ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:16 - 11/08/2020

ڕۆڵی حیزبووڵا لە تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتدا‌

پەیسەر

هه‌فته‌ی ڕابوردوو ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ به‌یرووتی پایته‌ختی لوبنان ڕویدا ، دوابەدوای تەقینەوەکە وەک پارێزگاری شاره‌كه‌ دەڵێت 50% شارەکەی وێران کردووە، هه‌ر زوو شرۆڤه‌ی جیاواز بۆ ته‌قینه‌وه‌كه‌ كراوه‌ گومانه‌كان په‌رش و بڵاوبونه‌وه‌،  بەشێکی گومانەکان ڕۆشتنە سەر حیزبووڵای لوبنان و ڕۆڵی خراپی ئەوان لەم کارەساتە گەورەیەدا زه‌ق كرایه‌وه‌، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌و گومانانه‌ تا كوێ ڕاستن؟

بەڵام حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتی حیزبوڵڵا، لە وتارێکیدا لە ڕۆژی هەینی ڕەتی کردەوە بەهیچ جۆرێک حزبەکەی دەستی لەو کارە و لە بەڕێوەبردن یاخود گەنجینەکردنی ئەم بڕە ئەمانیۆمە هەبێت لەو بەندەرەدا.

چی وا دەکات حیزبووڵڵا بەتاوانباری ئەم کارەساتە بزانرێت؟

ڕەخنەگرانی نەسروڵڵا ئەم وتانەیان قەبوڵ نیە و ئەم حزبە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەسەڵاتی بەسەر ناوەندە گرنگ و سەرەکییەکانی لوبناندا هەیە، لەوانەش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەندەری بەیروت، ئەو بەندەرەی کە تێیدا 2750 کیلۆگرام نیتراتی ئامۆنیۆم تەقییەوە و کارەساتێکی لەئاستی لوبنان و دەنگۆیەکی لەجیهاندا ناوەتەوە کە بەئاسانی تێپەڕ نابێت و لوبنانیش بەبێ گۆڕانکاری بەسەر ئەم کارەساتەدا تێناپەڕێت.

ڕەخنەگران لەسەر ڕۆڵی حزبوڵڵا لەم کارەساتەدا دەڵێن، بەهۆی دەستگرتنی ئەم حزبە بەسەر ناوەندە گرنگەکانی وڵاتدا بووە کە ڕێگربوونە لە گواستنەوەی نیتراتی ئەمۆنیۆم بۆ شوێنێکی دیکە و لە شوێنێکی پارێزاودا دابنرێت.

ئەم باری نیتراتی ئەمۆنیۆمە حەوت ساڵ لەمەوبەر لە بەندەری بەیروتدا گەنجینەکراوە، بەڕێوبەرانی بەندرەکەش چەندان جار داوای گواستنەوەی ئەم بەندەرەیان کردووە و بەڵام هەوڵەکانی هیچ ئەنجامێکی نەبووە. ئەوە ئاشکرابووە کە سەرانی لوبنان ئاگاداری ئەم مەترسییە بوون و پێشتریش ئاگادارکراونەتەوە بەڵام هیچ هەڵوێستێکیان نەنواندووە.

بەڵام بەشێکی زۆری خەڵکی لوبنان، کە دوای ئەم ڕووداوە زیاتر لەدەسەڵات تووڕەبوون، تەواوی هەیمەنەی دەوڵەت بەتاوانبار دەزانن و بەگەندەڵی تۆمەتباریان دەکەن و ئەم کارەساتە بۆ گەندەڵی گشتی دەگەڕێننەوە. تەنانەت دوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتیش تووڕەبوونی لوبنانییەکان تەواو نەبووە.

کێ ئەرکی لێکۆڵینەوەی بگرێتە ئەستۆ؟
بەهۆی ئەوەی لە لوبناندا هەر دەستگایەکی حکومی، سەربازی و ئەمنیەتی لەژێر دەستی یەکێک لە بەرە یان حزبێکی سیاسیدایە و ئەرتەشی وڵاتیش هەتا ئێستاش کەمترین دەستوەردانی هەبووە.
هەر ئەم بارودۆخەش وای کردووە زۆرینەی خەڵکی لوبنان متمانەیان بە ناوەندە ناوخۆییەکان نیە و داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ دەرکەوتنی ڕاستی ڕووداوەکە.
بەڵام ڕەخنەگرانی حیزبوڵڵا ڕاست دەرچێت یان نا، ناوی نیتراتی ئەمۆنیۆم و ڕووداوەکانی ڕابردوو هاوکات دەبێت لەگەڵ یادهێنانەوەی ناوی حزبی حیزبوڵڵا.

حیزبوڵڵا و نیتراتی ئەمۆنیۆم

ماوەیەک لەمەوبەر، ڕۆژنامەی The Time Of Israel لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، دەزگای مۆساد، سەرانی ئەڵمانیانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی هێزەکانی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنان، سەدان کیلۆگرام نیتراتی ئەمۆنیۆمی لە باشووری ئەڵمانیا جێگیرکردووە. دوای ئەمەش دەزگای ئاسایشی ئەڵمانیا کەسانی پەیوەندیدار بەم دۆسییەیان گرت و دەستیان بەسەر ئەو مادانەدا گرت. دواتریش ئەڵمانیا بەشێوەی فەرمی چالاکی حزبووڵای لەخاکی وڵاتەکەیدا قەدەغە کرد

لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژنامەی تەلەگراف لە ساڵی 2019 لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزی ئاسایشی بەریتانیا هێرشیان کردووەتە سەر چوار شوێنی پەیوەست بە حزبووڵا و کەسێکیان دەستگیرکردووە. ئەم هێرشەش دوای ئەوە هاتووە کە دەرکەوتووە کەسانێک سەر بە حزبوڵڵا سەرقاڵی دانانی چەندیدن نیتراتی ئەمۆنیۆم بوون لەناو کارگەیەکی نهێنی لە دەروبەری شاری لەندەن بەمەبەستی دروستکردنی بۆمب. ڕآپۆرتەکە باسی لەوە کردووە کەسانی سەر بە حزبووڵڵا نزیکەی سێ هەزار کیلۆ نیتراتی ئەمۆنیۆمیان لە کارگەکە جێگیرکردبوو. بەپێی ڕۆژنامەی تەلەگراف ئەم پیلانە لە ساڵی 2015 ئاشکرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی نووسینگەی زانیاری نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەساڵێ 2015 هێزی ئاسایشی کوەیت سێ کەسی سەر بە حزبوڵڵای لوبنانیان دەستگیر کردووە کە هەوڵیان داوە 42 تەن نیتراتی ئەمۆنیۆم، زیاتر لە300 پۆند مادەی تەقینەوە، 68 ئامێری چەک و 204 بۆمب، بشارنەوە. کە ئەم پێویستییانە بۆ مەبەستی هێرشێکی گەورە گەنجینە کراوە.
هەروەها هێزی ئاسایشی قوبرس، لە ساڵی 2015 دا، 420 سندووق کە هەڵگری نیتراتی ئەمۆنیۆم بووە، سەر بە حیزبووڵای لوبنان بووە و دەستی بەسەردا گیراوە.

پێشینەی تەقینەوەی نیتراتی ئەمۆنیۆم

نیتراتی ئەمۆنیۆم مادەیەکی بێ ڕەنگە و وەک مادەیەکی سەرەکی لە دروستکردنی پەییندا بەکاردێت. پێشتریش لە جیهاندا ئەم مادەیە بووەتە هۆی چەندین تەقینەوە وەکو:
لەساڵی 2013 لەکارگەیەکی پەینسازی لە ویلایەتی تەکساس لە ئەمریکا تەقییەوە و هۆکارەکەی نیتراتی ئەمۆنیۆم بووە، لەم تەقینەوەشدا 15 کەس گیانیان لەدەستداوە. زۆرکەسیش لەوباوەڕەدا بوون ئەم ڕووداوە دەستی ئەنقەست بووە.

لەساڵی 2011 لە ئەنجامی ڕووداوێکدا لە کارگەیەکی مادەی کیمیایی لە شاری تۆلۆزی فەڕەندا، تەقینەوەیەکی نیتراتی ئەمۆنیۆم ڕوویداوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٣١کەس.

ئەگەر نیتراتی ئەمۆنیۆم لەگەڵ سووتەمەنی تێکەڵ بکرێت، دەبێتە مادەیەکی زۆر بەهێز بۆ تەقینەوە. گروپی تاڵیبانی ئەفغانستان زۆرجار سوود لەم مادەیە وەردەگرن بۆ دروستکردنی مادەی تەقینەوە.