ڕاپۆرتی کوردستانی

04:44 - 01/08/2020

عەدالەتی خوداو پرسیارە وجودیەكان لە نێوان دوو شاعیری كورد دا‌

حەبیب محەمەد جاف

پێدەچێت نامەیەک بێت تایەربەگی جاف ناردبێتی بۆ مەلاکاکە حەمەی بێلوو (ناری) یان هەر شێعریکی تایەربەگی جاف بوبێت وناری بینیبێتی وەڵامی دابێتەوە ، لەو چەند بەیتەدا تایەر بەگی جاف کۆمەڵێ پرسیاری وجودی دەوروژێنێ و بەچەندین شێوە گومان دروست دەکات لەوەی لەم بوونەدا ناعەدالەتیەک بەڕێوەدەچێت لە ئیشی کردگار ناکات ، ئەگەر ئیشی خودا بێت بۆچی وایە؟ ، کە جێگای گومانە خالقێکی خولقینەر وخاوەن دەسەڵات وعەدالەت وجوانی کەچی ژیان بەو رەزالەتە وناشیرینی و نادادیە دەڕوات لای هەندێک خەڵک ، هەندێکیتریش لە نێو بەهەشتی دنیادا عەیش و نۆش دەکەن ، ئەو دەڵێت خوا عەدلی مەعلوم وعەیانە لای ئێمە و خاوەن و راعی ئێمەیە کەچی ئێمەش وەکو مێگەل دەماندات بە دەم گورگەوە.


خوا عەدلی لەلای عارف عەیانە
بەحەققەت ئێمە گەللەین ئەو شوانە
لەبەرچی مەڕی خۆی مەردی چوپان
بەدەستی خۆی ئەخاتە بەر نیشان
ە

لەم شیعرە دەردەکەوێت تایەر بەگ دەڵێت من یەقینم بە عەدلی خوایی هەیە بەڵام سەرم سوڕ دەمێنێت لەم عەدلی خوایە و لەو ئەحواڵی ژیاننە.
تایەربەگ لەسەری دەڕوات وپرسیارە وجودیەکانی درێژە پێدەدات کە بەدرێژایی مێژوو کراوە و وەڵام دراوەتەوە ، تەنانەت لای شاعیرە عاریفەکانی وەکو سەعدی وحافزی ومەحویش ... ووروژێنراوە ، ئەو دەڵێت ئەگەر تەقدیر کرابوو باوکە ئادەمی ئێمە گەنم رزقی بێت ئیتر بۆچی بەهانە پێگیرا ولە بەهەشت دەرکرا ؟ ئێمەش بەردەوام درێژەی بەو رەزالەتە دەدەین لەسەر ئەم زەویە:

موقەدەر زوو کە گەندوم بێ بە رزقی
لە ئادەم بۆچ ئیتر دەگرێ بەهانە

ئەگەر کرداری ئێمە لە رۆژی ئەلەستەوە کراوە بە قسمەتی ئێمە ولەسەرمان نوسراوە ئەی بۆچی دەڵێی رەفتری خۆمانە وخۆمان چ دەسەڵاتێکمان هەیە کاتێک لە ناوچاوانمان نوسراوە ، کەوابوو بۆچی ئاگری دۆزەخمان بۆ تاودراوە؟
، بۆچی یەکسانیەک لە بون وژیانی ئێمەدا نیە؟ ، یەکێک باڵا بەرز وجوان وعەرعەری و یەکێک کورتە باڵا وبچوک ، بۆچی یەکێک نانی شێوی نیە و یەکێک شاهی جیهانە؟ ، یەکێک لەنێو قەسر وبەڵەخانە ئاڵتونیەکاندا رادەبوێرێت ، یەکێکیتر بێ خانە ولانە و ژیان هەر رۆژێک مردنێکە بۆی ، یەکێک قارونی زەمانەیە کە لە قورئاندا باسکراوە وکلیلی قاسەکەی بە نۆ کەس هەڵدەگیرا ویەکێکیش موحتاجی یەک قرانە .


یەکێ سوڵتانی قەسری زەڕ نیگارە
یەکێ بێ جێگە وبێ خان ومانە
یەکێ دایم خەریکی عەیش ونۆشە
یەکێ کوژراوی شمشێری دەبانە
یەکێ قارونی دەوڵەت هەم عینانە
یەکێ موحتاجی سککەی یەک قڕانە

نـــــاری وەڵامی تایەر بەگی جاف دەداتەوە بە ستایشکردنی بەوەی رەوانبێژی زەمانەیە لە داڕشتن وپرسیارکردنەکەیدا ، بەڵام دەڵێت ئەو گومان وپرسیارانە نیشانەی بێ تواناییە لە بیرکردنەوەیەکی وورد ، ئەوە تەشویش و خەیاڵاتی نادروستە تۆ دەیکەیت ، ئەم بونەوەرە گەورە وفراوانە و ئەم هەموو جۆرە مەخلوقانەی کە دروستی کردووە دەبێت یاسا وسیستەمێکیشی بۆ دابنێت بۆ بەڕێوە چونی ، ناکرێت هەمووی یەکسان بێت وهەمووی وەک یەک وابێت ، ئەوە عەدالەت نیە ، نەک وەک یەکی ، جەبریەتێک تەحەکوم ناکات لە ژیان وبوونی ئێمەدا بەڵکو یاسا وسیستەمێک تەحەکوم دەکات و هەر ئەویش رەوتی ژیان وبوون و پلە ویایە وپێگەی مرۆڤ دیاری دەکات بەپێی هەڵسوکەوتی مرۆڤ سیستەمەکە پێگەکەی دیاری دەکات.

بە پەیڕەکردنی یاساکان دەرئەنجامەکان دێتە دی ، چۆن مامەڵە بکەیت لەگەڵ سیستەمەکە بەو جۆرەش دەرئەنجامەکەی دەردەچێت ، قیسمەتی ئەحواڵی خەڵک بە گۆترە نیە بەڵکو بە یاسایەک زەبت کراوە و ئەو یاسایەش چەسپاو ونەگوەڕە .
دەڵێت:

سوئالت ئەی سوخەن سەنجی زەمانە
ئەساسی عیجز وتەشویش ومەلانە
حەقیقەت قیسمەتی ئەحواڵی عالەم
دەلیلی زەبت و ئەحکامی نیهانە

پاشان ناری دەڵێت:
هەر بەپێی یاساکە مرۆڤ دەتوانێت کەسپی شتەکان بکات واتە مرۆڤ بەهەوڵ و کارکردن تێکۆشانی خۆی دەتوانێت بگاتە پلە
و پایەی بەرز و خاوەن ماڵ ودەسەڵات ، بە هەڵە و کەموکوڕی و خراپەکاریش لە دەستی دەدات هەروەکو خوسرەوی پەرویزی کاتێک پەیڕەوی یاسا وسیستەمی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی کرد ،کاتێکیش گومڕا بوو دەسەڵاتەکەی لە دەستدا، بەڵام ئەم مەسەلەیە هەموو کەسێک لێی تێناگات بەڵکو خەڵکی عاریف درکی پێدەکەن.

کەسێ عارف بەحوکمی پادشایە
کە محرەم بێ بەڕارزی خوسرەوانە
وەلێ مەجبورە فیکرم بۆ جەوابت
ئەگەر چی عاجزی دەوری زەمانە

پاشان ناری باس لەوە دەکات کە ئەگەر بە رووکەش سەیری ژیان وبوون بکەیت بە ناعەدالەتی دێتە بەرچاوت بەڵام ئەگەر وەکو ئەهلی دڵ وبەسیرەت سەیری بکەیت وەکو رۆژی رووناک دیارە چ عەدالەتێک بەڕێوە دەچێت لەم بوونە.ئەو دەڵێت:

بەڵێ عەدلی خودا وەک میهری ئەنوار
لەلای ئەهلی بەسیرەت بێ گومان
ە

خوا خولقێنەرێکی جوانی بوونە وسیستەمەکەشی بێ نەقس وکەموکوڕیە بەڵام ئەوە مرۆڤەکان خۆیانن بە دەستیان خراپە بەرهەم دەهێنن ، ناری دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شیعرەکەی تایەربەگی جاف ودەڵێت بەڵێ دەکرێت بڵێێن خوا پەروەردگار و شوانی ئێمەیە و لە ژێر نەزەری ئەوداین وئاگای لێمانە بەڵام ئێمەش دەبێت ستایشی بکەین و ستایش و عیبادەتی مرۆڤەکایش وەکو بەرهەمی گەللەڕانەکەیە وبێ نەتیجە نیە .

بەڵێ حەق راعی یە گەللە ، خەلایق
عیبادەت رۆن ۆشیر وتووکیانە

ناری دەڵێت سەرچاوەی خراپە وچاکە دیاریکراوە ، دەرئەنجامەکەشی دیارە ، ئەمەش کەسبی مرۆڤ واتە مرۆڤ دەتوانێت بە پەیڕەوکرددنی رەفتاری چاک کەسبی چاکە بکات وپاداشتی چاکەی دەست بکەوێت ، بەپێچەوانەوە بە رەفتاری خراپیش مرۆڤی عاسی دەیکات وعاسیش ئەو کەسە کە گوێ نادات بە یاسا وسیستەمە هەمیشەییەکە ، بۆیە بەو کردارە کەسبی خراپە دەکات و پاداشتی خراپە و بێ گوێی دیارە چیە ، خوا کامیل موکەمەلە وبێ کەم و کوڕیە بۆیە بەجوانترین شێوە مەخلوقەکانی دروست کردووە وسستەمەکەشی بۆ دانەوە ،ئەوە مرۆڤەکانن دەیشێوێنن و دەیانەوێت بە پێچەوانەی یاسا وسیستەکەی بجوڵێنەوە.

کە کەسبی مەصدەر وحوسن قەباحەت
قەباحەت وەصفی کەسبی عاسیانە
خوا بێ نەقسە وە صفی زات و خوڵقی
بە ئەحسەن خوڵقە مەشهوری جیهانە

ناری دەڵێت "بەڵێ دەبێت مرۆڤەکان وابەستەی خولقێنەرەکەیان بن و عاشقی جیلوەی جوانی ئەو بن وعەوداڵی گەیشتن بە دیداری جوانی ئەوبن چونکە زیندەگی پێبەخشیون لە روحی خۆی، ئەگەر وانەبن وودوور بکەونە لە عیشقی خوایی هەمیشە ژیانیان لە نێو ئازار وئێشێکی روحیدان .

بەزمانی بەیان بە تایەر بەگی جاف دەڵێت وازبهێنە لەم گومان وخەیاڵاتە ، تەشویشە بۆ سەرعەقڵ وروحت دەبێتە ئازارێکی بەردەوامی گیانت ، وەرە نێو کاروانی رێگای خۆشەویستی وعیرفان بۆ ئەوەی بەهرەمەندبێت لە جیلوەی عیشقی خودایی:

کەسێ لادا لە جیلوەی حوسنی عیشقی
ئەکێشێ ئێشی نەشتەر بولبولانە