ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:42 - 10/08/2020

ئێران مڵۆزمێكی تری بۆ په‌یدابوو‌

پەیسەر

بە لەکارلابردنی برایان هۆک لە پۆستی نوێنەرایەتی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاروباری ئێران، ئیلیۆت ئەبرامز وەک جێگری ئەو دەستنیشاکرا. ئەبرامز ماوەی چوار دەیەیە کە لەناو سیاسەتی ئەمریکادایە و ڕۆڵی لە دۆسیە ئابڕووبەرەکەی ئێران-کۆنترا و جەنگی عێراقیش هەبووە. ئێستا بڕیارە ئەبرامز ببێتە نوێنەری تایبەتی دەوڵەتی ئەمریکا لە کاروباری هەردوو وڵاتەکە. واتە لە هەمان پۆستی پێشووی خۆیدا دەمێنێتەوە.

بۆچی برایان هۆک لەسەر کار دوورخرایەوە؟
برایان هۆک ماوەیەک پاش ئەوە هاتەسەر کار کە ئەمریکا بەفەرمانی ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەرچوو. دوای ئەو دەرچوونەش ئەمریکا گروپێکی تایبەتی بۆ فشارخستنە سەر ئێران پێکهێنا، کە برایان هۆک بووبە ڕوخساری سەرەکی ئەم سیاسەتە و کەوتە ڕەخنە لە سیاسەتەکانی ئێران و بەرگری لە سیاسەتی ئەمریکا لە دژی ئێران دەکرد.

بەڵام دوای چەند ساڵ لە هەوڵەکانی ئەمریکا لەدژی ئێران و گەمارۆدانی توند، وا دەردەکەوێت هێشتا ئێران نەیتوانیوە ئێران ڕاکێشێتە سەر مێزی دانوستان، لەکاتێکدا تەنها چەند مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا و ڕۆژنامەی واشنگتن پۆست لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاند هۆکاری لەکارلابردنی برایان هۆک لەسەر خواستی دەوڵەت بووە تاوەکو شکستی ستراتیژی دژ بە ئێران بکەوێتە ئەستۆی ئەو.

پێشینەی ئیلیۆت ئەبرامز لە دەوڵەتەکەی ترەمپ چیە؟

ئیلیۆت ئەبرامز بەرپرسی سیاسەتی ئەمریکا لە کاروباری ڤەنزوێلا بووە. کە ئەو وڵاتەش هاوشێوەی ئێران لەژێر گەمارۆی توندی ئەمریکادایە. بەئەزموونتر و سەرسەختتر ناسراوە لە هۆک، بەڵام لە هۆک سەرکەوتووتر نەبووە لە کاروباری ڤەنزوێلا و تا ئێستاش مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلایە وێڕای گەمارۆ یەک لەدوای یەکەکان و تەنانەت هەوڵی نەیارەکانی بۆ ئەنجامدانی سەرنگونکردنی دەوڵەتەکەی لەڕێگەی کودەتاشەوە سەری نەگرتووە.

ناردنی کەشتی نەوتکێشی ئێران بۆ ڤەنزوێلا لە ماوەی ڕابردوودا ئەگەرچی توانای ڕزگارکردنی ئابووری هەردوو دەوڵەتەکەی نەبوو، بەڵکو ئەوە نمایشێکی سیاسی بوو بەوەی بەئەمریکا بڵێن هەردوو وڵات دەتوانن بەپێچەوانەی خواست و سیاسەتی ئەمریکاوە کاربکەن.

لەدەستپێکی هاتنەسەر کاری دۆناڵد ترەمپ، ڕیکس تێلەرسن ویستوویەتی ئەبرامز وەک ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوە هەڵبژێرێت، بەڵام ترەمپ بەمە ناڕازی بووە و ئەم داوایە سەری نەگرتووە.
ئەبرامز پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ی ئەمریکا لە وتارێکدا لە ڕەخنەی ترەمپدا نووسیبووی: حزب کەسێکی کاندید کردووە کە ناتوانێت ببێتە براوەی هەڵبژاردن و نابێت ببێت بە سەرۆکی ئەمریکا.


پێشینەی ئەبرامز لە دەوڵەتەکانی دیکەی ئەمریکا:

ئەبرامز، جێگرەوەی برایان هۆک، لە دەوڵەتەکەی ڕۆناڵد ڕیگان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بووە لە کاروباری مافی مرۆڤ و دواتریش بووبە یاریدەدەر لە کاروباری کیشوەری ئەمریکا.
هەرچەند وەک ئەندامێکی بواری مافی مرۆڤ کاری دەکرد بەڵام گروپ و لایەنەکانی بواری مافی مرۆڤ لێی ناڕازی بوون و ڕەخنەیان لێی هەبوو.

ئیلیۆت لە سەردەمی دەوڵەتەکەی ڕیگاندا لەلایەن لێخۆشبوونی نێودەوڵەتی و چاودێرانی مافی مرۆڤەوە تاوانبارکرا بە شاردنەوەی تاوانەکانی حکومەتە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناو ئەمریکای لاتیندا.

دۆسیەی ئێران-کۆنترا چیرۆکی فرۆشتنی چەک بەشێوەی نهێنی بە وڵاتی ئێران، یەکێکە لەو دۆسیە بەناوبانگانەی کە تێوەیگلاوە. کە بەو کارە سەرانی ئەمریکا دەیانویست لەڕێگەی ئەو پارەیەوە کە دەستیان دەکەوێت هاوکاری هێزە میلیشیاکانی کۆنترا بکەن لە وڵاتی نیکاراگوا.

بەڵام ئەم مامەڵە نهێنییە ئاشکراکرا و لەو ئابڕووچوونەدا، ئیلیۆت ئەبرامز بە شاردنەوەی زانیاری لە کۆنگرێس تاوانبارکرا.

بەڵام دواتر جۆرج بۆش کاتێک بووبە یاریدەدەری ڕیگان، لە ئەبرامز خۆشبوو.

دوای بۆشی باوک، کاتێک کوڕەکەی هاتەسەر دەسەڵات، دووبارە ئەبرامز گەڕایەوە ناو حکومەت و بووبە یاریدەدەری تایبەتی سەرۆک کۆمار و هەروەها جێگری ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نەتەوەیی.
لە سەردەمی جۆرج بۆشی کوڕ و لە جەنگی عێراقدا لە سیاسەتی کۆشکی سپی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵی هەبووە.

هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٢ش ڕۆژنامەی گاردیەن لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەبرامز پشتگیری کودەتایەکی شکستخواردووی لە دژی هۆگۆ چاڤێزی سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ڤەنزوێلا کردووە.