەی کۆمپانیادا ھەوڵی داگیرکردنیان داوە، ئامانجی سەرەکیان فراوانکردنی جوگرافیا نەبووە بەڵکو ئامانجیان زیادکردنی سەرمایەکەیان بووە. زۆرێک لە کۆمپانیاکان سێبەری ئەوان بوون و ئێمە پارەمان بۆ پەیدا کردوون.

ستراتیژیەتی هێرش بردن:
بازرگانی و جەنگ وەک دوو ڕووی دراوێک وایە، سەروکاری ھەردوکیان لەگەڵ سەرکەوتن و بەدیھێنانی ئامانجدایە.  ناتوانرێت سەرکەوتن بەدەست بهێنرێت هەتاوەکو نەتوانرێت بەرگری باش بکرێت. گەر بێیت و ئەم ڕێسایە بهێنیتەوە بۆ ناو جیھانی کار ئەوا ناتوانیت دەستکەوتی باش بەدەست بهێنی هەتاوەکو نەتوانیت لەناوچەی ئارامدا بمێنیتەوە.

هەرچەندە ڕایەکی کۆن هەبوو کەس و کۆمپانیاکان زۆر دەترسان لەبیری نوێ بەڵام ئێستە شتەکان گۆڕاون چونکە ڕایان وایە کە بازاڕ وەک جەنگێک وایە، بۆیە جەنگیش پێویستی بە تەکنیکی نوێ و بیری نوێیە،  بۆیە دەبێت دەرگای ترس داخەیت و خۆت بەڕووی ئەگەرکاندا بکەیتەوە.

ستراتیژیەتی چڕکردنەوە :
یەکێک لەستراتیژەکانی سەربازی ئەوەیە جەخت کردنەوەیە لەخاڵی بەهێزی خۆت لەکات و شوێنی گونجاودا، دەبێت خاڵی لاوازی دوژمنەکەت بزانی و هەڵسەنگاندنت بۆ کردبێت، تا بتوانین هێزی خۆت لەو جێگەیە چڕ بکەیتەوە کە دوژمن تێیدا لاوازە، تابتوانیت لەکەمترین کاتدا زۆرترین زیانی پێبگەیەنیت. لە کوردستاندا دایمە کاریان لەگەڵ ھێزی تر کردووە بۆ لاوازکردنی یەکتری.

هەماهەنگی لەنێوان هێزەکاندا :
لەزمانی سەربازیدا دەبێت هەماهەنگی بکرێت لەنێوان هێزەکاندا، چونکە هێزی سەربازی بەسەر ئاسمانی و دەریایی و وشکانیدا دابەشبووە،  دەبێت هەماهەنگی لەنێوان ئەو هێزانەدا هەبێت و لەژێر سەرپەرشتی یەک سەرکردەی بەئاگادا ئەو کارە بکات، تا بزانێت چۆن هێرش بکات و چۆن کۆتایی بە جەنگەکە بھێنێت.
 لە کوردستاندا زیاتر کار بە ئاڕاستەکردن دەکرێت و وادەردەکەوێت کە سەرکردەکان ھیچ کارە نەبوبێتن  بەڵام لەبازرگانیدا کار بەتیم دەکرێت لەژێر سەرپەرشتی یەک لیدەردا کە هەموو دەستەکان کۆبکاتەوە بۆ ئامانجێک و دەستکەوتێکی باش و خێرادا


بازاڕی ئازاد چی بۆ کردین: 
ئێستا ئێمە لە جیهانێکداین کە لەڕووی بەبازارکردن و ئابوریەوە پێی دەوترێت بازاڕی ئازاد.. واتە ئەو قۆناغەی لەدوای جەنگی ساردەوە دروست بوو، بازرگانەکان بە جۆرێک لەجۆرەکان ئازادکران لە پێناو بەرژەوەندی مادی و سیاسیدا. ئەوەی کە بەلامانەوە جێی بایەخە شتەکان لەجیهانی ئەمرۆماندا چۆن دەگوزەرێن.  لێرەدا هەوڵدەدەین دوو پێشنیار بخەینەڕوو.

پێشنیاری یەکەم :
کار لەجیهانی ئەمرۆدا لەچوارچێوەی بازاڕی ئازاددایە، بەشێوەیەکی تر کاری بازرگانی کار دەکات لەسەر هێزی بەبازارکردن، واتە کار لەسەر سێ بنەما بازرگانیەکە دەکات کە ئەوانیش خستنە ڕوو و خواست و کێبرکێیە بەڵام بەبێ ئەوەی دەوڵەت تەداخول بکات، ئەمە تەنها چوارچێوەیەکی تیۆری دەکرێتەوە، چونکە دەوڵەت بەجۆر و شێوازی تر دەست وەردان دەکات.

لەڕووی تیۆریەوە دەبێت دەوڵەت لە پلان و ئەجێندای بازاڕی ئازاددا نەبێت و دەستێوەردانەکانی دەبێت لەئاستێکی لاوازدا بێت. بەڵام دەبێت چاودێریەکی چڕ و بێزارکەری هەبێت. 

پێشنیاری دووەم:
باس لەو مۆدێلە ئابوریە دەکەین کە باس لە پلان و چاودێریەکانی حکومەت دەکات بەپێی تیۆری کینزی کە ئەویش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە حکومەت هاوکاری کەرتی تایبەت بکات لە پێناو بەرزکردنەوەی بەرهەمدا.  واتە بەم ڕێگایە حکومەت دەگەڕێتەوە نێوکایە بازرگانیەکە، لەپێناو خەڵکدا.

بازاڕی ئازاد یەکێکە لەو مۆدێل و ڕێگایانەی کە کۆمەڵگا و وڵات بەرەو پێشەوە دەبات. بەڵام لە کوردستان بازاری ئازاد بۆ دورخستنەوەی حکومەتە و ئامانج لێی قەڵەوکردنی بازرگانە حزبیەکانە، زۆرکات بازرگانەکانی ئیمە مەرج بۆ حکومەت دادەنێن.، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.

سود لەم سەرچاوانە وەگیراوە 
 ١/ https://www.themuse.com/advice/5-reasons-you-need-marketing-skills-even-if-youre-not-a-marketer
٢/ benefits of studying marketing
٣/Marketing warfare strategies
٤/كتاب (التسويق) – براين برايسي
٥/How to Do Market Research: A 6-Step Guide