ڕاپۆرتی کوردستانی

04:48 - 30/07/2020

نزیكبوونه‌وه‌كه‌ى دواى جه‌ژن، به‌غداو هه‌ولێر رێكده‌خات؟‌

پەیسەر پرێس

چیرۆكى سه‌ردان و دانوستانه‌ بێئاكامه‌كانى چه‌ند ساڵه‌ى نێوان هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا، خه‌ریكه‌ سه‌رى له‌ شوێنێكه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، ده‌رگایه‌ك به‌ڕووى پێكگه‌یشتندا كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا تێبینى و گۆڕینه‌وەى په‌یام و‌ داواكارى له‌نێوان هه‌ردوولادا به‌رده‌وامه‌، ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن دواى جه‌ژنى قوربان نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك رووبدات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هێشتا به‌ربه‌ست و سه‌رئێشه‌ى زۆر له‌ پێشن.

مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، له‌ ماوه‌ى دوو رۆژدا، له‌ دوو په‌یامى جیاوازدا، یه‌ك رسته‌ى دووباره‌ كردووه‌ته‌وه‌:"هیوادارم لە دوای جەژن، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەینە ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ".

ئارام باڵه‌ته‌یى گوته‌بێژى فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌ڵێت، دواى جه‌ژن رێككه‌وتن ده‌كرێت و هه‌موو داتاكانى نه‌وتی هەرێم راده‌ستى حكومه‌تى ناوه‌ند كراوه‌.

هه‌رێمى كوردستان سه‌باره‌ت به‌ سیناریۆى راده‌ستكردنى نیوه‌ى داهاته‌ دروازه‌ سنورییه‌كان به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنى ٣٠٠ ملیار، وه‌ڵامى بۆ به‌غدا ناردووه‌ته‌وه‌، ئه‌م سیناریۆیه‌ به‌ربه‌ستى هه‌یه‌ و ره‌نگه‌ توركیا كێشه‌ى بۆ دروست بكات، چونكه‌ ناخوازێت ده‌روازه‌كان بكه‌ونه‌ به‌ر چاودێرى به‌غدا. حكومه‌تى هه‌رێمیش جگه‌ له‌ رێككه‌وتن هیچ بژارده‌یه‌كى نییه و سیناریۆى دووه‌میش هه‌یه‌ بۆ رێككه‌وتن.

خواستى كازمى بۆ رێككه‌وتن

له‌دواى جموجوڵه‌كانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقه‌وه‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنى دروازه‌ سنورییه‌كانى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق، نه‌یاره‌كانى رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌یان كرده‌وه‌و گوتیان، ته‌نها بۆ ده‌روازه‌كانى ئێرە ئازایه‌و ناتوانێت ده‌ستى به‌ هه‌رێم بگات. قه‌یس خه‌ز عه‌لى سه‌رۆكى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى كازمى و له‌ كابینه‌كه‌شیدا وه‌زیرى هه‌یه‌، به‌ راشكاوى ره‌خنه‌ى له‌ كازمى گرت و گوتى، ده‌بێت ئه‌م هه‌نگاوانه‌ هه‌رێمیش بگرێته‌وه‌.

جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: "ئه‌وه‌ى من ئه‌زانم رێككه‌وتن وا ئاسان نییه‌، ئه‌مه‌ هه‌وڵێكه‌ لاى كازمى، رۆیشتووه‌ ده‌روازه‌كانى باشوور و دیاله‌ و به‌سره‌و واستى كۆنتڕۆڵكردووه‌، ئه‌وانیش گله‌یى لێده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، له‌گه‌ڵ ئێمه‌ شێرى و له‌گه‌ڵ كوردستان رێویت، بڕۆ ده‌روازه‌كانى ئه‌وانیش".

ئه‌و په‌رله‌مانتار باس له‌وه‌ ده‌كات، كازمى زۆر پێویستى به‌وه‌یه‌ بێته‌ ده‌روازه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و وێنه‌یه‌ك پیشان بدات، كه‌بڵێت ئه‌و دژى پێكهاته‌ى شیعه‌ نییه‌ به‌ڵكو دژى گه‌نده‌ڵییه‌، كازمى ته‌نها مه‌به‌ستیه‌تى وێنه‌یه‌ك بگرێت و دیمه‌نى هێزێك بڵاوبێته‌وه‌ كه‌ هێناویه‌تى بۆ سنوره‌كانى هه‌رێم.

به‌بڕواى ئه‌و، سیناریۆى راده‌ستكردنى نیوه‌ى ده‌روازه‌ سنورییه‌كانى هه‌رێم به‌ به‌غدا و ناردنى ٣٠٠ ملیارى مانگانه‌ بۆ هه‌رێم له‌م خواسته‌ى كازمییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌.
به‌پێى یاساى بوودجه‌ ده‌بێت نیوه‌ى داهاتى خاڵه‌ سنورییه‌كان بۆ ناوه‌ند بگه‌ڕێته‌وه‌،  نیوه‌كه‌ى دیكه‌شى بۆ ئه‌و پارێزگایه‌ى كه‌ ده‌روازه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنوریه‌وه‌.

بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م رێككه‌وتنه‌ به‌م جۆره‌ رووبدات، كه‌ ته‌نها بۆ نیوه‌ى دووه‌مى ئه‌مساڵه‌وه‌ له‌ ساڵى نوێوه‌ ده‌بێت رێككه‌وتنێكى نوێ بخرێته‌ نێو یاساى بوودجه‌، ده‌بێت توركیا رازى بێت، چونكه‌ هه‌ندێك زانیارى هه‌ن كه‌ توركیا نایه‌وێت ده‌روازه‌ى ئیبراهیم خه‌لیل و سه‌رزێڕ بكه‌وێته‌ ژێر چاودێرى حكومه‌تى عێراق. حكومه‌تى هه‌رێمیش ئه‌وه‌ى ناوێت.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ نه‌هرۆ ره‌واندزى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ فراكسیۆنى پارتى ده‌ڵێت، عێراق داوایكردووه‌ كارگێڕیى ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌ده‌ست خۆیه‌وه‌ بێت و خۆى سه‌رپه‌رشتى داهاته‌كه‌ى بكات.

ئه‌گه‌ر سیناریۆى ده‌روازه‌ سنورییه‌كان بێ ئه‌وه‌ى نه‌وت و داهاته‌كانى دیكه‌ بگرێته‌وه‌ سه‌ر نه‌گرێت، سیناریۆى دووه‌م هه‌یه‌ كه‌ نیوه‌ى هه‌موو داهاته‌ ناوخۆییه‌كان له‌گه‌ڵ ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ست بكرێـت، له‌ به‌رامبه‌ردا به‌غدا ٤٠٠ ملیار دینار ره‌وانه‌ى هه‌ولێر بكات.

نه‌هرۆ ره‌واندزى به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ى گوت:"هه‌رێمى كوردستان چاوه‌ڕوانى به‌غدا ده‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌رێم وه‌ڵامى پێیه‌ بۆ ئه‌و یه‌ك دوو شته‌ى داوایان كردووه‌، چه‌ند جارێكیش هه‌واڵیان داوه‌ كه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ كۆبوونه‌وه‌، به‌ قانون ده‌بێت سه‌دا ٥٠ى ده‌روازه‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌ حكومه‌تى فیدراڵى. هه‌تا له‌ داهاتى نه‌وتیش ئێمه‌ وتومانه‌ كێشه‌مان نییه‌، نه‌وت بێت یاخود داهاته‌كه‌ى ته‌سلیمى ده‌كه‌ین، ئه‌وان وتویانه‌ نا ته‌نها داهاته‌كه‌مان ده‌وێت له‌گه‌ڵ داهاتى ناوخۆ". 

به‌ڵام جه‌مال كۆچه‌ر پێى وایه‌، رێككه‌وتن له‌سه‌ر دۆسیه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان زۆر ئاڵۆزه‌، چونكه‌ هه‌م نه‌وته‌كه‌ خۆى پێشوخت فرۆشراوه‌و بۆرییه‌كه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ فرۆشراوه‌، شته‌كه‌ له‌ ده‌ست هه‌رێم خۆیدا نه‌ماوه‌."من باوه‌ڕم به‌و قسه‌ نییه‌ كه‌ ده‌ڵێن رێكده‌كه‌وین".

ئه‌گه‌ر هه‌رێمى كوردستان له‌ڕووى داراییه‌وه‌ پێویستى به‌ رێككه‌وتن بێت، پێویستیى مسته‌فا كازمى به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێم پێویستییه‌كى سیاسییه‌، ئێستا كه‌ ئیتر ناوه‌ ناوه‌ شیعه‌كان لێى ده‌كه‌ونه‌ ته‌قه‌ و هه‌ندێكیان به‌ ئاشكرا دژایه‌تى ده‌كه‌ن و حه‌شدى شه‌عبی دوژمنایه‌تى ده‌كه‌ن و له‌ شه‌قامیش عێراقیش خه‌ریكه‌ چمكى قۆناغێكى ئاڵۆز ده‌رده‌كه‌وێت و خۆپیشاندان ده‌ستپێده‌كه‌ن. له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كازمى نییه‌ به‌ره‌ى كوردیش بدات به‌ گژى خۆیدا.

پێده‌چێت مسته‌فا كازمى خواستى ئه‌وه‌ى هه‌بێت، له‌ به‌ره‌ى كورده‌وه‌ كێشه‌كان كه‌مێك خاو بكاته‌وه‌، هه‌رێمى كوردستانیش جگه‌ له‌ رێككه‌وتن هیچ رێگه‌یه‌كى دیكه‌ى نه‌ماوه‌، هه‌موان چاویان له‌ كۆتایى پشوى جه‌ژنه‌ بۆ ئه‌وه‌ى قۆناغێكى دیكه‌ ده‌ست پێبكات و به‌غدا هه‌نگاوێك بێته‌ پێشه‌وه‌. جارێ دیار نییە هەرێم لەم دانوستانانەش بە دەستی بەتاڵ دێتە دەرەوە، یاخود ئەمجارە بە شتێک دەگات و پینەی هەندێک لە کونو کەلەبەرەکانی دەکات.