ڕاپۆرتی کوردستانی

12:15 - 09/08/2020

دوو كڵێشەی رێككەوتن ئامادەن و بەغداد ناچاركراوە پێش سەردانی كازمی بۆ واشنتۆن پارە بنێرێت بۆ هەولێر‌

پەیسەر

بڕیارە رۆژی 20 ئەم مانگە، مستەفا كازمی بچێتە كۆشكی سپی ئەمریكا، ئەوەش دوای جارێك لە دواخستنی سەردانە بڕیارلێدراوەكەی دێت بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەڵام ئەوەی كە زیاتر جێگەی بایەخە لە خودی سەردانەكە، ئەو فشارانەیە ئەمریكا لە ئێستادا لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق چڕیكردووەتەوە و لەنێویشیاندا چارەسەری كێشەی نێوان هەولێر و بەغداد و كازمی ناچارە بەر لە چوونی بۆ كۆشكی سپی هەم رێككەوتن بكات و هەم پارە بنێرێت بۆ هەرێمی كوردستان.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد كە رۆڵی سەرەكی هەیە لە نزیككردنەوەی هەولێر و بەغداد و تەنانەت رۆڵی هەیە لە دانانی كڵێشەی رێككەوتن لەبارەی نەوت و داهات و بودجە و مووچە لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی عێراقدا، راشكاوانە بە مستەفا كازمییان راگەیاندووە كە پێویستە بەر لە سەردانەكەی بۆ ئەمریكا كێشەی كوردی چارەسەر كردبێت و گرژییەكان خاوبوبێتنەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كازمی لەلایەن ئەمریكییەكانەوە ناچاركراوە كە رێككەوتنێكی نوێ‌ لەگەڵ هەرێمی كوردستان واژۆ بكات و بەپێی ئەو رێككەوتنە نوێیە پارە رەوانەی هەرێمەكە بكات، هەروەك فشارەكانی ئەمریكاش بۆ سەر هەولێر هیچی كەمتر نییە لەو فشارانەی خراونەتە سەر كازمی  و ئەوە بڕاوەتەوە كە هەرێمی كوردستان دەبێت ئەگەر بەشێوەی رێژەیش بێت داهاتەكانی رادەستی بەغداد بكاتەوە، تا لانی كەم تا كاتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، ئەم دۆسێیە دابخرێت و نە هەولێر و نە بەغداد لەبازنەی كێشەدا نەخولێنەوە.

پارە دەنێرێت 
بەپێی زانیارییەكانی پیسەرپرێس، لە رۆژانی داهاتوودا و بە دیاریكراوی بەر لە رۆژی 20ی ئەم مانگە، مستەفا كازمی گوژمەیەك پارە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات و بەر لە رۆیشتنی بۆ ئەمریكا پارەكە دەگاتە دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بڕەكەی لە 300 ملیار دینار كەمتر نابێت، هەرێمی كوردستانیش چاوی لەوەیە بەو بڕەپارەیە و داهاتی ناوخۆ و داهاتی فرۆشی نەوت مووچە دابین بكات.

وەفدی هەرێم دەگەڕێنەوە بۆ بەغداد
هەر لەم چەند رۆژەی لەبەردەم سەردانەكەی كازمیدا ماوە بۆ واشنتۆن، پێویستە وەفدی هەرێم بگەڕێنەوە بۆ بەغداد و زانیارییەكانی پەیسەرپرێس وایە كە وەفدەكە رۆژی سێشەممە 11ی ئاب، دەگەڕێنەوە بەغداد، ئەگەرچی ئەندامانی وەفدەكە لە وەزیرانی دارایی و ناوخۆ و پلاندانان و وەزیری هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وتەبێژی حكومەت پێكهاتوون، بەڵام تا ساتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە سەرۆكایەتی وەفدەكە لەنێوان سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەیدا یەكلایی نەبووەتەوە.
چاوەڕوانیش دەكرێت وەفدی هەرێم لە ماوەیەك كە لە 72 كاتژمێر زیاتر نەبێت لە بەغداد بمێننەوە و رێككەوتن لەگەڵ بەغداد واژۆبكەن.

دوو كڵێشەی رێككەوتن ئامادەن
دوو كڵێشەی رێككەوتن چاوەڕوانی وەفدی هەرێمی كوردستان دەكات لە بەغداد، كڵێشەیەكیان ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەدا 50ی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەكان رادەست بكات و لە بەرامبەردا حكومەتی عێراق مانگانە 300 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.
كڵێشەی دووەمی رێككەوتنیش ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و لەسەدا 50ی داهاتی ناوخۆ رادەستبكات، لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق مانگانە لە 350 ملیار تا 400 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكات بەپێی بەرز و نزمی نرخی نەوت و لەپاڵیشیدا شایستە داراییەكانی پێشمەرگە لە ئەستۆ دەگرێت.
لە ئێستادا هەرێمی كوردستان خوازیاری واژۆكردنی كڵێشەی یەكەمە واتا تەنها نیوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەكان رادەست بكات، بەڵام لە بەرامبەردا داوای بڕی زیاتر لە 300 ملیار دینار دەكات و دەیەوێت بەغداد ئەو بڕە زیاتر بكات، بەدیوی بەغدادیشدا بە هەمان شێوە بەهۆی ناجێگیری نرخی نەوتەوە حكومەتی ناوەندی زۆر مەیلی لە وەرگرتنەوەی نەوتی هەرێم نییە و چاوی لە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەكانە و خوازیاری كڵێشەی یەكەمە، بەڵام ئامادە نییە ئەو بڕەپارە مانگانەیە زیاتر بكات كە 300 ملیار دینارە.

كازمی چی دەوێت؟
لەدوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی یەكێك لەو هەنگاوە گەورانەی ناویەتی و بەردەوام لۆبی و بانگەشەی بۆ دەكات و كەم تا زۆریش باجەكەی داوە ئەوەیە كە دەروازە سنورییەكان كۆنترۆڵ دەكات، ئەمە بەدیوی هەرێمیشدا هەر راستە و كازمی چاوی لەسەر كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكانیەتی جا تەنانەت ئەگەر لە ئێستادا بەشێوەیەكی رێژەیش بێت، لە كۆبوونەوەكانیشیدا لەگەڵ نوێنەرانی حكومەتی هەرێم ئەوەی نەشاردووەتەوە كە ئەو خواستی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكانی هەموو وڵاتی هەیە بە هەرێمی كوردستانیشەوە، هەروەك ئامادەیی نیشانداوە كە دەروازەكانی هەرێم بەشێوەی هاوبەشی و هەماهەنگی بەڕێوەببرێن، هەربۆیە لە هەردوو كڵێشەی ئەم جارەی رێككەوتنەكانیشیدا لەگەڵ هەرێم ئەو خاڵەی جێگیركردووە و تەنانەت ئامادە نییە هیچ گفتوگۆیەكی لەسەر بكات كە دەبێت حكومەتی ناوەندی بەشداربێت لە ئیدارەدانی دەروازە سنورییەكاندا.

بەشێكی كێشەكە ئەنكەرەیە
پەیوەندییە سەربەخۆكانی رابردووی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا و هەندێك رێككەوتنی نێوان بەرپرسانی هەولێر و ئەنكەرە و بەشێك لە پێشهاتەكانی ئەم دواییە بەتایبەت لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان یەكێكی دیكەیە لە كێشەی سەر مێزی گفتوگۆكانی هەولێر و بەغداد، بەجۆرێك كە دۆسێی رێككەوتنی 50 ساڵی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا لەبارەی نەوت لەلایەن بەغداوە داوای چارەسەری دەكرێت، هەروەك بەزاندنی هێڵی دەستنیشانكراوی پاراستنی ئاسایشی توركیا كە لە خاكی عێراقدا بە 20 كم دەستنیشانكراوە بەڵام ئێستا سوپای ئەو وڵاتە بە قوڵایی 56 كم خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە،  هەربۆیە بەغداد دەیەوێت هەم دەوڵەتییانە مامەڵە لەگەڵ پرسی رێككەوتنی 50 ساڵی لەگەڵ ئەنكەرەی دراوسێیدا بكات و هەمیش كۆتایی بەو پێشڕەویكردنەی توركیا بهێنێت لە خاكی وڵاتەكەیدا، كە ئەم دوو كێشەیە هێندە ئاڵۆزن بە دڵنیایی دەسەڵاتی رێككەوتن لەسەریان لە دەستی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نییە، هەربۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەم دۆسێیەیان بكەوێتە وەرزێكی دیكەی گفتوگۆ، یان دوای هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی پێشوەختی عێراق.