ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:38 - 30/07/2020

كۆتوبه‌ندكردنی تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كان و چاره‌نووسی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای توركیا‌

پەیسەر پرێس

دانیشتنی دوێنێی په‌رله‌مانی توركیا هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تی و نیگه‌رانی زۆری ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و شه‌قامیش، ئۆپۆزسیۆن و یاساناسان و ئه‌وانه‌ی باس له‌ ئازادیی تاكه‌ كه‌سی ده‌كه‌ن زۆر ناڕازیی بوون له‌و یاسایه‌ی كه‌ په‌رله‌مان به‌یاسایه‌ك تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان سنوورداربكات و له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ چاودێریی توندیان بخرێته‌سه‌ر، پرۆژه‌كه‌ له‌ لایه‌ن پارتی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ پارتی دادوگه‌شه‌پێدانه‌وه‌ گه‌ڵاڵه‌كراوه‌و ئامانجیش به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی كاروچالاكی ئۆپۆزسیۆنه‌، په‌له‌ پڕوزێی پارتی دادو گه‌شه‌پێدان بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو كه به‌رله‌وه‌ی په‌رله‌مان بچێته‌ نێو پشووی هاوینه‌یه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ بكات و تا كاتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌ڕێكی دیكه‌ی دانیشتنه‌كانیان بابه‌ته‌كه‌ كۆن ده‌بێت و یاساكه‌ جێی خۆی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌كاته‌ رۆژی 1/ تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ.

نوێنه‌ری كۆمپانیا بیانیه‌كانی نێو توركیا خه‌میان لێهاتووه‌و نیگه‌رانن له‌ویاسایه‌و به‌دوای چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێن، له‌ هه‌مان كاتیشدا بووه‌ته‌ جێی نیگه‌رانی قوتابیان و خوێندكارانی زانكۆو په‌یمانگاكان، ئه‌وان هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه له‌ ئه‌ردۆگان ده‌كه‌ن كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ده‌نگ به‌ حیزبه‌كه‌ی ناده‌نه‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا دانانی زاواكه‌ی خۆی به‌رات به‌یره‌قدار وه‌ك وه‌زیری گه‌نجینه‌و دارایی له‌لایه‌ن ئه‌ردۆگانه‌وه‌ نیگه‌رانی دیكه‌شی به‌دوای خۆیدا هێنا.

به‌ پێی ئه‌و یاسایه‌ ده‌بێت كۆمپانیاكان فه‌رمانبه‌رانی نوێ دابمه‌زرێنن و له‌گه‌ڵ ئه‌وشدا سانسۆرێكی زۆر ده‌خرێته‌ سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كان و به‌ڕێژه‌ی 90%ی ریكلام و سپۆنسه‌ره‌كان كۆنترۆڵ ده‌كرێت و ناگاته‌ نێو خاكی توركیا، ئه‌وه‌ش له‌ پێناوی پاراستنی نهێنیه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ی چالاكی ئۆپۆزسیۆن؟

له‌توركیا چالاكیه‌كی زۆری تۆڕه‌كانی كۆمه‌لایه‌تی نیگه‌رانی و نه‌یاری خۆیان له‌دژی پارتی دادوگه‌شه‌پێدان هه‌یه‌ و زۆرینه‌شیان له‌ نه‌ته‌وه‌ی توركن و ئه‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌و یاسایه‌وه‌ ئه‌و چالاكییانه‌ بهێننه‌وه‌ ژێر كۆنترۆڵی خۆیان و ڕێگه‌ به‌ هه‌ندێك چالاكی دژه‌ ده‌وڵه‌ت نه‌درێت، ئه‌و وێنه‌و بابه‌تانه‌ش كه‌ توركه‌كان به‌ سوكایه‌تی بۆ ئه‌ردۆگان و حیزبه‌كه‌ی لێكی ده‌ده‌نه‌وه‌ سانسۆریی بكه‌ن، یان باسكردن له‌ پێشێلكارییه‌كان له‌ دژی مافه‌كانی مرۆڤ  و تێكشكانی سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته‌ له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی توركیا نیشان نه‌درێت، یان چۆنیه‌تی نیشاندانی كاره‌ساته‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ نموونه‌ی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا، كه‌ ناڕه‌زایه‌تی زۆری خه‌ڵكی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

به‌رله‌وه‌ی یاساكه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، كۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گوتوویه‌تی: ئه‌و یاسایه‌ ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌كی یاسایی زۆر به‌هێز به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و هه‌میشه‌یی ده‌ست به‌سه‌ر میدیادا بگرێت.

ئیبراهیم كاڵین وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی توركیا گوتوویه‌تی ئه‌و یاسایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نیه‌ كۆنترۆڵی میدیای پێبكرێت، به‌ڵكو بۆ دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌نێوان تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئابووری و یاسادا.
به‌ڵام به‌ پێداچوونه‌وه‌ی وتاره‌كانی ئه‌ردۆگاندا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نیگه‌رانه‌ و چه‌ندین جار ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ كاری بێره‌وشتی په‌ره‌پێده‌ده‌ن و بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌. بۆیه‌ هه‌میشه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌و كه‌ ده‌بێت ڕێكبخرێت و چاره‌سه‌ری گونجاوی بۆ بدۆزنه‌وه‌.

ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی سه‌رۆكی پارتی بزووتنه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌په‌رست چه‌ند جارێك دووپاتی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان كێشه‌ی كۆمه‌لایه‌تی و تاوان و خراپه‌كاریی لێدوه‌شێته‌وه‌ بۆیه‌ سه‌رجه‌م لاپه‌ره‌كانی خۆی تێدا سڕییه‌وه‌، هه‌روه‌ها موحه‌ڕه‌م ئینجه‌ كاندیدی ده‌رنه‌چوو بۆسه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوودا و سه‌رۆكی پارتی گه‌لی كۆماریی دانی به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ یاساكه‌ هی پارتی دادو گه‌شه‌یه‌و ئه‌وان كاریان بۆ كردووه‌، له‌ زنجیره‌ توێتێكدا ڕایگه‌یاندووه‌ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی توركیا به‌یاسا ده‌یكات كوشتنی ئازادییه‌كانی مرۆڤه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیتر كه‌س ناتوانێت باسی كێشه‌و گرفته‌كانی ده‌وڵه‌ت و حیزب و سه‌ررك بكات، ئه‌وه‌ی ئه‌وان كردوویانه‌ بێ كێشه‌و گرفت نابێت و ئاژاوه‌ی لیده‌كه‌وێته‌وه‌.

حیزبه‌ نوێیه‌كانی توركیاش به‌ هه‌مان شێوه‌ نیگه‌رانن له‌ ده‌رچواندن و په‌سه‌ندكردنی ئه‌و یاسایه‌، حیزبه‌كانی میراڵ ئه‌كشنارو عه‌لی باباجان و ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ به‌ته‌واوه‌تی و سه‌رله‌به‌ری یاساكه‌یان ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌. به‌داوی ئه‌ویش دا نیگه‌رانی شه‌قامی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌.

نه‌ك هه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان ئه‌و یاسایه‌ كێشه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو له‌نێوان ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش بووه‌ته‌ جێگه‌ی ڕوه‌خنه‌ی تو‌ند، وه‌ ك ئه‌وه‌ی له‌ نێوان نوێنه‌ری ئامه‌دی سه‌ربه‌ پارتی دادوگه‌شه‌پێدان ئۆریا ئارنائوت  له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری شرناخ حوسه‌ین كاتمشاز ڕوویداوه‌، كاتێك حسین گوتوویه‌تی ئه‌و جموجوڵانه‌ی توركیا ئه‌نجامی ده‌دات له‌ دژی گه‌لی كورده‌ نه‌ك له‌ دژی حیزبێكی دیاریكراو،  ئه‌رنائۆتیش گوتوویه‌تی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر  كورد نییه‌، به‌ڵكو بۆ سه‌ر پارتی كرێكارانی كوردستانه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئارنائوت له‌ قسه‌كانیدا به‌ شێوه‌یه‌كی ناشیرن ناوی پارتی كرێكارانی هێناوه‌و پێی گوتوون بێ شه‌ره‌ف،.ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی دیكه‌ وه‌ڵاكی توندی داوه‌ته‌وه و په‌لاماری داوه‌، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بڕیاری ڕاوه‌ستاندنی دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان بدات.

نوێنه‌ری شرناخیش داوای له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كردووه‌ كه‌ سزای ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ بدات كه‌ تۆمه‌تی بێشه‌ره‌فی خستووته‌ پاڵ پارتی كرێكاران، به‌و پێیه‌ی له‌ناو په‌رله‌ماندا به‌كارهێنانی وشه‌ی ناشیرین ڕێگه‌پێدراو نیه‌. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوبراو سه‌ر به‌ حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌ وه‌ڵامی نه‌دراوه‌ته‌وه‌.

‌هه‌موو ئه‌و جموجووڵه‌ گه‌رمانه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه‌ كۆتوزنجیركردنی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌توركیا جێگه‌ی په‌سه‌ندی گشتی نیه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش بچێته‌ سه‌ر له‌ داهاتوودا زیان له‌ ده‌نگه‌كانی پارتی دادو گه‌شه‌پێدان و خودی ئه‌ردۆگان ده‌دات.