ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:42 - 02/08/2020

كوەیت لە تێڕوانینی سەدام و بەرژەوەندی جیهانی و عەرەبەكاندا‌

پەیسەر پرێس

رۆژی 2ی ئابی ساڵی 1990 حكومەتی عێراق هێرشی سەربازی كردە سەر كوەیت و داگیركرد، ئەگەرچی عێراق زۆر لەكوەیت نەمایەوە و لەلایەن هاوپەیمانیەتیەكی نێودەوڵەتیەوە وەدەرنرا بەڵام كاریگەریەكانی ئەو ڕووداوە تا بە ئەمرۆ دەگات ماوە.

 
كێشەی نێوان كوەیت و عێراق
حكومەتی پادشایەتی عێراق ساڵی 1932 سەربەخۆی بە كوەیت بەخشی، بەڵام زۆری نەخایاند و لەساڵی 1933 بەغداد هەڵوێستێكی تری پیشاندا و غازی كوڕی فەیسەڵ پادشای ئەو كاتەی عێراق رایگەیاند كوەیت بەشێكە لە عێراق، ساڵی 1961 كوەیت سەربەخۆی خۆی راگەیاند یەك هەفتە دواتر عەبدولكەریم قاسم سەرۆك كۆماری ئەو كاتەی عێراق لەشاری بەغدا هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی سەربازی لەدژی كوەیت كرد و داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد دان بەسەربەخۆی كوەیتدا نەنێن، بانگەشەی ئەوەی كرد كوەیت بەشێكە لەعێراق و بەریتانیا جیای كردۆتەوە.

بەهۆی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی عەبدولكەریم قاسمەوە پەیوەندیەكانی كوەیت و عێراق ئاڵۆز بوو، كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی بۆ پارێزگاریكردن لە كوەیت لەدژی هەڕەشەكانی قاسم هێزێكی سەربازی لە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات و سودانەوە رەوانەی كوەیت كرد.
دوای ئەوەی عەبدولكەریم قاسم لە 9/2/1963 كوژرا، زۆری نەخایاند دەسەڵاتی نوێی عێراق لە 4/10/1963 بەفەرمی دانینا بە سەربەخۆی كوەیتدا.

بیانوەكانی داگیركردنی كوەیت
رژێمەكەی سەدام بۆ داگیركردنی كوەیت چەند بیانویەكی هێنایەوە لەوانەش:

یەكەم/ ناكۆكی لەسەر سنور
 عێراق و كوەیت لەسەر دیاریكردنی سنوری نێوانیان ناكۆكیان هەبوو، عێراق كوەیتی بەوە تۆمەتباردەكرد كە سنوری وڵاتەكەی بەزاندووە و كێڵگە نەوتیەكانی داگیركردووە.
بۆیەكەم جار لە ساڵی 1913 سنوری نێوان كوەیت و عێراق لەسەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیەكان دیاریكرا، بەوپێیەی عوسمانیەكان دانیان بە سەربەخۆی كوەیتدا نابو، دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەكەم و هەڵوەشانەوەی خەلافەتی عوسمانی، ئەمیری ئەو كاتەی كوەیت شێخ ئەحمەد جابر ئەلسوباح لەمانگی نیسانی ساڵی 1923 داوای لە مەندوبی سامی بەریتانی لەبەغداد كرد سنوری وڵاتەكەی هەمان ئەو سنورە بێت كە لە سەردەمی عوسمانیەكان بووە، مەندوبی سامیش داواكاریەكەی پەسەند كرد، و ساڵی 1932 نوری سەعید سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی عێراق دانینا بەسنوری نێوان كوەیت و عێراق، دوای داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساڵی 1991 لیژنەیەكی بۆ دیاریكردنی سنوری نێوان عێراق و كوەیت پێكهێنا، و ساڵی 1993 لەسەر راسپاردەی لیژنەكە ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری ژمارە 833 ی بۆ دیاریكردنی سنوری عێراق و كوەیت دەركرد و هەمان ساڵ كوەیت پابەندبوونی خۆی بەبڕیارەكەوە راگەیاند و ساڵێك دواتریش لە 1994 عێراقیش دانینا بە بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایشدا.

دووەم/ نرخی نەوت
لەسەردەمی شەڕی ئێران /عێراقدا، كوەیت و سعودیە لەڕووی داراییەوە هاوكاری عێراقیان كرد، هاوكاریە داراییەكانی كوەیت بۆ عێراق گەیشتە 14 ملیار دۆلار، بەڵام عێراق كەوتە ژێر باری قەرزێكی گەورەوە، ئومێدی ئەوەی هەبوو لەڕێگەی كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوتی ئۆپیك و بەرزبونەوەی نرخەكەیەوە قەرزەكانی بداتەوە، بەڵام بەغداد، كوەیت و ئیماراتی بەوە تۆمەتباركرد كە لەبری كەمكردنەوەی بەرهەم، بەپێچەوانەوە بەرهەمی نەوتیان زیادكردووە، بەهۆیەوە نرخی نەوت دابەزێت بۆ نێوان 10 -12 دۆلار لەبری 18 دۆلار ،لەساڵی 1989 بەرهەمی نەوتی كوەیت گەیشتە یەك ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل كە 300 هەزار بەرمیلی رۆژانەی زیاتر بوو لەو رێژەیەی رێككەوتنی لەسەر كرابوو، سەدام حوسێن رایگەیاند ئەو هەنگاوەی كوەیت ساڵانە 14 ملیار دۆلار زیان بە ئابوری عێراق دەگەیەنێت، ئەوەش لەكاتێكدا بوو عێراق خۆی یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە لەلایەن ئۆپیكەوە تۆمەتباربوو بەوەی پابەندی رێككەوتنی كەمكردنەوەی نەوت نەبووە.

هەروەها عێراق تاك لایەنە دەستی كرد بە دەرهێنانی نەوت لەو كێڵگە نەوتیە هاوبەشانەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەبوون، بەهۆیەوە بەرپرسانی كوەیتی نیگەران بوون.

سێیەم/ ناكۆكی لەسەر قەرزەكان
سەدام حوسێن سەرۆكی ئەو كاتەی عێراق رایگەیاند شەڕی هەشت ساڵەی وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران بۆ بەرگریكردن لە دەرگای رۆژهەڵاتی نیشتمانی عەرەبی بووە، و پێویستە كوەیت و سعودیە گفتوگۆی لەگەڵ بكەن دەربارەی ئەو قەرزانەی كەوتۆتە سەر عێراق یان هەردوو وڵات لە تەواوی قەرزەكانیان خۆش بن، بۆ ئەمەش سەدام داوای لە وڵاتانی كەنداو كرد 10 ملیار دۆلاری وەك دیاری بە عێراق ببەخشن، داواشیكرد هەردوو دوورگەی" وربە و بوبیان"ی كوەیتی بەكرێ بدرێنە عێراق، لەو چوارچێوەیەدا كۆتایی مانگی تەموزی ساڵی 1990 كۆبونەوەیەكی سێ قۆڵی لەنێوان كوەیت و سعودیە و عێراق لەشاری جەدەی سعودی بەرێوەچوو، وەفدی عێراق لەلایەن عزەت دوریەوە سەرۆكایەتی دەكرا، لەو كۆبونەوەیەدا سعد عبدالله سالم السباح شازادەی جێنشینی كوەیت رەزامەندی پیشاندا 9 ملیار دۆلار وەك دیاری بداتە عێراق و فەهد بن عەبدولعەزیز پادشای سعودیەش بڕیاریدا 10 ملیار دۆلار بداتە عێراق، بەو مەرجەی پێش ئەوەی پارەكە بداتە بەغداد، سنوری كوەیت و عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دیاری بكرێت، بەڵام ئەم گفتوگۆ دیبلۆماسیە بێ ئەنجام بوون.

رۆژی هێرشەكە

سەرلەبەیانی رۆژی 2ی ئابی ساڵی 1990 سوپای عێراق لەچوار لاوە بە 7 فرقەی عەسكەری سنوری كوەیتی بەزاند،  لەشاری كوەیتی پایتەختیش هێزی ئاسمانی عێراق لەرێگەی پەرەشوتەوە دابەزینە ناو شار، و دوای دوو رۆژ و لە 4ی ئابدا كوەیت بەتەواوەتی داگیركرا و لە 4 بۆ 8ی مانگ حكومەتێكی كارتۆنی بە سەرۆكایەتی عەقید عەلا حوسێن لەژێر ناوی كۆماری كوەیت پێكهێندرا و دواتریش لە 9/8/1990 حكومەتی عێراق فەرمی لكاندنی كوەیتی بەعێراقەوە راگەیاند و هەموو باڵیۆزخانەكانی هەڵوەشاندەوە.

لەبەرامبەردا لەشاری تائیفی سعودیە حكومەتی كوەیت لە مەنفا پێكهێندرا و پادشای كوەیت و شازادەی جێنشین و بەرپرسە سەربازیەكانی كوەیت لەوێ بوون.

كاردانەوە نێودەوڵەتیەكان
چەند كاتژمێرێك دوای داگیركردنی كوەیت، هەریەك لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و كوەیت داوای كۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیان كرد، داواكاریەكەیان پەسەند كرا و بڕیاری ژمارە 660 ی ئەنجومەنی ئاسایش دەرچوو كە داوای دەكرد عێراق لە كوەیت بكشێتەوە.

یەك رۆژ دواتر و لە 3ی ئابدا كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی كۆبۆوە و هەمان داواكاری راگەیاند، بەڵام سەدام و دارودەستەكەی كشانەوەیان رەتكردەوە.

چەند هەوڵێكی دیبلۆماسی دەستیان پێكرد، گەورە بەرپرسانی جیهان هاتنە بەغداد، بەڵام سودی نەبوو، تا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێكی تری بەژمارە 678 لە 29/11/1990 دەركرد و تێیدا 15/1/1991 ی وەك دوا وادەی كشانەوەی عێراق لەكوەیت دیاریكرد، بەڵام رژێمەكەی عێراق هەموو ئەو بڕیارانەی رەتكردەوە، سەرئەنجام هاوپەیمانیەتیەكی نێودەوڵەتی لە 34 دەوڵەت دژی عێراق پێكهێندرا كە سەربازانی ئەمریكی 74%ی هێزەكەیان پێكدەهێنا و لە26ی شوباتی ساڵی 1991 سوپای عێراق لە كوەیت لەرێگەی هێرشی سەربازیەوە وەدەرنرا.

عێراق قەرەبووی كوەیت دەكاتەوە
رۆژی 3ی ئازاری ساڵی 1991 نوێنەرانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رزگاركردنی كوەیت، لە خێمەیەك لە ناوچەی سەفوانی سنوری نێوان عێراق و كوەیت رێككەوتنێكیان واژۆكرد كە لە پێنج خاڵ پێكهاتبوو، تێیدا عێراق دانینا بە سنوری كوەیت و ئامادەیشی دەربڕی قەرەبووی زیانەكانی كوەیت بكاتەوە و دەست لەبەرنامەی دروستكردنی چەكی كیمیایی و بایەلۆژی هەڵگرێت و هەموو ئەو بڕیار و یاسایانەش هەڵوەشێنێتەوە كە لەسەردەمی داگیركاری كوەیتدا دەریكردوون.

كاریگەریەكانی داگیركردنی كوەیت
داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە چەندین كاریگەری خراپ و نەرێنی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی عێراق دروستكرد، لەوانەش بڕیاری ژمارە 661 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 6 ی ئابی ساڵی 1990 دەرچوو، بەپێی بڕیارەكە ئەنجومەنی ئاسایش گەمارۆی ئابوری توندی بەسەر عێراقدا سەپاند و ، فرۆشتنی نەوتی عێراقی قەدەغەكرا، گەمارۆی ئابوری تا ڕووخانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003 بەردەوام بوو، بەهۆی ئەو گەمارۆیانەوە عێراق لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكە زۆر پاشەكشەی كرد و بووە یەكێك لە وڵاتە دواكەوتووەكان، برسیەتی و هەژاری تەنگی بە هاوڵاتیان هەڵچنی، و كەرتی تەندروستی و پیشەسازی و كشتوكاڵی وێران بوون.
هەروەها حكومەتی عێراق ناچار كرا 52 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار وەك قەرەبووی كوەیت بداتەوە بەو وڵاتە، كە تائێستاش ئەو قەرزانە تەواو نەبوون و كاریگەریان لەسەر دۆخی ئابوری و گەشەی  وڵات هەبووە.