ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:26 - 30/07/2020

به‌عسییه‌كان به‌ خوێن ده‌ستیان پێكرد و به‌ وێرانی عێراقیان به‌جێهێشت‌

رۆژی 17ی تەموزی ساڵی 1968 حزبی بەعس كودەتایەكی سەربازی لەدژی دەسەڵاتەكەی عەبدولرحمان عارف كرد و تێیدا عارف عێراقی جێهێشت و بەعسیەكان دەسەڵاتیان گرتە دەست، كودەتاكەی بەعس لەلایەن ئەحمەد حەسەن بەكر و سەدام حوسێنەوە سەرۆكایەتی دەكرا، ئەگەر چی كودەتاچیەكان دەیانویست وەها وێنای بكەن كە شۆرشێكی سپیە بەڵام لەدواتردا كەوتنە كوشتن و رەوەدونانی دەسەڵاتدارانی پێشوو و چەندین كەسایەتیان تیرۆر كرد لەوانەش عەبدولرحمان بەزاز سەرۆك وەزیرانی پێشووتر، هەروەها چەندین سەركردەی سەربازیان كوشت لەوانەش تاهر یەحیا و عەبدالعەزیز عەقلی و رەشید مسلح، و ژمارەیەكی زۆری سەركردەی سەربازی تریان خانەنشین كرد.

 
كودەتا لەناو كودەتادا
لە رۆژی 30ی تەموزدا كودەتایەكی تر لەلایەن ئەحمەد حەسەن بەكر و سەدام حوسێن و حەردان تكریتی و زیاب عەلكاوی دژی بەشێك لەو كەسانە كرا كە بەشداری كودەتاكەی 17ی تەموزیان كردبوو لەوانەش ئیبراهیم داود و عەبدولرەزاق نایف، و چەند كەسایەتیەكەی تر و بەشێكیان لەناوخۆ كوژران و بەشێكی تریشان لەدەرەوەی وڵات لەناوبران، لە 30 تەموزدا ئەحمەد حەسەن بەكر بووە سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆرش و سەرۆك كۆمار و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق و سەدام حوسێن بووە جێگری، بەعسیەكان هەردوو ڕووداوەكەیان بەیەكەوە بەستۆتەوە و ناویان نا شۆرشی 17 و 30 تەموز.

حزبی بەعس و دەسەڵات
حزبی بەعس لەساڵی 1951 لەلایەن فواد ركابیەوە دامەزرێندرا ( روكابی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 1971 لەزیندان بە بڕیاری سەدام حوسێن كوژرا، لەگەڵ ئەوەی یەكێك بوو لەسەركردە دیارەكانی بەعس و خۆشی دامەزرێنەری بوو لەعێراق) ، بەعسیەكان لەكودەتاكەی ساڵی 1958ی عەبدولكەریم قاسم بەشداربوون، بەڵام دەسەڵاتیان نەگرتە دەست، لە 8ی شوباتی 1963 دا بەعسیەكانی عێراق كودەتایەكی سەربازیان كرد و دەسەڵاتیان گرتە دەست بەڵام زۆری نەخایاند و لە 18ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ لە دەسەڵات دوورخرانەوە، تا جارێكی تر لە رێگەی كودەتای سەربازیەوە لە 17ی تەموزی ساڵی 1968 دەسەڵاتیان گرتەوە دەست و تا 9/4/2003 لە عێراق لەدەسەڵات مانەوە.

لە خوێنەوە بۆ خوێن
بەعسیەكان لە رێگەی كودەتای سەربازی و لە 17ی تەموزی ساڵی 1968 دەسەڵاتی عێراقیان گرتە دەست، بەچەك و توند و تیژی و تۆقاندن و زیندان و دڵرەقی لەدەسەڵات مانەوە، و لەرێگەی شەڕ و ماڵوێرانی و كاولكاریشەوە عێراقیان لە 2003 دا جێهێشت، جگە لەوەی دەزگا ئەمنیەكانی عێراق نوێ چەندین جار باسی تێوەگلانی ئەندامان و كادر و سەركردەكانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوەیان كردووە لەهەموو ئەو توند و تیژی و كردەوە تیرۆرستیانەی لەدوای ساڵی 2003 وە بەرۆكی عێراقیەكانی گرتووە.

بەعس و كورد
حزبی بەعس یەكەم دەسەڵاتی سیاسی عێراق بوو رێككەوتنی لەگەڵ كورد كرد، بۆ چارەسەری پرسی كورد لەعێراق و بۆ ئەمەش رێككەوتنامەی 11ی ئازاری ساڵی 1970 لەنێوان سەركردایەتی شۆرشی كورد و دەسەڵاتدارانی عێراق واژۆكرا، بەڵام زۆری نەخایاند و لەساڵی 1974 رێككەوتنەكە هەڵوەشایەوە و بەهۆیەوە نسكۆی شۆرشی ئەیلولی لێكەوتەوە.

بەعسیەكان كە دەستپێشخەریان كرد بۆ چارەسەری پرسی كورد و رێككەوتنیان هەبوو لەگەڵ سەركردەكانی شۆرشی ئەیلول، هەر خۆشیان رێككەوتنیان كرد لەگەڵ شای ئێران بەمەبەستی لەناوبردنی شۆرشی كورد.

جگە لەوەش كورد لەسەردەمی بەعسیەكاندا ڕووبەڕووی كیمیاباران و ئەنفال چەندین كۆمەڵكوژی تر و وێرانكردنی گوندەكانی بۆوە، ئەمە جگە لەوەی هەزاران رۆڵەی كورد لە زیندانەكانی بەعس بە ئەشكەنجە شەهید كران.

بەعس و خۆماڵیكردنی نەوت
یەكێك لەو هەنگاوانەی حزبی بەعس شانازی پێوەدەكرد پرسی خۆماڵیكردنی نەوتی عێراق بوو لەساڵی 1972 بەوەش كێڵگە و دامەزراوە نەوتیەكانی عێراق بوونەوە موڵكی دەوڵەت، لەسەردەمی حزبی بەعسدا كەرتی گشتی بەسەر هەموو كایەكانی ژیاندا زاڵ بوو، كەرتی تایبەت لاواز و كەم دەسەڵات بوو.

بەعسیەكان وایانكرد عێراق وڵاتێكی شەرانگێز بێت، هەم لەناوخۆ و هەم لەدەرەوە، یەكەم شەڕی راستەوخۆی عێراق لە سەردەمی بەعسیەكاندا لەدژی وڵاتانی دراوسێ لە رۆژی 4/9/1980 لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێكرد و شەڕەكە هەشت ساڵی خایاند، بەهۆیەوە نزیكەی یەك ملیۆن كەس كوژران و 400 ملیار دۆلاریش زیانی مادی هەبوو، سەرئەنجام عێراق بەدۆراوی لەو جەنگە هاتە دەرەوە.
دووەم سەركێشی بەعسیەكان لەدژی وڵاتی كوەیت بوو، كە رۆژی 2/8/1990 بەهێرشی سەربازی عێراق بۆ سەر كوەیت دەستی پێكرد و بەڵام دوای چەند مانگێك و لە 26ی شوباتی 1991 سوپای عێراق لەلایەن هاوپەیمانانەوە لەكوەیت وەدەرنرا و بەغداش ناچار كرا قەرەبووی مادی داگیركاریەكە بكاتەوە.

كۆتایی خویناویی:

هه‌رچه‌نده‌ به‌عس وه‌ك ئایدۆلۆژیای چه‌پ و عه‌ره‌بی هێشتا ماوه‌ته‌وه‌و به‌شێكی تریشی تا ئێستاش له‌ سوریا له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵاته‌، به‌ڵام ده‌ستپێكی كاره‌كانیان به‌ ڕشتنی خوێن ده‌ستیان پیكردو كۆتاییه‌كه‌شی ئه‌وه‌بوو كه‌ عێراقیان تووشی گه‌وره‌ترین نه‌هامه‌تی كرده‌وه‌، له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ عێراقیان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆوڵاتێكی دواكه‌وتوو. له‌ڕووی ڕۆشنبیریشه‌وه‌ عێراق له‌ ڕیزی وڵاته‌ هه‌ره‌پێشكه‌وتووه‌كانی دونیادابوو، به‌ڵام له‌سایه‌ی به‌عسدا بووه‌ دواكه‌وتووترین وڵات. له‌ڕووی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌موو بواره‌كانی دیكه‌شه‌وه‌، تا كار گه‌شته‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجامی نه‌گونجان و سه‌ره‌ڕۆییه‌كانی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی نێو ده‌وڵه‌تی تا وڵاتانی دونیا لێی هاتنه‌ده‌ست و بۆ دواجار له‌ 9 نیسانی 2003 كۆتاییان به‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌عس هێناو پاشان له‌ 30كانوونی یه‌كه‌می 2006 و له‌یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قورباندا ملی سه‌دام حسین گه‌شته‌ سێداره‌و كۆتایی به‌ ژیانی پێهات...