ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:38 - 09/08/2020

هەوڵەکانی ئەمریکا و کەنداو بۆ بێچەککردنی ئێران‌

ئێران ئەو وڵاتەی لە تەنیشت وڵاتانی کەنداوەوە کار لەسەر مانەوەی خۆی و درێژەدان بە تەمەنی دەدات، وڵاتێک بە نزیکەیی بەشی زۆری کەنداو هەوڵی لاوازکردنی دەدەن، ئەم وڵاتانەش بۆ لاوازکردنی تاران ئامادەن سەرجەم پلانەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکەن، ئەوەی ئێستا کەنداو کاری لەسەر دەکات درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکە بە ئێران.

کەنداو دەستیپێکرد
ماوەی چەند مانگێکە وڵاتانی کەنداو لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ماوەی قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران درێژبکرێتەوە، چونکە دەزانن ئەمە تاکە رێگایە بۆ لاوازکردنی ئێران بەتیابەت لەبواری سەربازییدا، چونکە هێزی ئێران لە ناوچەکەدا بە ئاشکرا هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتانی کەنداو.

لەنێو ئەم هەوڵانەدا نایف حەجرەف ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو نامەیەکی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناردووە و تێیدا داوای کردووە ماوەی قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران درێژبکرێتەوە کە دوو مانگی دیکە کۆتایی دێت.

حەجرەف لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "ئێران بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی چەک بە ناوچەکەدا، گروپە تیرۆریستی و مەزهەبییەکان چەکدار دەکات" ئەمەش هێندەی دیکە کەنداوی نیگەران کردووە و بە مەترسی دەزانن لەسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکانیان.

پابەندنەبوون
لە نامەکەدا ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو باسی لەوەش کردووە، ئێران پابەند نەبووە بە بڕیاری ژمارە ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵی ٢٠١٥، کە بڕیارەکە داوای دەستوەرنەدانی چەکداری دەکات لە وڵاتانی دراوسێ و راگرتنی چەکدارکردنی گروپە چەکدارەکان و راهێنان پێکردنیان.

حەجرەف لە نامەکەیدا درێژە بە نیگەرانییەکانی وڵاتانی کەنداو لەبارەی ئێرانەوە دەدات و دەڵێت، لەم دۆخەدا تاکو ئەو کاتەی ئێران دەستهەڵنەگرێت لە دامەزراوەکانی کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و گروپەکان چەکدار بکات، هەڵگرتنی کۆت و بەندەکان لەسەر ئێران بۆ کڕین و فرۆشتنی چەک نەگونجاوە.

بەرپرسانی کەنداو رایدەگەیەنن، درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنی چەک لەسەر ئێران بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان گرنگە.

ئەمریکا دەستبەردار نابێت
ئەمریکا کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەیان جار سزای ئێرانی داوە و فشارەکانی لەسەر تاران چڕکردووەتەوە، سورە لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنی کڕین و فرۆشتنی چەک لەلایەن ئێرانەوە.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاندووە، هەفتەی داهاتوو وڵاتەکەی پڕۆژە بڕیارێک لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنی چەک لەسەر ئێران پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات، ئیدارەی ترەمپیش بە هەر رێگایەک بێت هەوڵی ئەم درێژکردنەوەیە دەدات و سەرەڕای ناڕەزایەتی چین و روسیاش هەوڵەکانیان ئەنجامی باشیان هەبووە.

پۆمپیۆ باسی لەوەش کردووە، رێگە بە کۆتاییهاتنی ماوەی قەدەغەکردنی چەک لەسەر ئێران نادەن، وەک ئاماژەش بە رۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا وتی، "ناسەقامگیری لە یەمەن بەهۆی چەکدارکردنی حوسییەکانەوەیە لەلایەن ئێرانەوە."

پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمریکا پێویستی بە دەنگی حەوت ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش هەیە و ئەوەشی تاکو ئێستا روونە ئەگەر زۆرە روسیا و چین ڤیتۆی بکەن.

لە ساڵی (٢٠٠٧)وە فرۆشتن و کڕینی چەک لەلایەن ئێرانەوە هەیە و بەردەوامە، بەڵام بە فەرمی لە ساڵی ٢٠١٥، بە بڕیاری ژمارە ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی ئابڵۆقەی چەک خرایە سەر ئێران، بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ کۆتایی پێدێت.