ڕاپۆرتی کوردستانی

01:47 - 29/07/2020

هەولێر بە گیرفانێك و دوو دەستی بەتاڵ و پاشخانێكی پابەندنەبوون بە رێككەوتن چاوەڕوانی چی لە بەغداد دەكات؟‌

پەیسەر پرێس

حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوی لە گەڕێكی تری گفتوگۆیە لەگەڵ حكومەتی عێراق تا بەشێك پارەی دەستبكەوێت و بتوانێت بەشێك لە مووچەی چەند مانگێك پێش ئێستای مووچەخۆرەكانی بدات.
گەڕێكی نوێی گفتوگۆ كە نەك چەند رۆژ و هەفتە و مانگە، بەڵكو چەند ساڵە كورد هەر هیوای لەسەر هەڵدەنێت و هەموو جارێكیش بە دەستی بەتاڵ لێی هاتووەتە دەرەوە و لە 3 سەرۆك وەزیرانی رابردوو تەنها پارەی نیازپاكی ئەوانی وەرگرتووە بەبێ‌ ئەوەی كەمترین پابەندبوونی هەبوبێت بە هەر رێككەوتنێك و لێكتێگەیشتنێكەوە كە ئەنجدامیان دابێت.

حكومەتی ئیتیحادی ئاگاداری رەوشی هەرێمە
ئەو دێڕەی سەرەوە بەشێك بوو لە وتەكانی خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ دانوستان لە لەگەڵ بەغدا، كە لەبەردەمی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستاندا دانی پێدا نا كە دەشێ‌ ئەم وتەیەی شوانی وا لێكبدرێتەوە رەوشی نالەباری هەرێم و ئاگاداربوونی بەغداد لەم رەوشە نالەبارە یەكێكە لە خاڵە لاوازەكانی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر مێزی گفتوگۆ.

وەزیری هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد دەڵێت، دانووستانەكان بە كەشوهەوایەكی قورس و ئاڵۆزدا تێدەپەڕن، قورسە چونكە حكومەتی ئیتیحادی ئاگاداری رەوشی ئابووری هەرێمن و دەزانن كارتەكانی ئێمە چین، لە سەرەتای دانووستانەوە هەوڵیاندەدا مەرجی سیاسی بسەپێنن و تەنانەت تەجاوزی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش بكەن.

هەر بە وتەی شوانی، چەندین هەوڵ و گەڵاڵە هەیە بۆ دانووستان، دوا هەوڵەكان ئەوەیە، دوا پێشنیاز لە لایەن حكومەتی ئیتیحادی گەیشتووەتە ئەوان و ئەوانیش وەڵامیان ناردووەتەوە، ئەوەش هیوایەكیان پێدەبەخشێت بەڵام تا ئێستا كێشە ماوە لە نێوانیان.

ئەو وتانەی خالید شوانی كە بەپێی پۆستەكەی دەبێت ئاگادارترین كەس بێت لە فایلی دانوستانی نێوان هەولێر و بەغداد تا ئەندازەیەك لاستیكی و نا دڵنیایانەیە كە بە لەبەرچاوگرتنێكی ئاسان و خێرای دۆخی چەند ساڵی رابردووی ناكۆكی و گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغداد، هەر هاوڵاتییەك تێدەگات كە رێككەوتن ئاسان نییە و ناتوانرێت گرەو لەسەر ئەوە بكرێت كە رێككەوتنی هەولێر و بەغداد دەبێتە مایەی تێپەڕینی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان.

چەند ساڵە كورد تەنها پارەی نیازپاكی بەرامبەر وەردەگرێت
بەوپێیەی تەمەنی قەیرانی نێوان هەولێر و بەغداد زیاتر لە 6 ساڵە و لەماوەی ئەم شەش یاڵەدا سیماكانی قەیرانەكە كە لە فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوت و ئابوری سەربەخۆوە سەرچاوەیگرت تەواو دەركەوتن، دەردەكەوێت كورد لەو ساڵانەدا تەنها پارەی نیازپاكی سەرۆك وەزیرانە یەك لەدوای یەكەكانی لە بەغداد وەرگرتووە، بەردەوام داواكاری كورد ئەوە بووە كە عێراق وەك نیازپاكی بڕێك پارە بنێرێت بۆ هەرێم و دواتر رێكبكەون و دوای وەرگرتنی پارەكە ئیدی بەرپرسانی هەرێم خۆیان نەكردووەتەوە بە خاوەنی رێككەوتنەكان.
نوری مالیكی، حەیدەر عەبادی، عادل عەبدولمەهدی، مستەفا كازمی كە هەر یەكێكیان لە فەترەیەكی ماوەی قەیرانی دارایی هەولێر و بەغداد سەرۆك وەزیرانی عێراق بوون كاتێك لەگەڵ بەرپرسانی هەولێر دانوستانیان كردووە راستەوخۆ بەرپرسانی هەرێم داوایان كردووە وەك نیازپاكی بڕێك پارە بنێرن و ناردوشیانە، بەڵام دواتر هیچ باپەندییەك بە رێككەوتنەكانەوە نەبووە و بە ئەمرۆشەوە هەرێمی كوردستان یەك دڵۆپ نەوتی رادەستی بەغداد نەكردووەتەوە.

گرێ كوێرەی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم
لە ماوەی رابردوودا بەردەوام بەغداد تێبینی و نارەزایی هەبووە بەرامبەر گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان هەر لە شێوازی گرێبەستەكانەوە تا وردەكارییەكانی و سودمەندبوونی زۆری كۆمپانیاكان لەسەر حساب و قوتی سەرچاوەی سروشتی هاوڵاتیان كە نەوتە، بە ئەندازەیەك كە ئێستا بەغداد ئامادە نییە تەنانەت دان بەو گرێبەستانەدا بنێت.
خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد، لە وتەكانیدا لەبەردەمی پەرلەمانتاران بە راشكاوی وتی، ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ بەغدا رێكبكەوین، كارت و بژارمان كەمە، ئێمەش رەخنە و تێبینیمان زۆرە بۆ سەرچاوەی داهاتمان و داهاتی نەوت كەمە، بەڵام رەوشێك لە ئارادایە و دەمانەوێت لەگەڵ بەغدا رێكبكەوین.
لەبارەی گرێبەستەكانیشەوە شوانی دەڵێت تا ئێستا عێراق لە رووی یاساییەوە دانی بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا نەناوە.


بەبێ‌ بەغداد هەرێم گیرفانێكی بەتاڵە
ملنەدانی هەرێمی كوردستان بۆ راستكردنەوەی هەڵەكانی رابردووی سیاسەتی نەوتی و گرێبەست و فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیانە لەكاتێكدایە كە بەبێ‌ بەغداد هەرێمی كوردستان جگە لە گیرفانێكی بەتاڵ هیچ نییە، هیچ بە ئەندازەیەك كە وەزیری دارایی هەرێمەكە لەبەرچاوی دونیا دەڵێت ئەگەر بەغداد مووچە بنێریچت دابەشی دەكەین، واتا ئەگەر نەینارد ئەم حكومەتەی هەرێمی كوردستان تەنانەت توانای دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرەكانی خۆیشی نییە.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان لەبەردەمی پەرلەمانتارانی كوردستاندا دانی بەوەدا نا كە ئەم كابینەیەی حكومەت بڕوای بەوەهێناوە كە سیاسەتی نەوت شكستیهێناوە و بە عێراقیشیان وتووە كە ئامادەن دۆسێی نەوت چارەسەر بكەن.

بە وتەی وەزیری دارایی، لە ساڵانی رابردوودا حكومەتی هەرێم لە مەسەلەی مووچەدا چاوی لەو بودجەیە بووە كە لە بەغداوە بۆی هاتووە.

كەواتە ئێستا پرسیاری جەوهەری ئەوەیە، ئەگەر وەفدێكی دانوستانكار بە دوو دەستی بەتاڵ و گیرفانێكی بەتاڵەوە بچنە سەر مێزی گفتوگۆی بەغداد بە پاشخانێك لە پابەندنەبوون بە رێككەوتنەكانی رابردوەوە، چاوەڕوان دەكرێت بە دەستی پڕەوە بگەڕێنەوە بۆ هەولێر؟