ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:11 - 26/07/2020

سوریا لە جەنگی ناوخۆوە بۆ گۆڕەپانی جەنگی ئێسرائیل دژی ئێران و حزبوڵا‌

پەیسەر

ماوەی ١٠ ساڵە سورییەکان دەبن بە قوربانی شەڕی ناوخۆ و خوێنڕێژییەکانی وڵاتەکەیان، دوای چەند ساڵێک نەک نەیانتوانی ژیانی خۆیان و وڵاتەکەیان ئاسایی بکەنەوە، بەڵکو وا ئێستا خاکەکەیان بووە بە گۆڕەپانی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەی دەیان وڵات و دەزگای هەواڵگریی. حزبوڵا، ئێران و ئیسرائیل جەنگەکانی نێوانیان لە وڵاتەکانیانەوە بۆ خاکی سوریا دەگوازنەوە، خاکی سوریا جێگەی لوبانانی گرتووەتەوە و بووە بە مەیدانی رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و  حزبوڵا.

بە لوبنانبوونی سوریا
چەندین ساڵە لوبنان شوێنی پێکدادان و جەنگی نێوان ئیسرائیل و  حزبوڵایە و وڵاتەکە لە خاکێکی بەپیت و گەشتیارییەوە کراوە بە گۆڕەپانی شەڕ و خوێنڕشتن، ئەمەش وای کردووە لوبانن ئارامییە سیاسیی و ئەمنییەکەی تێکبجێت و زیانێکی گەورە لە کەرتی گەشتیاریی و ئابووری وڵاتەکە بکەوێت.

لە ئێستادا هاوکێشەکان گۆڕاون، رۆژانێک سوریا لوبنانی وەک گۆڕەپانی رکاریی لەگەڵ ئیسرائیل بەکاردەهێنا، بەڵام ئێستا نیشتمانی سوریییەکان بووە بە شوێنی ململانێکانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی لەگەڵ ئیسرائیل.

بێدەنگی حزبوڵا
چەند مانگێکە ئیسرائیل بە چڕی فشار دەخاتە سەر سوریا، ئێران و حزبوڵا، فشارەکان سەربازیی و سیاسییشن، فڕۆکەکانی ئیسرائیل دەست لە ئێرانی و لوبنانییەکانی حزبوڵا ناپارێزن و لە هەرکوێ بیانەوێت دەیانکەن بە ئامانج.

ئەوەی روونە بێدەنگی حزبوڵایە، هەفتەی رابردوو حزبوڵا بە فەرمی کوژرانی ئەندامێکی لە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشق راگەیاند، کە بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە کوژرابوو، بەڵام بێدەنگی لێکرد و هیچ وەڵامێکی نەدایەوە، ئەمەش بە سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکانی دەستهەڵگرتنی حزبوڵا لە شەڕی زەمینی دادەنرێت، ئەوە لە کاتێکدا حەسەن نەسروڵا رایگەیاندبوو، کوژرانی هیچ ئەندامێکیان لە سوریا بەبێ کاردانەوەی سەربازیی تێناپەڕێت.

 ئەو کاتەی لە سەرەتای ٢٠١٥ش کوڕێکی عیماد موغنیەی سەرکردەی حزبوڵا لە جۆلان و لە بۆردومانێکی ئیسرائیلدا کوژرا، وەڵامی حزبوڵا "سنودار و رێککەوتن لەسەر کراو" بوو، کە فڕۆکەکانی ئیسرائیلیش ساڵی رابردوو ئاسمانی لوبنانیان بەزاند و گەیشتنە باشوری لوبنان، کاردانەوەکان سارد و سنوردار بوون.

لوبنان لە بەردەم جەنگێکی نوێدایە؟
چاوەڕوانی سەرهەڵدانی دۆخێکی نوێ دەکرێت لە ناوچەکە و بە تایبەت لە لوبنان و سوریا، لەلایەن ئیسرائیل و حزبوڵاشەوە ئامادەکاریی و خۆکۆکردنەوەی سەربازیی هەیە لە "سەنگەری باشور"ەوە.

لوبنان کە خۆی لە ئێستادا لە قەیرانێکی ئابووری سەخت و دژواردایە، بەرگەی جەنگێکی دیکە ناگرێت، ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر زۆرە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە سەر خاکی سوریا بێت، بەمەش سورییەکان بۆ چەند ساڵێکی دیکە بینەری شەڕ و خوێنڕێژی دەبن لە وڵاتەکەیان، جەنگێک کە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە.

لێدوانەکانی جان ئێف لۆردیان وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش کە سەردانی لوبنانی کرد و هۆشداری لە تێوەگلانی لوبنان دا لە هەر شەڕێک، ئاماژەکانی ترسن لەوەی لوبنان ببێتە مەیدانی شەڕێکی دیکە کە بەرگەی ناگرێت.

ئەمریکاش هات
ئەمریکا کە پشتیوانی هەمیشەیی و بێمەرجی ئیسرائیلە، هێزی رەوانەی ناوچەکە کردووە و بە سیاسیش پشتیوانی خۆی بۆ تەلئەبیب دەربڕیوە، هەفتەی رابردووش جەنەراڵ کینس ماکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا وتی، "حزبوڵا هەڵەیەکی گەورە دەکات هەوڵی ئەنجامدانی هێرش و چالاکی بدات دژی ئیسرئیل، ناتوانم ببینم کە داهاتوویەکی باشیان دەبێت." ئەمەش هەڕەشەیەکی ئاشکرای ئەمریکایە لە حزبوڵا.

بە کرادریش ئەم پشتیوانییەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دووپات کرایەوە، ئەوەش کاتێک جەنەراڵ مارک میلی سەرۆکی فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا سەردانی تەلئەبیبی کرد، ئامانجی سەردانەکە بۆ گفتوگۆکانە لەبارەی "ئاڵنگارییە ئەمنییە هەرێمییەکان"، کە مەبەست لێی ئێران و حزبوڵایە.

لە هەمان کاتدا یەکەیەکی زەبەلاحی سەربازیی ئەمریکا گەیشتە دەریای ناوەڕاست لە نزیک کەناراوەکانی سوریا و لوبنان، بەمەبەستی ئەنجامدانی مانۆرێکی سەربازی هاوبەش لەگەڵ یۆنان.

پەیامەکانی ئێران بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوو رووداو روویاندا، کە بە پەیامی ئێرانییەکان دادەنرێت بۆ ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان و درێژکراوەی ئامادەکارییەکانی هەردوو بەرەکەیە بۆ هەر ئەگەر و پیشهاتێک لە ناوچەکەدا.

رووداوی یەکەم؛

تێپەڕینی فڕۆکەیەکی سەر بە کۆمپانیای فرۆکەوانیی ماهان ئێر بوو، بەسەر بنکەی سەربازی تەنەفی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی سوریا، کە بە تاقیکردنەوەی ئێران بەرامبەر ئەمریکا دادەنرێت، وەڵامەکەشی ئەوە بوو فڕۆکەیەکی ئێف ١٥ی ئەمریکی بە تەواوی لێی نزیک بووەوە و رووداوەکە بەبێ هیچ رووداوێکی دیکە کۆتایی هات.

روووداوی دووەم؛
لە دەشتی قونەیترەی سوریاوە تەقە لە ناوچەکانی جۆلانی ژێر دەستی ئیسرائیل کرا، لە وەڵامدا فڕۆکەکانی ئسرائیل بۆردومانی ناوچەکەیان کرد و لە ئەنجامدا چەند هاوڵاتییەکی سوریی و بیانیی بریندار بوون.

چاوەڕوانی ئێرانییەکان و پەلەی ئیسرائیلییەکان
ئێرانییەکان رۆژ دەژمێرن تاکو کۆتایی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ ببینن و ئاهێک هەڵبکێشن و ماندوویەتییان دەربچێت، وەک ئەوەی دەردەکەوێت تاران خوازیارە دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا شکست بهێنێت و خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ئەمریکا نەباتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هەرچی لەدەستی بێت دەیکات.

بەڵام ئیسرائیل چاوەڕوانی هیچ دەرئەنجام و رووداوێک ناکات و لە پلانەکانی خۆی بەردەوامە کە چڕکردنەوەی هێرشەکانییەتی بۆ سەر ئێران بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئێرانییەکان لە سوریا، بەتایبەت لە باشوری سوریا. لە ناو خاکی ئێرانیش چالاکی سەربازیی و هەواڵگری دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکان ئەنجام دەدات، تاکو چالاکیی و پێشکەوتنە ئەتۆمییەکانی تاران خاو بکاتەوە.

 ئیسرائیل و حزبوڵا جەنگەکەیان بردووەتە سوریا، ئێرانیش دەیەوێت جەنگ لەسەر خاکەکەی دووربخاتەوە و بیباتە سوریا، هێزەکانی ئەمریکا لە سنورە ئاوییەکانی سوریان. ئەمەش دیمەشق دەکات بە دەروازەی جەنگێکی نوێ ئەگەر رێگری لێنەکرێت.

رووسیا تاکو ئێستا بێدەنگە و هیچ هەڵوێستێکی توند و یەکلاکەرەوەی نییە، بەڵام سورە لەسەر ئەوەی سوریا نەبێت بە شوێنێک بۆ داگیرکاریی ئەمریکییەکان، ئەوەی روونە رووسیا هەوڵ دەدات سوریا نەبێت بە شوێنی هەژموونی ئەمریکییەکان، بەڵام لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانییەکان لە ئێران و سوریاش هەڵوێستی روونیان نییە، تەنانەت باس لەوە دەکرێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئێرانییەکان لە سوریا، دوای هاریکاریی و لێکتێگەیشتن بووە لەنێوان روسیا و ئیسرائیل.