ڕاپۆرتی کوردستانی

10:27 - 07/08/2020

ئاوازەکانی سەرزەمینی دایک – موزیکی سەرشەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌

پەیسەر

گه‌رچی مووزیكی ڕه‌سه‌ن و ئاشنا به‌ رۆح پێویستی به‌كات و شوێن نیه‌و به‌وێنه‌ی باران هه‌ركاتێك ببارێت سه‌رزه‌مینێكی تینوو تێرئاوده‌كات، وه‌ك شنه‌ی شه‌ماڵی به‌ربه‌یانیانه‌و دێت و ده‌روون ئارام ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام كاتێك به‌ربه‌سته‌ جۆراوجۆره‌كان ده‌بنه‌ ڕێگرله‌به‌رده‌م گه‌یشتنی ئاوازه‌كان به‌ گوێچكه‌ ئیتر ناچار ده‌بێت بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌ له‌ڕێگه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ جۆگه‌یه‌ك هه‌لبه‌سترێت و ئاو بگه‌یه‌نرێته‌ زه‌مینه‌ی تینووه‌كان، موزیك و شانۆی سه‌رشه‌قامه‌كانیش به‌شێكن له‌و پرۆسه‌یه‌.

كاتێك موزیک، دەبێتە مایەی دڵنشینی شەقامەکان، كه‌هونەرمەندەکانی سەرشەقام لەو کەسە زەحمەتکێش و شارەزایانه‌ی نێو شاره‌كان بن و ئه‌وه‌نده‌ی به‌دوای دڵخۆشی خه‌ڵكه‌وه‌بن  ئه‌وه‌نده‌ به‌دوای شوێنێکه‌وه‌ نه‌بن بۆ ژیانکردنی خۆیان، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ په‌نایدا شتێكیشیان ده‌ستكه‌وێت نه‌ك هه‌ر عه‌یبه‌و نه‌نگی نییه‌ به‌ڵكو شتێكی ئاساییه‌.

شەقامی شەشەمی بەهمەنی شاری سنە بووەتە شوێنێک بۆ بیستنی ئاواز و هۆنراوەی دڵنشینی کوردی. ئەم شەقامە شوێنێکی بازرگانی و قەرەباڵەغی شارەکەیە، بووە بە شوێنی کارکردنی چەندان کەس و گروپی جیاواز کە هەرکامیان کە گۆشەیەکی شۆستەکەدا دانیشتوون و ئاوازی دڵڕفێن دەژەنن. دەنگی ئەو هونەرمەندانە و سازەکانیان هەستێکی گەش و خۆش لە بازاڕدا دەخولقێنێت، ئەو شیعرانەی بەکاریدەهێنن بەگشتی ڕوون و ساکارن و بۆ تێگەیشتن ئاسانن، کۆمەڵە شیعرێک دەڵێنەوە کە بۆ هەمووان ئاشنایە و لە یادگاری خەڵکیدا هەیە و ماوەتەوە.

ئامێری کارکردنیان بریتیە لە دەف و نەی و زەڕب و دەنگیان. کەس ناچار ناکەن پارەیان پێ بدەن و ڕێگوزەرەکان دەتوانن چەندان کاتژمێر لەپاڵیان بوەستن و گوێیان لێ بگرن. ئەوانەشی کە دەیانەوێت قەدری ئەم ماندوویەتییەیان بزانن بڕێک پارەیان پێ دەدەن.

بەچی دەگوترێت موزیکی سەرشەقام؟
موزیکی سەرشەقام. بەو هۆنراوە و ئاواز و نەغمە و دەنگ و گۆرانییانە دەگوترێت کە لە سەر شەقامەکان و شۆستەکان و وێستگەکانی پاس و لە مەیدانەکانی شار و لەناو بازاڕەکاندا و بەگشتی لەناوجەرگەی خەڵکیدا. بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەبێ پلانی پێشوەختە و تەنها بەمەبەستی سەرگەرمی و هاوکات دەستکەوتنی بژێوی، لەلایەن گۆرانیبێژ و سازلێدەرە پیشەیی و ناپیشەییەکان پێشکەشدەکرێت.

ئەمجۆرە موزیکە لە ڕۆژهەڵات و بەگشتیش لە ئێراندا پێشینەیەکی دوورودرێژی هەیە. لەڕاستیدا هەر پێش سەرهەڵدانی ستۆدیۆ مۆدێرنەکان و کامێرا و ئامرازە پێشکەوتووەکانی ئەم سەردەمە و تۆمارکردنیان. زۆرێک لە گۆرانییەکان لەسەر شەقامەکان بوون و لەناو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا هەبووە.

هەندێک لەم گۆرانییانە ڕەنگ و بۆیەکی ئاینییان هەبوو و شیعری ئاینی لەناو کۆمەڵە خەڵکێکی زۆردا بەشێوەی ڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچوو، هەندێکی دیکەش لە شاییەکان و بۆنە و ئاهەنگەکاندا بەڕێوەدەچوو. بەڵام بەهۆی هاتنی ستۆدیۆ و هۆڵی تایبەت بەموزیک و تۆمارکردنی گۆرانییەکان و بەتایبەتیش کە لە ئێراندا یاسای مۆڵەتپێدان بۆ گۆرانی هاتەئاراوە. وردەوردە ئەم جۆرە موزیکە . لەپاش هاتنەسەر کاری حکومەتی ئیسلامی ئێرانی، موزیک و گۆرانی وەک دیاردەیەکی ناپەسەند و  ڕابواردنی ناشەرعی هەژمارکرا و وەزارەتێک بەناوی وەزارەتی ئیرشاد دامەزرا کە بەشێکی کارەکانی دابەشکردنی موزیک بوو بۆ موزیکی مۆڵەتپێدراو و موزیکی بێمۆڵەت و دەبوو هەر گۆرانییەک کە لەناو ئێراندا دەربچوایە لەژێر وردبینی و مۆڵەتپێدانی ئەم وەزارەتەدا تێپەڕیبایە.
لەم نێوەندەشدا کەسانێک هەبوون کە بەشێوەیەکی پیشەیی بەلای موزیک و کۆنسێرت و ئالبوومدا نەڕۆشتن و دژی دیاریکردنی ئەو چوارچێوە ئیسلامییە بوون کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بۆیان دیاریکرابوو. لەلایەکی دیکەشەوە بەو ڕێکخستن و بەها زۆرانەی کە هاتبووە ئاراوە لە بواری موزیکدا بێگانە بوون. ئەمانە هەر ئەو کەسانەن کە هونەرمەندی سەرشەقامیان پێ دەگوترێت کە مەیل و ویستیان بەلای هۆڵ و ئالبووم و تۆمارکردن و ڕێکخستن نەبوو و ئەو کەشەی کە حکومەت دروستی کردبوو بۆیان قەبوڵ نەدەکرا.ئەوان هونەرەکەیان هەر لەو ئاستەی کە فێری بووبوون و هۆکاری بژێوی ژیانیان بوو دەهێڵنەوە.

یەکێک لەو ناوچانەی کە ئەم جۆرە موزیکەی لەکۆنەوە تا ئێستاش تێدا ماوە بەگشتی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کورستانە

لەپاڵ ئەم کەسانەشدا دەبێت ئاماژەش بەو گەنجانە بکەین کە فێری سازە جۆراوجۆرەکان بوون و بەزۆری لەبەر حەز و ویستی خۆیان بۆ چوونە ناو خەڵکی پێشکەشکردنی هونەرەکەیان بۆ خەڵکی ئەم کارە دەکەن.

کوردستان: شوێنپێی دێرینی موزیکی سەرشەقام
لە ناوچەکانی کوردستاندا بۆ زۆرێک لە بۆنەکان جۆرێک لە موزیکی تایبەت هاوکات لەگەڵ ڕووداو و تێپەڕینی ژیاندا دەردەکەوت. تەنانەت ئاین و مەزهەبە تایبەتەکانیش تێکەڵییان لەگەڵ موزیکدا هەبووە و هەیە، وەک ئەو دەفژەنییەی کە لەلایەن دەروێشەکانەوە دەکرێت. گردبوونەوەی کۆمەڵێک دەروێش لەناوچە و گوندەکاندا هاوکات دەبوو لەگەڵ دەفژەنی و سرودی عیرفانی. هەرچەندە لەم ساڵانەدا لەچاو جاران کەمتر بووە بەڵام لە مەراسیمی وەک مەراسیمی ساڵانەی پیرشالیار ‌هێشتا بوونی هەیە. وێڕای ئەمەش بەشێک لە هونەرمدانی سەرشەقام پێیان باشترە کە نەوا دەروێشی و عیرفانییەکان بڵێنەوە ، ئەم جۆرە هونەرە لە ڕۆژهەڵاتدا هەواداری تایبەتی خۆی هەیە.

دەکرێت بگوترێت موزیکی سەرشەقام، پێش سەرهەڵدانی خودی شەقام لە کوردستاندا سەریهەڵداوە. لە شوێنێک بەناوی شەقام پێشکەشنەکراوە. بەڵام وەک جۆرێک لە کەرنەڤاڵ بووە، لەناو نەتەوەکانی دیکەشدا ئەم جۆرە هونەرە برەوی هەبووە. بۆ نموونە گروپی عاشیقلار (عاشقەکان) لەناو تورکزمانەکانی ئێراندا برەوی هەبووە. ئەم گرووپە بەشێوەیەکی گەڕۆک لە گەشتێکی بەردەوامدا لەنێوان گوندەکان و شارە جیاوازەکاندا موزیکیان پێشکەش دەکرد. زۆر خۆشەویست بوون لەناو خەڵکدا و خۆش و خرۆشێکی تایبەتی لەلای خانەخوێکاندا دروست دەکرد.

دەرکەوتنی گروپی موزیکی نوێ:
لەپاش ئەمانەش گروپی چەند کەسیی موزیکی کە شارەزاییان لە سازی جۆراوجۆر و نوێشدا هەبوو. سەریانهەڵدا. کەمانچە و نەی و دەف و زەڕب لە زۆربەی بۆنە و ئاهەنگەکاندا بەکاردەهێنران و بەتایبەت کە دواتریش ڤیۆلۆنیشیان بەکارهێنا.

گروپی خێزانیی کامکاران و عەندەلیبەکان لە شاری سنە لە یەکەمینی ئەو گروپانە بوون کە بەگۆرانی کوردی جۆراوجۆر بەشێوەیەکی جیاواز نمایش دەکرد. هەرچەندە جۆری کارەکەی ئەوان بۆ سەرشەقام نەدەگونجا بەڵام بەجۆرێکە لە هونەری ناوچەیی ناوخۆ هەژمار دەکرا.

کاتێک کە هێشتا شوێنێکی تایبەتیان نەبوو بۆ پرۆڤە و ڕا‌هێنان ، حەوشەی ماڵەکانیان بۆ ئەو کارە بەکاردەهێنا ، درواسێکان و هاوگەڕەکەکانیان بەدەنگی پرۆڤەکەیان دەیانزانی لەکاتێکی دیاریکراودا پرۆڤە دەکەن . بۆیە لەوکاتەدا لەدەوری ماڵی کامکارەکان کۆدەبوونەوە و لەسەربانی ئەو ماڵانەی کە ڕووە ماڵی ئەوان بوو وەک سەکۆییەک بۆ تەماشاکەران بوو کە بەدیاریانەوە دەوەستان و گوێیان لێ دەگرتن. بەڵام بەهۆی گۆڕینی شێوازی کارکردنی کامکاران ئەم هەلەیان لەدەستدا.

کاک بەرات و هاوەڵەکانی یەکێکی دیکەن لەو گروپە چەند کەسییەی کە بۆ زۆربەی شارەکانی کوردستان بانگهێشت دەکران وەک ئەوەی کە بەهمەنی قوبادی لە فیلمی (جێهێڵراو لە عێراق) نمایشی دەکات. کە کەشێکی شاد و خۆش لەناو بۆنە و ئاهەنگەکاندا بۆ خەڵکی دروست دەکەن.

موزیک وەک بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا  ڕووداو و کارەساتەکان و گۆڕانکاری مێژوویی و عەشق و بابەتی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی لەخۆگرتووە. هەروها خەمی غوربەت، بەرەنگاری ، ژن ، سروشت، نیشتیمانپەروەری و تەرکەدنیایی و بابەتی مەرگ و ژیان لەخۆدەگریت. تا ئەمڕۆش ئەم ناوەڕۆکانە بەدیدەکرێت و هێشتا جۆش و خرۆش و هەستێکی وای تێدایە کە دەتوانێت خەڵکی بۆلای خۆی ڕاکێشێت و هەواداری خۆی هەیە. گۆرانییەکان بەبێ سانسۆر دەڵێنەوە، هەرچەندە گومانی ئەوە هەیە ئەم گۆرانییانەش بخەنە ژێرچاودێری و ناچار بە مۆڵەتوەرگرتن بکرێن.