ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:22 - 29/07/2020

دەزگای میت لە دەرەوەی تورکیا چۆن خۆی بەهێز کرد؟‌

پەیسەر

تورکیا ماوەی چەند ساڵێکە بەرەو دەرەوەی سنورەکانی هەنگاو دەنێت، لە چەند وڵاتێکدا هێزی سەربازی هەیە، لە هەرێمی کوردستان، لیبیا و سوریاش دەستی بەسەر چەند ناوچەیەکدا گرتووە، لەم فراوانخوازییەدا دەزگا هەواڵگرییەکەی هاوکارییەکی زۆری کردووە، ئەوەی پرسیاری سەرەکییە بۆچی تاکو دێت چالاکییەکانی میت لە دەرەوەی وڵات زیاد دەکەن؟

دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموز، دەزگاکە بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاوە بەسترایەوە

دەزگای هەواڵگریی نەتەوەیی (میت)
دەزگای هەواڵگریی نەتەوەیی (MIT) لە ساڵی ١٩٢٧ بە فەرمی و بە ناوی خزمەتگوزاری ئاسایشی نەتەوەییەوە دامەزرا (MEH)، لە ساڵی ١٩٦٧ ناوەکەی کرا بە دەزگای هەواڵگری نەتەوەیی (Milli İstihbarat Teşkilatı) کە بە میت ناسراوە.

سەرەتا و بنەڕەتی مێژوویی دەزگای هەواڵگری نەتەوەیی تورکیاش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٣، کە تێیدا دەزگایەک بۆ کاروباری هەواڵگریی لە دەوڵەتی عوسمانیدا دروستکرا.

ساڵێک دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموز، دەزگاکە بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاوە بەسترایەوە.

کاروبارەکانی تایبەت بەو بیانییانەی روو لە تورکیا دەکەن درا بە میت

گۆڕینی یاسا لەپێناو میت
پێگەی (BBC) راپۆرتێکی دەربارەی زیادبوونی چالاکییەکانی دەزگای میت لە دەرەوەی تورکیا بڵاوکردووەتەوە.

ساڵی ٢٠١٤ یاسای دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی و خزمەتگوزاری هەواڵگریی دەوڵەتی گۆڕانی بەسەردا هات و هەموار کرایەوە، پێش ئەم گۆڕانکارییە کاری دەزگای میت لە پێدانی ئەو زانیارییانەی لە دەرەوەی وڵات کۆیدەکردنەوە بە دەزگا پەیوەندیدارەکان سنوردار کورتکرابووەوە.

دوای ئەم گۆڕانکارییە دەزگاکە چەند دەسەڵاتێکی دیکەی پێدرا، کاروبارەکانی تایبەت بە ئەو بیانییانەی روو لە تورکیا دەکەن یان ئەو وڵاتە بەجێدەهێڵن درا بە میت، لەوانەش کاروباری ڤیزا، مانەوە، مۆڵەتی کارکردن و دیپۆرتکردن، ئەمەش بە هاریکاریی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکاندا.

بە کۆتاییهاتنی پڕۆسەی ئاشتی، چالاکییەکانی میت لە دەرەوەی تورکیا زیادیان کرد

زۆربوونی چالاکییەکانی میت لە دەرەوە
لە ساڵی ٢٠١٥ کە پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان کۆتایی هات، دەزگای میت لە دەرەوەی وڵات بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی دەربارەی ئەندامانی پەکەکە و بزوتنەوەی خزمەت و چاودێریکردنیان، چالاکییەکانی زیاد کرد.

دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦، دەزگای میت زیاتر گرنگی بە کۆکردنەوەی زانیاریی دا و خۆی کۆکردەوە، بە بیانووی ئەندام بوون لە رێکخستنەکانی گویلەن داوای گەڕاندنەوەی ١٠٠ هەزار ئەندامی ئەو ئەو رێکخراوەی کرد، گۆڕینی یاسای میتیش دەستی دەزگاکەی کردەوە کە لە دەرەوەی وڵات و لە هەر وڵاتێکی جیهان بیەوێت، بتوانێت چاودێری ئەو کەسانە بکات.

دەزگای میت توانی ژمارەیەکی زۆر ئەندامی خزمەت لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، ئەفریقا، بەڵکان، ئۆکرانیا و مۆڵدۆڤاوە بباتەوە تورکیا و دەستبەسەر بکرێن.

تۆمارکردنی سکاڵا
دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، مۆڵدۆڤا بەڵێننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپای پێشێل کردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە کارێکی هاوبەشی هەواڵگریی نێوان تورکیا و مۆڵدۆڤا، پێنج هاوڵاتی تورکی (بە بیانووی ئەندامێتی لە رێکخراوی خزمەت) گەڕێندرانەوە تورکیا.

دوای ئەوەی پێنج ئەندامەکەی خزمەت سکاڵاین تۆمارکرد، دادگای مافەکانی مرۆڤ بڕیاریدا بەوەی کە ئەم کارەی تورکیا و مۆڵدۆڤا نایاساییە.

ئامانجی زیادکردنی چالاکییەکانیان زیادکردنی "هێزی سارد"ە

هاریکاریی لەگەڵ دەزگاکانی دیکە
چەند بەرپرسێکی دەزگای میت بە بی بی سی-یان وتووە، ئامانجی زیادکردنی چالاکییەکانیان زیادکردنی "هێزی سارد" و بەرزکردنەوەی ئاستی هاریکارییانە لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی دیکەدا.

دەزگای میت بە کار و چالاکییەکانی توانی متمانەی بەشێک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی دیکە بەدەستبهێنێت و کاری هاوبەش بکەن.

ئەو وڵاتانەی هاوڵاتییەکانیان چوونەتە نێو داعش، داوایان لە دەزگای میت کردووە هاوکارییان بکەن

میت و گەڕاندنەوەی چەکدارە بیانییەکانی داعش
یەکێک لەو ناوچانەی کە میت تێیدا چالاکە سوریایە، بەشێک لەو وڵاتانەش کە هاوڵاتییەکانیان چوونەتە نێو داعش داوایان لە دەزگای میت کردووە هاوکاریان بن بۆ گەڕاندنەوەیان، یەکێک لەو وڵاتانەش مالیزیا بووە.

یەکێک لە بەرپرسانی میت لەم بارەیەوە چەند زانیارییەکی بۆ بی بی سی خستووەتەڕوو، "نور فاتیحاح بینتی سامسودین، لە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ محەممەدی هاوسەری لە مالیزیاوە روو لە سوریا دەکەن و دەبن بە چەکداری داعش، هەردوو هاوسەر لە رەقە دەمێننەوە و دوو منداڵیان دەبێت.

لە حوزەیرانی ٢٠١٧ ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی رەقە بە سەرکردایەتیی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان دەستیپێکرد، لە ئاسمانەوە هاوپەیمانان و لە زەوییەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات هێرشیان دەستپێکرد، لەم هێرشانەدا محەممەد کوژرا.

دەزگای میت لە رێگەی کەسەکانییەوە دەرچوونی نور لە کەمپەکە رێکدەخات

 گەڕانەوەی نور
نور و دوو منداڵەکەی لەگەڵ هاوسەرانی دیکەی چەکدارانی داعش برانە کەمپێکەوە و چاودێری کران. نور لە کەمپەکەدا دەگات بەو کەسەی کە بەرامبەر پارە تەلەفۆن بۆ ژنە دەستگیرکراوەکان رێک دەخات، لە رێگەی ئەو کەسەوە تەلەفۆن بۆ خێزانەکەی دەکات لە مالیزیا. دوای ئەم پەیوەندییە دەزگای هەواڵگری مالیزیا پەیوەندی بە میتەوە دەکەن و داوای هاوکارییان لێدەکەن.

دوای ئەم پەیوەندییە، دەزگای میت لەرێگەی کەسەکانییەوە دەرچوونی نور لە کەمپەکە رێکدەخات. دواتریش و لە رێگەی پێدانی پارە بە گروپە چەکدارەکان، بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و سوریادا نور دەگوازنەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی تورکیا، میت ئەم کارەی بە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە خۆی کردووە.

 دوای گەیشتنی نور و دوو منداڵەکەی بە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ، رادەستی دەزگای هەواڵگری مالیزیا دەکرێن، دواتر دەزگاکە دەیانباتەوە بۆ مالیزیا.

(راستیی و دروستی ئەم زانیارییانە یەکلانەکراوەتەوە و هی بەرپرسەکەی دەزگای میتە، بی بی سیش زانیارییەکانی گواستووەتەوە)

توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر ئەندامی داعش لە سوریا دەربکات

تارمایی میت لە سوریا
دەزگای هەواڵگری میت لە ئەنجامی کاری هاوبەشی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی دیکە، توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر ئەندامی داعش لە سوریا دەربکات و میتیش خۆی ئەم زانیارییانەی نەشاردووەتەوە، بەڵام وەک ئەندامی داعش نایانناسێنێت و وەک هاوڵاتی ئاسایی ناویان دەهێنێت، لایەنە دژەکانی تورکیاش ئەم کەسانە وەک ئەندام و چەکداری داعش ناو دەبەن، بە هەر جۆرێک بێت و ئەندامی داعش بن یان نا، ئەمە فراوانی دەسەڵاتی میت لە دەرەوەی تورکیا ئاشکرا دەکات، کە توانیویانە بگەن بە هەر ناوچەیەک بیانەوێت چالاکی تێدا ئەنجام بدەن، فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی میتیش بەپێی یاساکانی تورکیا، هاوکارییەکی زۆری دەزگاکەی کردووە لە دەرەوەی وڵاتەکەی چالاکی ئەنجام بدات.

میت لە سوریا بووە بە خاوەن توانای پێقایمکردن و رێکخستنێکی بەهێز
میت چۆن چالاکییەکانی ئەنجام دەدات؟

سەبارەت بە چالاکییەکانی میت بەتایبەت لە سوریا، جەڤات ئوێنەش یاریدەدەری راوێژکاری پێشووی دەزگای میت بەم جۆرە قسە بۆ بی بی سی دەکات، "لەمڕۆدا توانای جموجوڵی تورکیا لە سوریا زیاد بووە، لە راستیدا میت لە سوریا بووە بە خاوەن توانای پێقایمکردن، کادر پەروەردەکردن و رێکخستنێکی بەهێز، ئەمەش پەیوەندی بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانییەوە هەیە لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی ناو سوریا، ئەم بەهێزبوونەوەش وای کرد میت بتوانێت ئەم ئۆپراسیۆنانە لە سوریا ئەنجام بدات. کادر پەروەردەکردن و بەدەستهێنانی هێز بووەتە هۆی ئەوەی میت دەستی بە زانیاری بگات و خۆی رێکبخات."

ئوێنەش پێی وایە ئەم چالاکیی و ئۆپراسیۆنانەی میت لە دەرەوەی تورکیا، هاوکاری دەزگاکە دەکات تاکو زەمینە سازی بکات بۆ کاری هاوبەشی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی دیکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا "پێویستە ئەم هەنگاوانە لەپێناو بەرژەوەندییە مرۆیی و نەتەوەییەکاندا بێت و بە بیری دەسەڵاتگەرییەوە بەکارنەهێنرێت."

ئوێنەش باس لە "گرنگی" ئەو ئۆپراسیۆنانە بۆ وڵاتەکەی دەکات کە لە دەرەوەی سنورەکانی خۆیان ئەنجام دەدرێت و دەڵێت، "رزگارکردنی ئەم کەسانە (لە سوریا) بۆ بەهێزکردنی پەوەیندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دیکە گرنگە، بەڵام نابێت بە بیرۆکەی دەسەڵاتگەرییەوە بەکاربهێنرێت."

جموجوڵەکانی دەزگای میت لە سوریا بێ وەڵام نەبووە

 هێرشکردنە سەر میت
جموجوڵەکانی دەزگای میت لە سوریا بێ وەڵام نەبووە و لەلایەن رکابەرەکانییانەوە کراونەتە ئامانج، لە مانگی نیسانی ٢٠١٩ لە شاری ئەعزازی سوریا هێرش کرایە سەر بنکەی سەرەکی دەزگاکە.

لە هێرشەکەدا چوار ئەندامی دەزگای میت کوژران کە یەکێکیان بەرپرسی دەسترۆیشتوو بووە و چەند کارمەندێکی دیکەش بریندار بوون، ئەمە جگە لەوەی چەند ئەندامێکی دەزگاکە لەلایەن پەکەکەوە دەستگیرکران.