ڕاپۆرتی کوردستانی

12:12 - 06/08/2020

پارتی هەڕەشەی پێداچوونەوە بە رێككەوتنی ستراتیژی و یەكێتیش داوای كۆبوونەوە دەكات‌

پەیسەر

لە چەند رۆژی داهاتوودا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆدەبنەوە و كۆبوونەوەكەش لەسەر داوای یەكێتییە، بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس رێككەوتنی هەولێر و بەغداد و هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق و پرسی بەشداری كورد لە ناوچە دابڕاوەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەیە، بەڵام لە ئێستادا پارتی بڕیاریداوە هیچ رێككەوتنێكی سیاسی نوێ‌ لەگەڵ یەكێتیدا نەكات و پێداچوونەوە بە رێككەوتنی پێشتریشیاندا بكەن و هەندێك بەشی لێ‌ هەموار بكەنەوە.

هەفتەی داهاتوو كۆدەبنەوە
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەكەی نێوان یەكێتی و پارتی دەكرێت و لە ئێستادا بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا كۆبوونەوەكە ئەنجام بدرێت، دیارنییە لە هەردوولا كێ‌ بەشداری كۆبوونەوەكە دەكات، بەڵام ئەوەی كە ئاشكرا و روونە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری ناكات.

تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە
پەیسەرپرێس زانیویەتی كە مەبەستی یەكێتی لە داوای كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی چەند پرسێكی سەرەكییە لەوانە پرسی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی عێراق كە ئەویش لە كۆتایدایە و خاڵە بنچینەییەكانی دەستنیشانكراوە و لە رۆژانی داهاتوودا واژۆ دەكرێت.
هاوكات یەكێكی دیكە لە تەوەرەكان كە یەكێتی دەیەوێت لەگەڵ پارتی گفتوگۆی لەسەر بكات تەوەری هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، كە یەكێتی ترسی لە رەشنوسی یاسای هەڵبژاردنەكان هەیە و پارتیش بە هەمان شێوە پێیوایە ئەو یاسایە بە زیان بۆی تەواو دەبێت، هەربۆیە پێدەچێت كۆدەنگییەك دروستبكەن تا كار بە یاسا كۆنەكەی هەڵبژاردن بكرێت.
هەر پەیوەستیش بە دۆسێی هەڵبژاردنەكان، یەكێتی دەیەوێت پرسی چۆنێتی بەشداری كورد لە ناوچە دابڕاوەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارتی تاوتوێی بكات.

پارتی پێداچوونەوە بە رێككەوتنەكانی دەكات لەگەڵ یەكێتی 
دوای گرژییەكانی رابردوو و بەتایبەت لێدوانی زبری هەندێك لە سەركردایەتی یەكێتی بەرامبەر پارتی، لەئێستادا پارتی بڕیاریداوە كە بە رێككەوتنەكانی لەگەڵ یەكێتیدا بچێتەوە چ رێككەوتننامە كۆنەكەیان كە بە رێككەوتننامەی ستراتیژی ناسراوە و چ رێككەوتننامەی پێكهێنانی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و چاوەڕوان دەكرێت هەندێك بڕگەی لێ‌ هەموار بكاتەوە.
كاكەمین نەجار، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەرێگەی میدیای زمانحاڵی حیزبەكەیانەوە رایدەگەیەنێت: پێشتر پارتی و یەكێتی ڕێككەوتنی سیاسییان هەبووە لەبارەی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستانەوە لە هەموو بوارەكاندا؛ لەوانە پەیوەندیمان لەگەل بەغدا چۆن دەبێت، پەیوەندی لەگەڵ لایەنەكان و بەڕێوەبردنی ئیدارەی كوردستان، ئێمە بەو ڕێككەوتنەدا دەچینەوە.
بە وتەی نەجار، پارتی تەنها لە پێداچوونەوە بە رێكەوتننامەی ستراتیژی لەگەڵ یەكێتی ناوەستێت، بەڵكو پێداچوونەوە بە رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی حكومەتیشدا دەكات لەگەڵیان و دەڵێت، رێككەوتنی دیكەمان لەگەڵ یەكێتی هەیە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەویش پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت.

پاقلاوەی دوای ئاژاوە
لە ماوەی رابردوودا بەتایبەت بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتی لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هەندێك لێدوانی زبرەوە ویستیان وێنایەكی وا دروستبكەن كە ئەوان لەگەڵ پارتی كێشەیان هەیە و تەنانەت تا ئاستی هەڵپەساردنی پەرلەمان و حكومەت و هەڵبژاردنی پێشوەخت بانگەشەیان دەكرد و بڕیاریشیاندا كە سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی حیزبەكەی ئەوانە و ئەندامانی فراكسیۆنەكەیان بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكەن، بەڵام لە كۆتایی مانگی تەموزدا كاتێك پەرلەمان بانگهێشتی ئەندامەكانی كرد بۆ كۆبوونەوە سەرۆكی پەرلەمان چووە كۆبونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەندامەكانیشیان بەشداری دانیشتنی پەرلەمانیان كرد، چەند كاتژمێرێكیش بەر لە دانیشتنەكە هاوسەرۆكی یەكێتی و ژمارەیەك لە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە خۆیان گەیاندە ماڵی جێگری سەرۆكی پارتی.
دوابەدوای كۆبوونەوەكەش یەكێتی 180 پلە پێچەوانەی بانگەشەكانی رابردوویان بە شان و باڵی حكومەت و دۆستایەتی پارتیدا هەڵیاندەدا بە ئەندازەیەك ئەندامێكی مەكتەبی سیاسییان كۆبوونەوەكەی بە "باشترین جەژنانە" ناودەبرد و هاوسەرۆكی ئەو حیزبەش پشتیوانی حیزبەكەی بۆ حكومەت دەربڕی.
ئێستاش كە گەڕێكی دیكەی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی بەڕێگەوەیە بە بڕوای چاودێران ئەو دوو حیزبە بێ‌ یەك نایانكرێت و كۆبوونەوەكانیان هەمیشە وەك شیرینی و پاقلاوەی دوای ئاژاوە وێنا دەكەن.