ڕاپۆرتی کوردستانی

03:55 - 10/08/2020

پێشێلكارییە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنادا‌

چۆمان محەمەد

سەرەتا.....
هەتا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان لەبەردەوامیدایەو دۆخێكی نائاسایی لە سەرتاسەری هەرێم هاتۆتە كایەوە، كە كۆی كایەكانی ژیان توشی ئیفلیجی هاتوون.

حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە رەسمیەكانی تری هەرێمیش لەم سەروبەندەدا بەگوێرەی تایبەتمەندی كاری خۆیان مامەڵە لەگەڵ دۆخی كۆرۆنا دەكەن‌و بەگشتیش لەو دەمەی لە كۆتاییەكانی مانگی شوباتی 2020 بە فعلی كۆرۆنا هەرەشەی بۆسەر هەرێم دروستكرد كاری دامەزراوەكانی پەرەوەردەو خوێندنی باڵا بەدیاری كراوی لە پارێزگای سلێمانی‌و یەكە كارگێریەكانی تری ئەو پارێزگایە پەكیان كەوت و بەدوای ئەوەشدا لەسەرەتاكانی مانگی ئازاردا وردە وردە زۆربەی وەزارەت‌و دەستە‌و دەزگا فەرمیەكانی تر جگە لە چەند لایەنێكی تایبەیتمەند وەك وەزارەتی ناوخۆ‌و تەندروستی نەبێت بەتەواوی پەكیان كەوت بەتایبەت لە 12/3/2020 وە بریاری پشوی فەرمی و قەدەغەی هاتوچۆ درا.

ئەگەرچی پەتای كۆرۆنا بەڵایەكی جیهانیە‌و نكوڵی لە كاریگەریە ژیاری‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتیەكانی ناكرێت، بەڵام دەوڵەتانی جیهان‌و حكومەتەكانیان پاڵپشت بە یاسا‌و تایبەتمەندی دەسەڵاتەكانیان پلانی گونجاو‌و تۆكمەیان بۆ ئیدارەدانی دۆخی كۆرۆنا هەبووە‌و لەم نێوەندەشدا هەرێمی كوردستان‌و دەسەڵاتەكانی رێكاری خۆیان گرتۆتەبەر.

ئێمە لەم راپۆرتەدا تیشك دەخەینە سەر لایەنی یاسایی رێكار‌و بریار‌و هەڵسوكەوتەكانی دەسەڵاتەكانی هەرێم(جێبەجێكردن، یاسادانان، دادوەری) تاچەند لە هەڵسوكەوت ‌و بریارەكانیان پاڵپشتی یاساییان هەبووە‌و رەچاوی بنەمای رەوایەتی(المشروعیە)یان كردووە‌و بەپێی سنور‌و تایبەتمەندی دەسەڵاتەكانیان هەڵسوكەوتیان كردووە و پیشێلكارییاسایەكان دەستنیشان دەكەین،؟؟بۆیە لەم راپۆرتەدا  بەچەند خاڵێك سەرنجی خوێنەر بۆ دیارترین پێشێلكاری یاسایی‌و سنوربەزاندنی دەسەڵاتەكانی هەرێم بۆ سەر یەكتری دەخاتەڕوو لە بارودۆخی نەخۆشی كۆرۆنا,كە گرنگترینیان بریتین لە:

یەكەم: پرسی پشووی خوێندنگاكان
-ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە بەرواری(25-2-2020)بە بریاری ژمارە(6) لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بریاریداوە بەدرێژكردنەوەی و پێشخستنی ماوەی پشوی بەرێوەبەرایەتیەكانی پەروەردەی سنوری جوگرافی پارێزگاكە لەبەرواری(26-2-2020 هەتا 24-3-2020) بە بیانوی سەلامەتی خۆپاراستن لە پەتای كۆرۆنا. كە وێنەیەك لەبریاری ئەنجومەنی پارێزگا وەك پاشكۆی ژمارە 1 هاوپێچی ئەم راپۆرتەیە, ئەگەرچی ئەنجومەنی پارێزگا لە بریارەكەیدا پشتی بە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و پەیرەوی ناوخۆی خودی ئەنجومەنی بەستووە، بەڵام ئەم بریارەی ئەنجومەنی پارێزگا پێشلێكاری یاساییە‌و راگەیاندنی پشوو بەشێوەیەكی گشتی(هۆكاری بڵابونەوەی نەخۆشی و پەتا)نەبێت ئەوا لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە‌و دەكرێت حكومەت دەسەڵات بداتە سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان لەسنوری جوگرافی كاری خۆیندا بەپێی رادەی مەترسی‌و دۆخی نەخوازراوی ناوچەكانیان پشوو رابگەیەنن سەرباری ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بەپێی مادەی پێنجەمی یاسای ژمارە ( 3 ساڵی 2009 )ئەنجومەنیكی هەڵبژێردراوی محەلیە و كاری چاودێریە بەپێی بنەماكانی لامەركەزیەت  بۆیە ئەم پرسە لە دەسەڵاتی ئەم دەزگایە نیە.پاشان ئەو پشوانەی بۆ خوێندنكاران دیاریكراوە بەپێی یاسای وەزارەتی پەروەردە  پێشتر بریاری لێدراوە بۆیە ئەم كارە سەرەتای دەستوەردانی كاری دام و دەزگا فەرمیەكانی تربوو.

دووەم: پرسی بریاری قەدەغەی هاتوچۆ
وەزارەتی ناوخۆ لەسەرەتای سەرهەڵدانی كێشەی كۆرۆناوە لەهەرێمی كوردستان وەك حكومەتێكی بچوككراوە لەناو ئەنجومەنی وەزیران جڵەوی تەواوی ئیدارەدانی دۆخەكەی گرتەدەست‌و لەرێگەی دەركردنی فەرمانی وەزاریەوە(بەیان)ەوە كارەكان رادەپەرێنێت و ئەم بەیانانەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم تا ئەم ساتەی ڕاپۆرتەكە ئامادە دەكرێت (42) فەرمانی دەركردوە بێبەش نین لە پێشلێكاری یاسایی‌و بەزاندنی سنوری دەسەڵاتەكانی خۆی كە دیارترینیان پێشێلكاری وەزارەتی ناوبراو پێی هەستابێت لە سەروبەندی پەتای كۆرۆنا راگەیاندنی باری نا ئاسایی بوو كە لە بەرواری( 12/3/2020 )دەستی پێكرد و بەردەوام  ماوەكانی قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتومبێل و پیادەی درێژ دەكردەوە كە وێنەی سەرجەم بڕیارەكان لە پاشكۆی ژمارە(2) هاوپێچكراون. شیاوی باسە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بە هۆكاری نەخۆشی پەتای مەترسیدار  بەهیچ جۆرێك لە دەسەڵات و تایبەتمەندی وەزارەتی ناوخۆ نیە، بەڵكو بەپێی  یاسای تەندروستی گشتی ژمارە ( 89 )ی ساڵی 1981ی هەمواركراو لەمادەی 48 دەسەڵاتی داوەتە وەزیری تەندروستی كە رێنمایی پێویست دەربكات بۆ روبەروبونەوەی هەر پەتایەك یان نەخۆشیەك كە دێتە ناو وڵاتەوە...بە هاوئاهەنگی دەسەڵاتە تایبەتمەندەكانی تر، نزیكتری نمونەی كرداریش ئەوەبوو راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە حكومەتی مەركەزی عێراق لەماوەی رابردوو هەمیشە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراق بووە نەك وەزارەتی ناوخۆ.

سێیەم: سەپاندنی سزا بەسەر سەرپێچیكارانی قەدەغەی هاتوچۆ
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بەپێی بەیانی ژمارە 19 لە 17-3-2020  كە وێنەیەك لەبڕیارەكە هاوپێچی پاشكۆی ژمارە 3 كراوە لەبەیانەكەدا سزای سەپاندنی غەرامە(پێبژاردن)و (دەستبەسەرداگرتن) بۆئەو ئەو ئوتۆمبێلانەی لەماوەی قەدەغەی هاتوچۆدا  پێشێلی  قەدەغەی هاتوچۆدەكەن بەبڕی پارەی جۆراوجۆر، ئەم بەیانە سەرلەبەری نایاساییە لەبەرئەوەی سزاكان بە گشتی‌و هەردوو سزای غەرامەكردن (پێبژاردن) ‌و دەستبەسەرداگردتن(مصادرە)لە جۆرەكانی سزان(العقوبە)ن كە بەیاسا دیاریكراوە‌و وەزارەت‌و لایەنی پەیوەندیدار بۆی نیە سەربەخۆ هیچ جۆرە سزایەك بسەپێنێت، چونكە دەستوری عێراق‌و یاسای سزادانی عێراقیش مادەی یەك جەخت لەسەر بنەمای(لاجریمە ولا عقوبە الا بالنص)دەكەنەوە كە ناكرێت هیچ تاوان‌و سزایەك بێ دەقی یاسایی بسەپێت ئەویش كاری دەسەڵاتی یاسادانانە نەك جێبەجێكردن.لە هەمان بەیاندا وەزارەتی ناوخۆ پاڵپشتی یاسایی بەیانەكەی دەگەڕێنێتەوە بۆ یاسای هاتوچۆ و یاسای وەزارەتی ناوخۆ پەیوەست بە غەرامەكردن لەوكاتەی لەیاسای هاتوچۆ و یاسای وەزارەتی ناوخۆ هیچ دەقێكی لەمەڕ ئەو بابەتە تێدا نیە بۆیە رێكاری یاسایی دروست بۆ كەسانی سەرپێچیكار ئەوەیە ڕووبەرووی دادگا بكرێنەوە بەپێی مادەی (240) لەیاسای سزادانی عێراقی، هاوشێوەی رێكارەكان كە حكومەتی عیراقی بەمیكانیزمی یاسای دروست پەیرەویكردوون.

چوارەم: بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانیەكان:
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بە بەیانی (18 لە15/3/2020) كە وێنەیەكی هاوپێچی پاشكۆی ژمارە( 4 )كراوە،  بریاریدا بەراگرتنی گەشتە ئاسمانیەكانی هەردوو فرۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی، ئەمەش رێكارێكی نایاساییە و هاودژە لەگەڵ یاسای هێڵی ئاسمانی عیراقی ژمارە(108 ی ساڵی 1988)، چونكە داخستن و كردنەوەی فرۆكەخانەو راگرتن و رێگەپێدانی گەشتكردن  دوورو نزیك پەیوەست نیە بە وەزارەتی ناوخۆ لەتایبەتمەندیەتی وەزارەتی ناوبراو نیە و ئەو پرسە مەركەزییە‌و لەلایەن حكومەتی فیدرالیەوە لە بەغداد رێكدەخرێت.


پێنجەم: پێكهێنانی لیژنە بۆسزادراوان
 وەزارەتی ناوخۆ لەبەرواری(28-3-2020) بە فەرمانی وەزاری ژمارە( 5859) هەڵدەستێ بە پێكهێنانی لیژنە بەمەبەستی دیراسەكردنی بارودۆخی حوكمدراوان و راگیراون، كە لیژنەكە بە ئەندامیەتی نوێنەرانی هەریەكە لە دەسەڵاتی دادوەری‌و وەزارەتی ناوخۆ‌و ئاسایش‌و وەزارەتی داد‌و كاروباری كۆمەڵایەتی پێكهاتووە كە وێنەیەك لە بریارەكە هاوپێچی پاشكۆی ژمارە (5) راپۆرتەكە كراوە.

فەرمانی ئاماژەپێدراویش هاوشێوەی فەرمانەكانی تر سەرپێچیەكی روونی یاسا‌و دەستەوەردانێكی زەقە لە كاری دەسەڵاتی دادوەری. لەوكاتەی بەردان‌و ئازادكردنی راگیراوان دەسەڵاتی تاكلایەنەی دادگاكانەو دوورو نزیك پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆ‌و لیژنەوە نیە ،یەكلاكردنەوەی سزادراوان بەدەركردنی یاسای لێبوردنی گشتی پەرلەمان یاخود لێبوردنی تایبەتی سەرۆكایەتی هەرێم دەبێت نەك بە پێكهێنانی لیژنە.

شەشەم:بریاری سزادان و پێبژاردنی دانانی پرسەو شۆفیری سەرپێچیكار
وەزارەتی ناوخۆ لەبەیانی ژمارە 37 لە بەرواری(27-5-2020)  كە وێنەكەی هاوپێچی پاشكۆی ژمارە (6)ی راپۆرتەكەیە تیایدا هاتووە: بریاری قەدەغەكردنی پرسەدانان‌و سەپاندنی غەرامە(پێبژاردن) بۆئەوكەسانەی پرسە دادەنێن بەبڕی 2000,000 ملیۆن دینار دادەنێن,هەروەهابریاری سەپاندنی غەرامە (پێیژاردن)بەبڕی 50,000 هەزار دینار بۆ ئەو شۆفێری ئوتۆمبێلە گشتیانەی (تەكسی وبارهەلگر) سەرپێچی رێنمایی تایبەت بە خۆپاراستن دەكەن و سەرنشینەكانی لەگەلیاندان .

دیسانەوە ئەم بەیانەی وەزارەتی ناوبراو دووبارەكردنەوەی هەمان پێشێلكارییە یاساییەكانی پێشوترە كە دەسەڵاتی سەپاندنی غەرامە لە تایبەتمەندی وەزارەتی ناوخۆ نیە،چونكە هاتوە پرسە دانانی بەتاوانداناوە كە ئەمەش پێچەوانەی بنەمای(لاجریمە ولاعقوبە الابالنص) كەواتە پێویستمان بەیاسای پەرلەمان دەبوو بۆ رێكخستنی ئەم پرسە.دەكرا وەزارەتی ناوبراو لەم بەیانە‌و بەیانەكانی تر لە بری غەرامە‌و پێبژاردندا ئاماژەی بە مادەی  مادەی (240)ی یاسای سزادانی عیراقی بكردایە بۆ ئەو كەسانەی سەرپێچی دەكەن، دۆسیەی سزایی بۆ سەرپێچی كارن بكردایەتەوە، نەك راستەوخۆ خۆی بكاتە خاوەنی دەسەڵاتی بەتاوانكردن و سزادان‌و لەبری دەسەڵاتەكانی تر رۆڵ بگێڕێت و پاشان سزادانی شۆفیر بەوەی سەرنشینەكانی رەچاوی رێنمایی تەندروستی ناكەن لەگەڵ ئەوەی لە دەسەڵاتی وەزیر نیە ئەمە بە تاوان دابنێت لەهەمان كاتدا دژە لەگەڵا بنەمای (شخصیە العقوبە)واتا سزادان تەنها كەسی سەرپێچیكار دەگرێتەوە نەك كەسانی تر.

حەوتەم :بریاری پێكهێنانی لیژنەی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریەوە
دەسەڵاتی دادوەریش كە تایبەمەندە بە تەتبیقی یاساكان ‌و بە ناوبژیوانی نێون دەسەڵاتی یاسادانان‌و جێبەجێكردن دەدرێتە قەڵەم لە دۆخی نەخوازراوی كۆرۆنادا ئەنجومەنی ناوبراو بە فەرمانی ژمارە (فوق العادە)لەبەرواری( 28/3/2020) بریاریدا بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ (دیراسەكردنی بارودۆخی حوكمدراوان و راگیراوان لە هەرێمی كوردستان بەمەبەستی دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ ئازادكردنی ژمارەیەكیان) وێنەیەك لەبریاری ئاماژەبۆكراو  لە پاشكۆی ژمارە (7) نیشاندراوە.

ئەوەی جێی تێڕامانە  ئەم فەرمانە بەروار و ناوەرۆكەكەی هەمان بەروارو ناوەرۆكی فەرمانەكەی وەزارەتی ناوخۆیە، ئەمە رووداوێكی نامۆیە لە كاروباری كارگێڕی كە دوو بریار لەدوو شوێن بۆ یەك مەبەست دەربچێت، پاشان بۆخۆی  لەبنەرەتدا بەشێكی كاری لیژنەكە  زیادەیە بەتایبەت بۆ ئەو تۆمەتبارانەی لە قۆناغی لیكۆڵینەوەن(راگیراوان) كە ئەم پرسە لە دەسەڵاتی دادوەرانی لێكۆڵینەوەیە.ئەوەی دەمێنێتەوە سزادراوان (حوكم دراوان) لەم بارەشدا ئازادكردنی سزادراو پەیوەندی بە دادگا و دەسەڵاتی دادوەری نیە، چونكە ئەم كەسانە بەیاسای لێبوردنی گشتی لەلایەن پەرلەمان یاخود بە مەرسومی هەرێمی لێبوردنی تایبەتی سەرۆكایەتی هەرێم لێبوردنیان پێدەبەخشرێت  ئازاد دەكرێن یاخود بە رێگەی ئازادكردن بەمەرج(الافراج الشرگی) بۆ ئەو تۆمەتبارانەی سێ لەسەر چواری ماوەی سزاكەیان تەواو كردوە پێویستیان بە بەدیهێنانی چەند مەرجێك هەیە و بەشێوەی داواكاری لەلایەن فەرمانگەی چاكسازیەوە دەخرێتە بەردەم دادوەری  دادگای كەتن بەپێی بنەماكانی یاسای بنەما دادگەریە سزایەكان (قانون الاصول المحاكمات العراقیە).

هەشتەم: بریاری دەسەڵاتی دادوەری بەوەستاندنی كاركردن بەچەند مادەیەكی یاسایی و ئاگاداركردنەوەی لایەنی داواكان.
ئەنجومەنی دادوەری لەبەرواری بە بڕیاری ژمارە( 15 لە 8/4/2020 )بریاریداوە بە راگرتنی كاركردن (ایقاف العمل)بە ماوەكانی یاسای چەند مادەیەكی (یاسای دادبینی شارستانی و یاسای بنەما دادگەریە سزایەكان) تایبەت بە تانە لێدان لە بریارەكانی دادگا لەگەڵ بریاری دووبارە دەست نیشانكردنەوەی وادەیەك بۆ دادبینی و ئاگاداركردنەوەی لایەنەكان كەوێنەیەك لە بریارەكە لە پاشكۆی ژمارە(8) نیشاندراوە.

راگرتنی كاركردن بەومیكانزمانەی لە بریارەكەدا دیاریكراوە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی دادوەری نیە و ئەو دەسەڵاتە مافی راگرتنی كاركردنی مادەی یاسایی نیە، چونكە دەسەڵاتی دادوەری یاساكان تطبیق دەكات ,هەموار و راگرتنی كاركردن بە برگەی یاسای لە دەسەلاتی پەرلەمانی كوردستانە,پاشان دوبارە ئەنجامدانەوەی راگەیاندنی لایەنەكانی داواكە ئەژماركردنی ئەو ماوانەی رابردوو بەهۆی كۆرۆنا وەستانی دادبینی (وقف المرافعة)بەسەرهاتوە دوبارە پێراگەیاندندنی لایەنەكان پێچەوانەی مادەی 27 یاسای بنەما دادگەریە سزاییەكانە هەرچەندە ئەمە ریكارێكی كرداری گونجاو بوو، بەڵام پێویست بوو  ئەم هەنگاوە لەلایەن پەرلەمانەوە بڕیارێكی لەو چەشنە دەربچێت.


نۆیەم: بریاری كەرەنتینەكردن بۆ ماوەی 14 رۆژ
دوای  كۆتایهاتنی قەدەغەی هاتوچۆ كە شەپۆی یەكەمی كۆرۆنا لە هەرێم تەواو بوو وەدەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمی راگەیندرا، فەرمانگە و دامەزراوەكان خۆبەخۆ پشكنینیان بۆ كارمەند‌و سەردانیكەرانیان دەكرد وەك نەریتێكی نامۆ بێ گەرانەوە بۆ لایەنی تەندروستی و بەبێ پشت بەستن بە بنەما یاساییەكان هەر خودی ئەو دامەزراوانە بریاری كەرەنتینەكردنی كۆی دامەزراوەكانیان دەدا لەدەرئەنجامدا دەوامی فەرمی رادەگیرا و ماوەی كاركردن دەكرایە پشوو، ئاشكراشە راگەیاندنی پشوو لەدەسەڵاتی حكومەتی هەرێمە،, ئەمەی لەم خاڵە باسكرا لەنمونەی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر  وبەرێوبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی وچەندین دامەزراوەی تر بینران وێنەی بەشێك لەبریارەكان لە پاشكۆی ژمارە (9)راپۆرتەكەیە.

دەیەم: بریاری لیخۆشبون و داشكاندنی پێشینەكان و باج و كرێی موڵكەكانی دەوڵەت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەنگاوەكانی روبەروبونەوەی پەتای كۆرۆنا لەبەرواری( 5/5/2020) چەندین بریاری جۆراوجۆری دەركردبە ژمارە (27)وە وەزارەتی داراییش لەبەرواری (2/7/2020) گشتاندنی بۆ بەشێك لە بریارەكان كردوە كە وێنەیەكیان لەپاشكۆی ژمارە (10) راپۆرتەكەدایە.لەدیارترینیان بریاری لێخۆشبونی رێژەی (15% )بۆپیشینەی خانوبەرەو هاوسەرگیری وقەرزی بچوك و پارەی ئاو كارەبا لێخۆشبونی  كرێی موڵكەكانی دەوڵەت لەماوەی كۆرۆنادا .سەپاندن‌و لێخۆشبونی باج‌و پێشینەكان‌و كەمكردنەوە‌و زیادكردنی تەنها بەپێی یاسای پەرلەمان دەبێت وبەشی زۆری بریارەكان  پێچەوانەی بنەماكانی سەپاندن‌و لێخۆشبونی باجن‌و دەستوری عێراقی لە مادەی 28 برگەی یەكرباری ئەوەی باجی خانوبەرەو ەمدا ئاماژەی بەوەكردووە(رەسم‌و باجەكان بەیاسا نەبێت ناچەسپن‌و هەموارناكرێنەوە‌و لێخۆشبونیان نیە),پاشان سەرجەم پیشینەكانی هاوسەرگیری و قەرزی بچوك و خانوبەرە بەپێی یاسا لە پەرلەمانەوە دەرچوەو لیخۆشبونیان بە یاسا دیاریكراوە لەدەسەڵاتی حكومەت نیە، هەروەها لێبڕینی پارەی كرێی موڵكی حكومەت  دەبوای بەپێی یاسای فرۆشتن و بەكرێدانی موڵك و ماڵی دەوڵەت ژمارە 32ی ساڵی 1986ی هەمواركراو. سەرباری ئەوەی بەخشینی باجدەرانی لەسزای دواكەوتن و باجی خانوبەرەی میری بۆ دوو مانگ دیسان ئەمەش پێویستی بە یاسای پەرلەمان هەبوو،چو نكە ئەم جۆرە جیاوازانە لە باج بەپێی یاسای تایبەت سەپێنراون.


یازدەیەم:لێبڕین و پاشكەوتی موچەی فەرمانبەران و خانەنیشینان
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرواری (21/6/2020)بریاریدا بۆ موچەی مانگی شوباتی 2020 ی بڕی %21 بۆ خانەنیشین و فەرمانبەری ئاسایی و بری %50 بۆ پلە تایبەت  ببڕێت و دواتریش وەزارەتی دارایی لەبەرواری (28/6/2020 )بەفەرمانی وەزاری ژمارە (2651) بریاری پێ دەركرد وینەیەك لەبریارەكان  لە پاشكۆی ژمارە (11)راپۆرتەكە هەیە كە هەنگاوێكی تەواو نایاساییەو درێژكراوەی سیستەمی پاشكەوتە لەژێر ناوی لێبڕین، چونكە موچەی خانەنشینی ئاسایی و پلە تایبەت و فەرمانبەری ئاسایی و بەپێی یاسا بەركارەكان لەچوارچێوەی چەندین یاسای جۆراو رێكخراون و كارەكەی حكومەت دەستوەردانی راستەقینەیە لە كاروباری پەرلەمان و پێشێلكاری ئاشكرای یاسا بەركارەكان

دوانزەیەم: بریاری خوێندنی ئۆنلاین .
 لە كۆبوونەوەی ژمارە (4) ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا كەلە ڕۆژی (8/4/2020) بەڕێوەچوو كە وینەیەك لە بریارەكە پاشكۆی  ژمارە دوازدەیەمی راپۆرتەكەیە، ئەنجومەنەكە بڕیاری دا ئەگەر تا (2/5/2020)خوێندنی ئاسای دەست پێنەكاتەوە ئەوا خوێندن بەشێوازی ئۆنلاین دەست پێدەكات,بۆدەركردنی ئەم بریترە ئەنجومەن پشتی بەستوە خالی نۆیەمی برگەی سێیەمی مادەی 18 ی یاسای ژمارە 01سالی 2008ولیرەدا ئەم برگەیە بەهیچ شێوەیەك خوێندنی ئۆنلاین لەخۆناگرێت,ئەم بریارەپێچەوانەی یاسای وەزارەتی خوێندنی بالاشە, وە پێچەوانەی یاسای ژمارە 2سالی 2013ی یاسای زانكۆ تایبەتیەكانە لەهەرێمی كوردستان چونكە لەمادەی 8 بەرونی دەلیت(خوێندن لەروی دەوام و تاقیكردنەوە بەكرداریكی دەبێت و بەئەندامبون لە دورەوە یاخود بەكراوەی نابێت بۆیە ئەم مادەیە رێگەی لە خوێندنی ئۆنلاین گرتوە.

سیازدەیەم:پێشێلكاری یاسای سەبارەت بە داخستنی دەروازە سنوریەكان.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی فایرۆسی كۆرۆنا و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دەروازە سنووریەكان یەكێك بوون لەو كەرتانەی كە هاتووچۆی هاوڵاتیانی تێدا ڕاگیرا و جموجۆڵی بازرگانی بەشێوەیەكی بەرچاو تێدا سنوردار كرا، وەزارەتی ناوخۆ چەندین جار هاوشێوەی درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ، قەدەغەی هاتووچۆ لە دەروازە سنورییەكانیش درێژ كردەوە، كە دواترینیان بەیانی ژمارە (41) ساڵی (2020)، وینەی بریارەكە پاشكۆی سیازدەیەمی راپۆرتەكە یە,ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە دەروازە سنورییەكان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، پێچەوانەی یاسای ژمارە (30) ساڵی (2016) یاسای دەستەی دەروازە سنووریەكانی عێراقە، چونكە بەپێی ماددە (6) ئەم یاساییە ئەنجومەنی دەستەی دەروازە سنووریەكان  لە لایەنی بڕیاردەری یەكەمن لەم بارەوە، سیاسەتی گشتی دەروازە سنوریەكان ڕەنگ ڕێژ دەكات، هەروەها ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ پێچەوانەی مادە (110) دەستوری عێراقە، چونكە بەپێی ئەم ماددەیە دەروازە سنوریەكانی هەموو عێ{اق لە دەسەڵاتی حصری(حكومەتی ناوەند، هەرئەویش دەتوانێت بڕیاری و ڕێنمایی بۆ دەروازە سنوریەكان دەربكات.

چواردەیەم::بریاری پشوی رۆژی پێنجشەمان لەلایەن دەسەلاتی دادوەری.
لەرۆژی(16/6/2020)بەبریاری ژمارە32 ئەنجومەنی دادوەری هەریمی كوردستان,رۆژانی پێنج شەممانی كردە پشو لە دیوانی ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچونەوە و سەرجەم دادگاكانی تری هەرێمی كوردستان,كەوینەیەك لە بریارەكە هاوپێچی ژمارە چواردەیەمە.
ئەم بریارە پێشێلكاریەكیی یاسای رونە,چونكە بەپێیی برگەی دوەمی مادەی 12ی دەستوری هەمیشەی عیراق,پشوەكان بەیاسا رێكدەخرێن,بۆیە ئەم دەسەلاتە لای پەرلەمانی كوردستانە,ئەم بریارە دیسان دژی یاسای ژمارە 89 ی سالی 1981 یاسای تەندروستی گشتیە,بەپێی  یاساكە راگەیاندنی پشو بەهۆی نەخۆشی لەدەسەلاتی وەزارەتی تەندروستیە.

پازدەیەم:
لە ماوەی كەرەنتینەدا ئەنجومەنی دادوەری بریاریداوە بەدرێژكردنەوەی  ماوەی خزمەتی چوار دادوەری دادگای پێداچونەوە ی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی یەك سال كە تەمەنی خانەنیشینیان هاتوە و ماوەی یاسای اساییان تەواوكردوە بەپێیی ئەو فەرمانانەی كە هاوپێچی ژمارە پازدەیەمەی راپۆرتەكەیە,كەئەم بریارە تەواو پێچەوانەی یاسای دەسەلاتی دادوەری ژمارە 23 سالی 2007ی پەرلەمانی كوردستانە,تەمەنی گەشتنی دادوەری بە خانەنیشینی بە 65 سال دیاریكردوەو شیاوی تازەكردنەوە نیە,بریارەكەی ئەنجومەنی دادوەری پشتی بەستوە بە بریارێكی ئەنجومەنی شورا كەسەرلەبەری راكە نایاساییە,درێژكردنەوەی خزمەتی دادوەران لە بغداد بەپێی یاسای ژمارە 39 ی سالی 2012 پەرلەمانی عیراق رێگەپێدراوە,ئەم یاسایەی بغداد لە هەرێمی كوردستان بەیاسای پرلمان دەرچواندنی بۆنەكراوە و كارپێكراو نیە لە هەرێم ,بۆیە ئەم بریارەی ئەنجومەی دادوەری پێشێلكاریەكی ئاشكرابوو لە سەردەمی كۆرۆنادا ئەنجامدرا.

رێوشوێمی یاسایی دروست لەماوەی پەتای كۆرۆنا.
باشتروابوو لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا دەسەڵا تەكانی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا جۆربەجۆرەكان كاری یاسایی و دەستوری خۆیان ئەنجامبدەن و رەچاوی بنەما یاساییەكان و تایبەتمەندی و سنوری دەسەڵاكانی یەكتر بكەن.بەڵام حكومەتی هەریم وەك یاریزانی سەرەكی وبە تایبەت(وەزارەتی ناوخۆ) رۆلیان بینی و دەسەڵاتەكانی تر وەلانران بەهۆكاری ئەوەش دەبینرێت حكومەت لەسەرەتاوە تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتەش لەرێی وەزارەتی ناوخۆ چەندین بەیانی دەركردوە بۆ قەدەغەكردنو سنورداركردنی مافە یاسایی و دەستورییەكان لەبەرامبەردا دەكرا لەبری ئەم هەنگاوە ناجۆرانە ئەم رێكارانە بگیرێنە بەر:

1-وەزیری تەندروستی ممارەسەی دەسەڵاتەكانی بكردایە بەپێی یاسای تەندروستی گشتی ژمارە( 89 سالی 1981)بەتایبەت مادەی (41) كە دەكرا بەپێی بنەما زانستیەكان و مەترسی پەتاكە جوڵەی هاوڵاتیان پەكبخرایە و قەدەغەی هاتوچۆی رابگەیاندایە.

2-راگەیاندنی باری نائاسایی هەرێم ئاریشەی زۆرە، بەڵام لەبەرئەوەی بەكرداری مامەڵەی باری نائاسایمان دەكرد دەبوو بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ژمارە 1 سالی 2005 جاڕی باری نائاسایی بدرێت كە لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمە دوای دەركردنی یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان بۆ رێكخستنی باری نائاسایی و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی حكومەت بۆماوەی 30رۆژ كەشیاوی نوێكردنەوەیە. ئەمە جۆریكە لە پێدانی رەوایەت و مەشروعیەت بە هەنگاوەكانیحكومەت تا وڵات بەرێوەببات كە دوای تەواوبونی ماوەی باری نائاسایی بە 15 رۆژ ئەخرێتە بەردەم پەرلەمان.

3-گریمان باری نائاسایی رانەگەیەندرایە پێویست بوو پەرلەمان بەبەردەومی وەك دەسەڵاتێكی خەمخۆرو چالاك هەستێت بە هەمواری چەند یاسا ودەركردنی چەند بریارێك بۆ ئەو بابەتانەی رۆژانە پێویستبون بۆروبەروبونەوەری و مامەڵەكردن لەگەڵ ئەودۆخەنەخوازراوە وەك رێگەچارەی قۆناغەكە .

دەرئەنجام:
دەرئەنجامی ئەم راپۆرتە ئەوە دەردەخات:
یەكەم: بەگشتی رێكارە روبەروبونەوەی پەتای كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان لەلایەن دەسەڵاتەكانەوە پاڵپشتی یاساییان نیە.
دووەم: دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەتەواوی جڵەوی دەسەڵاتەكانی تری كردووە‌و خۆی ئیدارەی دۆخەكە دەكات.
سێیەم: زۆربەی پێشێلكاری‌و دەستدرێژییەكان دەكرێنە سەر سنوری دەسەڵاتی یاسادانان‌و دەسەڵاتی ناوبراویش وەك تەماشاچی بێدەنگی هەڵبژاردووە.
چوارەم:داواكاری گشتی لەبەرامبەر پێشێلكاریەكان دەستەوەستان بوە لەپاراستنی سیستەمی گشتی وئاكاری گشتی كۆمەڵاگا رۆڵی وەك پێویست نەبوە.