ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:00 - 25/07/2020

تورکیا لە دەریای سپی ناوەڕاستدا ناتۆ و ئەورووپای گیرۆدە کردووە‌

پەیسەر

تورکیا لە قوڵایی دەریای سپی ناوەڕاست

نزیکەی دوو مانگە دەریای سپی ناوەڕاست بووە بە خاڵێکی گەرمی ناکۆکیی هەرێمی و نێودەوڵەتی، تورکیا بۆ دەستکەوتنی وزەیەکی زیاتر، لەم ناوچەیەدا بە دوای غازی سروشتیدا دەگەڕێت، یۆنان، قوبرس و ئەو وڵاتانەشی خۆیان بە خاوەن ماف دەزانن لەم ناوچەیەدا، هەنگاوەکانی تورکیا بە زیادەڕەویی و سنوبەزاندن دادەنێن و داوای راگرتنی دەکەن، تورکیاش بەبێ گوێدانە ئەم ناڕەزایەتییانە بەردەوامە و ناوەستێت.

فراوانخوازییەکانی تورکیا
ماوەی چەند ساڵێکە تورکیا لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی دەستی بە سیاسەتە فراوانخوازییەکانی کردووە، ئەنقەرە دەیەوێت وەک وڵاتێکی زلهێز دەربکەوێت، بۆیە چووەتە دەرەوەی سنورەکانی، لەوانەش عێراق، سوریا و لیبیا، لە هەریەک لەم وڵاتانەدا هێزی سەربازی هەیە و بە ئاشکرا دەستی بە سەر چەند ناوچەیەکی فراواندا گرتووە.

تورکیا کە پێویستی بە وزەی زیاترە، لە دەرەوەی سنورەکانی بە دوای سەرچاوە سروشتییەکاندا دەگەڕێت، باشترین شوێن بۆ تورکیاش دەریای سپی ناوەڕاستە و بە ئاسانی دەتوانێت چالاکی تێدا ئەنجام بدات.

دەریای سپی ناوەڕاست
ماوەی دوو مانگە گەڕانەکانی تورکیا بە دوای غازی سروشتی لە دەریای سپی ناوەڕاست، ئاڵۆزییەکی زۆری دروستکردووە، تورکیا بە سنور و مافی خۆی دەزانێت و وڵاتانی دیکەش بە سنوربەزاندن.

تورکیا رایگەیاندووە بەردەوام دەبێت لە گەڕانەکانی و هیچ دەوڵەتێکیش ناتوانێت رایبگرێت، جەختیشدەکاتەوە کە وڵاتەکەی مافی هیچ دەوڵەتێکی دیکەی لەو دەریایەدا پێشێل نەکردووە.

فەڕەنسا و تورکیا
لە مانگی حوزەیران لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، گرژییەک لەنێوان کەشتییەکانی فەڕەنسا و تورکیا روویدا، ئەمەش بووە هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانیان کە ماوەی چەند ساڵێکە دەستیپێکردووە و بەردەوامە.

لە دوای ئەم رووداوەوە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، چەند جارێک هێرشی کردە سەر تورکیا و خودی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە نوێترین لێدوانیشدا کۆتایی هەفتەی رابردوو (٢٣ی تەموز) ماکرۆن رایگەیاند، لە بەرامبەر سنوربەزاندنەکانی پێویستە سزای تورکیا بدرێت، بێدەنگ بوونی ئەورووپا بەرامبەر سنوربەزاندنەکانی تورکیا هەڵەیەکی روونە، بەڵام پاریس بێدەنگ نابێت.

تورکیا و ئەورووپا بەرەو کوێ؟
هیزەر کونلی توێژەر و بەرێوەبەری پڕۆگرامی ئەورووپا لە ناوەندی توێژینەوە ستراتیژیی و نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا و راشل کوری توێژەر و جێگری کونلی لە هەمان ناوەند باس لەوە دەکەن، ئەم هەنگاوانەی تورکیا لە دەریای سپی ناوەڕاست دابەشبوون و دوورکەوتنەوەکانی تورکیا و وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا زیاتر دەکات و رێکخراوی ناتۆش دەخاتە ناو دووڕیان و ناکۆکییەکی ستراتیژی قوڵەوە.

هەردوو توێژەر پێیان وایە ئەم دابەشبوون و ئاڵۆزییە، دەرئەنجامی سیاسەتە دەرەکیی و ئەمنییە هەرێمییە نوێیەکانی تورکیایە کە پەیڕەوی لێدەکات، بەتایبەت لە دەریای سپی ناوەڕاست و بە مافی خۆی دەزانێت لەم ناوچەیەدا بە دوای غازی سروشتیدا بگەڕێت.

تورکیا تا کوێ؟
هەردوو توێژەری بابەتەکە پێیان وایە، وڵاتانی ئەورووپا مەترسییەکانی ئەم هەنگاوانەی تورکیا لە دەریای سپی ناوەڕاست دەبینن، بەڵام بێدەنگن، تەنها چەند دەنگێکی کەم دەبیسترێت، بۆیە کە تورکیا دەبینێت رێگرییەکانی بەردەمی لاوازن، زیاتر سور دەبێت لەسەر سیاسەتەکانی و بەردەوام دەبێت و پێی وایە لەسەر رێگایەکی راستە.

ئاماژە بەوەش دەکەن، سیاسەت و مامەڵەکانی تورکیا بەرەو خاڵێکی ترسناک دەچێت، بەتایبەت ئەم هەنگاوانەی ئەنقەرە تەحەداکردنی بوونی بەرگریی ناتۆیە و مەترسیشە لەسەر هاریکاریی نێوان ناتۆ و یەکێتی ئەورووپا لە ناوچەکەدا.

چارەسەر
توێژەرانی ئەم بابەتە پێیان وایە چارەسەر ئەوەیە وڵاتانی هاوپەیمان لە ناوچەکەدا رێگە بە زیادبوونی ئاڵۆزییەکان نەدەن، ئەمەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ تورکیا دەبێت، ئەگەریش تورکیا ئامادە نەبوو بۆ رێککەوتن لەسەر شێوازی هەڵسوکەت لە دەریای سپی ناوەڕاست، ئەوا لە داهاتوودا بینەری ئاڵۆزی گەورەتر دەبین.

توێژەران پێیان وایە کە پێویستە هەڵسوکەوت و مامەڵەکانی تورکیا لەم ناوچەیەدا لەسەر کۆمەڵێک بنەمای هاوبەش بن کە هەموان لەسەری رێکبکەون.

نیشتمانی شین
بیرۆکەی نیشتمانی شین دەگەڕێتەوە بۆ فەرماندەی پلە باڵای تورکیا جەم گویردەنیز کە لە ساڵی ٢٠٠٦ خستیەڕوو، بیرۆکەکە بریتییە لەوەی کە، تورکیا  لە ڕێگەی دیپلۆماسی و ئامرازە سەربازییە بەهێزەکانەوە، بگات بە ئامانجەکانی کە بریتییە لە فراوانکردنی ناوچەی هەژموونی تورکیا لە دەریای سپی ناوەڕاست، دەریای ئیجە و دەریای رەش، بیرۆکەکە باس لە گەیشتن بە سەرچاوەکانی وزە و سەرچاوە ئابوورییەکانی دیکە دەکات.

ساڵی ٢٠١٥ رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک بەشێک لە "سیاسەتی ستراتیژی نەتەوەیی" پشتیوانی بیرۆکەکەی کرد و پەیڕەوی کرد، ئامانجەکەش بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بوو لە سەرجەم لایەنە سیاسییە دەرەکییەکانی وڵاتەکەی، کە سەپاندنی هەژموونی ئەنقەرە دەگرێتەوە لە سنورە ئاوییەکانی دەورووبەری تورکیا.

مناوەرەی نیشتمانی شین
بیرۆکەی نیشتمانی شین بە ئاشکرا لە ساڵی ٢٠١٩ چووە بواری جێبەجێکردنەوەوە، لە مانگی شوباتی ٢٠١٩ تورکیا "مناوەرەی نیشتمانی شین"ی ئەنجامدا، مناوەرەکە گەورەترین بوو لە مێژووی دامەزراوەی دەریایی تورکیا، کە لە هەمان کاتدا لە دەریاکانی رەش، ئیجە و رۆژهەڵاتی دەریای سپی ئەنجام درا.

میدیاکانی تورکیا مناوەرەکەیان بە "مەشقی سەربازی" ناوبرد. داواکاری بەردەوامی ئەنقەرەش لە بوونی مافی وڵاتەکەی لە بواری وزە لە ناوچەکانی قوبرس ئاماژەیەکی دیکەی ئەم بیرۆکەیەن. لە شوباتی ٢٠١٨شدا، تورکیا کەشتییەکی دەریایی رەوانەی دەریا کرد بۆ وەستاندنی کەشتییەکی ئیتاڵی، کە دەیەویست بەرەو کەناراوەکانی قوبرس بڕوات بۆ گەڕان بە دوای غازی سروشتیدا. لە ساڵی ٢٠١٩ تورکیا کەشتییەکی رەوانەی ئاوەکانی قوبرس کرد بۆ گەڕان بە دوای غازی سروشتیدا. دوای ئەم کارانە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی ئەم کارانەیان کرد و بە "کاری نایاسایی" ناویان برد، پشتیوانی خۆشیان بۆ قوبرس راگەیاند، وەک وەڵامی کردارییش هاوکارییەکانیان بۆ تورکیا سنوردار کرد و دانوستاندنەکانی تایبەت بە رێککەوتنی گواستنەوەی ئاسمانیشیان لەگەڵ ئەنقەرە راگرت.

لیبیا؛ رێگای چوونەوە دەریا
تورکیا بە دوای رەوایەتیدا دەگەڕێت بۆ هەنگاوەکانی، یەکێک لەو رێگایانەش پەنابردنە بەر رێککەوتن بوو لەگەڵ لیبیا، واتە تورکیا دەیەوێت لە رێگەی لیبیاوە رەوایەتی بە کار و هەنگاوەکانی بدات لە دەریای سپی ناوەڕاست، بۆیە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ رێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیا واژۆ کرد، ئەمەش ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و بەتایبەت ناکۆکییەکانی لیبیای بردە قۆناغێکی نوێوە کە بە کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەفتەر لەلایەن حکومەتی ویفاقەوە کۆتایی هات.

رێککەوتنەکە رێگە بە تورکیا دەدات پارێزگاری لە بەرژەوەندییە دەریاییەکانی لیبیا بکات، وەک دەرهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان لە دەریای سپی ناوەڕاست، بەمەش تورکیا هێندەی دیکە لە دەریاکەدا دەستی کرایەوە.

رێککەوتنەکە کە بۆ دیاریکردنەوەی سنورە ئاوییەکانی نێوان لیبیا و تورکیا بوو لە دەریای سپی ناوەڕاست، رووبەڕووی هیچ دژایەتییەکی زۆر گەورە نەبووەوە، ناڕەزایەتییەکانی بەشێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپاش کەم و کورت بوون و سزاکانیش کەمتر بوون لەوەی چاوەڕوان دەکرا.

کەس دەتوانێت تورکیا رابگرێت؟
لەگەڵ ئەوەی چەند دەنگێک هەن بۆ رێگرتن لە فراوانخوازییکانی تورکیا، بەڵام تاکو ئێستا کەم و لاوازن و زۆربەشیان تەنها لە ئاستی راگەیەندراودان. لە ١٣ی تەموزی ٢٠٢٠ وەزارەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و داوای روونکردنەوەیان لە ئەنقەرە کرد لەبارەی هەڵسوکەتەکانی لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، لیبیا و سوریا، داواشیان لە جۆزێپ بۆرێل نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە کرد هەڵبژاردەکان بخاتەڕوو سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر ئەنقەرەدا، ئەوەش بەهۆی چالاکییەکانی بۆ گەڕان بە دوای غاز و نەوت لە ناوچەی ئابووریی تایبەت بە قوبرس.

هەردو وتوێژەر پێیان وایە نەبوونی کاردانەوەی هاوبەش و گشتگیر بەرامبەر هەڵسوکەوتەکانی تورکیا وای کردووە تورکیا زیاتر سور بێت لەسەر کارەکانی و بەردەوام بێت، ئەمەش وای  لە ئەردۆغان کردووە بۆ شاردنەوەی قەیرانە ناوخۆیی و ئابوورییەکان هەنگاو بۆ دەرەوە بنێت.

روون  نییە تورکیا تاکو کوێ بەردەوام دەبێت و لە دەریای سپی ناوەڕاست بە دوای غازی سروشتدا دەگەڕێت، ئەوەی بە روون و ئاشکرا دژایەتیی تورکیا دەکات و داوای سزادانی دەکات، فەڕەنسایە، تاکە سەرۆکی ئەورووپاش رووبەڕووی ئەردۆغان بووەتەوە و بەردەوامە لە دژایەتیکردنی هەنگاوەکانی، ئیمانوێل ماکرۆنە.

لەگەڵ ئەوەی پاریس و ئەنقەرە بەردەوامن لە دژایەتیکردنی ئەنقەرە، بەڵا تورکیا بەردەوامە و تاکو دێت زیاتر دەچێتە قوڵایی دەریای سپی ناوەڕاست.