ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:39 - 16/08/2020

دوای لوبنان؛ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو داڕمان‌

پەیسەر

بەشێکی زۆری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەی دە ساڵە لە ناسەقامگیری و ئاڵۆزیی سیاسیی و ئەمنییدایە، هەموان چاوڕوانی رووداوی گەورە و ترسناک بوون رووبدات، تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت ئەوەی بە بیر هەمواندا هێنایەوە ئەم ناوچەیە هەموو ساتێک کراوەیە لەبەردەم تەقینەوە و کارەساتی گەورەدا.

 وڵاتە سەرنجڕاکێشە ماندووەکە
دوای بەهاری عەرەبی بەشێکی دیاری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی ناسەقامگیریی و ئاڵۆزی بوونەوە، ئەو وڵاتانەسی نەکەوتنە ناو شەپۆلی بەهاری عەرەبییەوە، بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کەوتنە بەر کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە.

لوبنان کە وڵاتێکی فرە پێکهاتەیە لە هەموو قۆناغە مێژووییەکاندا کراوە بووە بە ڕووی دەستێوەردانی وڵاتانی دیکە، ئەمەش وای کردووە ئەم وڵاتە سەرنجڕاکێش و تاقانەیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەوێتە ناو دەیان ملاملانێ و رکابەرییەوە کە دوور و نزیک پەیوەندییان بە خەڵکی ئەم وڵاتەوە نییە، ئەمەش لوبنان و لوبنانییەکانی شەکەت و ماندوو کردووە.

گەڕانەوەی فەڕەنسییەکان
فەڕەنسا مێژوویەکی درێژ و بەرژەوەندی گەورە و درێژخانی لە لوبناندا هەیە، پەیوەندی لوبنانی و فەڕەنسییەکان لە قۆناغێکدا لەنێوان داگیرکەر و داگیرکراوێکدا بووبێت، لە چەند ساڵی رابردوو بەتایبەت، ئێستا پەیوەندی زلهێزێک و لاوازێکە کە لاوازەکە هەمیشە چاوی لە پاریسە.

لوبنان کە ساڵی ١٩٤٣ دوای ئینتیدابی فەڕەنسا دادەمەزرێت، هەمیشە لە کێشە و قەیرانی قوڵدا بووە، واتە لە دوای دەرچوونی فەڕەنسییەکان و دروستبوونی دەوڵەتەکەشیانەوە، لوبنانییەکان هەمیشە لە کێشەی بەردەوام و ئاڵۆزدا بوون، کە تەقینەوەکەی بەیروت روویدا، ئیمانوێل ماکرۆن دڵسۆزیی و دۆستایەتی مێژوویی وڵاتەکەی خۆی بۆ لوبنانییەکان دوپات کردەوە و وەک یەکەم سەرۆک وڵات سەردانی بەیروتی کرد و شوێنی تەقینەوەکەی بەسەر کردەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن دەستی بە هەڵمەتێکی نێودەوڵەتیش کرد بۆ هاوکاریکردنی لوبنانییەکان و توانی سەدان ملیۆن دۆلاریان بۆ کۆبکاتەوە.

 سەرەتای داڕمان
لوبنان هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە کێشەی سەروەری هەبووە و نەیتوانی پارێزگاری لە سنورەکانی کات، ئەمەش کردی بە وڵاتێکی لاواز و لە دەیان کێشەی گەورەدا گیری خوارد، لەو کاتەوە لە کەم قۆناغی مێژوویدا توانیویەتی لە قەیرانی دارایی و ئابووری رزگاری ببێت و وڵاتێکی خۆشگوزەرانی دڵنیا دروستبکات، ئەگەر لە قۆناغێکیشدا بە خۆشیی ژیابن،ج هەمیشە چاوەڕوانی روودانی کێشە و قەیرانیان کردووە.

ماوەی چەند ساڵێکە لوبنان وەک دەوڵەت لە ئەوپەڕی لاوازیدایە، پێش تەقینەوەکەش چاودێران هۆشداریان لە خراپی دۆخی دارایی و سیاسیی لوبنان دا، تەنانەت بەشێک لە بەرپرس و چاودێرانی بیانیش باسیان لەوە دەکرد لوبنان لە کێشەدا نییە بەڵكو داڕماوە و شکستی هێناوە.

کۆتایی دەوڵەت
بەشێک لە چاودێران باس لەوە دەکەن لە لوبنان شتێک نییە بە ناوی حکومەت و دەوڵەت، ئەوەی وڵات بەڕێوەدەبات و سود لە خێر و بێرەکەی دەبینێت،د گروپە چەکدارەکانن نەک حکومەت و خەڵکەکەی.

ئەم لاوازییەی ەوڵەت وای کردووە حکومەت نەتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات و بەسەر گەندەڵیدا سەربکەوێت، چونکە ئەوەی گەندەڵی دەکات ئەو گروپانەن کە لە حکومەت بەهێزترن، ئەمەش سەرەتایەکی مەترسیدار بوو بۆ ژهاتنە ناوەوەی هێزە بیانییەکان بۆ ئەم وڵاتە، بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران.

وڵاتێکی پارچە پارچە بوو
فرەڕەنگی لوبنان نەبووە بە خێر بۆ لوبنانییەکان، بەهێزی لایەنداریی مەزهەبی وای کردووە حکومەتیش لەسەر بنەمای مەزهەبیی دابمەزرێت نەک پیشەیی و لێهاتووی، ئەوەی وڵات بەڕێوە دەبات بەرژەوەندییە مەزهەبییەکانن نەک نیشتمانییەکان.

بەشێک لە لایەنەکانی لوبنان لە ئەمریکا و سعودییەوە نزیکن و بەشێوکی دیکەیان لە ئێران کە حزبوڵا سەرکردایەتییان دەکات، هەر بۆیە ئەوانەی دژی هەژموون و بەرژەوەندییەکانی ئێرانن لە ناوچەکەدا حزبوڵا بە بەڵایەکی گەورە بۆ لوبننییەکان ناودەبەن.

ئابوورییەکی داتەپیو
سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر سوریا کاریگەری راستەوخۆی هەبووە لە سەر ژیانی لوبنانییەکان و ئابووری لوبنان، دواکەوتنەکانی پلانی سندوقی نێودەوڵەتیش بۆ ئەو وڵاتە هێندەی دیکە ئابووری لوبنانی بەرەو داڕمان بردووە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردووشدا دۆخی دارایی و ئابووری لوبنان بەرەو داڕمانی زیاتر رۆشت، لوبنانییەکان ناچار بوون پێداویستییە سەرەکییەکانی ماڵەکانیان فرۆشن لەپێناو بەدەستهێنانی خۆراکی رۆژانەدا.

لوبنان وەک عێراق
مەترسیی گەورە لەسەر لوبنان هەیە کە بەهەمان ئەزموونی عێراقدا تێبپەڕێت، بەتایبەت کە بووە بە مەیدانی یەکلاکردنەوەی رکابەرییەکانی ئێران وئیسرائیل و حزبوڵاش ئەم وڵاتەی کردوووە بە قەڵای خۆشاردنەوە لە ئیسرائیل.

بۆیە ئەگەر لوبنان خۆی لە ململانێی نێوان گەورەکان نەپارێزێت بە دوور نازانرێت لە عێراق خراپتری بەسەردا بێت.

رۆژهەڵاتێکی ناسەقامگیر
لە ئێستادا عێراق لە کێشەی جددی و گەورەدایە، خاکەکەی بوە بە مەیدانی یەکلاکردنەوەی رکابەرییەکانی تاران و واشنتۆن، هەر بۆیە مستەفا کازمی بەردەوام باس لەوە دەکات عێراق خۆی لەم ململانێیانە بەدوور دەگرێت.

سوریا لە دۆزێکی ئاڵۆزدایە، شەڕ بەردەوامە و هەر هێزێک بەشێکی وڵاتەکەی گرتووە و خاوەندارێتیی دەکات، ئەمەس وڵاتەکەی کردووە بە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ملاملانێی لایەنە ناکۆکەکان.

لە ئێستاشدا یەمەن بووە بە دەوڵەتێکی لاواز و دابەشبوو، واتە بەشێکی دیار لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون بە دەوڵەتی لاواز، بێهەژموون و سەروەری، ئەمەش هێندەی دیکە وڵاتانی بیانی گەڕاندووەتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرەتای داڕمانی گەورە
دوای تەقینەوەکەی بەیروت بەشێکی زۆر لە چاودێران باس لە داڕمانێکی گەورەتر دەکەن و بەیروت بە سەرەتای وێرانبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانن، ئەگەر رێگریی لێنەگیرێت.

گەڕانەوەی فەڕەنسییەکان، ئیتاڵییەکان، بەریتانییەکان و ئەڵمانییەکانیش بۆ ناوچەکە ئاماژەکانی سەرهەڵدانی گۆڕانکارییەکی گەورەن کە هیچ یەکێک لەو وڵاتانە نایانەوێت دوور بن لێییەوە و دواتر بەشیان نەدرێت.

ئێستا ئەوەی باسی جددی لەسەر دەکرێت، ئەوەیە لوبنان سەرەتای رۆژهەڵاتێکی لاواز و داڕماوە کە هێزە بیانییەکان بە ئاسانی دەتوانن دەستوەردانیان تێدا بکەن و بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئاڕستەیان بکەن.