ڕاپۆرتی کوردستانی

03:04 - 28/07/2020

هیچ ئاسۆیەكی روون بۆ رێككەوتنی هەولێر و بەغداد و چاكبوونی رەوشی دارایی هەرێم بەدیناكرێت‌

پەیسەر

تادێت قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان قوڵتر دەبێتەوە و تا هەنوكەش هیچ ئاسۆیەك بۆ رێككەوتن نییە، بەپێی زانیارییەكانی (پەیسەرپرێس)یش، رێككەوتنی هەولێر و بەغداد لەبارەی دەروازە سنورییەكان كێشەی تێكەوتووە و پێناچێت نە بەغداد بە داواكارییەكانی هەرێم رازی ببێت و نە هەولێر خواستی بەغداد بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی بەسەر هەموو دەروازەكاندا جێبەجێ‌ بكات بەتایبەت دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل.

قەیرانی دارایی لە دیدی پەرلەمانی كوردستانەوە؟
لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەسەر راسپاردەی سەرۆكایەتی دامەزراوەكە راپۆرتێكی لەبارەی دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان ئامادەكردووە و لە راپۆرتەكەدا كە ئەم مانگە ئامادەكراوە لیژنەكەی پەرلەمان چەند خاڵێكی وەك هۆكاری قەیرانی دارایی دەستنیشان كردووە.
راپۆرتەكە بە دەق تێیدا نوسراوە:-

هۆكارەكانی خراب بوونی دۆخی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان 
دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی ناسەقامگیر و دژواردا تێدەپەڕێت كە هۆكارەكانی بریتییە لە:

یەكەم: لە رووی ئابوویەوە بەشێكین لە دەوڵەتی عێراق ، عێراق و هەرێمی كوردستان 85% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێ، دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری راستەوخۆ و بەپەلە دەكاتە سەر جۆمگەكانی دیكەی ئابووری و دارایی وڵات.

دووەم: بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا، كایگەری لە سەر زۆربەی جۆلەكانی ئابووری و دارایی دروست كردووە، بەشێوەیەك زۆربەی سەرچاوەكانی داهاتی كەمیكردووتەوە.

سێیەم: پێناسەیەكی دیاریكراو نییە بو سیستەمی ئابووری لە هەرێمی كوردستان.

چوارەم: تەداخولەكانی حكومەتی فیدڕال لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و بەستنەوەی بە هۆكارە سیاسییەكان و بڕین وناجێگیری لە پێدانی بەشێك لە بودجەی، بەتایبەت لە 2014 تاوەكو ئێستا لە 2020 وایكردووە پێدانی مووچە و دۆخی ئابووری ناسەقامگیر بێت.

پێنجەم: بەهەدەردان، گەندەڵی خراب ئیدارەدانی سەرچاوەكانی داهات لە هەندێ لە سێكتەرەكانی وەك (نەوت و داهاتی ناوخۆ وەك خاڵە سنوورییەكان، گومرك، باج ...هتد).


هاوكات لەبارەی سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان چەند سەرچاوەیەكی بەیانكردووە كە بەپێی راپۆرتەكە دەڵێن:-

سەرچاوەكانی داهاتی هەرێمی كوردستان:
یەكەم:
داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەكان، باج، رسوومات:
لە 1/1/2020 تاوەكو 30/6/2020 وەك ئەوەی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری وەرگیراوە، كە لە خشتەكەدا روونە:

گومرك و دەروازە سنوورییەكان
1/1/2020 تاوەكو 30/6/2020
505 ملیار دیناری عێراقی

باج
1/1/2020 تاوەكو 31/5/2020
154 ملیار دیناری عێراقی
 
تێبینی: لەداهاتی ناوخۆ كە لە خشتەی سەرەوە ئاماژەپێكراوە رسۆماتی تێیدا نییە.

دووەم:
بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان كە لە عێراقەوە هاتووە لە 2020

(1.759.000.000.000 ملیار دینار) تڕلیۆنێك و 759 ملیار دینار. لەم بڕە كە بە چوار سولفە هاتووە، هەر جارێ بڕی 11.880.000.000 یانزدە ملیار و 880 ملیۆن دینار براوە بو پێدانەوەی قەرزی بانكە ئەهلییەكان كە حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزدارییانە. كۆی قەرزی بانكەكان كە لەو چوار مانگە وەریانگرتووە، 47 ملیار و 520 ملیۆن دینار.

ئەوەی بە سافی بو هەرێمی كوردستان ماوەتەوە (تڕلیۆنێك و 711 ملیار و 480 ملیۆن دیناری عێراقی).

بەگوێرەی مافە دارییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەشە بودجی 2020ی عێراق، كە بەهۆی نەبوونی یاسایی بودجە، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ بودجەی 2019 دەكرێ، ئەویش بە خەرجكردنی 1 لەسەر 12ی بودجەی گشتی 2019. هەرێمی كوردستان لەوەدا مانگانە (453 ملیار دیناری هەبووە)

لە ساڵی 2020 حكومەتی عێراق تەنیا سێ مانگ بڕی (453 ملیار دیناری ناردووە، مانگێك تەنیا 400 ملیار دیناری ناردووە و دوو مانگ هیچی نەناردووە. بەم پێیەش حكومەتی عێراق 959 ملیار دینار كەمتر لە ساڵی پار لەماوەی شەش مانگ رابردوودا بو هەرێمی كوردستان ناردووە).

سێیەم:
بڕی ئەو داهاتەی وەزارەتی سامانە سرۆشتییەكان داوییەتی بە وەزارەتی دارایی:

لەسێ مانگی (1/2/3ی 2020) داهاتی وەزارەتی سامانە سرۆشتییەكان كە دراوە بە وەزارەتی دارایی بو پێدانی مووچە بو هەر مانگێك 345 ملیار و 203 ملیۆن بووە. هەمووی دەكاتە یەك تڕلیۆن و 35 ملیار و 610 ملیۆن دنیاری عێراقی).

هەروەها لەمانگی (4/5/6 ) دوای دابەزینی نرخی نەوت، وەزارەتی سامانە سرۆشتییەكان 283 ملیار و 424 ملیۆن دینار بووە) رادەستی وەزارەتی دارایی كراوە.

چوارەم:
هاوكاری هاوپەیمانان بو مووچەی هێزی پێشمەرگە:

لەشەش مانگی یەكەمی 2020 هاوكاری هاوپەیمانان 124 ملیار و 200 ملیۆن دینارە، بە شێوەیەك بۆ هەر مانگێك بە تێكڕای 20 ملیار و 700 ملیۆن دینار.

ئەم ژمارانەی بەردەست پەرلەمان هەمان ئەو ژمارانەن كە پێشتر حكومەت لە بۆنە رەسمی و نارەسمییەكاندا ئاماژەی پێداون بەڵام یەكێك لە كێشەكانی ئەم ئامارانە لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە هاوڵاتیانی هەرێمەكە متمانە بە ئامارەكان ناكەن و بەردەوام بە گومانەوە لەو ژمارانە دەڕوانن كە لەلایەن حكومەت و دامەزراوەكانی دیكە و حیزبە دەسەڵاتدارەكانەوە لەبارەی داهات و خەرجی ئاشكرا دەكرێن.


هەولێر و بەغداد رێكناكەون

 
ئەگەرچی لەدوای سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە كە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 دەستیپێكرد تا هەنوكە هەرێمەكە لە قەیرانی دارایدایە، بەڵام بەردەوام گفتوگۆ و كۆبوونەوە و سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا هەبووە بۆ چارەسەری كێشەكان، تەنانەت لیژنەی دارایی لە راپۆرتی خۆیدا دوو خاڵی پێشنیاركردووە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد و لە راپۆرتەكەدا نوسراوە
پێشنیار و راسپاردەكانی لیژنەی دارایی و ئابووری

لەگەڵ بەغدا:
یەكەم: داوا دەكەین حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕالی بەردەوام بێ لە گفتوگۆكردن تاوەكو مافە شایستە داراییەكانی مسۆگەر بكات و دەستووریش بنەمای مامەڵەكردن بێ.

دووەم: داوا دەكەین سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان ، داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانان بكات، كە عێراق پابەندبێت لە چوارچێوەی بنەماكانی دەستوور، شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێی كوردستان خەرج بكات و چی دیكە بە عەقلییەتی مەركەزی هەرێمی كوردستان سزانەدرێت.

بەڵام جیاواز لە داواكارییەكەی پەرلەمان لە حكومەت بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد، كێشەیەكی دیكە كە بەم دواییانە سەریهەڵداوە ئەوەیە كە بەغداد و هەولێر لە لێواری رێككەوتندا بوون و چەند سیناریۆیەك لە ئارادا بوون كە دواییان دۆسێی رادەستكردنی نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس ئێستا كێشە لەبارەی ئەم رێككەوتنەوە سەری هەڵداوە و هەرێمی كوردستان نایەوێت حكومەتی ناوەندی دەسەڵاتی بەسەر دەروازەكاندا هەبێت بەتایبەت لە دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل، حكومەتی ناوەندیش دەیەوێت لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەی دەستی پێكردووە بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان دەسەڵاتی خۆی بەسەر دەروازەكانی هەرێمی كوردستانیشدا بسەپێنێت، هەربۆیە ئەگەری رێككەوتن كەمە و پێناچێت تا كۆتایی ئەمساڵ و تا سەروبەندی ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجە لە عێراق، حكومەتی ناوەندی ئامادەبێت هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات.