ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:23 - 07/08/2020

ئه‌تۆمه‌كه‌ی ئیمارات؛ وێستگه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ له‌ناوچه‌ و كاتێكی هه‌ڵه‌دا‌

پەیسەر

كاتێك سیسته‌می مووشه‌كی عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ نەیتوانی به‌رگریی له‌ هێرشی سه‌ر دامه‌زراوه‌ی نه‌وتی كۆمپانیای ئارامكۆ بكات، ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌ خۆمان بپرسین چ گره‌نتییه‌ك هه‌یه‌ پێمان بڵێت وێستگه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئیمارات پارێزراو ده‌بێت و له‌ناكاو ناكه‌وێته‌ به‌ر هێرشێكی هاوشێوه‌؟

ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌ هه‌ستیاره‌یه‌ كه‌ له‌ پێشدا ده‌بێت حكومه‌ت خۆی و دوایی خه‌ڵكی ناوچه ‌و وڵاته‌كه‌ش وه‌ڵامیان ده‌ست بكه‌وێت، چه‌ند رۆژی پێشوو له‌ به‌یروت ته‌قینه‌وه‌یه‌ك كاره‌ساتی گه‌وره‌ی خسته‌وه‌ و مانگی پێشووش به‌ ته‌قینه‌وه‌ی چه‌ند وێستگه‌یه‌كی ئه‌تۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم له‌ ئێران ترس و دڵه‌ڕاوكێی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا، مه‌ترسی ئه‌و دۆخه‌ش له‌ كاتیكدا زۆر هه‌ستی پێده‌كرێت كه‌ یه‌كێك له‌م گۆڕانكارییانه‌ بێته‌ پێشه‌وه‌.

هه‌واڵی دامه‌زراندنی، كه‌ بۆ دامه‌زراوه‌و حكومه‌ته‌كان ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وت و خۆبادان وبۆخه‌ڵكیش ده‌بێته‌ مایه‌ی نه‌هامه‌تی و چاوه‌ڕوانی ناخۆشی و مه‌رگ و سه‌رلێشێوان.

هه‌واڵی ته‌قینه‌وه‌و دروست بوونی كێشه‌ له‌ نێو ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌دا، وه‌ك هه‌موو ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی له‌ نموونه‌ی چیرنۆبڵ و فۆكۆشیماو نه‌ته‌نزو به‌یروت، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی كاره‌ساتی ماوه‌ درێژو به‌ پێی به‌شێك له‌ سه‌رچاوه‌كان تا ئێستاش خواردن و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی ده‌وروبه‌ری چیڕنۆبڵ كه‌ڵكی به‌كارهێنانیان نیه‌.

 هه‌ر وڵاتێك ببێته‌ خاوه‌نی ئه‌و چه‌كه‌ و له‌ ژێر ڕكێفی رۆژئاوادا نه‌بێت ده‌بێته‌ مایه‌ی كێشه‌ی گه‌وره‌ بۆ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی له‌وانه‌ش ئێران و كۆریای باكوورهو له‌نێو سیسته‌می به‌ڕێوه‌چوونی وڵاتاندا به‌میحوه‌ری شه‌ڕه‌ نه‌هامه‌تی داده‌نرێت و له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تیدا نامۆ ده‌بێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و دوو وڵاته‌دا هاتووه‌.

‌ئیمارات له‌ كاتێكدا ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ وێستگه‌ی ئه‌تۆمی -به‌ره‌كه‌-ی دامه‌زراندووه‌و شانازیش به‌وه‌وه‌ ده‌كات كه‌ یه‌كه‌م وڵاتی خاوه‌ن ئه‌تۆمه‌ و له‌ بواری كاروباری مه‌ده‌نیدا كاری پێده‌كات، چه‌ند رۆژێكی مابوو بۆ75 ساڵرۆژی بۆردومانی ئه‌تۆمی هێرۆشیماو ناكازاكی یابانی له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ له‌ ساڵی 1945 دا له‌ناكاو ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یروتیشی هاته‌سه‌ر.

هه‌ر بۆیه‌ ده‌كرێت نیگه‌رانیه‌كانی ناوچه‌كه‌ ڕوو له‌ زیاتر بوون بكات و هۆشیاریی زیاتری هاوڵاتیانی به‌دوادا بێت، چوون ئه‌گه‌ر ڕووداوێكی له‌وشێوه‌یه‌ی لێبكه‌وێته‌وه‌ ئه‌وا دوور نیه‌ كاره‌ساتو شوێنه‌واره‌كه‌ی تا دره‌نگانێك درێژه‌ بكێشێت، چوون ئه‌گه‌ر كاری دروستكردن و به‌ڕێخستنه‌كه‌ی به‌ شاراوه‌یی بچێته‌ سه‌ر ئه‌وا كاری ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كاره‌ساته‌كه‌ به‌شاراوه‌یی نامێنێته‌وه‌، زیانه‌كانیش هه‌ر ئه‌وه‌ نابێت كه‌ ده‌وڵه‌تی ئیمارات خه‌رجی كردووه‌ به‌ڵكو ده‌بێته‌ كاره‌ساتێكی مرۆیی نه‌ك ته‌نها بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆیان به‌ڵكو بۆ رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست و بگره‌ جیهانیش.

ئەم وێستگەیە بەیەکەم وێستگەی ئەتۆمی لە جیهانی عەرەبیدا هەژمار دەکرێت. وێستگه‌ی به‌راكه‌ی ئیماراتی  توانای به‌رهه‌مهێنانی 5600 مێگاوات كاره‌بای هه‌یه‌، وه‌ك به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ باسی ده‌كه‌ن . کە ئەمەش ٢٥ لەسەدی خواستی ئیمارات دابین دەکات.
دەوڵەتی ئیمارات پێویستی ئەم وێستگەیە زیاتر بۆ بابەتی کارەبا و وزە دەگەڕێنێتەوە .

بەڵام مایکل شنایدەر، پسپۆڕی بواری وزەی ئەتۆمی دەڵێت: بوونی وێستگەی ئەتۆمی لە وڵاتێکدا مانای قۆناغی سەرەتایە بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە دژی وڵاتی دوژمن.

کاتێک وڵاتێک دەست بۆ وزەی ئەتۆمی دەبات، ئەوا لەقووڵایی دڵیەوە ئاوات بۆ هەبوونی چەکی ئەتۆمی دەخوازێت، ئەم خواستە وڵاتێکی وەک ئێرانیش دەگرێتەوە. 

ئێران بەمەبەستی گەیشتنی خەونی خۆی بە بۆمبی ئەتۆمی، بەشێوەی نهێنی لە کۆتاییەکانی جەنگی ئێران -عێراقەوە دەستی کرد بە دروستکردنی وزەی ئەتۆمی. بەڵام هەرکە وڵاتانی عەرەب و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ ئاگاداربوویەوە. تا ڕادەیەک دەستەمۆکرا.

جیا لە ئێران. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەچەند ساڵی ڕابردوودا وڵاتانی دیکەش کاری پەردەپۆش و نهێنییان ئەنجامداوە لەوانە عێراق و جەزائیر و لیبیا. ئەگەر چاوپۆشی لە پاکستان بکەین، ئیسرائیل تەنها وڵاتێکە کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەپێی دامەزراوەی توێژینەوەیی ئاشتی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم ٩٠ کڵاوەی ئەتۆمی لەبەردەستدایە. جنونی ئەتۆمی وەک ڤایرۆسێکی گوێزەرەوە بەناو وڵاتاندا بڵاودەبێتەوە. ئیماراتی خاوەن ئەتۆم بەبێ بوونی ئێرانێکی خاوەن ئەتۆم و بەهەمان شێوەش ئێرانی خاوەن ئەتۆم بەبێ بوونی ئیسرائیلی خاوەن ئەتۆم بەم خێرایی و توندییە سەریانهەڵنەنەدا.

ئیسرائیل، ئێران، ئیمارات...لەپاڵ ئەمانیش، سعودییەش بوونی هەیە.

نزیکەی ٦٢٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای وێستگەی براکە، ڕیاز لە (شاری مەلیک عەبدولعەزیز بۆ زانست و تەکنۆلۆژیا) سەرقاڵی دروستکردنی یەکەم وێستگەی ئەتۆمی خۆیەتی. پرۆژەی ئەتۆمی سعودیە بەشێکە لە ((دیمەنی ٢٠٣٠))ی بن سەلمان. کە ئەمەش پلانێکی ئەوانە بۆ ئاشتی لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی سعودییە کە ئەمەش لەسەر بنەمای فرۆشتنی ٥لەسەدی پشکی ئارامکۆ( کۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی سعودییە) دامەزراوە. ئامانجیشی بریتیە لە ڕزگارکردنی وڵاتەکەی لە نەفرەتی نەوت و دوورخستنەوەی کۆڵەکەی ئابووری وڵات لەدەستی هایدرۆکاربۆن.

سعودییە وەکو ئیمارات و ئێران. بەپێچەوانەی ئیسرائیل. پەیمانی (گەشەپێنەدانی چەکە ئەتۆمییەکانی ) ناسراو بەNPT واژۆ کردووە.

ئەبوزەبی ڕایگەیاندووە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ ئامانجی ئاشتەواییە و مەبەستی پیتاندنی یۆرانیۆمی نیە و ئامادەیە دەرگا لەسەر چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆمی واڵا دەکات بەمەبەستی پشکنین و چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانیان.
کاتی خۆی لیۆن ترۆستکی کە مارکسیستێکی شۆڕشگێڕی ڕووسی بوو. گوتی ڕەنگە ئێوە تامەزرۆی جەنگتان نەبێت بەڵام جەنگ تامەزرۆیی بۆ ئێوە هەیە)) هەر لەسەر ئەم لۆژیکە دەبێت بڵێین (( ڕەنگە ئێوە تامەزرۆی چەکی ئەتۆمی نەبن بەڵام کارەساتی ئەتۆمی تامەزرۆی ئێوەیە))

باشە با بپرسین چی ڕوودەدات ئەگەر دەیان مووشەک کە لەبەرزایی ئاسمانی ناوچەکەدا بەر یەکێک لەو وێستگانە بکەوێت کە سەرقاڵی برەوسەندنی خۆیەتی؟

کۆگەی ڕادیۆئەکتیڤی وێستگەیەکی ئەتۆمی، زۆر گەورەترە لە بۆمبێکی ئەتۆمی و لەکاتی هێرش یان ڕووداوێکدا، بڵاوبوونەوەی ڕادیۆئەکتیڤ و ڕێژەی ئالوودەیی و مەترسی زۆر زیاترە لە مەترسی بۆمبی ئەتۆمەکە خۆی.

لە ساڵی ١٩٩١، ئەمریکا سێ وێستگەی ئەتۆمی عێراقی بۆمباباران کرد.
لە ساڵی ١٩٩١، عێراق مووشەکی ئیسکادی ڕووەو وێستگەی ئەتۆمی دیمۆنای ئیسرائیل هاوێشت.
لە ساڵی ٢٠٠٧، ئیسرائیل وێستگەیەکی سوری لەکاتی دروستکردندا بۆمبابارن کرد.
لە ئێستاشدا ڕاگەیاندنەکانی ئێران لەسەر ئەوە دەنووسن کە مووشەکەکانی ئێران دەتوانێت وێستگەی ئەتۆمی دیمۆنای ئیسرائیل لەگەڵ خاک یەکسان بکات.
کاتێک ١٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ٧ مووشەکی کروز دەتوانن لە سێ توێژی بەرگری مووشەکی تێپەڕن و دامەزراوەی نەوتی ئارامکۆ لە بەقیق بکەنە ئامانج، چ گرەنتییەک هەیە کە وێستگەی براکە لە ئەبوزەبی لە هێرشی ئاسمانی پارێزراو بێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە نەک خەڵکی ئەبوزەبی بەڵکو خەڵکی بوشەهر و نەتەنز و ئەراکی ئێرانیش دەبێت لە حکومەتەکانیان بپرسن.

کاتێک حکومەتی ئێران فڕۆکەی ئۆکراینی بەهەڵە دەپێکێت و سەرنگونی دەکات، چ گرەنتییەک هەیە کە دیسان هەڵەیەکی ئەتۆمی لەو وڵاتە کاول نەکات؟

ئەوە نەبێت بابەتەکە تەنها بە مووشەک و هێرشی ئاسمانی کۆتایی بێت، مەترسی کاولکاری و هێرشی سایبریش بوونی هەیە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گونجاوترین ناوچەیەی سەرزەوییە بۆ ئەگەری ڕوودانی ئەم کارەساتانە.

ئەمە جیا لەوەی کە وێستگەی بوشهەر و بەراکە ستانداردی ((نەوەی سێیەمی بەرگری لە قووڵایی))یان نیە و بەم هۆیەشەوە لەبەرانبەر هێرشی مووشەکی و یان بەربوونەوەی فڕۆکەدا تووشی زیانی مەترسیدار دەبنەوە.

وێستگەی ئەتۆمی براکە، ((وێستگەیەکی هەڵە. لە کات و شوێنێکی هەڵەدایە)) ئەمە وتەی پۆل دۆرفمەن، دامەزرێنەر و سەرۆکی ڕێکخراوی ناحکومی ((گروپی ڕاوێژی ئەتۆمی))یە . ئەم وتەیە سەبارەت بە وێستگەی بوشەهری ئێرانیش دروستە.
براکە وێستگەیەکی هەڵەیە، چونکە لەبری وزەی ئەتۆمی، لەمڕۆدا بەکارهێنانی وزەی وەکو خۆر و هەوا زۆر بەقازانجتر و کەمتێچووترە و گونجاوترە.

ئەم وێستگەیە لە شوێنێکی هەڵەدا دروستکراوە، لە ناوچەیەکدایە کە لە هەموو شوێنەکانی دیکەی سەر زەوی زیاتر مەترسی و ئەگەری هێرش و کارەساتی لەسەرە.

و بێگومان ئەم وێستگەیە لە کاتێکی هەڵەدا دروستکراوە، لەکاتێکدایە کە زۆربەی وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتوو سەرقاڵ یان نزیکن لە داخستنی وێستگە ئەتۆمییەکانی خۆیان.